رۆبی بارێت شارەزای كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: پشتیوانی نەكردنی سەربەخۆیی كوردستان لەلایەن ئەمریكاوە سەریكێشاوە بۆ بەهێزبوونی دەستڕۆیشتوویی ئێران

رۆبی بارێت  شارەزای كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:  پشتیوانی نەكردنی سەربەخۆیی كوردستان لەلایەن ئەمریكاوە  سەریكێشاوە بۆ بەهێزبوونی دەستڕۆیشتوویی ئێران
* وەك كەسێكی شارەزا لە كاروبارەكانی عێراق، چ خوێندنەوەیەكتان هەیە بۆ ئەو رووداوانەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر روویانداو هەڵوێستی ئەمریكا لە ئاست ئەو پەرەسەندنانەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
* وەك كەسێكی شارەزا لە كاروبارەكانی عێراق، چ خوێندنەوەیەكتان هەیە بۆ ئەو رووداوانەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر روویانداو هەڵوێستی ئەمریكا لە ئاست ئەو پەرەسەندنانەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- لە راستیدا من پێموایە هەڵوێستی ئەمریكا، هەڵوێستێكی هەڵە بوو، ئەگەرچی بۆ من مایەی سەرسوڕمان نەبوو. هەروەها من باوەڕم وایە دەبێت زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەمریكا بكرێت، چونكە ئێوە لەو راستییە بڕوانن كە ئیدارەی پێشوو و ئیدارەی ئێستای ئەمریكا كارێكیان كرد ئێوە شەڕیان بۆ بكەن، بەڵام بینیمان هیچیان بۆ نەكردن لە بەرامبەردا. لەم روانگەیەوە جێی داخە كە ئێوە پشتیوانیتان دەستەبەر نەكرد. هەروەها من لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئەگەرچی من كەسێك بووم پشتیوانیم لە خۆبەڕێوەبەری و سەربەخۆیی كوردستان دەكرد، بەڵام لە هیچ لایەنێكی كوردستانەوە بانگهێشت نەكرام كە سەردانی كوردستان بكەم، لە كاتێكدا من بانگهێشتی عێراق و سعودیە و وڵاتانی دیكەم پێدەگەیشت بۆ سەردانیكردن، بەڵام كەسانێك بانگهێشت دەكران بۆ كوردستان كە دواتر رەخنەیان لە پرسی سەربەخۆیی كوردستان دەگرت. بە هەر حاڵ پێموانییە ئەمریكا سیاسەتێكی جێگیر و روونی هەبێت بۆ عێراق و كوردستان و بۆ سووریا و بۆ پرسەكانی دیكە. بەڵام ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە هێشتا ئەمریكا پێداگیری لەسەر عێراقی یەكگرتوو و سووریای یەكگرتوو دەكاتەوە، لە كاتێكدا ئەمە لەسەر ئەرزی واقیع بوونی نەماوە. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە دەبێت واقیعییانە لە بارودۆخی ناوچەكە بڕوانین، كە بارودۆخی سەر ئەرزی واقیعیش ئەوەیە كە ناوچەیەكی سوننەنشین هەیە لە سووریا و عێراق و ناوچەیەكی شیعەنشین هەیە لە باشووری عێراق، هەروەها ناوچەی كوردی هەیە، واتە ناوچەی سەربەخۆ، یان نیمچە سەربەخۆ هەن، بەو پێیە ئەو سیاسەتەی ئێمە پیادەی دەكەین، زیاتر لە هەر لایەنێكی دیكە هاوكاری ئێران دەكات.
* كەواتە هاوڕایت لەگەڵ ئەوەدا كە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەرەوە ئێران پتر دەسترۆیشتووتر و باڵادەستترە لە عێراقدا؟
- بەڵێ، بە دڵنیاییەوە ئەمە دەقاودەق راستە، چونكە ئاشكرایە حكومەتی عێراق لەژێر كاریگەری ئەگەر نەڵێین كۆنتڕۆڵی ئێراندایە. هەروەها سەرجەم بڕیارەكانی ئەمریكا بۆ دۆخی دوای داعش، لە نێویاندا بڕیارەكانی پەیوەست بە كوردستانەوە، هەموویان بوونەتە هۆی بەهێزبوونی پێگەی ئێران.


