ستروان ستیڤنسن سەرۆكی كۆمەڵەی ئەوروپی بۆ ئازادیی عێراق بۆ گوڵان: ئێران سەرچاوەی ناسەقامگیرییەو پێویستە بەرەیەكی یەكگرتوو لەدژی پێك بهێنرێت
November 30, 2017
دیمانەی تایبەت
ستروان ستێڤنسن ئەندامی پێشووتری پەرلەمانی ئەوروپا بووە لە ساڵی 1999 تاوەكو خانەنشین بوونی لە ساڵی 2014، هەروەها لە نێوان ساڵانی 2009 تاوەكو 2014 سەرۆكی شاندی پەیوەندییەكانی بەغدا بووە لە پەرلەمانی ئەوروپادا و هاوكات سەرۆكی گرووپی دۆستانی ئێرانی ئازاد بووە، ئێستاش سەرۆكی كۆمەڵەی ئەوروپییە بۆ ئازادیی عێراق. بۆ قسەكردن لەبارەی پەرەسەندن و گۆڕانكارییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی لە پەیوەندی بە دەستڕۆیشتوویی ئێران لەم ناوچەیەداو كاریگەری و ئاكامەكانی ئەو دەستڕۆیشتووییە و چۆنیەتی بەرەنگاربوونەوەی، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* سەرەتا دەمانەوێت بزانین تێڕوانینت چییە لەسەر ئەو بارودۆخەی لە ئێستادا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت و ئایا گرنگترین ئەو پەرەسەندنانە چین كە مایەی زۆرترین نیگەرانین و پێویستیان بە ئاوڕدانەوە و بایەخپێدانی بەپەلە هەیە؟
- بە تێڕوانینی من بەپەلەترین تەحەددی لەم ساتەوەختەدا بریتییە لە رووبەڕووبوونەوەی دەستێوەردانی ئێران لە ناوچەكەدا. چونكە رژێمی ئێرانی بۆتە سەرچاوەی ناسەقامگیری لە ناوچەكەدا و لەم روانگەیەوە، من باوەڕم وایە كە پێویستە بەرەیەكی یەكگرتوو لە دژی ئەم رژێمە پێكبهێنرێت. چونكە ئەم رژێمە لە هەر ساتەوەختێكی دیكە لەرزۆكترە و دەستێوەردانە دەرەكییەكانی ئێران تەنیا بۆ شاردنەوەو پەردەپۆشكردنی شكستەكانیەتی لە ناوخۆی وڵاتدا.
* هەروەك دەزانن هەرێمی كوردستان بێبەش نەبووە لەو پەرەسەندنانەی لە ناوچەكەدا دەگوزەرێن و روویانداوە، بەتایبەتی ئەوەی لە 16ی ئۆكتۆبەردا روویدا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا رۆڵی ئێران لەم رووداوەدا چی بوو؟
- ئاشكرایە ئەوەی لە هەرێمی كوردستان روویدا نموونەیەكی دیكەیە لەبارەی كار و چالاكییە شەڕانگێزییەكانی رژێمی ئێران و سوپای پاسدارانی بەدناو. لە راستیدا چەندین راپۆرت هەن باس لەو تاوانانە دەكەن كە یەكەكانی حەشدی شەعبی ئەنجامیان داون، كە ئەم یەكانەش سەر بە سوپای پاسداران و هێزی قودسن.
* بە گشتی بۆچوونت چییە لەبارەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكا لە ئاست ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟ ئایا پێتوایە ئەمریكا ستراتیژییەتێكی گشتگیر و لۆژیكی گرتۆتەبەر لە ئاست ئەم ناوچەیەدا، یاخود باوەڕت وایە ئیدارەی ترەمپ سیاسەت و ستراتیژیەتێكی پڕ دژبەری پیادە دەكات؟
- من باوەڕم وایە دوای چەندین ساڵ لە شكست، سیاسەتی ئەمریكا لە ناوچەكەدا رێگەی راست و دروستی گرتۆتەبەر. بەڵام ئەوەی پێویستە هەڵگرتنی هەنگاوی عەمەلی زیاترە لەسەر ئەرزی واقیع. پێویستە ئەمریكا بە روونی رایبگەیەنێت كە پێویستە سوپای پاسداران و وەكیلەكانی خاكی سووریا جێبهێڵن و خۆ ئەگەر هاتوو رازی نەبوون بە كشانەوە، ئەوا پێویستە دەرئەنجامی دژوار چاوەڕوانیان بكات، لە نێویاندا سەپاندنی سزای پەیوەست بە كەرتی نەوتی ئێران و بێبەشكردنی ئێران لە دەستڕاگەیشتن بە سیستمی بانكی جیهانی. هەمان شت راستە لەبارەی دەستێوەردانی ئێرانەوە لە وڵاتانی عێراق، یەمەن و لوبناندا.
