ئۆمری پاز تایبەتمەندی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: ئەگەر ئەمریكا دەیەوێت لایەنێكی پەیوەندیدار بێت لە ناوچەكە نابێت تەماشاكار بێت
February 16, 2018
دیمانەی تایبەت
ئۆمری پاز خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە لە زانكۆی تەل ئەبیب بەدەستی دەهێناوە، لەئێستادا پڕۆفیسۆری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی بن گۆریۆن، پێشتریش لە هەمان زانكۆ توێژەر بووە لە بەشی دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەنتەری حاییم هیرتزۆگ، بە هەمان شێوە توێژەر بووە لە زانكۆی عیبری لە قودس. بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی ئەو ئاڵوگۆڕ و گۆڕانكارییانەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هاتوونەتەئاراوە، هەروەها بۆ شرۆڤەكردنی ئەگەرەكانی ئاییندەی ئەم ناوچەیەو چەند پرس و پێشهاتێكی دیكە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* سەرەتا دەمانەوێت بزانین تێڕوانینی ئێوە چییە بۆ دوایین پەرەسەندن و پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئایا چۆن لە رۆڵی ئەمریكا لەم ناوچەیەیەدا دەڕوانیت؟
- ئەگەر ئێمە لە وێنە گشتییەكە بڕوانین، ئەوا بەداخەوە ئەوەی بەدی دەكەین خۆبەدوورگرتنی ئەمریكایە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە دەرئەنجامدا بۆشاییەك لە گۆڕەپانەكەدا دروست بووە بۆ ئەوەی هێزەكانی دیكە پڕی بكەنەوە، بەتایبەتی هەردوو وڵاتی توركیا و رووسیا. لەلایەكی دیكەوە دەبینین كە ناسەقامگیری باڵی كێشاوە بەسەر چەندین بەشی ئەم ناوچەیەدا، كە بەداخەوە ئەوەی دەیبینین بریتییە لە بوونی ئەو ئایدیۆلۆژییانەی كە پاساو بۆ بەكارهێنان و پەنابردنەبەر توندوتیژیی سیاسی دەهێننەوە، كە لە ئێستاشدا ئەوانە بوونەتە پاڵنەری ئەوەی لەم ناوچەیەدا دەگوزەرێت.
* ئەو دەرئەنجامەی لە وەڵامەكەی ئێوە دەتوانین بەدەستی بهێنین، ئەوەیە كە پاشەكشەی ئەمریكا لەم ناوچەیەو لەپاڵ بوونی هەندێ هۆكاری ناوخۆیی پێكەوە سەریان كێشاوە بۆ ئەوەی هەلومەرجی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەم ئاست و ئەندازەیە ئاڵۆز بێت، ئایا ئەمە لێكدانەوەو شرۆڤەیەكی دروستە بۆ بارودۆخەكە؟
- با من بەم شێوەیە گوزارشتی لێبكەم، ئەگەر ئێمە حاڵەتێك، یان بارودۆخێكمان هەبێت كە دوو هێزی مەزن هەبن و بەرژەوەندی و بۆچوون و تێڕوانینی لێك جیاوازیان هەبێت، ئەوا جۆرێك لە هاوسەنگی دێتەئاراوە، بەڵام كاتێك تەنیا هێزێكی باڵادەست (سوپەر پاوەرێك) لەئارادا بێت، ئەوا دەتوانێت هەر كارێك ئەنجام بدات و ئەو كاتە تەنیا پشت بە هێزی خۆی دەبەستێت.
* كەواتە ئەوەی دەتوانین بیڵێین ئەوەیە كە كشانەوەی ئەمریكا لەم ناوچەیە هۆكارێك بووە بۆ لاوازكردنی سیستمی ئەمنی ئیقلیمی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، لەبەر ئەوەی پێشتر ئەمریكا پارێزەرو بەرگریكاری ئەم سیستمە ئەمنییە بوو، بەڵام با پرسیارەكە روونتر بكەین ئایا بۆچی ئەمریكا دەیەوێت خۆی لە كاروبارەكانی ئەم ناوچەیە بە دوور بگرێت؟
- ئێمە دەزانین پێشتر ئەمریكا دەستتێوەردانی لە وڵاتانی ئەم ناوچەیەدا كرد، دوو جار شەڕی لەگەڵ عێراقدا كرد، هەروەها دەستتێوەردانی لە ئەفغانستانیشدا كرد، كە زیانێكی زۆریشی بەخۆی گەیاند، لە ئێستاشدا ئەمریكا دەیەوێت خۆی لە دووبارەكردنەوەی هەڵەكان بەدوور بگرێت، بەڵام بە تێڕوانینی من ئەگەر ئەمریكا بیەوێت لایەنێكی پەیوەندیدار بێت لەو بارودۆخەی لەم ناوچەیەدا دەگوزەرێت، ئەوا ناتوانێت خۆی بەدوور بگرێت و تەماشاكار بێت.
