دكتۆر ئەشواق جاف ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: ئەگەر عەبادی ئیرادەیەكی راستەقینەی هەبێت دەكرێت كێشەكان لەسەر بنچینەی دەستوور چارەسەر بكرێن

دكتۆر ئەشواق جاف ئەندامی پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: ئەگەر عەبادی ئیرادەیەكی راستەقینەی هەبێت دەكرێت كێشەكان لەسەر بنچینەی دەستوور چارەسەر بكرێن
لە ئێستادا هەوڵ و كۆششێكی زۆر خراوەتەگەڕ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها كار بەو ئاراستەیە دەكرێت كە بەغدا ناچار بكرێت پابەند بێت بە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە، بۆ باسكردن لەسەر ئەو پرسە و تاتوێكردنی چەند پرسێكی پەیوەندیداری دیكە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ دكتۆر ئەشواق جاف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدا، لێرەدا پوختەكەی بڵاودەكەینەوە.
لە ئێستادا پەیوەندییەكانی كوردستان و بەغدا قۆناغی لێدوانی رۆژنامەگەریی تێپەڕاندووە و چۆتە قوناغی پێكەوەدانیشتن


لە ئێستادا هەوڵ و كۆششێكی زۆر خراوەتەگەڕ بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراق، هەروەها كار بەو ئاراستەیە دەكرێت كە بەغدا ناچار بكرێت پابەند بێت بە مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە، بۆ باسكردن لەسەر ئەو پرسە و تاتوێكردنی چەند پرسێكی پەیوەندیداری دیكە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵ دكتۆر ئەشواق جاف ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجامدا، لێرەدا پوختەكەی بڵاودەكەینەوە.

* ئایا دوای دیدارەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ عەبادی ئاسۆی چارەسەركردنی كێشەكان دەركەوتووە؟
- دەتوانین بڵێین كە دوای ئەم دیداردە، ئەگەر عەبادی ئیرادەی سیاسی راستەقینەی هەبێت، ئەوا دەكرێت گفتوگۆ و دانیشتن بكرێت و لەبەر رۆشنایی دەستوور و یاسادا كار بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بكرێت، بەڵام نەك بە میزاجی سیاسی بە چەشنی ئەوەی لە رابردوودا بینیمان كە لە دەرئەنجامیشدا عێراق بە رۆژگاری ئێستا گەیشت.
* پەرلەمانتارانی كورد لە بەغدا بەرنامەیان چییە بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان لەدەست ئەو قەیرانە دارایی و گەمارۆیە توندە رزگاری بێت كە بەغدا تووشی كردوون؟
- بەداخەوە هەندێ پەرلەمانتار هەن لە بری ئەوەی پرۆژە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان پێشكەش بكەن، هەڵدەستن بە پێشكەشكردنی پرۆژەیەك دژ بە هەرێمی كوردستان، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە ئەو كەسانە بە دوای بەرژەوەندی حزبی و كۆكردنەوەی دەنگن، نەك بەرژەوەندیی میللەت. ئەوەش ئاشكرایە كە هەر هێزێك ئەگەر یەكڕیز نەبێت، ئەوا لاواز دەبێت. ئێمە لە خولەكانی رابردوودا ئەگەر نەشمانتوانیبێت وەك پێویست مافەكانی كورد دەستەبەر بكەین، بەڵام توانیمان بەر بەو یاسایانە بگرین كە مافی كوردیان پێشێل دەكرد.

