دكتۆر فرسەت سۆفی ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان: یاسای چاكسازی چارەسەری زۆر لە نادادپەروەری و گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی دەكات

دكتۆر فرسەت سۆفی  ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گوڵان:  یاسای چاكسازی چارەسەری زۆر لە نادادپەروەری و گەندەڵی و بەهەدەردانی داهاتی گشتی دەكات
پڕۆژە یاسای چاكسازی لە كەرتی گشتی و خانەنشینی كە ئێستا لە پەرلەمانی كوردستانە، بە یەكێك لەو پڕۆژە گرنگانە دادەنرێت كە چارەسەری كۆمەڵێك گرفت و كێشەی بواری وەزیفی دەكات. ئەمە وێڕای گەڕانەوەی پارەیەكی زۆر بۆ حكومەت و رەنگە ببێتە هۆكارێكیش بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران لەكاتی خۆیدا. بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی گرنگیی یاسای چاكسازی و گەڕانەوەی پڕۆژەكە بۆ پەرلەمان و تێكەڵكردنی بە بانگەشەی هەڵبژاردن. گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ دكتۆر فرسەت سۆفی پەرلەمانتار و ئەندامی لیژنەی نەزاهە لە پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدا.
هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ تێپەڕاندنی یاسای چاكسازی و رێگەنادەین بكرێتە قوربانیی ململانێی سیاسی



* ماوەیەكی زۆرە لێرەو لەوێ باس لە پڕۆژە یاسای چاكسازی لە كەرتی گشتی و خانەنشینی دەكرێت، ئەمەش دیارە گرنگیی خۆی هەیە، بەتایبەتی كە كۆمەڵێك بڕگەو خاڵ لەخۆ دەگرێت و پەیوەندی بە توێژێكی گرنگی مووچەخۆران و خانەنشینان و پێشمەرگایەتییەوە هەیە، ئاشكراشە ماوەیەكی زۆرە كار لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایە دەكەن، ئایا دەكرێت باسی گرنگترینی ئەو خاڵانە بكەن كە پڕۆژەكە لەخۆی دەگرێت؟
- هەروەك ئاشكرایە یاسای پڕۆژەی چاكسازی لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ پەرلەمان رەوانكراوە. كە پەیوەستە بە چاكسازیكردن لە بواری كەرتی وەزیفەی گشتی و خانەنشینی و هەر مووچە و ئیمتیاز و مینحەیەك كە هاووڵاتییەكی هەرێمی كوردستان لە حكومەتی وەردەگرێت. ئەم یاسایەش چارەسەری كۆمەڵێك كێشە دەكات كە پەیوەستن بە مووچەخۆران و خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەو گلەییەی ساڵانێكە هاووڵاتیان هەیانە لەو نادادی و كەموكوڕییانەی لەم كەرتە گرنگەدا هەیە. ئەم یاسایەش كۆمەڵێك خاڵی زۆر گرنگ لەخۆ دەگرێت، وەك:
1. چارەسەركردنی كێشەی خانەنشینی نایاسایی. كە هەركەسێك بەنایاسایی خانەنشین كرابێت بە پێی ئەم یاسایە حاڵەتەكەی چارەسەر دەكرێت.
2. چارەسەركردنی پرسی بەرزكردنەوەی نایاساییانەی پلەی وەزیفی، واتا هەر كەسێك بەبێ مافی خۆی پلەی وەرگرتبێت، ئەوە بەپێی یاسای چاكسازی ئەو پلەیەی لێ وەردەگیرێتەوە و چارەسەری ئەو كێشەیە دەكرێت.
3. پاككردنەوەی لیستی شەهیدان و زیندانییانی سیاسی و كەم ئەندامانی سەنگەر لە خەڵكی ناشایستەو ناموستەهەق و نایاسایی.
4. چارەسەركردنی كێشەی پەیوەست بە یەكخستنی هەموو خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لە هێزی پێشمەرگەوە تا شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و شۆڕشی نوێ و لە ئاسایش و هێزەكانی ناوخۆ، واتا هەموو ئەم هێزانە لەناو بەڕێوەبەرایەتی گشتی خانەنشینی وەزارەتی دارایی دەبێت.
5. چارەسەركردنی یەكە ژمێریارییەكانی هێزەكانی (70 و 80) و یەكخستنەوەیان لەناو وەزارەتی پێشمەرگە.
6. جگە لە كەسوكاری شەهیدان كە ئیستسنا كراون، هەموو ئەو كەسانەی لەیەك مووچە زیاتر وەردەگرن، لەماوەی 90 رۆژدا دەبێت خۆیان یەكلا بكەنەوە كە كامە مووچە وەردەگرن و رێیان پێدەدرێت ئەو مووچەیە هەڵبژێرن كە باشترە، مووچەكەی تریان كە بەیاسا هەبووە، نامێنێت، ئیدی دوو مووچە و سێ مووچە یان زیاتر بووبێت.
