جەیمس لێبۆڤیج تایبەتمەند لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان بۆ گوڵان: لە ئێستادا ئەمریكا ئامادەییەكی زیاتری هەیە بۆ دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش لە دژی ئێران
December 21, 2017
دیمانەی تایبەت
جەیمس لێبۆڤیج پڕۆفیسۆری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و، ئاسایشی نەتەوەیی و نێودەوڵەتییە لە بەشی زانستی سیاسی لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن، تایبەتمەندی چەند بوارێكی گرنگی وەك تیۆری سیاسەتی نێودەوڵەتی، داڕشتنی سیاسەتی ئاسایشی نەتەوەیی، ناكۆكیی نێودەوڵەتییە. گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسێكی لەگەڵدا تاوتوێ كرد كە پەیوەست بوون بە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ، بەتایبەتی سیاسەتی ئەو ئیدارەیە لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەویش بەم شێوەیە بۆچوونەكانی خستەڕوو.* سەرەتا دەمانەوێت بزانین تێڕوانینت لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی ترەمپ بەگشتی و سیاسەتی ئەو ئیدارەیە لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەتایبەتی چییە؟
- لە راستیدا من ناتوانم بۆچوون و تێڕوانینێكی ئیجابیم هەبێت لە ئاست سیاسەتی دەرەوەی دۆناڵد ترەمپدا، چونكە لە روانگەی منەوە چەند كەموكوڕییەك هەیە، بۆ نموونە ئاراستەیەكی روون لە سیاسەتی دەرەوەدا بەدی ناكەین، هەروەها ئەم ئیدارەیە یەك گوتار و یەكدەنگ نییە، مەبەستم ئەوەیە ئێمە ناتوانین ئەوە یەكلا بكەینەوە كە كێ گوزارشت لە تێڕوانین و سیاسەتی رەسمیی كۆشكی سپی دەكات، لەبەر ئەوە دەتوانین بڵێین سیاسەتێكە لە یەك كاتدا بە چەند ئاراستەیەكدا دەڕوات. ئەوەی پەیوەست بێت بە سیاسەتی ئەم ئیدارەیە لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوا ئاشكرایە كە چەند رەهەندێكی سەرەكی بەدی دەكرێن كە دەتوانین بڵێین درێژەدانن بە سیاسەتەكانی ئیدارەی پێشوو، واتە ئیدارەی باراك ئۆباما. بەڵام لە چەند روویەكیشەوە جیاوازی هەیە، بۆ نموونە ئیدارەی ئێستای ئەمریكا پتر دوژمنكارە بەرامبەر ئێران، هەروەها پتر ئامادەیە بۆ هاوپەیمانی دروستكردن لەگەڵ وڵاتە سوننەكانی ناوچەكەدا بەتایبەتی وڵاتانی كەنداو و ئیسرائیل بۆ دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەش لە ئاست ئێراندا.
