دیندار دۆسكی سیاسەتمەدار بۆ گوڵان: ریفراندۆم كوردستانی بردۆتە قۆناخێكی نوێ و جارێكی دیكە بارودۆخەكە بۆ پێش ئەنجامدانی ریفراندم ناگەڕێتەوە

دیندار دۆسكی سیاسەتمەدار بۆ گوڵان: ریفراندۆم كوردستانی بردۆتە قۆناخێكی نوێ و جارێكی دیكە بارودۆخەكە بۆ پێش ئەنجامدانی ریفراندم ناگەڕێتەوە
كوردستان دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم پێی ناوەتە قۆناخێكی نوێ و بەرەو سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت و سەروەیی خۆی هەنگاو هەڵدەگرێت، ئەو ئیرادەیەی گەلی كوردستان لە پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستاندا پیشانی جیهانی دا، كاردانەوەی جۆراوجۆری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێناوە، لە عێراقیش كاردانەوەكانیان بە ئاستێك تووشی هیستریای كردوون كە پەنایان بۆ هەموو شتێك بردووە كە لە توانایاندا بووە، تەنانەت دەوڵەتی عێراق بۆ دژایەتی ئیرادەی خەڵكی كوردستان پەنای بۆ هەردوو دەوڵەتی توركیا و ئێرانیش بردووە بۆ ئەوەی سنوورەكانیان دابخەن و سزای خەڵكی كوردستان بدەن. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرۆسە چارەنووسسازەی سەربەخۆیی كوردستان و مامەڵەكردن لەگەڵ قۆناخی دوای ریفراندۆم، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ دیندار دۆسكی سیاسەتمەداری ناسراوی كوردستان و وەزیری پێشووی حكومەتی عێراق كرد و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
* وێڕای ئەو هەموو گوشارەی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتی بۆ دواخستنی ریفراندۆم كرا، سەرەنجام خەڵكی كوردستان لە 25ی ئەیلوول ریفراندۆمی ئەنجامداو دەنگی بۆ سەربەخۆیی كوردستاندا، پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئایا ریفراندۆم كوردستانی بردۆتە قۆناخێكی نوێ و ئایا سیمای ئەم قۆناخە نوێیە لە تێڕوانینی ئێوە چۆنە؟

- ئامانج لە ریفراندۆم ئەوەیە كوردستان سەربەخۆیی خۆی رابگەیەنێت، بەڵام راگەیاندنی سەربەخۆیی لەو هەلومەرجەی ئێستا كە بارودۆخی كوردستانی پێدا تێدەپەڕێت، پێویستی بە هێوربوونەوەی كەفوكوڵی ئەو گەپ و هەڕەشانە هەیە كە لەدوای ریفراندۆم هاتوونەتەئاراوە، بەڵام بە قەناعەتی من ئەنجامدانی ریفراندۆم وەرچەرخانێكی گرنگ و گەورە بوو لە مێژووی ئێمەدا، ئەمە بۆ یەكەمین جارە بە درێژایی مێژووی رزگاریخوازی كوردستان، میللەتی ئێمە بتوانێت بە شێوەیەكی ئازادانە دەنگ بۆ سەربەخۆیی بدات و بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، بۆیە ئەركی گرنگ و گەورە ئەوە بوو ریفراندۆممان بۆ سەربەخۆیی ئەنجامدا، ئەمەش وەڵامدانەوەی ئەو شكستەی دەوڵەتی عێراق بوو كە لە دوای ساڵی 2003وە نەتوانرا لەسەر بنەمای هاوسەنگی و سازان و هاوبەشی دەوڵەتێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی بونیاد بنێن. كە ئەم سێ بنەما سەرەكییە پێشێل كران، ئەوا حكومەتی عێراق هەنگاوی بەرەو دەوڵەتێكی مەزهەبگەرای شیعە هەڵگرت، كە تەنیا یەك پێكهاتە كۆنتڕۆڵی تەواوی جومگە