حاكم سەرحان ئەحمەد ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق: مافیای گەندەڵكاری لە عێراقدا هەیە و عەبادییش ناتوانێت كۆنتڕۆڵی بكات

حاكم سەرحان ئەحمەد   ئەندامی لێژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق:  مافیای گەندەڵكاری لە عێراقدا هەیە و عەبادییش ناتوانێت كۆنتڕۆڵی بكات
ئاشكرایە كە فراكسیۆنی كوردستانی لە پەرلەمانی بەغدا توانییان رێگری بكەن لەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018ی عێراق بكرێت، وەك هەڵوێست وەرگرتنێك لە بەرامبەر كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، هەروەها بۆ ئەو مەبەستم چاوپێكەوتنیان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، عەبادی ئەنجامدا، بۆ تاوتوێكردنی ئەم پرسانە و دوایین پێشهاتەكان لەم رووەوە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ حاكم سەرحان ئەحمەد ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
سزا سەپێندراوەكانی سەر هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە سزای سیاسین و یاسایی و دەستووری نین

ئاشكرایە كە فراكسیۆنی كوردستانی لە پەرلەمانی بەغدا توانییان رێگری بكەن لەوەی خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای بودجەی ساڵی 2018ی عێراق بكرێت، وەك هەڵوێست وەرگرتنێك لە بەرامبەر كەمكردنەوەی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان، هەروەها بۆ ئەو مەبەستم چاوپێكەوتنیان لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی عێراق، عەبادی ئەنجامدا، بۆ تاوتوێكردنی ئەم پرسانە و دوایین پێشهاتەكان لەم رووەوە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ حاكم سەرحان ئەحمەد ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.



* دوای ئەوەی فراكسیۆنی كوردستانی داوای كۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبادی كرد بۆ ئەوەی تاوتوێی تێبینی و سەرنجەكانیان بكەن لەگەڵیدا، توانرا ئەوە كۆبوونەوەیە رێكبخرێت، ئایا وردەكارییەكانی ئەو كۆبوونەوەیە چی بوون و چ شتێك باس كرا و دەرئەنجامەكەی چی بوو؟
- سەرەتا دەبێت بڵێم كە پرۆژە یاسای بودجەی 2018 لە رۆژی 1/12/2017 گەیشتە پەرلەمان، ئەم پرۆژە یاسایەی بودجەش پشكی هەرێمی كوردستانی لە 17% بۆ 12.67% كەم كردبووەوە. ئەو كەمكردنەوەیەش بووە جێی ناڕازیبوونی فراكسیۆنی كوردستانی، بۆیە داخوازیمان لە سەرۆك وەزیران كرد كە پشكەكە بكاتەوە بە لە سەدا 17 و ئێمە وەك فراكسیۆنی كوردستانی راپۆرتێكمان ئامادە كرد و داوامان لە عەبادی كرد كە سەرنج و تێبینیەكانی ئێمە بە هەند