فەریق جەمال ئیمینكی سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ گوڵان: ئێمە لەسەر هەقین و هەرگیز ناتوانن ئیرادەی خەڵكی كوردستان بشكێنن

فەریق جەمال ئیمینكی سوپاسالاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ گوڵان:  ئێمە لەسەر هەقین و هەرگیز ناتوانن ئیرادەی خەڵكی كوردستان بشكێنن
ئاشكرایە كوردستان لە مێژووی خۆیدا تووشی چەندین دژواری و رووداوی نالەبار بۆتەوە، بەڵام هەمیشە ئیرادە و ئومێد بوونەتە بزوێنەری هەڵسانەوە و خۆكۆكردنەوە و خۆڕاگری و تێپەڕاندنی دۆخە سەختەكان. لە ماوەی رابردوو و دوای رووداوە ناهەموارەكانی كەركووك و چەند ناوچەیەكی دیكە كە كوردستان روبەڕووی هەل و مەرجێكی سەختی دیكە بۆوە، هێزی پێشمەرگەی كوردستان جارێكی دیكە و بە خوێنی خۆی رەوتی خراپبوونی دۆخەكەی راگرت و ئێستاش ئومێد دەكرێت كە ئەوە سەرەتای پێچەوانەبوونەوەی دۆخە ناهەموارەكە بێت. بۆ قسەكردن لەسەر بارودۆخی ئێستای كوردستان لە پەیوەندی بە ئیرادە و ئامادەكارییەكانی هێزی پێشمەرگە و چەند باس و خواسێكی دیكەی پەیوەندیدار گوڵان لە بەسەركردنەوەی بەرەكانی بەرەنگاریدا دیمانەیەكی لەگەڵ فەریق جەمال ئیمینكی ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.
* چۆن لە بارودۆخی ئێستا دەڕوانیت بەتایبەتی ئەوەی كە پەیوەندی بە خۆكۆكردنەوەی حەشدی شەعبییەوە هەیە؟
- لە راستیدا پێش ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی حەویجەش ئێمە زانیاریمان هەبوو كە ئەوان بە نیاز بوون هەمان ئۆپەراسیۆن لە كەركووكیش ئەنجام بدەن. واتە ئەوان هەر لەو كاتەوە نییەتی خراپیان هەبوو، ئەوە بوو رێككەوتنی ژێراوژێر و هاوكاری و هەماهەنگیان لەگەڵ هەندێ كەسی كوردی نانیشتمانپەروەر دروستكرد، لە دەرئەنجامدا كەركووك و خورماتوو رادەست كران، ئەوان ویستیان هەموو باشوری كوردستان وەكو جاران بخەنەوە ژێر دەسەڵاتی داگیركاری خۆیان كە ئەمەش جێگای قبووڵكردن نییە و ئەم غروورییەیان وای لێكردن لە26/10 بە هێزێكی زۆرەوە پەلاماری پردی و مەخموور و تەلسقۆف و رەبیعەو سحێلا و چەندین ناوچەی تری كوردستان بدەن. هاوكات دەیانویست بێنە فیشخابوور و دێرەبوون و تا قەرەوەڵە كە ئەم شوێنانە پێش 2003ش لە ژێر دەسەڵاتی حكومەتی عێراقی نەبووە. ئەگەرچی مەبەستی سەرەكیی حكومەتی عێراق و سوپاو هێزەكانیان دیاربوو كە دەیانویست ئەو دەستكەوتەی پێشمەرگەو باشووری كوردستان چەندین ساڵە بەدەستیهێناوە لەباری ببەن، بەڵام هێزی پێشمەرگە بەرەنگاریان بووەوە و ئەوان لەهەموو شوێن و میحوەرەكاندا تێكشكان.