سەرەكییەكانی دەوڵەتەكەی كردووە، هەر بۆیە ریفراندۆم رەتكردنەوەی ئەم واقیعەی عێراق بوو لەلایەن گەلی كوردستانەوە، بە جیهانی راگەیاند عێراق دەوڵەتێكی شكستخواردووەو توانای پێكەوەژیانی تێدا نەماوە، ئەمەش گەوهەری ئەو وەرچەرخانەیە كە كوردستانی بردۆتە قۆناخێكی نوێ، واتە قۆناخی دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم كە پشتیوان بەخوا بەرەو راگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆ هەنگاو هەڵبگرین. ئەوجا لەگەڵ ئەوەی ئاكامی ریفراندۆم كۆمەڵێك هەڕەشە و گوشاری لەلایەن عێراق و ئێران و توركیا لەسەر كوردستان دروستكردووە، بەڵام ئامانجی ئێمە ئەوەیە بە شێوەیەكی ئاشتییانە و بە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندن لەگەڵ حكومەتی عێراق باس لە پەیوەندییەكانی داهاتووی نێوانمان بكەین، ئەمەش بەو مانایەی ئێمە ئەمجارە كە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەكەین، ناچین وەك جاران باس لە پرسی بودجە و مووچە و یاسای پەترۆڵ و ئەو شتانە بكەین، بەڵكو دەچین دیالۆگ و دانوستاندن دەكەین بەوەی ئایا كوردستان و عێراق وەك دوو دەوڵەتی دراوسێ چۆن دەبنە دوو دراوسێی باش بۆ یەكتری. هەروەها چەندین پرسی پەیوەست بە هەردوولامان هەیە وەك پرسی سنوور، نەوت، ئاو و .. هتد، كە چۆن چارەسەری دەكەین، بۆیە ئەمە قۆناخێكی نوێیە و گەڕانەوە نییە بۆ دواوە، بەڵكو هەنگاوهەڵگرتنە بۆ پێشەوە. ئەم قۆناخە زۆر هەستیار و گرنگە دەبێت زۆر بە هێمنی و ژیرانە مامەڵەی لەگەڵ بكەین بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی ئاشتییانە بگەینە ئامانجێكی باش.


* بە رای ئێوە پێویستە چۆن مامەڵە لەگەڵ قۆناخی دوای ریفراندۆم بكرێت، هەروەها چەند گرنگە هەوڵبدەین كە قەناعەت بە دۆستەكانمان بكەین رێز لە ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرن؟
- لێرەدا بە پێویستی دەزانم بگەڕێمەوە بۆ قۆناخی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم، دیارە پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم گوشارێكی هێجگار زۆر گەورە لەسەر ئاستی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجومەنی ئاسایش و ئەمریكا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی كرایە سەر سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان بۆ ئەوەی ئەم ریفراندۆمە لەكاتی خۆیدا نەكرێت و دوابخرێت، ئەم گوشارە گەورەیە لەبەر ئەوە بوو ئەگەر ریفراندۆمەكە ئەنجام بدرێت، ئەوا ئەمریكا و دەوڵەتانی رۆژئاوا لەبەر ئەوەی بڕوایان بە پرەنسیپەكانی دیموكراتی هەیە و ریفراندۆمیش پرۆسەیەكی دیموكراتییە، ئەوا ناچار دەبن رێز لە دەنگ و ئیرادەی خەڵكی كوردستان بگرن، بۆیە دەیانویست ریفراندۆم نەكرێت بۆ ئەوەی ئەوان دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم ئیحراج نەبن، بەڵام سەركردایەتی سیاسیی كوردستان سوور بوو لەسەر ئەوەی ریفراندۆم لەكاتی دیاریكراوی ئەنجام بدرێت و وەك بینیمان بە سەركەتوویی ئەنجامدرا و نزیكەی 