بە هەمان شێوە مەیلی ئەم ئیدارەیە –هەرچەندە من لەم رووەوە رەشبینم- بۆ هەڵوەشاندنەوەی رێككەوتنی ناوكی لەگەڵ ئێراندا. چونكە ئێمە دەزانین لە ئێستادا ئێران بۆتە تەحەددییەك، بە تایبەت لەم دواییدا كە بینیمان تەقەمەنی و تەنانەت رۆكێتیشی بۆ یاخیبووانی یەمەن و حوسییەكان دەستەبەر كرد، بۆ ئەوەی لە دژی عەرەبستانی سعودیە بەكار بهێنرێت. هەروەها ئەگەر باس لە كێشە و ناكۆكیی فەلەستین و ئیسرائیلیش بكەین، ئەوا دەبینین كە دوای ناساندنی قودس وەك پایتەختی ئیسرائیل ئاستی بارگرژی و ئاڵۆزییەكان لە ناوچەكەدا بەرەو هەڵكشان چووە، ئەگەرچی هێشتا دیار نییە چ كاتێك باڵیۆزی ئەمریكا دەگوازرێتەوە بۆ ئەو شارە. هەموو ئەمانە ئەو راستییەمان پێ دەڵێن كە ئەگەر نەشكرێت بڵێین دابڕان هەیە لە سیاسەتی پێشوو، بەڵام ئەوەی هەیە گرتنەبەری چەند رێكار و بڕیارێكن كە گرنگی و بەهایەكی رەمزییان هەیە، كە بوونەتە هۆی هەڵكشانی گرژییەكان لە ناوچەكەدا و زیادبوونی ئاستی نائومێدی و تووڕەیی لە بەرامبەر ئەمریكادا. ئەگەرچی دەبێت لێرەدا ئاماژە بە جیاوازییەكی دیكە بكەین بە بەراورد بە ئیدارەی پێشوو، ئەویش ئەوەیە لەخۆگرتنی هەندێ لە سەركردە خۆسەپێنەكانی ناوچەكەیە لەلایەن ئیدارەی ترەمپەوە، بۆ نموونە ئەردۆغان لە توركیا، ئەل سیسی لە میسر، راستە رەنگە ئیدارەی ترەمپ هەڵنەستابێت بە زیاكردنی هاوكارییە سەربازییەكان و یارمەتی لە بوارەكانی دیكەدا، تەنانەت لە حالەتی یەمەندا هەندێ لە هاوكارییە داراییەكانیشی راگرت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەندێ هەنگاوی رەمزی هەڵگرتووە كە قبووڵكردن و پەسەندكردنی ئەو رژێمە خۆسەپێنانەی لێدەخوێنرێتەوە. لێرەدا مەبەستم ئەوەیە كە ئیدارەی ترەمپ هیچ كاردانەوەیەكی نەبوو لە بەرامبەر ئەو پێشێلكارییانەی مافەكانی مرۆڤ كە لەم وڵاتانەدا دەكرێت و هیچ ئیرادە و ئامادەییەكی پیشان نەداوە بۆ ئەوەی رووبەڕووی بەرپرسیارێتیان بكاتەوە لە ئاست ئەو كردەوانەدا.
* باشە ئێوە ئاماژەتان بەوە كرد كە ئەمریكا بە نیازی دروستكردنی بەرەیەكی هاوبەشە لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی سوننە و ئیسرائیلدا بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ناوچەكەدا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پێتوایە دوای تەواوبوونی شەڕی دژ بە داعش ئەمریكا بە جددی هەڵ و كۆششەكانی بخاتەگەڕ بۆ دروستكردنی ئەم بەرەیە و پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی بۆ ئەو مەبەستە؟
- سەرەتا دەمەوێت باس لەوە بكەم كە رۆڵی ئێران لە شەڕی دژ بە داعشدا- بە تایبەتی لە سووریا- بەرژەوەندیی ناكۆك بە یەكی لەگەڵ ئەمریكادا دروست كردووە، چونكە ئەمریكا بەردەوام بەرهەڵستی مانەوە و درێژەكێشانی رژێمی ئەسەدی كردووە و بە دڵنیاییەوە نیگەران بووە لە ئاست بەرفراوانبوونی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ناوچەكەدا، بەتایبەتی لە ناوچەی شام و لە سووریا و لە رێی حزبوڵاوە لە لوبنان، هەموو ئەمانە بوونەتە هۆی ئەوەی ئیدارەی ئەمریكا بەو شێوەیە لە دۆخەكە بڕوانێت كە ئێران جێ پێیەكی تۆكمە لە ناوچەكەدا بەدەست دەهێنێت، نەك هەر لە ناوچەی شام، بگرە لە ناوچەی كەنداو لە یەمەن و شوێنەكانی دیكە. ئەمە لە كاتێكدا كە ئەمریكا چاوپۆشی لە رۆڵی رووسیا و ئێران كردووە، بەهۆی رۆڵی ئەو دوو وڵاتە لە شەڕی دژ بە داعشدا هەیان بوو. بەڵام كاتێك داعش چیتر وەك بەشێكی هاوكێشەكە نامێنێتەوە، ئەوا ئەو زەمینە هاوبەشەی نێوان ئێران و ئەمریكا لە ئارادا نامێنێت. هەروەها بەهۆی ئەوەی ئێران وەك هەڕەشەیەكی سەربازی لێكدەدرێتەوە نەك لەسەر وڵاتانی ناوچەكە، بگرە لەسەر خودی ئەمریكاش، لە هەمان كاتدا بە رەچاوكردنی ئەوەی ئیدارەی ترەمپ هاوڕا نییە لەگەڵ رێككەوتنە ئەتۆمییەكە لەگەڵ ئێراندا، ئەوا هەموو ئەمانە دەبنەهۆی ئەوەی بڵێین لە روانگەی ئەمریكاوە زەمینەی بەرهەڵستیكردنی ئێران زیاترە نەك هاوكاریكردن لەگەڵیدا.