* لەدوای داگیركردنی كەركووك لەلایەن سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، وەزارەتی پێشمەرگە بەیاننامەیەكی بڵاوكردەوە كە هێزی پێشمەرگەو سوپای عێراق بە هەماهەنگیی هاوپەیمانان دەستدەكەن بە رێكخستنەوەی هێزەكانیان بەپێی رێككەوتنی مانگی ئازاری پێش رزگاركردنی موسڵ، ئایا هۆكاری چی بوو كە ئەو رێككەوتنە پێشێل كرا؟
- لە راستیدا ئێمە هیچ متمانەیەكمان بە حكومەت و سوپای عێراق نەماوە، چونكە دەسەڵات لەدەست عێراق نەماوە، بەڵكو دەسەڵات لەدەستی قاسم سولیمانی و ئێراندایە و هەموو كارو جووڵەكانیان بەفەرمانی ئەوانە، نەك حكومەتی عێراقی و لەو پەلامارو داگیركردنەی خورماتوو و كەركووكیش هیچ هەماهەنگییەك لەنێوان هێزەكانی عێراق و پێشمەرگە نەبووە كە بێنە ناو شاری كەركووك، بەڵكو حەشدی شەعبی و عێراق لەگەڵ چەند كەس و گروپێكی كوردی لایەنێكی دیاریكراو رێككەوتن و هەماهەنگییان كردبوو. هەروەها پێشتر چەند رێككەوتنێك هەبووە لەنێوانمان یەكێكیان پەیوەست بوو بە رزگاركردنی موسڵەوە كەلەلایەن كوردستانەوە، بەڕێز كەریم شنگالی، و لەلایەن ئۆپەراسیۆنی هاوبەش ئیمزاكراوە كە بەپێی ئەو رێككەوتنە هێزی پێشمەرگە دەگەڕێتەوە ئەو هێڵەی پێش 17/10/2016 لێی بووە و هێزی عێراقیش دەگەڕێتەوە ئەو شوێنانەی لە پێش ئەو رێككەوتە لێی جێگیر بوون. بەڵام حكومەتی عێراقی ئەو رێككەوتنەشی پێشێل كرد، بۆیە هەر رێككەوتنێك لەگەڵ حكومەتی عێراقی بكەین، پابەندی نابن، هەر لەبەر ئەوەشە كە هیچ متمانە و باوەڕێكمان بە عێراق نەماوە.
* ئەو كۆبوونەوانەی لەم دواییە لە موسڵ لەنێوان كوردستان و عێراق كرا، بەچی گەیشت؟
- ئەو كۆبوونەوانە من تیدا بەشدار نەبووم، بەڵكو لیژنەیەكی پسپۆڕ بوون و رۆلی ئەمریكا تێیدا تەنیا وەكو چاودێر بووە و لە كۆبوونەوەكاندا عێراق چەند داواكاری و خاڵێكی وەكو فەرمانی سەربازی خستۆتەڕوو، لەوانە داوای كردووە هێزی پێشمەرگە لە چەندین ناوچەو شوێن بكشێتەوە و چۆڵی بكەین لەوانە هێلی 36 و فیشخابوورو فەوجێكیان بێتە ئەو دیوەی پردی سحێلە و دەروازەكانیان بۆ چۆل بكەین، هەموو ئەو داواكارییانەیان ئەوە دەگەیەنێت كە نییەتیان باش نییە، چونكە ئێستا داوای ئەو شوێنانە دەكەن و دواتر داوای ناوچەو شوێنی تری باشووری كوردستان دەكەن، بۆیە وەڵامی ئێمە ئەوە بووە كە ئەو داواكارییانە قابیلی قبووڵكردن نییە.
* لەو كاتەی كە حەشدی شەعبی هاتە ناوچە و شارە كوردستانییەكان ئایا چییان ئەنجامدا و كارو كردەوەكانیان چەند قیزەوەن بووە؟
- پێش هاتنی ئەوان لە ناوچەكان بەگشتی و بەتایبەتی لە زوممارو رەبیعە و شوێنی تر گوندەكان چۆڵیان كرد و ماڵ و پێداویستی خۆیان بەجێهێشت، بەڵام حەشدی شەعبی مەڕومالات و ناوماڵەكانیان تاڵانكرد و چەندین خانووی هاووڵاتیانیان سووتاندو ئەو پێشێلكارییانەی سوپاو حەشدی شەعبی ئەنجامیان دا، هەموو دنیا لێی ئاگادارە و دیارترین بەڵگەی قیزەوەنی حەشد، تیرۆركردنی ئەو رۆژنامەنووسەی خورماتووە كە بە خراپترین شێوە لەبەردەمی خێزان و منداڵەكانیان ئازاریان داو كوشتیان. داعش كە بە گروپێكی تیرۆریستی گەورەی جیهانی دادەنرێت، كەسی بەمجۆرە نەكوشتووە، ئەم شەهیدەش كەسێكی سڤیڵ و بێگوناهە و تەنیا لەبەر كوردبوونی ئاوایان لێكردووە، بۆیە گەیشتووینەتە ئەو ئەنجامەی كە حەشدی شەعبی و هێزی عێراقی بگەنە هەر شوێنێكی ئەو كوردستانە، ئەم جۆرە رەفتارە خراپ و تیرۆریستییانە ئەنجام دەدەن، بۆیە دەبێت ئێمە وەكو گەلی كوردستان و هێزی پێشمەرگە ماوە بەو دەستەوە نەدەین و ئەو دەستە ببڕین، هەر بۆیە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بۆ پاراستن و بەرگریكردن لە كوردستان و بۆ وەڵامدانەوەی هێزی عێراقی و حەشدی شەعبی لەوپەڕی ئامادەباشی و ورەبەرزی و بەهێزیدایە.


* سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و چەندین هێزی تر بەئاڵای جیاجیا پەلاماری باشووری كوردستانیاندا ئەو پەلامارو پیلانە چۆن بوو و ئەو هێزانەی لەگەڵ عێراق بوون كێن و چیان دەوێت؟
- ئەم پەلاماردانەی سەر باشووری كوردستان پیلانێكی زۆر گەورەیە، ئێمە بۆ ماوەی سێ ساڵ لەگەڵ هاوپەیمانان لەیەك سەنگەر شەڕمان لەدژی داعش كرد، كە جەنگێك بوو بۆ بەرگریكردن لەهەموو مرۆڤایەتی و جیهان، بەڵام ئێستا ئێمە زۆر دڵتەنگك و سەرسوڕماوین كە ئەمریكا لەم دەستدرێژییەی عێراق بێدەنگە. لە هەمووشی ناخۆشتر تانكی ئەبرامزی ئەمریكی بە ئاڵای حەشدی شەعبی لە دژی پێشمەرگە بەكارهاتووەو ئەمریكاش ئەمە دەبینێت، بەڵام ئەگەر چاوی خۆی لە ئاستیدا دادەخات، ئەوا ئەمە مەسەلەیەكی دیكەیە. هەموو ئەوانە لە كاتێكدا كە حەشدی شەعبی لە عێراقدا پاسداری ئێرانی دروستی كردووە و بەشێكە لە سوپای پاسداران و بە چەشنی حزبوڵای لوبنانی قاسم سێلێمانی سەرپەرشتییان دەكات. بەڵام ئەو شوێن و ناوچانەی كە ئێستا ئێمە وەكو هێزی پێشمەرگە تێیداین، بە هەموو تواناو ئیرادەمانەوە بەرگری لێدەكەین و هەرگیز چۆڵی ناكەین.
* بەبێ فەرمانی بەرپرسی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەشێك لە هێزی پێشمەرگە لە خورماتوو و شاری كەركووك بەرگری و شەڕیان نەكردو كشانەوەو رێگایان بە حەشدی شەعبی و عێراقدا ئەو شارو شوێنانە داگیر بكەن، ئایا وەزارەتی پێشمەرگە رێكخستنەوەی هێزەكانی (70 و80) لەبەرنامەدایە و ئەو پەرتەوازەییە دەتوانرێت رێكبخرێتەوە؟
- بە دڵنیاییەوە سەركردایەتیی سیاسیی هەردوولا لەدانوستاندان بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشەیە، چونكە بۆ ئێمە زۆر گرنگە لەم كات و قۆناغەدا ناوماڵی كورد یەكدەست و یەكڕیز بێت، هاوكات دوای ئەوەی كە جەنابی سەرۆك بارزانی وەكو سەرۆكی كوردستان دەسەڵاتەكانی بەسەر حكومەت و پەرلەمان دابەشكرد، ئەوا دەبێت هەوڵی یەكخستنی ناو ماڵی خۆمان بدەین. دەبێت هەر لە خانەقین تا كەركووك تا دێتە زوممارو تا دواخالی سنوور بە یەك هێز و بەیەك ئیرادە پێشمەرگە لەسەنگەرەكان بەرگری لە كوردستان بكەن.