93%ی خەڵكی كوردستان دەنگیان بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی داوە، ئەوا ئێستا ناچارن رێز لەو دەنگانە بگرن، بەڵام ئەوەی عێراق داوای دەكات كە ئاكامی ئەم ریفراندۆمە هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەوا ئەمە كارێكی مەحاڵەو لەدەستی هیچ كەس و لایەنێكدا نەماوە و ناتوانن بڕیاری لەو جۆرە بدەن، لەبەر ئەوەی ریفراندۆم بۆتە پرسی گەلی كوردستان و بڕاوەتەوە، بۆیە هەر دیالۆگ و دانوستانێك لە نێوان كوردستان و عێراق ئەنجام بدرێت، دەبێت بێ مەرج و كراوە بێت و باس لە قۆناخی دوای ریفراندۆم بكرێت. سەبارەت بە دۆستەكانمان، ئێمە ئومێدمان ئەوەیە ئەوانیش وردە وردە هەڵوێستیان نەرم بێت و پشتیوانی لەم پرۆسەیە بكەن، لەبەر ئەوەی بمانەوێت، یان نەمانەوێت، ئێستا نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو دیزاینێكی نوێ دەچێت، لەناو ئەم دیزاینە نوێیە نەخشەكە بەرەو ئەوە هەنگاو هەڵدەگرێت كە دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت، بۆیە دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەم واقیعە تازەیە بكەن، لەم چوارچێوەیەدا گوشارەكانی بەغدا دژ بە كوردستان مەزندەكراو بوو، واتە پێشبینی ئەوەمان دەكرد كە دوای ریفراندۆم بەغدا پەنا بۆ گوشار خستنە سەر كوردستان ببات، ئەمەش لەبەر ئەوەی دەسەڵاتدارانی بەغدا رووبەڕووی بارودۆخێكی تازە بوونەوە، لەلایەكی دیكەوە بەرەو هەڵبژاردن هەنگاو هەڵدەگرن، بۆیە لەماوەی ئەم 5-6 مانگەی دادێ، هیچ هێز و لایەنێكی شیعەی عێراق ئامادە نییە و ناتوانێت بەرپرسیاریەتی سەربەخۆیی كوردستان و جیابوونەوەی لە عێراق بگرێتە ئەستۆی خۆی، هەروەها دەوڵەتانی دراوسێش بەتایبەتی توركیا و ئێران ئەوانیش لەوانەیە زیاتر هانی حكومەتی عێراق بدەن كە گوشاری خۆیان دژی ئێمە زیاتر بكەن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە گوشارەكانی بەغدا دژی كوردستان، سزادانی بەكۆمەڵی گەلی كوردستان و كردەیەكی نامرۆڤانەیە، بۆیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم گوشار و هەڕەشانەی عێراق و توركیا و ئێران، پێویستمان بەوەیە ئیرادەیەكی بەهێزمان هەبێت، هەموومان یەكدەنگ و یەك هەڵوێست بین بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە تێپەڕێنین.


* ئەوەی چاوەڕوان نەدەكرا، هەڵوێستی ئەمریكا بوو بەرامبەر ریفراندۆم و ئاكامی ریفراندۆم، ئەمەش كاریگەری هەبوو لەسەر توندكردنی هەڵوێستی عێراق و ئێران و توركیا بەرامبەر هەرێمی كوردستان، لەبەر ئەوەی هەڵوێستی ئەمریكایان دژ بە ریفراندۆم وەك پێدانی گڵۆپی سەوز بە عێراق و ئێران و توركیا خوێندرایەوە، ئایا تاچەند پێویستە ئەمریكا بە زوویی هەڵەی خۆی راست بكاتەوە و رێگری لە هەڵكشانی هەڕەشەكانی عێراق و ئێران و توركیا بۆ سەر كوردستان بكات؟