7. ئەوانەی بە پلەی وەزیرو بەڕێوەبەری گشتی خانەنشین كراون و رۆژێك لە رۆژان ئەو پۆست و پلەیەیان نەبینیوە، دەكرێنە دوو بەش، ئەوانەی تا ساڵی 1991 لەشاخ بوون و پێشمەرگەی دێرین بوون، ئەوە راستەوخۆ تەحویل دەكرێن بۆ یاسای رێزلێنانی پێشمەرگە و پلەیەكیان پێدەدرێت. ئەوانی دیكە دەچنەوە سەر كارو وەزیفی خۆیان و خانەنشینەكەیان هەڵدەوەشێتەوە. واتا ئەوانەی كە پۆستی وەزیرو بریكارو بەڕێوەبەری گشتی و تادوایی، خانەنشین كراون و شایستە نەبوون، خانەنشینەكەیان هەڵدەوەشێتەوە.
8. هەركەسێك ببێت بە راوێژكار دەبێت 20 ساڵ خزمەتی هەبێت و بڕوانامەی پسپۆڕایەتی لەو بوارەدا هەبێت، واتە نابێت بە مەحسوبیەت و واسیتە و مەنسوبیەت یەكێك لە زانكۆ دەرچێت و راستەوخۆ بكرێتە راوێژكار.
9. رێكخستنەوەی پاسەوانی بەرپرسان و یەكەی پاسەوانی لەناو وەزارەتی ناوخۆ، واتە لەمەودا ئەوە دیاری دەكرێت كە كێ پاسەوانی پێویستەو چەند پاسەوانی دەوێت، بەپێچەوانەوە ئەو پاسەوانانەی كە زیادن ماوەیەكیان بۆ دیاری دەكرێت لەماوەی 60 رۆژدا بۆ ئەوەی لەو ماوەیەدا پەیوەندی بە یەكەی سەربازی بكەن. ئەوانەشی كە پاسەوانی وەهمین و لە دەرەوەی وڵاتن و ناموستەهەقن هەڵدەوەشێتەوەو كۆتایی بەكارەكانیان دەهێنرێت.
بە كورتی ئەمە خاڵە گرنگەكانە ئەمە جگە لەوەی چەندین خاڵ و بڕگەی تر لە پڕۆژە یاساكەدا هاتووە، كە لە سەرەتادا وەكو باسم كرد، چارەسەری زۆر لە نادادپەروەری و گەندەڵی و بەهەدەردانی پارەو داهاتی گشتی دەكات.
* پڕۆژە یاسایەك ئەو هەموو گرفت و كەموكورتییە چارەسەر بكات، كە ساڵانێكە بووەتە جێگای رەخنەو گلەیی و بگرە موزایەداتی حزبە كوردستانییەكان، ئیتر بۆچی ئەو هەموو دەنگۆ و رەخنەیەی لەسەر دروست بوو، بگرە گەڕێنرایەوە پەرلەمان، ئایا ئەم پڕۆژە یاسایەش بۆتە بەشێك لە هەڵمەت و بانگەشەی هەڵبژاردنەكان؟
- بەداخەوە نەدەبوو ئەم پڕۆژە یاسایە بگەڕێتەوە پەرلەمان، بە گەڕانەوەی بۆ پەرلەمان لەم سات و كاتەدا كە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكان و بانگەشەی حزبەكان دەستی پێكردووە، پرۆژە یاساكە كەوتە بەردەم چارەنووسێكی نادیار، تەنانەت لە كۆبوونەوەی هەفتەی رابردوودا نەتوانرا بگەینە رێكەوتنێك بۆ ئەوەی كۆبوونەوەیەك دیاری بكرێت لە نێوان سەرۆكایەتی پەرلەمان و سەرۆك فراكسیۆنەكان. ئێستاش ئەوەتا پڕۆژە یاساكە كەوتە ناو هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنەكان كە ئەگەری ئەوە هەیە كاریگەریی خراپی لەسەر تێپەڕاندنی یاساكە هەبێت. ئەمڕۆ پەرلەمانتاران لەبەردەم بەرپرسیارێتییەكی زۆر گەورەدان بۆ دەركردنی ئەم یاسایە، چونكە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە ئەگەر ئەم یاسایە تێپەڕێنرێت دەبێتە هۆكارێك بۆ هەڵوەشانەوەی خانەشنینی پلە تایبەتەكان. لەبەر ئەوە بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی لە ئەستۆی پەرلەمانتارانە كە دەبێت هەوڵبدەین بە هەر نرخێك بێت ئەم یاسایە تێپەڕێنین و پێویستمان بەوەیە كە ئەم بابەتە تێكەڵ بە موزایەدەی حزبی و ململانێی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردنەكان نەكرێت.
