د. سۆران ئیسماعیل سەرۆكی لێژنەی هەرێمەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان: ئەوەمان بۆ لایەنە عێراقییەكان دووپات كردۆتەوە كە ناكرێت گرەو لەسەر بەكارهێنانی هێز و سەپاندنی ئیرادە بكرێت

د. سۆران ئیسماعیل  سەرۆكی لێژنەی هەرێمەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ گوڵان:  ئەوەمان بۆ لایەنە عێراقییەكان دووپات كردۆتەوە كە ناكرێت گرەو لەسەر بەكارهێنانی هێز و سەپاندنی ئیرادە بكرێت
عەبادی بەردەوامە لەسەر درێژەپێدان بە سزاو گەمارۆ ئاسمانییەكانی سەر هەرێمی كوردستان و كەمكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق و نەناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم؛ بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانەو چەند تەوەرەیەكی پەیوەندیدار بە پێشێلكارییە دەستوورییەكانی بەغدا، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی دكتۆر سۆران ئیسماعیل سەرۆكی لێژنەی هەرێمەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كرد، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
نادیدەگرتنی داواكاریی كورد لە پڕۆژە یاسای بودجەدا
هۆكارێك بوو بۆ كەمیی كۆمەكەكان بۆ عێراق


* وەكو سەرۆكی لێژنەی هەرێمەكان و پارێزگاكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تاچەند توانیوتانە هەوڵەكانتان چڕ بكەنەوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق بەتایبەتی هەڵگرتنی ئەو سزاو پێشێلكارییە دەستووری و یاساییانەی كە عەبادی بەرامبەر هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی سەپاندوونی؟
- سەرەتا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە لێژنەی هەرێمەكان پەیوەندیدارە بە كێشەی نێوان هەرێم و پارێزگاكان و رێكخستنی یاساكان؛ لە ئێستاشدا چەند یاسایەكی لەبەر دەستدایە كە دەبوو بەپێی چەند ماددەیەكی دەستووری رێكبخرانایە. ئەوە بوو توانیمان بە هەوڵ و كۆششی هەموو لایەك كار لەسەر دوو ماددەی دەستووری بكەین، كە یەكێكیان ماددەی 105ی دەستوورە، كە پەیوەستە بە یاسای دەستەی گەرەنتیكردنی مافی هەرێم و پارێزگاكان لە پۆستەكانی حكومەتی فیدڕاڵی، كە توانیمان ئەم یاسایە دەربكەین. هەروەها توانیمان یاسایەكی دیكە – بە پێی ماددەی 106ی دەستوور- دەربكەین بە ناوی یاسای دەستەی چاودێریكردنی داهاتەكانی حكومەتی فیدڕاڵ، ئەمە وێڕای ئەوەی هەمواری سێیەممان بۆ یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان كردووە. هەرچەندە ئەم یاسایانە زۆر پەیوەندیدار نین بە هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان خۆی یاسای تایبەت بە خۆی دەردەكات، وەك یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان، یان یاساكانی دیكە، ئەمە لە كاتێكدا پارێزگاكانی دیكەی عێراق بە یاسای ژمارە 21ی ساڵی 2008 رێكخراون. تا ئێستاش عەبادی لەم رووەوە دەستتێوەردانی نەكردووە، بەڵام لەم دواییەدا لە پڕۆژە یاسای بودجەی 2018 نووسیبووی پارێزگاكانی باكووری عێراق و دواتر پارێزگاكان، ئێستاكە لە رەشنووسی كۆتایی ئاماژە بە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان كراوەو نووسراوە: (رێژەیەك لە بودجە دیاری بكرێت بۆ پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان..). ئەگەر مەبەستیشتان لە جووڵەپێكردنی هێزەكانی عێراق لەو ناوچانەی پێیان دەوترێت ناكۆكی لەسەر، ئەوا ئێمە هەمیشە ئەوەمان بۆ دووپات كردوونەتەوە كە ناكرێت گرەو لەسەر بەكارهێنانی هێز و سەپاندنی ئیرادە بكەن.