وەربگرێت، چونكە ئەمە لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانە، واتە ئێمە لە هەوڵ و كۆششەكانی خۆمان بەردەوام بووین، بەڵام حكومەتی ئیتیحادی بە دەنگ داواكەی ئێمەوە نەهات. دواتر داوای چاوپێكەوتن كرا لەگەڵ عەبادی و ئەوە بوو لە كۆبوونەوەیەكی گشتیدا كە نوێنەری سوننە و شیعەكانیشی تێدابوو، ئێمەش بەشداریمان كرد و دواتر داوای ئەوەمان لێكرد كە دانیشتنێكی تایبەتی لەگەڵدا بكەین، واتە تەنیا لەگەڵ فراكسیۆنی كوردستانی بۆ ئەوەی بتوانین بە رێگەیەكی رەسمی گلەیی و گازەندی خۆمان بە حكومەتی ئیتیحادی بگەیەنین و راستەوخۆ لەگەڵ حكومەتدا لەم بارەیەوە قسە بكەین، ئەوە بوو كۆبوونەوەكە رێكخرا، كە ئێمە لە 10 كەس پێكهاتبووین، پێنج كەس كە سەرۆكی فراكسیۆنەكان بوون و چوار ئەندامی لێژنەی دارایی و جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، كە گفتوگۆیەكی زۆر كرا لەگەڵ عەبادی و داوای ئەوە كرا كە ئەگەر خەڵكی كوردستان بە بەشێك لە خەڵكی عێراق دادەنرێت، ئەوا پێویستە بودجە و مووچە و شایستەكانی ئەوان دەستەبەر بكرێت. بەشێكیان پێشنیاری ئەوەیان بۆ كرد كە سلفەیەك بداتە وەزارەتەكانی پەروەردەو تەندروستی لە هەرێمی كوردستان تاوەكو دابەشی بكەن بە سەر فەرمانبەرانی خۆیاندا. بەشێكیان پێشنیاری ئەوەیان كرد كە جارێ نیومووچە بدرێت. بەڵام بەداخەوە عەبادی هیچ پابەندبوونێكی نەخستە ئەستۆی خۆی و هیچ بەڵێنێكی نەدا بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی هەردوو وەزارەتی پەروەردەو تەندروستی. دواتر پێشنیاری ئەوە كرا كە ئێمە دانیشتن لەگەڵ وەزیری دارایی و جێگیری وەزیری دارایی بكەین بۆ ئەوەی بتوانین پشك و شایستەكانی هەرێمی كوردستان لە بەشە بودجەی عێراق دیاری بكەین، ئەوە بوو عەبادی فەرمانێكی دەركرد و داوای كرد وەكیلی وەزیری دارایی لەگەڵ ئەندامی لیژنەی دارایی كۆبوونەوە بكەن و راپۆرتێكی پێشكەش بكەن، بەڵام تا ئێستا وەڵامی ئەم داخوازی و پێشنیارەی ئێمە نەدراوەتەوە. لە دەرئەنجامدا كاتێك بینیمان كە ویسترا بەو شێوەیەی ئێستا خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاسای بودجە بكرێت كە لە ئاست خواست و مافەكانی كورددا نییە. هەر بۆیە بە یەكدەنگ لەهۆڵی پەرلەمان ناڕەزایەتیمان دەربڕی، كەچی ئەوان ئەم هەڵوێستەی فراكسیۆنە كوردستانییەكانیان بە پشێوی دانا، لەكاتێكدا ئەمە داواكاریی مافی رەوای گەلی كورد بوو، ناكرێت بێ ئەوەی گفتوگۆ بكرێت لەسەر داواكارییەكانی گەلی كوردستان خوێندنەوەی دووەم بۆ پرۆژە یاساكەی بودجە بكرێت، بەڵام بە یەكدەنگیی فراكسیۆنە كوردستانییەكان رێگەمان نەدا خوێندنەوەی بۆ بكرێت.
