كاسرین كارۆڵ كاسرین كارۆڵ شارەزا لە كاروبارەكانی عێراق: : گەندەڵی و لاوازیی دەسەڵاتی دادوەری لە دەستڕۆیشتوویی ئێران زیاتر كێشەن بۆ عێراق
February 7, 2018
دیمانەی تایبەت
كاسرین كارۆڵ پڕۆفیسۆرە لە بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی ڤەندەربیڵت و وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك تیرۆریزم، ئیسلامی سیاسی، سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕ لە عێراقدا. هەروەها لە نێوان ساڵانی 2008 و 2009كاسرین كارۆڵ پڕۆفیسۆرە لە بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی ڤەندەربیڵت و وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك تیرۆریزم، ئیسلامی سیاسی، سیاسەتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شەڕ لە عێراقدا. هەروەها لە نێوان ساڵانی 2008 و 2009 هاوكاری تیمێك بوو بۆ پێدانی راوێژی سیاسی و كۆمەڵایەتی بە سەرباز و فەرماندەكانی سوپا لە زۆنی شەڕدا. لە دوای گەڕانەوە لە عێراق كاری لەسەر لایەنە جیاوازەكانی كەلتوور و سیاسەتی عێراق كردووە. بۆ هەڵسەنگاندن و شرۆڤەكردنی رەوشی ئێستای عێراق و پرسی هەڵبژاردنەكان لەم وڵاتە و چەند بابەتێكی دیكە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* چۆن لە دۆخی ئێستای عێراق دەڕوانیت، ئایا پێتوایە ئەم وڵاتە بە چ ئاڕاستەیەكدا هەنگاو دەنێت؟
- ئەوەی پەیوەست بێت بە عێراقەوە ئەوا من بۆچوونێكی نائاساییم هەیە لەم بارەیەوە، مەبەستم ئەوەیە كە هەرچەندە دەزانم كە چەندین كێشە یەخەی ئەم وڵاتەیان گرتووە و راستییەكیشم لەبەرچاوە كە دیموكراسی لە عێراقدا لە سەرەتادایە و هۆشیارم بەوەی كە خەڵكی ئەم وڵاتە نە تەواو ئازادن و نە تەواو ئاسوودەن، بەڵام سەرەڕای ئەو تەحەددی و دژوارییانەی كە لە رابردودا رووبەڕووی ئەم وڵاتە بوونەتەوە و ئەوەی لە ئێستادا رووبەڕوویان دەبێتەوە، ئەوا پێموایە ئەوەی مایەی سەرسوڕمانە ئەوەیە كە عێراق ئەدایەكی باشی هەیە.
* هەروەك دەزانن لە چەند مانگی كەمی داهاتوودا عێراق هەڵبژاردنی پەرلەمانی ئەنجام دەدات، ئایا هەڵسەنگاندن و شرۆڤەكاریی ئێوە چییە لەم رووەوە، بە تایبەتی كە ئاشكرایە یەكەكانی حەشدی شەعبی بڕیاری بەشداریكردنیان داوە؟
- ئەوەی لەم هەڵبژاردنانەدا بەدی دەكرێت، ئەوەیە كە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە سەرجەم پارتەكان ناوی خۆیان تۆماركردووە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكاندا، هەروەها بوار دراوە بە یەكەكانی حەشدی شەعبیش بۆ ئەوەی بەشداری بكەن، هەرچەندە بۆ من جێی داخەوە كە ئەم كارەیان كردووە و ئەم هەنگاوەیان هەڵگرتووە، بەڵام ئەو دەرفەتڕەخساندنە بواری ئەوەی دروستكردووە كە چەندین لایەنی دیكە بەشداری بكەن و ململانێ بكەن. ئەمە بوونی جۆرێك لە ئومێد پیشان دەدات لەبارەی پرۆسە سیاسییە دیموكراتییەكەی عێراقەوە، لەبەر ئەوە پێموایە ئەمە ئاماژەیەكی باشە و هێشتا باوەڕم بەوە نییە ( هەروەك ئەوەی لە مەغریب بەدی دەكرێت) كە پێویستە تەنیا یەك، یان دوو پارتی باڵادەست لە ئارادا بن كە دەكەونە ژێر باری گەمەپێكردنی هێزە دەرەكییەكانەوە (لە حاڵەتی عێراقدا ئێران ئەم هێزە دەرەكییەیە- لە حاڵەتی مەغریبیشدا بریتیە لە پاشای ئەو وڵاتە).