* كەواتە لەم حاڵەتەدا دەبێت چی بكرێت؟ ئایا دەبێت چ هێزگەلێك جڵەوی دەستپێشخەری بگرنەدەست و هەوڵێكی راستەقینە بدەن بۆ ئەوەی دۆخەكە ئارام بكەنەوەو زەمینەسازی بكەن بۆ هێنانەئارای چارەسەرێكی سیاسی بۆ كێشەكانی ئەم ناوچەیە؟ ئایا پێتوانییە یەكێتیی ئەوروپا بتوانێت رۆڵی هەبێت لەم رووەوە، یان بۆچی نەتەوە یەكگرتوووەكان لەم رووەوە بە ئەركی خۆی هەڵناسێت؟
- ئەوەی پەیوەندی بە یەكێتیی ئەوروپاوە هەبێت، ئەوا ئەم یەكێتییە قەوارەیەك نییە كە سیاسەتێكی دەرەكیی هاوبەشی هەبێت. ئەوەی پەیوەست بێت بەوەی بۆچی نەتەوە یەكگرتوووەكان رۆڵ و بەرپرسیارێتی خۆی ئەدا ناكات، ئەوا لە ئێستادا نەتەوە یەكگرتووەكان قەوارەیەكی دەستەوەستان و دەستەپاچەیە و ناتوانێت هیچ شتێك بسەپێنێت. لەبەر ئەوە دەبینین دۆخەكە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بە چەشنێكە كە ئەوەتا رووسیا دەستتێوەردان دەكات، توركیاش بەرژەوەندیگەلێكی دیاریكراوی هەیە لە ناوچەكەدا، هەروەها دەبینین ئێرانیش رۆڵێكی گەورە دەبینێت لە ناوچەكەدا، لە سووریا و لوبنان، كە هەموو ئەمانەش چەند پەرەسەندنێكن كە دەبێت چاودێرییان بكەین، بەڵام لە راستیدا لەم ساتەوەختەدا ئێمە نازانین رەوتی رووداو و پەرەسەندن و پێشهاتەكان بە چ ئاقارێكدا دەڕۆن. بەڵام هەر چۆنێك بێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئێران و توركیا و رووسیا دەتوانن كۆتایی بە توندوتیژی بهێنن لەم ناوچەیەدا؟ من خۆم دڵنیانیم لەوەی بتوانن.
* ئێوە ئاماژەتان بە كشانەوەی ئەمریكا كرد لەم ناوچەیەدا، ئایا پێتانوایە ئەمریكا بە مەبەست ئەم كارەی كردووە، واتە بۆ ئەوە بووە كە هەندێ لە وڵاتە هاوپەیمانەكانی لە ناوچەكەدا، وەك سعودیە و ئیسرائیل بتوانن رۆڵ و كاریگەرییەكی زیاتریان هەبێت لە ناوچەكەدا؟
- ئەمە پرسیارێكی جێی بایەخە، چونكە هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیسرائیل لەم ناوچەیەدا لە پێگەیەكی باشدان، لە رووی ئابوورییەوە لە دۆخێكی باشدان، بەڵام من پێموایە ئەگەر هەوڵبدەن رۆڵێكی گەورەتر ببینن لەم ناوچەیەدا، ئەوا رەنگە زیان بەو دۆخە باشەی خۆیان بگەیەنن. هەروەها من باوەڕم وایە ئەم دوو وڵاتە پتر نیگەرانن لەو پەرەسەندنانەی لە نزیك سنوورەكانیانەوە روودەدەن، واتە ئەگەر لەم رووەوە دڵنیا بن، ئەوا پێشبینی ناكەم دەست بۆ ئەنجامدانی هیچ كارێكی دیكە ببەن. با بە شێوەیەكی روونتر گوزارشتی لێبكەن، هەتا ئەو كاتەی ئێران هەوڵبدات خۆی لە رووبەڕووبوونەوەی ئیسرائیل یان سعودیە لابدات، ئەوا بە تێڕوانینی من نە سعودیە و نە ئیسرائیل هیچ هەنگاو و كردارێك ناگرنەبەر.
* لە وەڵامەكەتدا باست لەوە كرد كە ئەولەوییەتی سەرەكیی هەر یەكە لە وڵاتی سعودیە و ئیسرائیل پاراستنی سنوورەكانیانە، بەڵام ئێمە دەزانین بەهۆی پەرەسەندنەكانی شەڕی ناوخۆیی سووریاوە، چەندین میلیشیای شیعە لەو وڵاتەدا هەن كە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەكرێت و لە ئێستادا هەندێكیان لە نزیك سنوورەكانی ئیسرائیل جێگیركراون، ئایا ئەمە هەڕەشەیەكی ئەمنی نییە بۆ سەر ئیسرائیل؟
- من دەڵێم ئێران دەزانێت دەبێت چ نەكات بۆ ئەوەی خۆی لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ ئیسرائیل لابدات، كەواتە تاوەكو ئێران كارێك نەكات كە ببێتەهۆی ئیستفزازكردنی ئیسرائیل، ئەوا ئیسرائیل كاردانەوەی نابێت. واتە تاوەكو ئێران شەڕی داعش، یان رێكخراوە هاوشێوەكانی دیكە بكات، ئەوا پێموانییە ئیسرائیل بەو ئەندازەیە نیگەران بێت. لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین تاوەكو دۆخەكە بەم شێوەیە بێت، ئەوا ئیسرائیل گرفتێكی ئەوتۆی نابێت لەگەڵیدا، لەلایەكی دیكەوە پێموایە ئیسرائیل پێشبینی ئەوە دەكات هەر كاتێك كە ئەسەد كۆنتڕۆڵی وڵاتەكەی كردەوە، ئەوا ئەم هێزانە لەو وڵاتەدا پاشەكشە دەكەن.
* بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانین بڵێین ئێران توانیویەتی پەرە بە دەستڕۆیشتوویی خۆی بدات لە وڵاتی سووریادا و توانیویەتی پێگەی خۆی لەو وڵاتەدا بچەسپێنێت، واتە سوودمەندی سەرەكی لە قەیرانی سووریا ئێران بووە؟
- پێموایە ئەمە تەواو دروستە، چونكە ئێران لە سایەی ئەو هەلومەرجەدا بە چەشنێك پەرەی بە دەستڕۆیشتوویی خۆی داوە كە پێشتر نەیدەتوانی ئەم كارە بكات.
* ئایا هەر ئەمەش هۆكاری ئەوە نییە كە ئیدارەی ترەمپ هەمیشە ئەوە دووپات دەكاتەوە كە لە ئێستادا ئێران بۆتە سەرچاوەی ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا، چونكە دەستتێوەردان لە كاروباری چەند وڵاتێكی گرنگی ئەم ناوچەیەدا دەكات؟ ئایا پێتوایە ئیدارەی ئەمریكا چۆن بەرەنگاری ئەم دەستڕۆیشتووییەی ئێران دەبێتەوە؟
- لەو باوەڕەدا نیم كەس بتوانێت پێشبینی ئەوە بكات كە ترەمپ ئەنجامی دەدات، واتە چەند ورد دەبینەوە لە لێدوان و كردارەكانی، ئەوا ناتوانین هیچ پێشبینییەك بكەین لەبارەی هەنگاوی داهاتووی ترەمپەوە. دوای ئەوە زۆرجار بارودۆخەكە گرتنەبەری سیاسەتێك، یان هەڵوێستێكی دیاریكراو دەسەپێنێت، بۆ نموونە كاتێك جۆرج بوشی كوڕ دەسەڵاتی گرتەدەست، بەڵێنی دا كە خۆی بەدوور دەگرێت لە كاروبارەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام ئەوە بوو 11ی سێپتەمبەر روویدا و بینیمان كە چی بەدوادا هات. كەواتە پرسیارەكە ئەوەیە چ شتێك روودەدات كە دەبێتەهۆی ئەوەی ئەمریكا كاردانەوەی هەبێت لە بەرامبەریدا. هەرچۆنێك بێت، پێموایە ئەمریكا لە ئێستادا تەركیزی لەسەر ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، بەڵكو پتر بە ئاڕاستەی ناوخۆیی وڵاتەكەیە، لە بواری دەرەكیدا سەرنجەكان زیاتر لەسەر وڵاتی چین، یان كۆریای باكوورە.
* پێشبینییەكانت بۆ ئاییندەی ئەم ناوچەیە چین؟
- من شەخسی خۆم تەمەننای ئەوە دەكەم كە توندوتیژی بوەستێت و كۆتایی پێ بێت، چونكە ئەگەر تۆ لە دۆخی خەڵكی ناوچەكە بڕوانیت، دەبینیت لە رەوشێكی زۆر خراپدا دەژین كە خزمەتگوزارییەكانی وەك ئاو و چاودێری تەندروستییان بۆ دەستەبەر نەكراوە و تا ئێستاش رووبەڕووی مەترسیی كاری خۆكوژی، یان هێرشی گروپەكانی دیكە دەبنەوە. بەڵام پرسیارە بنەڕەتییەكەش بە لای منەوە ئەوەیە چۆن بتوانین ئەو توندوتیژییە بوەستێنین و كۆتایی پێ بهێنین و چۆن ئەم راگرتنی توندوتیژییەش بكەینە زەمینەیەك بۆ هێنانەئارای چارەسەرێكی سیاسیی درێژخایەن لە ئایندەدا. بە تێڕوانینی من ئەو كاتە دەتوانین بگەینە چارەسەرێك كە سیاق و هەلومەرجی هەر وڵاتێكمان بە تەنیا لەبەرچاوگرت، واتە دەبێت كێشەی كورد و توركیا بە جیا وەربگرین، هەروەها كێشەی فەلەستین و ئیسرائیل، بە هەمان شێوە كێشەی ئەفغانستان، واتە نابێت هەوڵ بدەین كە چارەسەرێكی گشتگیر بۆ سەرجەم كێشەكان بگرینەبەر. بەڵكو هەروەك ئاماژەم پێكرد، دەبێت رەوش و تایبەتمەندییەكانی هەر هەل و مەرجێك بە جیا وەربگرین و كار لەسەر چارەسەركردنیان بكەین.
