تەلار فایەق بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر: ئەگەر هەوڵە نێودەوڵەتییەكان یەكبخرێن و بەشێوەیەكی دیكە ئاراستە بكرێن، كاریگەریی زیاتریان لەسەر كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم دەبێت

تەلار فایەق  بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر: ئەگەر هەوڵە نێودەوڵەتییەكان یەكبخرێن و بەشێوەیەكی دیكە ئاراستە بكرێن، كاریگەریی زیاتریان لەسەر كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم دەبێت
دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان نزیكەی هەموو داواكارییەكانی بەغدای لە بواری فڕۆكەخانەكاندا جێبەجێ كرد، كەچی بە پێچەوانەی هەموو ئەو هەوڵانەی كە دەدرا بۆ ئەوەی گەمارۆی ئاسمانی لەسەر هەرێمی كوردستان هەڵبگیرێت، عەبادی بۆ سێ مانگی دیكەش فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەكاندا داخستەوە، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی تەلار فایەق بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر كرد، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
جگە لەو زیانە گەورەیەی بە فڕۆكەخانەكەمان گەیشتووە لە ئێستادا هێڵی ئاسمانیی عێراقی
37 ملیۆن دۆلار قەرزاری فڕۆكەخانەكەمانە


* ئاشكرایە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی كوردستان بە هۆكاری سیاسی داخران، واتە پەیوەندی بە كاروباری تەكنیكی و بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكان و دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی مەدەنی عێراقییەوە نەبووە، لەكۆتایی هەفتەی رابردووشدا عەبادی هەڕەشەی ئەوەی دەكرد كە پێنج تا دە ساڵی دیكەش ئەگەر بەغدا دەسەڵاتی تەواوی لەسەر فڕۆكەخانەكانی كوردستان نەبێت، ناكرێنەوە، هەربۆیە لە بڕیارێكدا بۆ سێ مانگی دیكە فڕۆكەخانەكانی هەرێمی داخستەوە؛ ئایا پێتوانییە ئەمە پێچەوانەی ئەو هەوڵانەیە كە دەدرێت بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكان؟
- بێگومان بڕیارەكەی بەغدا بە درێژكردنەوەی وادەی داخستنی فڕۆكەخانەكانی هەرێم بۆ سێ مانگی دیكە ١٠٠% بڕیارێكی سیاسییە، هەر بۆیە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ لابردنی گەمارۆی ئاسمانی و كردنەوەی فڕۆكەخانەكان هەر بەردەوامە، بەڵام ئەگەر ئەو هەوڵانە یەك بخرێن، وەك كومەڵگەی نێودەوڵەتی و بە شێوەیەكی دیكە ئاراستە بكرێن، پێموایە كاریگەرییان زیاتری دەبێت.
* بەڵام بڕیار وابوو دوای دوو كۆبوونەوە لە نێوان هەردوو وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدڕاڵ، هەردوولا بگەنە رێككەوتنێكی سەرەتایی، ئایا بۆچی ئەم رێككەوتنە نەبووە فاكتەرێك بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی كوردستان؟