* بەڵام ئایا دەتوانین بڵێین كە ئێران سەركەوتوو و براوەی بارودۆخی سووریا بووە؟
- لە راستیدا رەنگە نەتوانین هیچ لایەنێكی تێوەگلاوی دۆخی سووریا بە سەركەوتوو لە قەڵەم بدەین، ئیدی مەبەستمان رووسیا بێت، یان ئەمریكا، یاخود ئێران و رژێمی ئەسەد، چونكە دۆخەكە زۆر ئاڵۆزە، هەروەها چەندین لایەن هەن كە بەشێكی خاكی وڵاتەكەیان لەژێر دەستدایە و ئەو لایەنانەش بەرژەوەندیی ناكۆك بە یەكیان هەیە، ئیدی توركیا و كوردی ئەو وڵاتە بێت، یان رژێمی ئەسەد. بەڵام دەكرێت لەوەدا هاوڕابم كە لە ئێستادا ئێران لە پێگەیەكی بەهێزتردایە.
* پێشبینیەكانت بۆ ئایندەی ئەم ناوچەیە چین؟
لە راستیدا باشترین بارودۆخ كە بتوانین پێشبینی بكەین ئەوەیە هەلومەرجەكە لەمەی ئێستا هەیە خراپتر نەبێت. لەلایەكی دیكەوە نیگەرانی ئەوە لەئارادایە كە ئەگەر بێتو ئیدارەی ئەمریكا رایبگەیەنێت كە ئێران پابەند نییە بە رێككەوتنە ناوكییەكەوە، ئایا ئەمە چ ئاكام و دەرهاویشتەیەكی لێدەكەوێتەوە، كە ئەگەری ئەوەش دەكرێت ئەو كاتە ئێرانیش چالاكییە ناوكییەكانی زیاتر بكات، كە ئەمەش پێشێلكردنی رێككەوتنە ناوكییەكە دەبێت، ئەو كاتەش پرسیارەكە ئەوە دەبێت: ئایا ئەمریكا چ كاردانەوەیەكی سەربازی دەبێت؟ هەروەها پرسیارەكە ئەوەیە ئایا هیچ كردەوەیەكی سەربازی لە هیچ یەكێك لەو دوو لایەنەوە ئەنجام دەدرێت كە ببێتە هۆی هەڵكشانی ناكۆكییەكە؟ بە كورتی من ئومێد دەكەم كە توندوتیژی بەرەو هەڵكشان نەچێت لەم ناوچەیەدا، ئەگەرچی من وەك كەسێك كە بۆ چەندین ساڵە چاودێری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكەم، ئەوەم بەدی كردووە كە دەكرێت بە رەوتێكی خێرا بارودۆخەكە ئاڵۆزتر بێت.