* عێراق هەر بەردەوامە لەسەر ئەم پێشێلكارییانەی بەرامبەر هەرێمی كوردستان، ئایا ئێوەی پەرلەمانتاران چ هەڵوێستێتكتان دەبێت؟
- تا ئێستا سیاسەتی ئێمە ئەوەیە كە هەڵوێستی توندمان هەبێت لە بەرامبەر ئەو كەسانەی دەیانەوێت پرۆژە بودجەكە بەم شێوەیە ئێستا تێپەڕێنن بە بێ ئەوەی داخوازییەكانی ئێمە بە هەند وەربگرن. واتە ئەگەر داواكارییە رەوا و یاساییەكانی ئێمە لەبەرچاو نەگرن، ئەوا ئێمە ناچار دەبین كە رێگە نەدەین و قبووڵی نەكەین خوێندنەوە بۆ پڕۆژە یاسای بودجەیە بكرێت. ئێمەش لە بنەڕەتدا خوازیاری ئەوەین كە گفتوگۆ و دانیشتن بكەین بۆ ئەوەی بە لێك تێگەیشتن بگەینە دەرئەنجامێك، چونكە ئەمە مافی ئێمەیە و ئێمەش وەك نوێنەری خەڵكی كوردستان دەبێت كارێك بكەین لە بەرژەوەندی هەرێمی كوردستاندا بێت. لەبەر ئەوە من دەڵێم تا ئەو كاتەی ئێمە لە بەغدا بین، ئەوا هەوڵی خۆمان دەدەین كە تێنەپەڕێت. ئەگەر حكومەتی عێراق لەگەڵ پەرلەماندا لە رێی كوتلە سوننی و شیعەكانەوە پڕۆژە یاسای بودجەی تێپەڕاند، ئەوا دەبێت ئێمە هەڵمەتێكی راگەیاندن دەست پێبكەین و موراجەعەی باڵیۆزی وڵاتان بكەین لە بەغدا و راپۆرتێك ئامادە بكەین و ئەوە بخەینەڕوو كە ئەوە دۆخی كوردە لە بەغدا كە حكومەتی ئەو وڵاتە هیچ داخوازی و خواستەكانیان لەبەرچاو ناگرێت و، پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بە شێوەیەكە كە هیچ هاوكارییەك لەگەڵ كورددا ناكات، بۆ ئەوەی بتوانین پشتیوانی و هاوكارییەك دەستەبەر بكەین.
* ئاشكرایە كە جگە لە پرسی بودجە، چەندین پێشێلكاری دیكە لەبەرامبەر كوردستاندا كراون، وەك سەپاندنی سزای ئابووری و داخستنی فڕۆكەخانەكان و.. هتد، بە رای ئێوە دەبێت لەم بارەیەوە چی بكرێت؟
- سەرەتا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئەو سزایانەی ئێوە باسی دەكەن كە بەسەر كوردستاندا سەپێندراوە، سزای سیاسین و دەستووری و یاسایی نین، هەموو ئەمانەش وای لێكردووم كە بڵێم ئەگەر عێراق بەردەوام بێت لەسەر ئەم رەفتارانەی، ئەوا هیچ ئومێدێك نامێنێت بۆ چاكسازیكردن لە عێراقدا و بۆ ئەوەی ئەوەی ئەم وڵاتە ببێتە وڵاتێكی فیدڕاڵی. لەبەر ئەوە بە بۆچوونی من دەبێت حكومەتی ئیتیحادی لە سنووردا رابوەستێنرێت، لەم رووەوە هەڵوێستی حكومەتی هەرێم ئەوەیە كە رێگاچارەی گفتوگۆ بگیرێتەبەر، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئامادەكاری نابینین لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە لەم رووەوە، لەبەر ئەوە ئومێدێك نابینم بۆ ئەوەی حكومەتی عێراقی هەنگاوێكی ئیجابی، لە رووی ئابوورییەوە بێت، یان سیاسی، لە ئاست هەرێمی كوردستاندا هەڵبگرێت.