- پێش ئەو دوو كۆبوونەوەیەی كە لەگەڵ بەغدا كراو پێشتریش ئێمە سەردانی بەغدامان كردبوو، هەموو بوارەكانی فڕۆكەوانی و خاڵەكانی دیكەی وەكو خاڵە سنوورییەكان و گومرگ و پاسپۆرت، تاوتوێ كران و لە هیچ داواكارییەكی بەغدا لاریمان نەبوو، چونكە ئێمە پابەندی جێبەجێكردنی ئەو داواكارییانە بووین، كە جێبەجێكردنی ئاستەم نەبوو تەنانەت 99%ی داواكارییەكانیانمان پێشتر جێبەجێ كردبوو، هەر بۆیە هیچ ناكۆكییەك لەنێوانماندا نەبوو، ئەوە بوو لە كۆبوونەوەی دووەم كاتێك ئەوان هاتنەوە بۆ زیاتر قسەكردن لەسەر خاڵەكان و بابەتەكان بە پێكهێنانی پێنچ لێژنە هەر لێژنەیەكیش بەپێی پسپۆڕایەتیی خۆی بە وردی چووە ناو باسكردن و گفتوگۆكردن لە سەر بابەتەكان، ئێمەش وەكو فڕۆكەخانە، هەروەها لێژنەی بەنداوەكان لە هیچ خاڵێكدا ناكۆكیمان نەبوو لەسەر داواكارییەكانیان و راپۆرتی كۆتاییمان واژوو كردو گەڕاندمانەوە بۆ بەڕێوەبەری گشتی و پێشنیاری ئەوەمان كرد، مادام ئێمە و لێژنەی بەنداوەكان هیچ خاڵێكی هەڵپەسێردراومان نییە، بۆیە وەكو دەستپێشخەری و نییەت پاكییەك بە سەرۆك وەزیرانی عێراق ناڵێن كەوا فڕۆكەخانەكان نەبەسترێتەوە بە ناكۆكییەكانی نێوان هەرێم و بەغداوە و كردنەوەی فڕۆكەخانەكان رابگەیەنێت، ئەوە بوو پێشنیارەكەی ئێمەیان بەدڵ بوو، بەڵێنیان پێداین كە بۆ سەرۆك وەزیرانی بەرز دەكەنەوە و بڕیاریشیان دا كە چەند لێژنەیەكی هونەری پێكبهێنن بۆ ئەوەی سەردانی فڕۆكەخانە بكەن و لە بوارەكانی هونەری و تەكنیكیدا كار بكەن، كەچی تا ئەمڕۆ جگە لە لێژنەی ئەمنیی بەغدا هیچ لێژنەیەك نەهاتووەو بڕیار و وادەی كردنەوەی فڕۆكەخانەكەش دیار نییە. مەسەلەی رێگەدان بە گەشتكردن بۆ عەمرەكارانیش لە دەرچوونی دوو نووسراو زیاتر كە باس لە عەمرەكاران و حەج دەكات، بەڵام بەهیچ شێوەیەك لە نووسراوەكەیاندا ئاماژە بەوە نادات كە گەشتەكان راستەوخۆ دەبێت، یاخود ناڕاستەوخۆ، یان بە چ هێڵێكی ئاسمانی عەمرەكاران و حەجاجەكان دەگوازرێنەوە، ئیتر نازانین مەبەستیان ئەوەیە حەجاج و عەمرەكاران لە فڕۆكەخانەی هەولێرەوە راستەوخۆ بۆ مەككە دەگوازرێنەوە، یاخود بۆ فڕۆكەخانەیەكی دیكەی عێراق و لەوێوە بگوازرێنەوە بۆ مەككە. لە كۆتایی هەفتەی رابردوودا شاندی حەج و عەمرە لە بەغدا كۆبوونەوەیەكیان هەبوو، بەڵام دیارە وردەكاری باس نەكراوە و تەنیا لیستێكیان وەرگرتووە كە باسی نرخی بلیتەكان دەكات، بێ ئاماژەپێدان بە بەرواری گەشتەكان و چۆنیەتی گەشتەكان، تەنانەت بەغدا ئاگارای نەكردووینەتەوە كە چۆن حاجییەكان دەگوازرێنەوە، تاوەكو بتوانین بە كۆمپانیای گەشتەكان بڵێین فیزا بۆ خەڵكی وەربگرن.