* لەدوای ئەوەی جەنابی بارزانی دەسەڵاتەكانی دابەشكرد، ئایا ئێستا رۆڵی چەند گرنگەو چەند كاریگەرە بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان و بەرگریكردن و پاراستنی باشووری كوردستان؟
- پێگەی جەنابی بارزانی، لەدەسەڵات بێت، یان لەدەسەڵات نەبێت، ئەوە جێگاو رۆلی دیارو كاریگەرە و هەر بە سەرۆك و رابەری خۆمانی دەزانین و وەكو پێشمەرگەیەكیش ئێستا زیاتر دەتوانێت خزمەتی پێشمەرگە بكات و ئێستا تەنیا بۆ پێشمەرگایەتی و خزمەتی پێشمەرگە خۆی تەرخانكردووە و هەموو جارێك جەنابیان خۆی دەفەرموێت پێشمەرگایەتی بۆ من لە هەموو دەسەڵات و پێگەیەك گەورەترو پیرۆزترە و ئێستا جەنابیان دەتوانێت زیاتر سەردانی پێشمەرگە بكات و زۆرتر هاوكارو بەشداربێت لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان.
* حەشدی شەعبی و سوپای عێراق مەبەستیان چییە كە دەیانەوێت فیشخابوور چۆڵ بكرێت لە پێشمەرگەو ئەوان تێیدا جێگیر بن؟
- مەبەستی عێراق بە هاوكاری و هەماهەنگیی ئێران، یەكەم ئەوەیە، سحێلاش بكەویتە ژێر دەسەڵاتیان بۆ ئەوەی بەتەواوی زاڵبن بەسەر باشووری كوردستاندا. دووەم مەبەستیان لە گرتنی فیشخابوور، دەستتێوەردانە لە رۆژئاوای كوردستان، تا نەهێڵن هیچ هاوكاری و یارمەتییەكی مرۆیی بە رۆژئاوی كوردستان بگات، تا ئەوانیش لەناو ببەن، بەڵام ئێمە وەكو هێزی پێشمەرگەی كوردستان باوەڕی زۆرمان بە تواناو قارەمانی و ئیرادەی پۆڵایینی پێشمەرگە هەیە و ناهێلین ئەو مەبەستەی دوژمن بێتەدی.
* لەلایەن حكومەتی عێراق داوادەكرێت دانوستاندن لەگەڵ كوردستان ئەنجام بدرێت، ئایا مەبەستیان زیاتر لەم دانوساندانانە چییە؟
- دانوستاندنەكانی ئەوان زیاتر سەپاندنی مەرجە، ئەمەش دانوستاندن نییە، چونكە دەبێت لایەنی سیاسی پێی هەڵبستێت، نەك لایەنی سەربازی، چونكە لایەنی سەربازی جێبەجێكارە، نەك بڕیاردەر. كەواتە كێشەكە ئەوەیە لایەنی عێراقی دەیەوێت بە زەبری هێز بە داواكارییەكانیان رازی بین، ئەوەش بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبووڵ نییە.
* ئایا چۆن لەو هاوكاری و هەماهەنگییە دەڕوانیت كە هەندێ كەس لەگەڵ لایەنە عێراقییەكاندا كردیان و ئەو رووداوانەی بە دوادا هات كە بینیمان؟
- بێگومان هەر لایەن و كەسێك بێت، چ لە كەركووك و چ لە ناوچەیەكی تر، ئەو هاوكاری و هەماهەنگییەی لەگەڵ لایەنی عێراقی كردبێت، ئەوە هەماهەنگی كردنە لەگەڵ دوژمن، چونكە بە درێژایی مێژوو ئێمە چەند خوێن و قوربانیمان لەپێناو كەركووك داوە و هەر ئەوان خۆیان چەندین شەهیدی قارەمانیان لەسەر پاراستن و بەرگریكردن لە شاری كەركووك بەخشیوە لەشەڕی دژی داعش، كوا خوێنی ئەو شەهیدانە و چ بە خێزان و منداڵەكانی ئەو شەهیدانە دەڵێن و چی بە خێزانی شەهید شێركۆ و حسێن مەنسور و ئەوانی تر دەڵێن؟ هەروەها چەندین پێشمەرگەی قارەمان لەهەردوولا چ لەیەكەی 70 و چ لەیەكی 80 شەهید بوون بۆ ئەوەی كەركووك بپارێزن و بێتەوە سەر كوردستان، كەواتە با ئەو كەس و گروپە كوردییە خۆیان پرسیار لە خۆیان بكەن، با بزانین وەڵامیان چی دەبێت.