* ماوەیەكە بەبیانووی وردبینی، ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە جێبەجێ نەكراوە، ئێوە وەكو پەرلەمانتارێك هیچ ئومێدێكتان بەبەغدا هەیە كە ئەو مووچانە بنێرێت؟
- یەكەم خاڵ كە ئەوان باسی دەكەن ئەوەیە گوایە لیستەكان بە كوردییە، ئێ باشە پرسیارەكە ئەوەیە ئایا هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی، زمانی فەرمی نین لەم وڵاتەدا. ئەوەی پەیوەست بێت بە وردبینیشەوە، ئەوا تا راددەیەكی زۆر تەواو بووە و پێویستە بە رەزامەندی عەبادییەوە، بەڵام ئەوەی دەیبینین ئەوەیە كە عەبادی یاری بە كات دەكات. بەڵام ئێمە لە سەر هەوڵەكانی خۆمان بەردەوام دەبین و هیوادارین بینرێن.
* ئەم نییەت خراپییە لەسەر پرۆژە یاسای بودجەش دیارو روون بوو، ئێوەی پەرلەمانتارانی كورد چیتان بۆ دەكرێت بۆ ئەوەی ئەم پرۆژەیە بەم هەموو پێشێلكارییەوە تێپەڕ نەبێت؟
- تا ئێستا پرۆژە یاسای بودجەی 2018ی عێراق خوێندنەوەی یەكەمی بۆ نەكراوە، ئێمەش وەك كورد دژی ئەوەین خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت، پێش ئەوەی لەگەڵ عەبادی دانیشتن بكەین، لەكاتێكدا عەبادی مەبەستێتی ئەو پرۆژە یاسایە لە پەرلەماندا خوێندنەوەی یەكەمی بۆ بكرێت، چونكە دوای ئەم خوێندنەوەیە ناتوانرێت هیچ بڕگەیەك بگۆڕیت، ئەگەر گۆڕیت، سەرۆك وەزیران دەتوانێت تانەی لێ بدات. هەر لەبەر ئەمەشە عەبادی نایەوێت دانیشمان لەگەڵدا بكات پێش خوێندنەوەی یەكەم. خۆ ئەگەر خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا، ئەوا ئێمە بایكۆتی دەكەین، چونكە گرفتەكە لەوەدایە پەرلەمان ئەو دەسەڵاتەی نییە بۆ زیادكردنی بودجە تەنیا مافی كەمكردنەوە و گواستنەوەی بڕگەكانی نێو پرۆژە یاساكەی هەیە، لەو لاشەوە عەبادی كە گوایە كاتی نییە لەگەڵ پەرلەمانتارەكانی عێراق دابنیشێت و باسی پرسی بودجە بكات، كەچی كاتێكی زۆری هەیە بۆ پرسەكانی پەیوەست بە پێكهێنانی هاوپەیمانێتی بۆ هەڵبژاردنەكان.


* كەواتە ئەگەر تێپەڕنەكرا و بودجەی ساڵی 2017 كرا بە بنەما ئایا تا چەند بەغدا بە بەشە بودجەی كوردستانەوە پابەند دەبێت ؟
- من زۆرم بێ سەیر بوو كە زۆر لە پەرلەمانتارە شیعەكان پێشبینی ئەوەیان دەكرد كە سیناریۆی 2014 دووبارە دەبێتەوەو ئەم بودجەیە پەسەند ناكرێت، خۆ ئەگەر باسی ئەوەش دەكرێت كە رەنگە بەم شێوەیە پشكی كورد وەكو بودجەی ساڵی 2017 بمێنێتەوە كە لە 17% بووە، ئەوا من دەڵێم لە ساڵی 2017دا چی بە كورد بڕا؟ ئایا ئەو بودجەیەش جێبەجێكرا لە پەیوەندی بە پشكی كوردەوە؟
* سەبارەت بە پرسی هەڵبژاردنەكانی عێراق؛ لەدواجاردا دادگای فیدڕاڵی ئەم پرسەی یەكلاكردەوە، ئایا دوای ئەم بڕیارە پرسی هەڵبژاردنەكان بەرەو كوێ دەچێت؟
- هەڵبژاردنەكانی عێراق پرسێكی دەستوورییە، هەربۆیە ئێمە وەكو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لەسەرەتاوە وتوومانە: دەبێت رێز لە وادە دەستوورییەكان بگیرێت و هەموو ماددەو بڕگە یاساییەكانی ناو دەستوور وەكو یەك پاكێج جێبەجێ بكرێت، هەربۆیە رای دادگای فیدڕاڵی لەسەر هەڵبژاردنەكان رایەكی تەواو و لەجێی خۆیدا بوو، ئەولەویەتیش بۆ بڕیارەكانی ئەو دادگایە لەوەدایە كە دەبێت هەڵبژاردنەكان لەكاتی خۆیدا بكرێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا ئەو هۆكارانەی سوننە پێشكەشیان كردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەكان، هۆكاری واقیعین و دەبێت حكومەتی عێراق كاری لەسەر بكات و هەموو ئەو هۆكارانەش چارەسەر بكات، ئێمەش لە یاسای هەڵبژاردنەكان چەند خاڵمان جێگیر كرد كە حكومەتی فیدڕاڵی پێش دەستپێكردنی هەڵبژاردنەكان پابەند دەكات بە چارەسەركردنی، وەك ئەوەی دەبێت چەك تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت. هەروەها دەنگدان لە هەموو ناوچەكانی عێراق بێت و بە ئەلەكترۆنی بێت.