- هەڵوێستی ئەمریكا لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەوەندە خراپ نییە كە بڵێین بە تەواوەتی پشتی تێكردووین، لەسەرەتاشدا ئەمریكاو هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی پرۆسەی ریفراندۆم نەبوون، بەڵكو دژی كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە بوون لەو بەروارەی كە بۆی دەستنیشان كرابوو، ئەمەش بەو بیانووەی كە تەركیز لەسەر شەڕی دژی داعش كەم دەبێتەوە، یان عێراق بەرەو هەڵبژاردن دەڕوات. بە بۆچوونی من رەنگە سەركردایەتی سیاسیی كوردستان پێشبینی هەڵوێستێكی لەمجۆرەی ئەمریكای كردبێت، بەڵام وێڕای ئەمانەش لایەنی باشی هەڵوێستی ئەمریكا لەدوای ریفراندۆم ئەوەیە كە هۆشداری داوەتە عێراق و توركیا و ئێران كە هەوڵنەدەن بە شێوازی سەربازی چارەسەری ئەم كێشەیە بكەن، بەڵكو هۆشداریی پێداون كە نابێت بیریشی لێ بكەنەوە، ئەم هۆشدارییە بۆ هەریەك لە عێراق و توركیا و ئێرانیش بووە، ئەگەر ئەم هەڵوێستەی ئەمریكا نەبوایە، لەوانەیە ئەو گەلەكۆمەكەی ئەو سێ دەوڵەتە لەسەرەتاوە دژی كوردستان كردیان بەو شێوەیەی ئێستا نەبوایە، بۆیە لە ئێستا گرنگە دیپلۆماسیەتی كوردستان كار لەسەر ئەوە بكات وردە وردە هەوڵبدات دەوڵەتان باشتر بێنە سەرخەت و مامەڵە لەگەڵ ئاكامی ریفراندۆمەكە بكەن. هەروەها هەوڵبدرێت دەوڵەتان ببنە ناوبژیوان لەنێوان هەولێر و بەغدا، لە ئێستاشدا ئەم هەوڵانە بەدەركەوتوون، ئەوە فەرەنسا دەستپێشخەری كردووە بۆ ئەوەی ناوبژیوانی نێوان كوردستان و عێراق بكات، لەسەر ئاستی ناوخۆی عێراقیش هەردوو جێگری سەرۆك كۆمار ئەیاد عەلاوی و ئوسامە نوجێفی دەستپێشخەرییان كردووە، سەرۆكی پەرلەمانی عێراق هاتووە بۆ كوردستان، بۆیە من قەناعەتم وایە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەمریكاش دێتە سەرخەت و دەستپێشخەری دەكات بۆ ئەوەی ببێتە ناوبژیوان لە عێراق و كوردستاندا.


* بەرپرسانی عێراق لە هەڵوێستە توندەكانیان دژ بە كوردستان، باس لەوە دەكەن كە ئەوان لەسەر بنەمای دەستووری عێراق ئەو هەڵوێستانە دەگرنەبەر، پرسیاری ئێمە لەوەدایە، ئایا بەغدا هیچ رێزێكی بۆ دەستوور هێشتۆتەوە، وا ئێستا لەسەر بنەمای دەستوور دەیەوێت سزای كوردستان بدات و هەڕەشە لە خەڵكەكەی بكات؟
- هەڵوێستە توندەكانی بەغدا، هاشوهوشی دەنگ كۆكردنەوەیە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو، بۆیە هەتا ئەگەر گوشارەكان لەسەر بەغدا توندیش بن بۆ ئەوەی لەگەڵ كوردستان دەست بە دیالۆگ بكرێت، پێموایە هیچ هێز و لایەنێكی سیاسیی شیعە ناتوانێت دانوستاندن لەسەر ئاكامی ریفراندۆم و پرۆسەی سەربەخۆیی كوردستان بكات، ئێستا لە بەغدا و باشووری عێراق ئەم بابەتە وەك پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن لەناو لایەنە شیعەكانی عێراقدا بەجۆرێك تەوزیف كراوە، هەر لایەنێك زیاتر دژایەتی كورد و كوردستان بكات، ئەو لایەنە لە شەقامی سیاسیی شیعەدا دەنگی زیاتر كۆدەكاتەوە، بۆیە شیعەكان لە روانگەی لۆژیك و بیركردنەوەی دروستەوە سەیری ئەم واقیعە تازەیە ناكەن، بەڵكو لە روانگەی كۆكردنەوەی دەنگ مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، بۆیە چەند لە هەڵبژاردنەكان نزیكتر ببنەوە، هەڵوێستەكانیان رۆژ لەدوای رۆژ توندتر دەبێت.
