نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان: ستراتیژی كاركردنی بەغدا لاوازكردنی هەرێمی كوردستان و بێداهاتكردنی خەڵكەكەیەتی

نەجیبە نەجیب  ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە پەرلەمانی عێراق بۆ گوڵان:  ستراتیژی كاركردنی بەغدا لاوازكردنی هەرێمی كوردستان و بێداهاتكردنی خەڵكەكەیەتی
بڕیارە لە سەرەتای ساڵی نوێدا پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ پرۆژە یاسای 2018ی عێراق بكات، كە پرۆژە یاسایەكە مشتومڕی زۆر لەبارەوە كراوەو مافەكانی كوردی تێدا پێشێل كراوە، بۆ قسەكردن لەسەر دواگۆڕانكارییەكان لەسەر پرۆژە یاسای بودجە و چەند پرسێكی دیكە پەیوەندیدار، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی نەجیبە نەجیب ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لەپەرلەمانی عێراق كرد. لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
بەهێزترین كارتی فشار بەدەست كوردەوە كشانەوەیە لە پرۆسەی سیاسی


* لای هەمووان ئاشكرایە كە پرۆژە یاسای بودجەی 2018ی عێراق وەكو كارتێكی فشار دژی گەلی كوردستان بەكارهێنراوە، بڕیاریشە لەسەرەتای ساڵی نوێدا ئەو پرۆژەیە لە پەرلەمانی عێراق وتووێژی لەسەر بكرێت، ئایا گرنگترینی ئەو خاڵ و بڕگانە چین لەم پرۆژە یاسایەدا كە پێویستی بەچارەسەركردنە؟
- پرۆژە بودجەی ساڵی 2018 عێراق لە پەرلەمانی عێراقە، لای لیژنەی داراییە، كە لە مانگی یەكەمی ساڵی داهاتوو دەست بە پرۆسەی خوێندنەوەی یەكەم و دووەم و پەسەندكردنی دەكرێت، بۆ كوردیش ئەمە خراپترین پرۆژەی یاسای بودجەیە و تا ئێستا گۆڕانكاری تێدا نەكراوە. خاڵە سلبییەكانیش بریتین لەوەی لەم پرۆژە یاسایەدا جگە لەكەمكردنەوەی پشكی كوردستان بۆ لەسەدا 12.6 و مامەڵەكردن لەگەڵ پارێزگاكانی هەرێم لەبری هەرێمی كوردستان و چەندین پێشێلكاریی دیكەشی تێدایە، لەوانە: باسی بودجەی پێشمەرگە و شایستە داراییەكانی كۆمپانیاكانی نەوت، كە بە شێوەیەك داڕێژراوە وەك ئەوەی تەنیا بۆ 15 پارێزگای عێراق بێت، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە هەرێمی پابەند كردووە بە رادەستكردنی نەوتەكەی و سەرجەم داهاتەكانی دیكەی، لە كاتێكدا ئەو بودجەیەی بۆ كوردستان خەمڵێنراوە بەشی مووچەی فەرمانبەرەكانیش ناكات.
* ئامانجیان لە داڕشتنی پرۆژە یاسای بوجەی بەم شێوەیە چییە؟
- لە راستیدا ئەوان خوازیاری لاوازكردنی حكومەتی هەرێمی و بێداهاتكردنی خەڵكی كوردستانن بۆ ئەوەی خەڵكی كوردستان بە گژ حكومەتەكەی خۆیاندا بچنەوە، هەروەها بۆ ئەوەیە كۆمپانیاكان لە كوردستاندا كار نەكەن. دواتر من دەمەوێت باسی ئەوەش بكەم كە ئەوان بە زیادكردنی خەرجییەكانی سەروەریی بۆ 44%، ئامانجیان ئەوەیە كە دەسەڵاتی مەركەزی بەهێز بكەن لەسەر حیسابی هەرێمی كوردستان و پارێزگاكان. بە هەمان شێوە من دەمەوێت ئەوە بڵێم كە هەمیشە ئەوە سیاسەتی عێراق بووە كە بودجەی هەرێمی كوردستان كەم بكەنەوە، ئەمە بۆ مالیكی و بۆ عەبادی و بۆ جەعفەریش راستە، ئەمە بەرنامە و ئەجێندای ئەوان بووە و هیچ پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە نەبوو، وەك ئاماژەم پێكرد ئامانجی ئەوان لاوازكردنی هەرێمی كوردستانە.