* دوای ئەوەی پڕۆژە یاسای بودجە لەناو پەرلەماندا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراو داواكارییەكانی كورد بە هەند وەرنەگیرا؛ ئایا هەنگاوی داهاتووتان چی دەبێت؟


- لە راستیدا بە پێی رێوشوێنە دەستووری و یاساییەكان دەبوایە پڕۆژە یاسای بودجە لە كۆتایی مانگی 9ی 2017 بگەیشتایەتە پەرلەمان، بەڵام لە كۆتایی مانگی 11دا گەیشت، هەرچۆنێك بێت ئێستاكە ماوەی سێ مانگە پڕۆژە یاسای بودجە لە پەرلەماندایەو پەسەند نەكراوە، ئەو پڕۆژەیە یاسایە سێ گرفتی سەرەكی تێدا بوو، كە بریتی بوون لە كەمكردنەوەی پشكی كوردو كێشەی پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت و ئاوەدانكردنەوەی شارە سوننەكان، ئەوەی پەیوەندی بە كوردەوە هەبێت پرسی كەمكردنەوەی پشكی هەرێمی كوردستانە لە بودجەكەدا، سەرەتا رێژەی لە 12.67% دانرابوو، دواتر بە پاشكۆیەك نێردرایەوە، گوایە چاك كراوە، كەچی لەوێشدا بە روونی رێژەكەی دانەنراوە. ئەگەر وردبینی تێدا بكەین، بۆمان دەردەكەوێت رێژەكە وەكو خۆیەتی، لە ئەنجامدا ئێمە گفتوگۆیەكی زۆرمان لەگەڵ لیژنەی دارایی كرد، هەروەها سەرۆكی فراكسیۆنەكان كۆبوونەوەیان كرد و تێبینییەكانی خۆیان دایە لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بەڵام تێبینی و داواكارییەكانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەهەند وەرنەگیران. دواتر داوای ئەوە كرا كە عەبادی كۆبوونەوە و دانیشتن بكات لەگەڵ ئەو سێ لایەنە- كورد و سوننە و پارێزگا بەرهەمهێنەكانی نەوت-، ئەوە بوو چەند بەڵێنێكی دا، بەڵام نەك هەر ئێمە، بەڵكو لایەنەكانی دیكەش متمانەیان بە بەڵێنەكانی نییە، چونكە ئەزموونێكی زۆر هەیە لەگەڵ عەبادی، كە قسەكانی زیاتر بۆ بەلاڕێدابردن و گەمەكردنە بە كات. بەگشتی ئێمە لەگەڵ ئەوەدا بووین و پێداگیریمان لەوەكرد كە نابێت خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاسای بودجە بكرێت، تاوەكو داواكاری ئەو سێ لایەنە بە هەند وەرنەگیرێت. ئەوە بوو هەندێك بەڵێنیان بە سوننەكان دا، لە ئەنجامدا سەرۆكی لێژنەی دارایی كە سوننەیە پێشنیاری ئەوەی كرد با خوێندنەوەی دووەمی بۆ بكرێت، دواتر گفتوگۆ لەگەڵ حكومەتدا دەكرێت، ئەویش لە پێناوی ئەوەی هەندێ لە داواكارییەكانی خۆیان جێبەجێ بكەن. سەرئەنجام دانیشتنی پەرلەمان بە كراوەیی مایەوە، لە پەرلەمانیشدا كاتێك دانیشتنەكان بە كراوەیی بن و ئەگەر رێژەی پەرلەمانتارەكان لە دانیشتنێكدا گەیشتە 165 پەرلەمانتار دەتوانرێت بەرنامەو كارێكی نوێ دابڕێژدرێت، ئەوە بوو لە بەرنامەی كاردا جێگیریان كرد، كاتێك زانییان نیساب تەواوە، ئەمە سەرەڕای هەوڵەكانی ئێمە بۆ ئەوەی خوێندنەوەی بۆ نەكرێت. بۆ خوێندنەوەی دووەمیش ئێمە ناڕازی بووین و هەوڵماندا نەكرێت، جارێكی دیكە داواكارییەكانی خۆمان پێشكەش كردەوە بۆ ئەوەی بیخەنە بەرنامەی كاری خۆیان. ئێستاكە پێشنیارێكمان كردووە بەوەی دەستەی سێ سەرۆكایەتییەكە- سەرۆك كۆمار و سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك وەزیران- كۆببنەوە و گفتوگۆ بكەن لەبارەی ئەو كێشە و گرفتانەی لە پڕۆژە یاسای بودجەدا هەیە. ئەوانیش پێشنیارەكەی ئێمەیان وەرگرتووە لەبارەی ئەنجامدانی ئەو دانیشتنەوە.