* بەڵام ئایا دەرئەنجام و دەرهاویشتەی ئەم دەستڕۆیشتووییەی ئێران چی دەبێت؟
- لە راستیدا ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە كە ئێران بۆ ماوەی نزیكەی 300 ساڵە هەوڵی گێڕانەوەی پێگەی باڵادەستی و ئیمپراتۆریەتی خۆی دەدات لە ناوچەی كەنداودا. لێرەدا دووپاتی دەكەمەوە كە سیاسەتەكانی ئێمە هاوكار بوون بۆ ئەوەی ئێران پێگەی باڵادەستی بەدەست بهێنێت لە چەند ناوچەیەكی وەك ئەفغانستان و عێراقدا، هەر لەبەر ئەمەش بوو وتم چیتر عێراق بوونی نەماوە. لەم روانگەیەوە دەتوانم بڵێم بانگەشەكانی حكومەتی ئەمریكا بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی مەركەزی عێراق بێمانایە، چونكە ئێمە بەم شێوەیە هاوكاری ئێران دەكەین. من پێش رووداوەكانی ئۆكتۆبەریش پرسیارم لێكرا لەبارەی سیاسەت و هەڵوێستی ئەمریكا لەبارەی كوردستانەوە، وەڵامی من ئەوە بوو ئەگەر ئەمریكا پشتیوانی كوردستان نەكات، ئەوا مانای وایە دەگەڕێتەوە بۆ سیاسەتە تەقلیدییەكەی كە بریتییە لە هاوكاریكردنی دەوڵەتی عێراق، بەڵام كێشەكە ئەوەیە ئەم دەوڵەتی عێراقە بە تەواوەتی لەژێر باڵادەستیی ئێراندایە. ئێوە بڕوانن چی روویدا، ئەمریكا بووە تەماشاكار و بواریدا سوپای پاسداران دەست بەسەر كەركووك و شوێنەكانی دیكەدا بگرێت. لەبەر ئەوە پێم وایە دەبێت كوردستان زۆر وریا بێت و باوەڕم وانییە بتوانێت متمانە بە ئەمریكا بكات. من لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئەمریكا تاكتیك دەگرێتەبەر و لە دەرئەنجامە ستراتیژییەكانی بڕیارەكانی تێناگات. بۆ نموونە كەسانێك لە ئەمریكا هەن ئەوە دووپات دەكەنەوە كە نابێت پشتیوانی لە سەربەخۆیی كوردستان بكرێت، چونكە ئەمە دەبێتەهۆی تووڕەكردنی توركیا و ئێران و سووریا و عێراق، بەڵام راستییەكە ئەوەیە كە كورد تەنیا هاوپەیمان و دۆستی بەردەوامی ئەمریكا بووە لەو ناوچەیەدا، هەموو لایەنەكانی دیكە ئەجێندایەكی جیاوازیان هەیە. لێرەدا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ پرسی پەیوەست بە دەستڕۆیشتوویی ئێرانەوە، ئەوا من دەڵێم ئێران- ئەمە بۆ حوكمڕانەكانی پێش ئەم دەسەڵاتدارانەی ئێستاش راست بووە- خۆی وەك هێزێكی باڵادەست لە ناوچەكەدا دەبینێت و هەوڵی درێژكردنەوەی هێز و دەستڕۆیشتوویی خۆی دەدات و لەم رووەوە كوردستان وەك كێشەیەك سەیر كراوە. بەڵام لە ئێستادا عێراق بۆتە پاشكۆی ئێران، واتە عێراق كارێك ناكات كە رەزامەندی ئێرانی لەسەر نەبێت.



* ئایا دەتوانین بڵێین هەڵوێستی ئەمریكا لە ئاست ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستاندا كورتبینانە بوو؟
- لە راستیدا من بەم شێوەیە گوزارشتی لێدەكەم: سیاسەتی ئەمریكا سیاسەتێكی تاكتیكییە و تەركیز لەسەر كێشە ساتەوەختییەكان دەكاتەوە، وەك شەڕی داعش، بەڵام هیچ ستراتیژیەتێك بەدی ناكرێت لە پشت ئەم تاكتیكەوە، بیركردنەوەیەكی ستراتیژی نابینرێت لە پاڵ ئەم تاكتیكەدا. بۆ نموونە ئێستا داعش تەواو لاوازكراوە- ئەگەرچی من پێموایە لە شێوەیەكی دیكەدا دەردەكەوێتەوە- بەڵام سیاسەتی ئەمریكا كە پشتیوانی سەربەخۆیی كوردستانی نەكرد، سەریكێشاوە بۆ بەهێزبونی هێز و دەستڕۆیشتوویی ئێران. بە دەربڕینێكی دیكە ئێمە تاكتیكمان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و ئەلقاعیدە، بە بێ ئەوەی ئەمە هاوشان بێت بە بوونی ستراتیژیەتێك، دەرئەنجامەكەش ئەوە بووە كە تاكتیكەی ئێمە خزمەتی بە بەرژەوەندییەكانی ئێران كردووە لە ناوچەكەدا.


* باشە پێتوایە پێویستە كوردستان چی بكات بۆ ئەوەی ئەم دۆخە تێپەڕێنێت؟
- من پێموایە پێویستە كوردستان كاربكات بۆ پاراستنی ئەو خۆبەڕێوەبەرییەی كە هەیەتی، هەروەها پێویستە بە شێوەیەكی ستراتیژی بیر لە بارودۆخەكە بكاتەوە، لە هەمان كاتدا هەوڵ بدات پەیوەندی لەگەڵ بەرپرسە باڵاكانی ئەمریكا دروست بكات، چونكە رەنگە ئەوان ئامادەی گوێگرتن بن، بەتایبەتی بەهۆی هەڵوێستیانەوە لە ئاست ئێراندا -كە هەڵوێستێكی ئەنتی ئێرانییە-، بەڵام گرنگترین مەسەلە ئەوەیە كوردستان پارێزگاری لە خۆبەڕێوەبەرییەكەی بكات و لەوێوە هەنگاو هەڵبگرێت.