* كەواتە ململانێ و موزایەدەی سیاسی تێكەڵی ئەم پرسە بووە؟
- بەڵێ، بەداخەوە موزایەدەی تێكەوتووە و ئەمە كاریگەریی خراپی دەبێت و گوزرێكی گەورە دەبێت لە پڕۆژەی چاكسازی و ئەوەندەی دیكە ئەم پەرلەمانە دەخاتە بەردەم بەرپرسیارێتی. بۆیە ئێمە هەوڵەكانمان چڕ دەكەینەوە و بە جددی كار دەكەین و بە هیچ شێوەیەك رێگا نادەین ئەم یاسایە بكرێتە قوربانیی ململانێی سیاسی.
* باشە هۆكار چییە كە دژایەتیی ئەم یاسایە دەكرێت؟
- لە راستیدا ئەم یاسایە گورز لە بەرژەوەندیی زۆر كەس و بگرە لە بەرژەوەندیی حزبەكانیش دەدات، بە حزبەكەی خۆشمانەوە -پارتی دیموكراتی كوردستان-. بەڵام ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان وتوومانە ئێمە بەرپرسیارین لەبەشێكی زۆر لەو كەموكوڕییانەی لە كەرتی وەزیفیی گشتی هەبووە، بەڵام ئێستا بڕیارمان داوە، چاكسازی بكەین تەنانەت ئەگەر قوربانیش بدەین و ئەگەر كەسانێك هەبن لەناو حزبەكەماندا نیگەران بن. بۆیە دەبێت بە بوێرییەوە چاكسازی ئەنجام بدەین. لەبەر ئەوە بە دڵنیاییەوە كاتێك یاسایەك كاریگەری دەبێت لەسەر بەرژەوەندیی كەسانێك، یان چەند هێزێكی سیاسی، ئەوا ناڕەزایەتی و دژایەتی دروست دەبێت و ئەو ناڕەزایەتییەش دەگاتە پەرلەمان و كاریگەری دەبێت. لەبەر ئەوە من جارێكی دیكەش دەیڵێمەوە هیوادارم ئەم بابەتە نەكرێتە بابەتی ململانێی سیاسی و دەبێت ئەوەش بزانین هیچ چاكسازییەكیش بێ ئازار نابێت.
* خانەنشینیی پەرلەمانتار چی لێدێت؟
- سەبارەت بەخانەنشینی پەرلەمانیش كە زۆرترین گفتوگۆ و قسەی لەبارەوە كراوە، ئێمە وەكو پارتی دیموكراتی كوردستان وتوومانە- هەروەكو چۆن لەناو پەرلەمان و لێژنەكان رامانگەیاندووە- ئێمە لەگەڵ كارپێكردنی یاسای خانەنشینی عێراقیداین، واتە هەر كەسێك تەمەنی نەگەیشتبێتە 50 ساڵ و ماوەی خزمەتی 15 ساڵ نەبێت، خانەنشین نەكرێت.
* لەخاڵەكانی ئەم پرۆژە چاكسازییەدا باسی یەكخستنی یەكەی ژمێریاری هەردوو هێزەكانی 70 و 80 كرا، ئایا پێتوانییە ئەمە سەرەتای رێگەیە بۆ یەكخستنەوەو یەكگرتنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان؟
- بەپێی یاساكە دەڵێت هەردوو یەكەی ژمێریاری هێزەكانی 70 و 80 دەچێتە سەر یەكەی ژمێریاری بەڕێوەبەرایەتی ژمێریاری وەزارەتی پێشمەرگە، واتا یەك سەرچاوەی داراییان دەبێت، ئەمەش یەكێكە لەدەستكەوتە گرنگەكانی یاسای چاكسازی كە بە دڵنیاییەوە كاریگەری زۆر گرنگی دەبێت لەسەر یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگەی كوردستان.
* یەكێك لە دەستكەوتەكانی پڕۆژە چاكسازییەكە دیاریكردنی كەمترین مووچەی خانەنشینییە، ئایا ئێستا كەمترین مووچەی خانەنشینی چەند دانراوە؟
- كەمترین مووچە 300 هەزار دینار دانراوەو ئومێد دەخوازین بتوانین زیاتری بكەین.
* ئایا ئومێد هەیە دوای جێبەجێكردنی ئەم پڕۆژە یاسایە بەتەواوەتی پێدانی مووچە بە پاشەكەوت راگیرێت و مووچەخۆران بەبێ پاشەكەوت لەكاتی خۆیدا مووچەكانیان وەربگرن؟
- لە راستیدا دەبێت ئەم پرسیارە ئاراستەی حكومەت بكرێت، كە ئاشكرایە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، ئەگەر یاسای چاكسازی وەكو ئەوەی هەیە لە پەرلەمان تێپەڕێندرێت و جێبەجێ بكرێت، ئەوە دەتوانن مووچە بەبێ پاشەكەوت لەكاتی خۆیدا بدەن.
Top