* كەواتە دەتوانین بڵێین ئەگەری ئەوە هەیە كە بودجە بێ گوێدانە داواكارییەكانی فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەناو پەرلەماندا تێپەڕێندرێت، ئەگەر ئەمە روویدا، ئایا كاریگەریی خراپی لەسەر چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا نابێت؟


- ئێمە مەبەستمان بوو بودجەكە تا دوای كۆتاییهاتنی كۆنگرەی وڵاتانی كۆمەكبەخش لە كوێت كە تایبەت بوو بە ئاوەدانكردنەوەی عێراق پەسەند نەكرێت، بۆ ئەوەی نامەیەك ئاراستەی وڵاتانی جیهانی دەرەوە بكەین، بەوەی كوردستان بێبەش كراوە و داواكاری و خواستەكانی لەبەرچاو ناگیرێن. واتە هەوڵی ئێمە ئەوە بوو كە عەبادی نەتوانێت لەو كۆنگرەی كوێتدا رایبگەیەنێت كە بودجە پەسەند كراوە، واتە بۆ ئەوەی دوچاری جۆرێك لە ئیحراجی بێت و ئەو پەیامە بە دەرەوە بگەیەنین كە ئێمە رازی نین لەسەر ئەو پڕۆژە یاسایەی بودجە هەر لەبەر ئەوەشە كە پەسەند نەكراوە. كە بەپێی ئەو زانیارییانەی دەستمان كەوت سندوقی دراوی نێودەوڵەتی داوای لە عێراق كردووە لە پڕۆژەی یاسای بودجەی ساڵی 2018دا 10 تریلیۆن دینار بۆ كوردستان تەرخان بكرێت، كە بەپێی وردبینی و ژمێركاریی ئەم پارەیە دەكاتە 14%ی بودجەكە. هەروەها یەكێك لە هۆكارەكانی كەمیی كۆمەكەكان بۆ عێراق ئەوە بوو كە ئەو لایەنانە ئەو راستییە دەزانن كە كێشە هەیە و دوو پێكهاتەی سەرەكی، كورد و سوننە لەو پڕۆژە یاسایەی بودجە رازی نین. واتە دەزانن لە عێراقدا ئەو دوو پێكهاتە سەرەكییە پەراوێز خراون و لە بودجەكەدا داواكاری و تێبینیەكانیان بە هەند وەرنەگیراوە.


* زۆر قسە و باس كراوە لە بارەی ئەوەی عەبادی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان دەنێرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێكی كرداری هەڵنەگرتووە، بۆچوونتان لەم بارەیەوە چییە؟
- ئەوەی تا ئێستا عەبادی كردوویەتی ئەوەیە كە 250 ملیار دیناری لە بانكێك لە هەولێر داناوە، ئەو بانكەش سەر بە حكومەتی عێراقە، ئەم هەنگاوەشی زیاتر بۆ ئاڵۆزكردنی دۆخەكەیە. چونكە ئەگەر ئەوان نییەتی پاكیان هەبێت، دەتوانن مووچەیەك بنێرن. واتە دەكرا وەك دەستپێشخەرییەك بۆ پیشاندانی نییەتپاكی مووچەیەكیان رەوانە بكردایە، تاوەكو لیژنەكانیان خۆیان وردبینییان تەواو دەكرد، بۆ ئەوەی چیتر ئەو پرسە نەكرێتە بابەتی موزایەدەی سیاسی و سزای بە كۆمەڵی خەڵكی كوردستان نەدرێت. من لێرەدا دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە ئەمە دووبارەكردنەوەی هەمان سیاسەتی سەردەمی سەدامە، بەڵام بە شێوازێكی جیاوازتر و مەترسیدارتر، چونكە ئێستا سزاكە گشتگیر و هەمەلایەنە، خۆ ئەگەر سزا و سیاسەتەكانی سەدام بەشێكی بەرفراوانی خەڵكی بگرتایەتەوە، ئەوا وەك ئێستا هەموو ماڵێك لە كوردستان بە دەست ئەو سزایەوە دەیانناڵاند.