* ئایا بەردەوامبوونی عێراق لەسەر سزاكان و داخستنی فڕۆكەخانەكە چ كاریگەرییەكی لەسەر خودی فڕۆكەخانەكە دەبێت و كێ و چ لایەنێك لێی سوودمەند دەبن؟
- پەكخستنی فڕۆكەخانە و راگرتنی گەشتە نێودەوڵەتییەكان زیانێكی زۆری ماددی گەیاندووە بە فڕۆكەخانە بە كەمبوونەوەی جموجووڵی گەشتیاری و نەهێشتنی چالاكیی كارگۆ، كە هەردووكیان داهاتی فڕۆكەخانەی پەكخستووە. لە ئیستادا فڕۆكەخانە بە كاری ٢٤ كاتژمێری و مانەوەی هەموو شفتەكانی خزمەتگوزارییەكانی تەنیا بۆ هێڵی ئاسمانیی عیراقییە كە لە بەرامبەردا پارەی هیچ خەرجییەك نادات و تا ئیستا ( ٣٧ ) ملیون دۆلاری ئەمریكی قەرزاری فڕۆكەخانەی هەولێرە. مانای وایە بەردەوامبوونی كاری فڕۆكەخانە لە ئیستادا بێ بەرامبەرە و هیچ داهاتێكی نییە، لە كاتێكدا بۆ بەگەڕخستنی فڕۆكەخانە بڕی (٣.٣) ملیۆن دۆلاری ئەمریكی مانگانە پێویستە بو كاری «صیانە» و سیستمی رووناكی و نوێژەنكردنەوەی فڕگە و هەموو ئامێرە ئەمنی و تەكنیكییەكان. جگە لە مانە هەموو ئەو كۆمپانییانەی لە فڕۆكەخانە كاری جۆاروجۆر دەكەن، هەر لە هێڵە ئاسمانییەكانەوە و تا ئەوانەی سووتەمەنی فڕۆكە دابین دەكەن و خزمەتگوزاری زەمینی و خواردنگە و دیوتی فری و تەكسیی گواستنەوە هەموو زەرەرمەندن و زۆربەیان لە بەر كەمیی كاروچالاكی ژمارەی كارمەندیشیان كەم كردۆتەوە و بەم جۆرە هەلی كار كەم بۆتەوە و یاخود بڕاوە. لەلایەكی ترەوە بەهۆی ئەم بارودۆخەوە زوربەی پڕۆژە گرنگ و سەرەكییەكانی فڕۆكەخانە راگیراوە كە بە نیازبووین لە ٢٠١٨ جێبەجێی بكەین .
* ئێستاكە بە ئاسمانی كوردستانەوە فڕۆكەیەكی زۆری نێودەوڵەتی هاتوچۆ دەكات، ئایا هاتوچۆی ئەو فڕۆكانە گەماڕۆی لەسەر نییە؟


- رێڕەوی ئاسمانی بە هاوشێوەی رێڕەوی زەمینی، رێڕەوی خۆی هەیە كە پێی دەڵێن ڕووت؛ ئەم رێڕەوانە لەلایەن شارەزایانەوە دروست دەكرێت و پەیوەندی بە سەلامەتی رێگاكە و چۆنیەتی رێكخستنی گەشتە ئاسمانییەكان و نزیكی و دووری رێگاكانی ئاسمانەوە هەیە بۆ فڕۆكەخانە نێودەوڵەتییەكان و گەشتەكان، بەم دواییە زوربەی ئەو هێڵە ئاسمانییانەی كە هاتووچۆی نێوان وڵاتانی كەنداو و ئەوروپایان دەكرد، بۆ رێگەیەك دەگەڕان كە كات و سەرفكردنی سووتەمەنی كەمتر بێت و بۆ ئەم مەبەستە ئاسمانی عێراقیان هەڵبژارد، بەڵام دوای هاتنی داعش دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی فیدڕاڵی ئەمریكی بڕیارێكی دەركرد بە دووركەوتنەوە لەو ڕێرەوە لە بەر هۆكاری ئەمنی، هەر پاش لە ناوبردنی داعش هێڵەكان وردە وردە دەستیان كردەوە بە بەكارهێنانی ئەو رێرەوە. كە دەسەڵاتی فڕۆكەوانیی عێراقی هەستا بە گواستنەوەی ئەو رێگا ئاسمانییە بۆ دوو رێگای سەرەكی كە یەكێكیان لە سەر رۆژهەڵاتی شاری هەولێر تێپەڕ دەبێت، كە فڕۆكەكانی لە كەنداوی عەرەبییەوە بۆ ئەوروپا پێدا تێپەڕ دەبێت، رێگاكەی تریش روژئاوای شاری سلێمانییە كە فڕۆكەكانی لە ئەوروپاوە بۆ وڵاتانی كەنداوی عەرەبی پێیدا تێپەڕ دەبن.