* ئێستا كەركووك بە شارێكی داگیركراو دادەنرێت، ئایا پرسی هەڵبژاردن لەو شارەدا چۆن دەبێت و تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- من دەڵێم بەداخەوە دەبووایە فراكسیۆنە كوردستانییەكان پێكەوە كاریان لەسەر ئەم پرسە بكردایەو یەكڕیز و یەكهەڵوێست بن، جیاوازیی بۆچوونەكەش ئەوەیە كە ئەوان پێیانوایە پێویستە چارەنووسی كەركووك بدرێتە دەستی ئەنجومەنی نوێنەران، ئێمەش دەڵێین: پێویستە چارەسەری پرسی هەڵبژاردنەكان لە پارێزگای كەركووك لەسەر بنەمای دەستوور بكرێت. چونكە باوەڕمان وایە ئەگەر بدرێتە دەستی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوا ناسنامەی كوردستانیبونی لێ دادەماڵن.
* ئایا لە پرۆسەی هەڵبژاردنەكانی عێراقدا كورد پێویستە چی بكات بۆ ئەوەی بە سەركەوتوویی ئەم پرۆسەیە جێبەجێ بكات و پارێزگاری لەمافە دەستوورییەكانی گەلی كوردستان بكات؟
- خاڵی یەكەم ئەوەیە كە پێموایە كورد لەم هەڵبژاردنانەدا دەنگی زیاتر بەدەست ناهێنێت، بەڵكو هەندێ دەنگیش لە دەست دەدات، بەتایبەتی لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، چونكە ئێمە هاوارمان كرد با بە یەك لیست بەشداری بكەین، بۆ ئەوەی دەنگەكانمان نەچێت بۆ لیستەكانی دیكە، بەڵام ئەوان رازی نەبوون بچنە نێو یەك لیستەوە. پێمان وتن كە دەرس لە هەڵەكانی ساڵی 2014 وەربگرن كە دەنگەكانی كورد چوون بۆ لیستەكانی دیكە. بۆیە بە هۆی ئاوارەبوونی بەشێكی خەڵكی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوە و لەبەر نەبوونی یەك لیستی و لە ئارادابوونی فشارێكی سەربازی لەو ناوچانە، ئەوا دەنگی كورد كەمتر دەبێتەوە. دواتر باس لەوە دەكرێت كە با دوای هەڵبژاردن كورد بیر لە هاوپەیمانێتی بكاتەوە لەگەڵ لیستەكانی دیكە، ئێ باشە نابێت ئێمە سەرەتا بیر لە یەكڕیزی نێوماڵی خۆمان بكەینەوە؟
* دۆسیەی ئاوارەكانی كورد لە خورماتوو و ناوچەكانی كوردستانییەكانی دیكەی دەروەری هەرێم تاچەند كاری لەسەر كراوە؟ ئایا ئومێد بە پەرلەمانی عێراق هەیە لەسەر ئەم دۆسێیە بەدەنگ بێت؟
- ئەوەی تا ئێستا كراوە ئەوەیە كە لیژنەیەك پێكهێنراوە، ئێمە داوامان كردووە لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە كار بكات:
1- ئەوانەی تاوانیان كردووە بدرێنە دادگا.
2- ئاوارەكان بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
3- زیان لێكەوتووان قەرەبوو بكرێنەوە.
4- كارێك بكرێت بۆ گەڕانەوەی پێكەوەژیان لەو ناوچانە.
ئەم داواكارییانەش هەمووی یاسایین، هەربۆیە چاوەڕوانی تەواوكردنی كارەكانی لێژنەكەین كە بڕیارە دوای تەواوبوونی كاری لێژنەكە راسپاردەكانی پێشكەش بە پەرلەمانی عێراق بكات و پەرلەمانیش دەبێت پەسەندی بكات.
Top