* بەڵام پێتوایە ئەمریكا بتوانێت رۆڵ ببینێت لە ناوبژیوانیكردنی نێوان كوردستان و حكومەتی عێراق؟
- لە ئێستادا پشێوییەك لە ئیدارەی ئەمریكادا هەیە و دەكرێت باسی سیاسەتی ئەم ئیدارەیە بكەیت، بەڵام لە راستیدا ئەو سیاسەتە بوونی نییە و لە ئارادا نییە. هەروەها رەنگە كار لەسەر ئەوە بكرێت كە عێراق هەنگاوهەڵبگرێت لەم رووەوە، بەڵام پێموایە ئەمە كارێكی دژوارە، هۆكارەكەش ئەوەیە كە ئێران خوازیاری ئەوە نییە ئەمە رووبدات، هەروەها من نازانم چۆن عێراق دەتوانێت هەنگاوێكی لەم چەشنە بنێت، ئەگەر ئێران بەرهەڵستی بكات. لێرەدا جێی خۆیەتی بڵێم رەنگە كوردستان گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا بكات باشترە، چونكە لە عێراقدا ئێران پتر كاریگەرتر و دەستڕۆیشتووترە لە ئەمریكا.



* باشە پێتوانییە ئەمریكا سیاسەت و رێككاری توندتر بگرێتەبەر لە ئاست ئێراندا؟
- ئاشكرایە كە ترەمپ لێدوانی زۆر دەدات، بەڵام ئایا ئێوە هیچ هەنگاوێكی كرداری دەبینن؟ واتە زۆر باس لە سنوورداركردنی دەستڕۆیشتوویی ئێران دەكەن، بەڵام ئایا بە كردەوە هیچ كراوە؟ من خۆم خوازیاری ئەوەم كارێك لەبارەی ئێرانەوە بكەن، بەڵام پێموانییە ئەم كارە ئەنجام بدەن. لایەنێكی دیكەی ئەم مەسەلەیە ئەوەیە كە ئەمریكا نایەوێت خۆی دووچاری پابەندبوونێكی گەورە بكاتەوە بە ناوچەكەوە.
* باشە سەیر نییە ترەمپ لە 13ی ئۆكتۆبەردا ستراتیژییەتە نوێیەكەی بەرامبەر ئێران راگەیاند، بەڵام ئێمە بینیمان دوای 3 رۆژ چی روویدا؟
- لە راستیدا دەكرێت هەموو مانگێك ئیدارەی ترەمپ ستراتیژیەتێكی سەرنجڕاكێش رابگەیەنێت، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە چی روودەدات؟ من دەڵێم هیچ. واتە ئێمە دەبێت لەو كەلێنە بڕوانین كە لە نێوان لێدوان و كرداردایە، مەبەستم ئەوەیە دەبێت ئێمە قسە و لێدوانەكانیان فەرامۆش بكەین و لەوە بڕوانین ئایا چ هەنگاو و رێككارێكی عەمەلییان هەڵگرتووە. دەبێت پرسیاری ئەوە بكەین ئایا چ پشتیوانییەكی سیاسیتان بەدەست هێناوە و ئایا چ هاوكارییەكی سەربازیتان بەدەست گەیشتووە؟


* دوا پرسیارمان لەبارەی پێشبینییەكاتانەوەیە بۆ ئایندەی عێراق و كوردستان؟
- من پێموایە باشترین سیناریۆ لە ئێستادا بۆ كوردستان پارێزگاریكردن و پاراستنی ئەو خۆبەڕێوەبەرییەیە كە لە ئارادایە. بە باوەڕەی من ئەمە باشترین سیاسەتە لە ئێستادا بگیرێتەبەر. ئەگەرچی من لەو باوەڕدا نیم كە كورد دەست لە خەونی سەربەخۆیی هەڵگرێت. بەڵام دەبێت ئەوەشتان لەبەرچاو بێت كە دەركەوت ئەمریكا پشتیوانیتان ناكات لەسەر پرسی كەركووك. هەروەها ئەمریكا دەیەوێت لەم ناوچەیە بكشێتەوە. لەبەر ئەوە من باوەڕم وانییە ئەمریكا ئەوەندە بایەخ بە بارودۆخەكە بدات. هەر لەبەر ئەوەشە كە دەبێت كوردستان بە وریاییەوە هەنگاو هەڵبگرێت و پارێزگاری لە خۆبەڕێوەبەرییەكەی بكات. چونكە دەبێت بزانین پشێوی هەیە لە ئیدارەی ئەمریكادا و ئاستی جەماوەریی بوونی ترەمپ دابەزیوە و بۆی هەیە لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2018دا دیموكراتەكان دەسەڵات لە كۆنگرێس بگرنەوەدەست.
Top