بەم شێوەیە بە بەكارهێنانی یاخود تێپەڕبوون بە ئاسمانی كوردستان پێویستە بڕە پارەیەك بۆ هەر فڕۆكەیەك بدرێت، كە لە ئیستادا هەمووی بەغدا وەری دەگرێت و كوردستانیش كە پێویستە پشكی خۆی هەبێت، لە دنیادا بۆ پەرەپێدانی فڕۆكەخانە و بەرزكردنەوەی ئاستی ستاف و كارمەندان و پێشخستنی فڕۆكەخانەكە بەكار دەهێنرێت، بەڵام جگە لەوەی بەغدا هیچ هاوكارییەكی نەكردووین، لەمەشدا ئەو بەشەی پێ نەداوین.
* لەسەرەتای چاوپێكەوتنەكەدا باسی ئەوەتان كرد كە هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ كردنەوەی فڕۆكەخانەكانی هەرێم بەردەوامە، باشە لە كاتێكدا فڕۆكەخانەی مەدەنی پێویستە لەلایەن دەسەڵاتێكی مەدەنی و دوور لە مەرام و ئامانجی سیاسییەوە بەكار بهێنرێت، چۆن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی رێگە دەدات ئەو گەمارۆیە بەردەوام بێت؟


-وەكو ئاماژەم پێدا هیچ كێشەو گرفتێكی تەكنیكی لە پشت داخستنی فڕۆكەخانەكانەوە نییە و ئەم كێشەیە تەنیا سیاسییە، بەتایبەتی بۆ فڕۆكەخانەكانی هەرێم كە رۆڵێكی گرنگیان لە بوارەكانی مرۆیی و ئابووریدا بینیوە، بەتایبەتی لە گواستنەوەی گەشتیاران و نەخۆش و بریندارانی شەڕ و ئەوانەی سەردانی ماڵی خوا دەكەن، لەشەڕی داعشدا بەسەدان برینداری جەنگ لە فڕۆكەخانەكەمانەوە بۆ مەبەستی چارەسەركردن دەنێردرانە دەرەوەی وڵات و سەدان كارمەندی رێكخراوە مرۆییەكان بۆ كاروباری هاوكاریكردنی پەناهەندەكان هاتوچۆیان دەكرد، جگە لەوەی ئاسانكاریمان بۆ هاتووچۆی بزنسمان و ئەنجامدانی كۆڕ و كۆنفڕانسی بازرگانی كردووە، بەداخستنی فڕۆكەخانەكە بە رووی گەشتە نێودەوڵەتییەكاندا رێگری لە هەموو ئەم كاروبارانە كراوە، بەم سزا توندەی بەغدا هەردوو كەرتی بازرگانی و گەشتوگوزار لە هەرێمی كوردستاندا كە ژمارەیەكی یەكجار زۆری كرێكار و خەڵكی ئاسایی كارو بژێوییان لەسەر ئەم دوو كەرتەیە، دوچاری زیان و بێكاری بوون، ئێمە پێش داخستنی فڕۆكەخانەكە جگە لە هەڵكشانی ژمارەی گەشتیار و گەشتە ئاسمانییەكان توانیمان ببینە مینبەرێك بۆ بەستنەوەی هەرێمی كوردستان بەجیهانی دەرەوەو كارئاسانییەكی لە رادە بەدەر بۆ هاووڵاتیان و باڵیۆزەكان و بیزنسكاران و وەبەرهێنان پێشكەش كرا، بە رادەیەك لە شەڕی داعشدا بە سەدان كەس لە هاووڵاتیانی عەرەب و ناوچەكانی تری عێراق و سیاسەتمەداران لەم فڕۆكەخانەیەوە گەشتیان دەكرد. بەپێی یاساكانی رێكخراوی ICAO كە پەیوەندی بە بەڕێوەبردنی فڕۆكەخانەكانەوە هەیە، ناكرێت بێ بوونی هۆكاری ئەمنی و تەكنیكی راستەوخۆ بڕیاری راگرتنی گەشتەكان و داخستنی فڕۆكەخانەكان بدرێت، هەروەها دەسەڵات نابێت فڕۆكەخانەكان بۆ كاری دژە مرۆڤایەتی بەكار بهێنێت، داخستنی فڕۆكەخانە و پەكخستنی گەشتكردنیش پێشێلكاری رێككەوتنامەی شیكاگۆیە.
Top