* باسی خراپبوونی رەوشی ئابووریت كرد، وەكو ئەندامێكی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئایا دەتوانیت باسێكی ئەو گەندەڵییانە بكەیت كە ئێستا عێراق بەدەستیەوە دەناڵێنێت؟ ئایا لەگەڵ شكستهێنانی پرۆژەی چاكسازی دۆخەكە بەرەو كوێ دەچێت؟
- عێراق لە ریزبەندی پێشەوەی وڵاتانی گەندەڵكارە لەجیهاندا، واتە گەندەڵییەكی زۆر لە عێراقدا هەیە و كێشەكەش ئەوەیە حكومەتی عێراق ناتوانێت چاكسازی بكات، لەبەر ئەوەی كەسە گەندەڵكارەكان دەسەڵاتیان لە دەستدایە و بوونەتە مافیا و بە شێوەیەكی بەرنامە بۆ داڕێژدراو و بە شێوەیەكی سیستماتیكی كاری خۆیان دەكەن. واتە كەسە گەندەڵكارەكان لە سەر ئاستێكی زۆر بەرزدان. هەرلەبەر ئەمەشە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی داوای لە عێراق كردووە كە ئەگەر 10 تریلۆن دینار لە بودجەی گشتی 2018 بۆ پشكی هەرێمی كوردستان و 3 تریلیۆن دینار وەكو مووچەی پێشمەرگە تەرخان نەكات، ئەوا هیچ هاوكارییەك و سلفەیەك و قەرزی دیكەی ناداتێ. بەڵام هەرچۆنێك بێت، گەندەڵییەكە لە عێراقدا زۆرە، بۆ نموونە بانكی نێودەوڵەتی بۆ فرۆشتنی دراوی دۆلاری ئەمریكی مامەڵە لەگەڵ هەر كۆمپانیایەك دەكات كە ئەو كۆمپانیایە گرێدراوی هەندێك كەسە، كە ئەو كەسانە سەرۆكی مافیای گەندەڵین لە عێراقدا و تا ئێستا عەبادی ناتوانێت كۆنتڕۆڵیان بكات. لەبەر ئەوە دەتوانم بڵێم داهاتی عێراق لە گەندەڵیدا بە هەدەر دەڕوات و مافیای گەورەی گەندەڵی دروست بووە كە كاریان گەندەڵیكردن و دزیكردن و بردنی داهاتی وڵاتەكەیە، بۆیە رەشبینیم لەبارەی چارەسەركردن و كۆتاییهێنان بەم گەندەڵییانە لە عێراقدا.
* پرۆسەی تەعریب لەكەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكەی دەرەوەی هەرێم دەستی پێكردۆتەوە، ئێوە وەكو نوێنەرانی كورد لە پەرلەمانی عێراق تاچەند بۆ راوەستانی ئەو پێشێلكارییانە هەوڵتان داوە؟
- ئێمە بەردەوام پێداگیری لەسەر ئەوە دەكەین كە تەعریب دەكرێت لەو ناوچانەی كە لەلایەن حەشدی شەعبییەوە كۆنتڕۆڵ كراون، واتە تا ئێستاش حكومەتی عێراق تەعریبی چەند دەڤەرێك دەكات لە كەركووك و لە موسڵ و ئەمەش زۆر مەترسیدارە، چونكە ئەمانە ناوچەی كوردستانیین، واتە سیاسەتی ئەم حكومەتە درێژكراوەی سیاسەتی رژێمی سەدامە لەم رووەوە. بەتایبەتی لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە لە كەركووك. لەبەر ئەوە ئێمە دەبێت هەڵمەتی راگەیاندن بكەین و پەردە لەسەر ئەو تەعریبە هەڵماڵین كە لەو ناوچانەدا دەكرێن و ئەوە بخەینە بەر چاو كە حكومەتی عێراق هیچ هەنگاوێكی بۆ راگرتنی ئەو تەعریبە هەڵنەگرتووە.
* دوا وتەت چییە؟
- من هیچ ئومێدێكم نییە بەوەی بارودۆخی عێراق بەرەو چارەسەركردن بچێت و وەكو دەوڵەتێكی پێشكەوتوو دەركەوێت؛ چونكە هیچ ئاماژەیەك لەئارادا نییە لەم رووەوە، ئەوەتا رۆژ لەدوای رۆژ رەگ و ریشەی گەندەڵی زیاتر و قووڵتر دەبێتەوە و توانای نییە بڕیارێك دژ بە گەندەڵی دەربكات. عێراق بەرەو تونێلێكی تاریك دەچێت، چونكە داهاتی عێراق لە رێی گەندەڵییەوە بە هەدەر دەڕوات و تەرخان ناكرێت بۆ خزمەتگوزاری و بۆ باشتركردنی دۆخی خەڵك. لەبەر ئەوە دۆخی ئابووری و سیاسی و رۆشنبیریی عێراق رۆژ لە دوای رۆژ خراپتر دەبێت.
Top