* كەواتە چۆن لە هەڵكشانی دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ناوچەكەدا دەڕوانیت و پێتوایە ئەگەر بەر بە نفووزی ئێران نەگیرێت، چ چارەنووسێك چاوەڕوانی ئایندەی ئەم ناوچەیە دەكات؟
- لە راستیدا من پێموایە رژێمی ئێران لە ناوخۆدا زۆر لەرزۆكە. لەم روانگەیەشەوەیە كە هەوڵ دەدات لە رێی ئەنجامدانی سەركێشیی دەرەكییەوە پەردەپۆشی دۆخی لاوازی ناوخۆیی خۆی بكات. دەستڕۆیشتوویی رژێمەكە رەنگدانەوەی هێزی ئەو رژێمە نییە، بەڵكو دەرهاویشتەی شكستی وڵاتانی ناوچەیەكە كە نەیانتوانیوە رووبەڕووی ئەم رژێمە ببنەوە، هەروەها ئاكامی سیاسەتی شكستخواردووی رازیكردنە كە سیاسەتی بنەڕەتیی حكومەتە رۆژئاواییەكان بووە لە ئاست ئێراندا.
* هەروەك دەزانن ئێران بەهێزترین و دەستڕۆیشتووترین وڵاتی دەرەكییە لە عێراقدا، ئایا پێتوایە عێراق بە تەواوەتی بۆتە پاشكۆی ئێران و ئەگەر وابێت ئایا ئەمە چ ئاكام و دەرئەنجامێكی لێدەكەوێتەوە لەسەر ناوچەكە؟
- هۆكاری دەستڕۆیشتوویی ئێران لە عێراقدا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە رابردوودا ئەمریكا سیاسەتێكی پڕ لە هەڵەی پیادە دەكرد. چونكە بۆ چەندین ساڵ ئەمریكا چاوپۆشی لە دەستێوەردانی ئێران لە عێراقدا دەكرد و، بواری پێدەدا بۆ ئەوەی دەستڕۆیشتوویی بەدەست بهێنێت لە رێی سەركوتكردنی سوننەكانەوە، كە ئەمەش لە كۆتاییدا سەرهەڵدانی داعشی لێكەوتەوە. من باوەڕم وایە پێویست ناكات باس لە ئاكامی باڵادەستیی ئێران بەسەر عێراقدا بكەین، بەڵكو پێویستە باس لە سیاسەتێك بكەین كە گرتنەبەری ببێتەهۆی ئەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران و سوپای پاسدارانی بەدناوی ئەو وڵاتە دەستبەجێ لە عێراقدا كۆتایی پێبهێنرێت.
* بەڵام هەروەك دەزانن بەم دواییە ئیدارەی ئەمریكا ستراتیژییەتێكی نوێی لە ئاست ئێراندا راگەیاند و تەنانەت سوپای پاسدارانیشی خستە خانەی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە، ئایا پێتوایە ئەم ستراتیژیەتە سەرەتای گرتنەبەری ئەو سیاسەتە بێت كە لە وەڵامی پرسیاری پێشوودا ئاماژەت پێكرد؟
- بە تێڕوانینی من وەسفكردنی سوپای پاسداران وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی و سەپاندنی سزا بەسەر ئەو سوپایە و هێزەكانی سەر بەم سوپایە، بڕیارێكی راست و دروست بوو. بەڵام ئەمە تەنیا هەنگاوێكە. واتە پێویستە هەنگاوی كۆنكرێتی دیكەی بەدوادا بێت، وەك: سەپاندنی سزای سەختتر بەسەر تاراندا، لە نێویاندا سەپاندنی سزا بەسەر كەرتی نەوت و دەستڕاگەیشتن بە سیستمی بانكی جیهانی. هەروەها پێویستە رێككاری پێویست بگیرێنەبەر بۆ دەرپەڕاندنی سوپای پاسداران و وەكیلەكانی لە سووریا و عێراق. دەبێت ئەو بەرپرسە ئێرانییانە ئۆباڵی كۆمەڵكوژییەكەی ساڵی 1988یان لە ئەستۆیە، بدرێنە دادگا. لە كۆتاییدا، پێویستە پشتیوانی دەستەبەر بكرێت بۆ موعارەزەی ئێرانی و وەك نوێنەری راستەقینەی خەڵكی ئێران بناسرێت. ئەمە كاریگەرترین گورز دەبێت لە رژێمی ئێرانی.