* ئەم پەرەسەندنانە چ پەیوەندییەكی بە ئەنجامدانی ریفراندۆمەوە هەیە؟ ئایا ئەگەر ریفراندۆمیش نەكرایە، هەر بە نیازی ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆن و داگیركارییەی كوردستان بوون؟
- من پێموایە ئەو مەسەلەیە هیچ پەیوەندی بە ریفراندۆمەوە نییە، چونكە ریفراندۆم تەنیا دەنگدانە و راوبۆچوونی خەڵك وەرگیراوە، بەڵام ئەوان هاتوون و ریفراندۆمیان كردۆتە پاساو و بیانوویەك. من دەمەوێت باسی ئەوە بكەم كە كاتێك لیژنەی سەربازیی عێراق بۆ ئۆپەراسێۆنی رزگاركردنی حەویجە هاتنەلامان لەهەولێر لەكاتی نیشاندانی نەخشەو پلانی رزگاركردنی حەویجە لەسەر شاشەی ئایپاتەكانیان برادەرانی ئێمە نەخشەو وێنەیەكیان دیتبوو كە لەسەری نووسرابوو(قادمون یا كركوك) واتە ئەوان لەپێش دەستپێكردنی رزگاركردنی حەویجە نییەت و پلانیان داگیركردنی كەركووك و ئەو ناوچانەیان هەبووە، لەلایەكی تر بۆچی ئۆپەراسێۆنی حەویجەیان خستە كۆتایی، تاوەكو هێزو هەڕەشەیان بۆ كەركووك ئامادە بێت، تا بەئاسانی پەلاماری كەركووك بدەن و داگیری بكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەنجامدانی ریفراندۆم لە سەرجەم ناوچە كوردستانییەكان ئەو راستییەی بۆ دنیا سەلماند كە ئەو ناوچانە كوردستانین.


* تائێستا هەڵویستی هاوپەیمانان بەرامبەر كوردستان دیار نییە و هیچ پشتگیرییەكمان وەكو هاوپەیمانێك لێیان بەدی نەكردووە، لەم رووەوە وەكو فەرماندەیەكی پێشمەرگە هیچ گۆڕانكارییەك لەهەڵویستیان بەرامبەر كوردستان و هێزی پێشمەرگە لێ بەدی دەكەیت؟
- تائێستا هیچ هاوكاری و بەدەنگەوەهاتنی هێزی هاوپەیمانانم نەبینیوە و ئەوان تەنیا هەوڵی راگرتنی شەڕەكەیان داوە. گرنگیش لێرەدا هەڵویستی ئەمریكایە، چونكە ئەمریكا هێزی سەرەكییە، ئەگەرنا هەڵویستی ئەڵمانیاو فەرەنسا تا ئاستێك خراپ نییە.
* ئەو خۆڕاگرییەی هێزی پێشمەرگە لە پردێ و مەخموورو تەلسقۆف و زوممارو سحیلان و ناوچەكانی تر تا چەند كاریگەری لەسەر ئەنجامدانی دانوستاندنەكانی نێوان هەولێرو بەغدا دەكات؟
- بێگومان لەهەر شەڕو رووبەڕووبوونەوەیەك سەركەوتن بەدەست بێت، دەتوانیت زیاتر بچیتە پێش بۆ دانوستاندن، بەڵام ئەوان ویستیان ئەو شەڕانە بكەن بۆ ئەوەی پێگەی خۆیان بەهێز بكەن، ئێستا ئەوان خۆیان لە پێگەیەكی بەهێزدا دەبیننەوە، چونكە فڕۆكەی سەربازی و تانكی ئەبرامز و چەندین چەكی دیكەی ئەمریكییان هەیە، ئەمەش بۆتە هۆی ئەوەی لووتبەرزییەكی زۆریان لا دروست بێت. بەڵام ئێمە لەسەر هەقین و ئەوان هەرچییەكیان هەبێت، ناتوانن ئیرادەی میللەتی كوردو هێزی پێشمەرگە تێكبشكێنن.
Top