* بەڵام ئێمە دەبینین لە بەرامبەر تەرخان نەكردنی بودجەی پێشمەرگە، ئەوان بودجەیەكی گەورەیان بۆ حەشدی شەعبی تەرخان كردووە؟
- ئەمە راستە، چونكە یەك ترلیۆن و 800 ملیار دینار بۆ مووچەی حەشدی شەعبی تەرخان كراوە و یەك ترلیۆن و 200 ملیار دیناریش لە بڕینی مووچەی فەرمانبەرانی بۆ تەرخان كراوە، كە ئەمە دەكاتە 3 ترلیۆن دیناری عێراقی.
* باشە ئێوە چۆن ئەدای پەرلەمانتەرە كوردەكان لە بەغدا هەڵدەسەنگێنن، بەتایبەتی كە ئێمە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانمان بەدەستەوەیە؟ ئایا لەم رووەوە یەكڕیزییەك بەدی دەكرێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم پێشێلكارییانە؟
- لە راستیدا بە قسە و لێدوان و بانگەشە باس لەوە دەكەن كە ئەوان دژی ئەم پرۆژە یاسایەی بودجەن، بەڵام لەسەر ئاستی عەمەلی هەنگاوی زۆر كەم هەڵگیراوە. دواتر ئێمە هەندێ پۆستمان هەن، پشكی كوردە و بەدەست كوردەوەن، وەك جێگری سەرۆكی پەرلەمان، بەڵام بە داخەوە ئەدایان لاواز بووە و لەو چوار ساڵەدا بە لاوازی بەڕێوەبراون، بۆ نموونە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی نەیتوانیوە كارێك بكات كە بڕیارەكانی دژ بە كوردستان نەخرێنە بەرنامەی كاری پەرلەمانەوە.


* باس لەوە دەكرێت سوننەكانیش ناڕازین لە پرۆژە یاسای بودجە، دەكرێت ئەمەمان بۆ روون بكەنەوە؟
- تەرخانكردنی بڕە پارەیەك بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچە رزگاركراوەكان داواكاریی سەرەكی سوننەكانە، كە من پێم وایە لەكۆتاییدا ئەوان دەتوانن لەناو پرۆژەكەدا جێگایەك بۆ ئەو بڕە پارەیە بكەنەوە، هەرچی كێشەو گرفتی كوردە لە پرۆژە یاساكە زۆر زیاتر و ئاڵۆزترە. بەڵام پێموایە سوننەكان رازی دەكرێن.
* باشە ئەگەر پشكی كورد لە بودجەدا زیاد نەكرا، ئێوە وەك ئەندام پەرلەمانەكان چیتان پێدەكرێت؟
- لە راستیدا دەبێت بزانین ئێمە لە كۆی 328 ئەندام پەرلەمان تەنیا 65 ئەندامی كورد هەن، دواتر ئەوەی بۆتە دیاردە ئەوەیە كە ئەوەی پتر دژایەتی كورد بكات لە عێراقدا ئەوا لە هەڵبژاردنەكاندا دەنگی زیاتر بەدەست دەهێنێت. بە هەمان شێوە شیعە و سوننەش بۆ دژایەتیكردن و لاوازكردنی دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان هاوڕان. بۆ من پێموایە تاكە كارتی فشار ئەوەیە ئێمە لە پرۆسە سیاسییەكە بكشێینەوە. چونكە ئەگەر ئەوان دەستوور جێبەجێ نەكەن، ئامادەی گفتوگۆكردن نەبن، بودجەی هەرێم نەدەن، ئیدی مانەوەی ئێمە بۆچییە لەوێ؟ لێرەشدا جێی خۆیەتی ئەوەمان لەبیر بێت كە جەنابی سەرۆك بارزانی باسی لەوە دەكرد كە ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی تاكە رێگاچارەیە، ئێستاش راستیی بیركردنەوەكەی بەڕێزیان پشتڕاست بۆوە، ئەگەرچی بەداخەوە هەر كورد خۆی كۆسپی لەبەردەم ئەو سەربەخۆییەدا دروستكرد.
Top