* بەڵام ئێمە دەبینین دوای ئەو هەموو فشار و سزایانە بۆ گۆڕینی سیاسەتی ناسەقامگیركاری ئێران لە ناوچەكەدا، بەڵام هێشتا وەك پێویست دەرئەنجامی خوازراویان لێنەكەوتۆتەوە، ئایا پێتوایە پێویستە سیاسەت و رێگاچارەی توندتر بگیرێتەبەر بۆ بەرەنگاربوونەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران؟
- لە راستیدا من پێموایە ئەم رژێمە گۆڕانكاری لە رەفتار و هەڵوێستەكانیدا ناكات. ماوەیەكی كەم پێش ئێستا خودی خامنەئی رایگەیاند هەر گۆڕانكارییەك لە رەفتاری رژێمی ئێراندا یەكسانە بە گۆڕینی رژێمەكە. تۆ بڕوانە لە ماوەی سی ساڵی رابردوودا هەر سازشێك كە مومكین بووە كراوە بۆ ئەم رژێمە بە ئومێدی ئەوەی گۆڕانكاری لە رەفتارەكانیدا بكات، بەڵام شكست بۆتە چارەنووسی ئەم هەوڵانە. هەرچۆنێك بێت، ئەم رژێمە تەنیا لە زمانی هێز تێدەگات. تۆ بڕوانە تەنیا ئەو كاتە ئامادە بوو گفتوگۆ ئەنجام بدات كە ترس و نیگەرانی هەبوو لەوەی كە سزا نێودەوڵەتییەكان ببنەهۆی بەرپابوونی راپەڕینێكی بەربڵاو لە دژی رژێمەكە. بەو پێیە، رێگای بەرەوپێشچوون بریتییە لە زیادكردنی فشارەكان لەسەر ئێران.
* بەڵام ئایا هاوڕایت لەگەڵ ئەو بۆچوونەدا كە پێیوایە بێ رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی سەربازی ناكرێت بە شێوەیەكی بەرچاو گۆڕانكاری لە سیاسەت و رەفتارەكانی ئێراندا بهێنرێتەدی؟
- من هەمیشە لەگەڵ ئەوەدام كە پێویستە گرتنەبەری رێككاری سەربازی دوایین رێگاچارە بێت كە پەنای بۆ ببردرێت. بەڵام دەبێت بە روونی بە بەرپرسانی ئێران رابگەیەنرێت كە پێویستە كۆتایی بە بوونی سوپای پاسداران و وەكیلەكانی لە سووریا و بەشەكانی دیكەی ناوچەكە بهێنرێت، ئەگەرنا رووبەڕووی دەرئەنجامەكەی دەبنەوە. هەروەها دەبێت سزاكان چڕتر بكرێنەوە و لە سەرو هەمووشیانەوە ئیعتیراف بە ئەنجومەنی نەتەوەیی موقاوەمەی ئێرانی بكرێت، واتە دەبێت بوار بدرێت موعارەزەی دیموكراتی ئێرانی مومارەسەی فشارێكی راستەقینە بكەن لەسەر بەرپرسەكانی ئێران. من باوەڕم وایە گەلی ئێران و موقاوەمەی ئەو گەلە دەتوانن گۆڕانكاری لە رژێمی ئێراندا بكەن. پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی وڵاتانی ناوچەكە پشتیوانیی سیاسی دەستەبەر بكەن بۆ ئەو موقاوەمەیە.
* پێشبینییەكانت چین لەبارەی ئایندەی ئەم ناوچەیەوە؟
- من پێموایە خراپترین دۆخێك كە بێتەئاراوە ئەوەیە كە وڵاتانی ناوچەكە، هەروەها ئەمریكاو یەكێتی ئەوروپا جارێكی دیكە شكست بێنن لە رووبەڕووبوونەوەی سیاسەتی فراوانخوازیی توندی ئێران لەسەر بنەمای ئەو وەهمەی كە گفتوگۆكردن لەگەڵ بەرپرسانی ئێراندا كێشەكە چارەسەر دەكات، من گەشبینم كە ئەم رژێمە ناتوانێت بۆ ماوەیەكی دوورو درێژ بەردەوام بێت، لەبەر ئەوەی گەلی ئێران گۆڕانكارییان دەوێت. لەلایەكی دیكەوە، موقاوەمەیەكی نەتەوەیی و بەدیلی دیموكراتی هەیە. لەبەر ئەوە من باوەڕم وایە گۆڕانكاری لە ئێراندا شتێكی حەتمییە و كارێكی كردەنییە.