* لەعێراقدا زۆر باس لە پابەندبوون بە دەستوور و بە سەروەریی یاساوە دەكرێت، ئێوە لەم رووەوە تێڕوانینتان چییە؟
- لەبارەی ئاماژەكردن بە سەروەریی یاسا لە عێراقدا كاتێك باس لەوە دەكەن، پێویستە خەڵك و سیاسەتمەتدارەكانی پابەندی یاسا بن. عێراقییەكان (ئەگەرچی من زیاتر ئاشنام بە دۆخی ناوەڕاستی عێراق نەك كوردستان) كاتێك باسی یاسا و سەروەریی یاسا دەكەن، كە دەیانەوێت هۆكاری ئەوە روون بكەنەوە كە بۆچی كارێكی دیاریكراویان ئەنجام داوە. ئەمە لە ئێستادا سەركەوتوو نەبووە، بەڵام خۆی لە خۆیدا ئەم باسكردنەش گرنگە، هەروەها ناكرێت بەراوردی بكەین بە سەردەمی سەددام حوسێن (هەرچەندە لە هەندێ حاڵەتی دابڕاودا دەكرێت، بەڵام بە گشتی خەڵكی-تەنانەت زۆرێك لە سیاسەتمەتداران- ئومێدی ئەوە دەكەن كە سەروەریی یاسا باڵادەست بێت.
* بەڵام پێتوایە تا چەند ئەم هەڵبژاردنانە گۆڕانكاری دروست دەكەن، یان تا چەند هەڵبژاردنی راستەقینەن؟
- من دەتوانم بڵێم كە گەشبینم بە جۆری ئەو ئەنجامەی لە هەڵبژاردنەكانی عێراقەوە دەكەوێتەوە. راستە كارتێكردن و گەمەپێكردن بە دەرئەنجامەكان روودەدەن، بەڵام بە ئاستێكی بەربڵاو نین، ئێوە بڕواننە دەرئەنجامەكانی هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2010، كە دەبوو مالیكیی لە دەسەڵات دوور بخستایەتەوە. كەواتە ئەمانە هەڵبژاردنی راستەقینە و جێی سەرسوڕمانن.
* بەڵام هەروەك دەزانن ئەم هەڵبژاردنانە لە كەشێكدا دەكرێت كە بارگرژیی ناوخۆیی و كارتێكردن و دەستڕۆیشتوویی دەرەكی هەیە لەسەر ئەم وڵاتە؟
- ئەوە راستە كە ئەم هەڵبژاردنانە لە كەشێكدا ئەنجام دەدرێن كە دابەشبوون و كێشەكانی نێوان كوردستان و حكومەتی ناوەندی عێراق باڵی كێشاوە بەسەریدا، هەروەها ئێرانیش دەستڕۆیشتووە تێیدا، لەگەڵ هەڵكشان و داكشانی داعش لەم وڵاتەدا. بەڵام من دەڵێم ئەگەر ئەم هەلومەرجە لە ئەمریكادا باڵادەست بوایە، ئەوا كودەتای سەربازی رووی دەدا. هەروەها من دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم كە من گەشبینم بەوەی كە زیاتر لە ملیۆنێك كەس گەڕاونەتەوە ئەو ناوچانەی پێشتر لە ژێر دەستی داعشدا بوون.
* ئاماژەت بە دەستڕۆیشتوویی ئێران كرد لە عێراقدا، ئایا چۆن لە رۆڵی ئێران دەڕوانیت لەم وڵاتەدا؟ ئایا پێتوایە ئێران بەشێكە لە كێشەكە لە عێراقدا ئایا دەكرێت ببێتە بەشێك لە چارەسەر؟
- بە دڵنیاییەوە من باوەڕم وایە كە ئێران بەشێكە لە كێشەكە لەعێراقدا، بەڵام پێم وانییە هێندەی بوونی گەندەڵی و دەسەڵاتێكی دادوەریی لاواز كێشە بێت.
* دوا وتەت چییە؟
- ڕەنگە ئەمە ساویلكانە دەركەوێت، بەڵام كاتێك لە عێراق دەڕوانم ئەوا وڵاتێك بەدی دەكەم كە ئێش و ئازارێكی زۆریان بینیوە، بەڵام هێشتا ئەگەری ئەوە هەیە ئازادی و دیموكراسی لەم وڵاتەدا بێنەئاراوە. ئەگەرچی وەك هەمیشە كەموكوڕیش هەیە.