* هەنگاوێكی مەترسیدارتری حكومەتی عێراق بریتییە لە دەستپێكردنەوەی پرۆسەی تەعریبكردن لە پارێزگای كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی ديكە، بەتایبەتی لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە، ئایا ئێوە وەك پەرلەمانتاران دەتوانن لەم بارەیەوە چی بكەن؟
- ئەوەی بەدی دەكرێت ئەوەیە كە هەوڵی لەم شێوەیە دراوە، بۆ نموونە لە ناحیەی سەرگەڕان لە سنووری پارێزگای كەركووك، كە ئەوە بوو هۆشدارییان دا بە خەڵكی ناوچەكە بۆ ئەوەی چۆڵی بكەن و كار بۆ ئەوە دەكرا ئەو عەرەبانە بگەڕێننەوە ئەو شوێنانە كە كاتی خۆی هاوردە كرابوون و دواتر دووجار قەرەبوویان وەرگرتبوو، قەرەبووی جێهیشتن و قەرەبووی دووبارە نیشتەجێكردنەوەیان. ئێمە لە رێی كەناڵی جیا جیاوە هەوڵەكانمان خستەگەڕ و بۆ ئەم پرسە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی عێراق قسەمان كردو ئێستا تەعریبەكە لەسەر سەرگەڕان راگیراوە، بەڵام هێشتا مەترسی لەسەر ئەو شوێنانە ماوە، بە تایبەتی لەبەر ئەوەی هێزی پێشمەرگەی لێ نەماوە و پاشاگەردانی باڵی بەسەر ئەو ناوچانەدا كێشاوە و مەترسیی تەعریبكردنیان لەسەرە.


* هەروەك ئاشكرایە كە دۆخێكی نائاسایی و نایاسایی باڵی بەسەر زۆرێك لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستاندا كێشاوە، خوێندنەوەی ئێوە بۆ رەوشی ئەو ناوچانە چییە؟
- ئەو بارودۆخەی ئێوە ئاماژەی پێدەكەن لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە هاتۆتەئاراوە كە دەتوانین بڵێین ئەو ناوچانە داگیركراون، چونكە ئەگەر داگیر نەكرابن، دەبێت بۆ هەمووان ئازاد بن، بەڵام دەبینین دەست بەسەر بارەگاكانی پارتی دیموكراتی كوردستاندا گیراوە لەو ناوچانە، كە هەندێكیان بەدەست حەشدی شەعبییەوەن و ئەوانەشی كە كەسیان تێدا نییە، سووتێنراون، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی پارتی هەڵوێست وەربگرێت، بۆ نموونە كە بڕیاری بەشدارینەكردنی لە هەڵبژاردنەكانی كەركووك داوە، لەبەر ئەوەیە ئەو شارە بە داگیركراو دەزانێت. هەروەها من دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بەوە بكەم كە عێراق وەك وڵات و خەڵكی ناوچەیەكی دیكە لە كەركووك و ناوچەكانی دیكەی روانیوە، هەروەها ئەو قوربانیدان و فیداكارییانەی هێزی پێشمەرگەی لەبەرچاو نەگرتووە بۆ پاراستنی ئەو ناوچانە هەر لە ساڵی 2003وە تاوەكو شەڕی ئەم دواییەی داعش كە بە دەیان و سەدان شەهیدیشی لەم پێناوەدا بەخشیوە.
* هەر سەبارەت بە سزاو گەمارۆكانی بەغدا لەسەر كوردستان دیارە پرسی داخستنی فڕۆكەخانەكانی كوردستان بە رووی گەشتی ئاسمانی نێودەوڵەتییەوە بە یەكێك لەو سزایانە دادەنرێت كە تائێستا بەردەوامی هەیە، ئایا ئێوەی پەرلەمانتاران لەسەر كۆتاییهاتنی ئەم گەمارۆ ئاسمانییە چیتان كردووە؟
- ئێمە دەزانین كە لە مانگی 9ی 2017وە گەمارۆی ئاسمانی لەسەر كوردستان دانراوە، دواتر لە مانگی 12 بۆ جارێكی دیكە درێژكرایەوە تاوەكو 29ی شوبات. من خۆم پێشبینی ناكەم جارێكی دیكە درێژ بكرێتەوە، هەرچەندە دەبێت لەم رووەوە وریا بین، چونكە زۆرجار ئەو بەڵێنە بە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دراوە كە بەم زووانە فڕۆكەخانەكانی كوردستان دەكرێنەوە، بەڵام تا ئێستا عەبادی ئەم كارەی نەكردووە.
Top