* ئایا پێتوایە ئەم هەڵوێستە نادروستەی بەغدا تاكەی بەردەوام دەبێت؟


- بە بۆچوونی من ئەگەر دەستتێوەردانێكی نێودەوڵەتی، یان ئەمریكی نەبێت بۆ ئەوەی ئەو سزایانەی بەغدا لەسەر كوردستان هەڵبگرێت، ئەوا هەتا هەڵبژاردنەكانی نیسانی داهاتووی 2018 ئەم بارودۆخە هەر بەم شێوەیە دەبێت و توركیا و ئێرانیش زیاتر هانیان دەدەن بۆ ئەوەی گوشارەكانیان دژی كوردستان زیاتر بكەن، لەناو لایەنە سیاسییەكانی شیعە، لایەنێكی وەك دەوڵەتی یاسا زۆر پێشتر هەڵوێستی زۆر خراپی دژی هەرێمی كوردستان پیادە كردووە، هەروەك چۆن لە 2014 بودجە و مووچەی خەڵكی كوردستانیان بڕی، ئەمەش مانای ئەوەیە لایەنێكی وەك دەوڵەتی یاسا زۆر دەمێكە ئامادەباشی ئەوەی كردووە كە دژی هەموو شتێكی كوردستان بێت، ئەوجا ئێستا توركیا و ئێرانیش هانیان دەدەن، لەژێر پەردەی ئەو پڕوپاگەندەی دەڵێن، ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان پرۆژەیەكی ئەمریكی ئیسرائیلیە و دەیانەوێت ئیرادەی خەڵكی كوردستان لەبەردەم هاووڵاتیانی خۆیان بشێوێنن، ئەوجا لەبەرامبەر ئەو گوشارانە وە نەبێت ئێمەش وەك كوردستان كارتی گوشارمان نەبێت كە دژی ئەوان بەكاری بهێنین، بەڵام سەركردایەتی سیاسیی كوردستان لەمە تێدەگات و سیاسەتی لەم قۆناخە بەو جۆرەیە ئەو كاردانەوانە هێوربكاتەوە، بۆیە خیتابی كوردستانی بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەم بارودۆخە خیتابێكی لۆژیكی و ئاقڵانەیە، دەیەوێت زەمینەیەك دروست بكات ئەم ئامانجە گەورەیەی ریفراندۆم بە شێوازێكی ئاشییانە بگەیەنێتە دواكەناری ئارامی خۆی. ئەوەی لەم قۆناخەدا گرنگ بوو گەلی كوردستان لە كاتی خۆیدا ریفراندۆمی كرد، ئێستاش كە جیهان ئەم كاردانەوە هیستریانەی پەرلەمان و حكومەتی عێراق بەرامبەر كوردستان دەبینن، لەوە تێدەگەن كوردستان چۆن هەنگاو هەڵدەگرێت و چۆن ئامانجی ئەوەیە بە شێوازێكی سەردەمیانە مامەڵە لەگەڵ ئەم پرسە بكات، لەبەرامبەردا بەغدا ئەوەی لەدەستی هاتووە كردوویەتی و زیاد لەوەی بودجە و قووتی خەڵكی كوردستانیان بڕیوە، ئێستا بەجۆرێك تووشی هیستریا بوون كە خەریكە پەنا بۆ هەموو كارێكی نامرۆڤانە دەبەن، بۆیە ئەمە لەلایەكەوە خزمەتی دۆسێیەكەی ئێمە دەكات، لەبەر ئەوەی هەموو جیهان تێدەگات كە عێراق چیدی جێگەی پێكەوەژیانی تێدا نەماوە، هەروەها تێدەگەن كە ئەو فیدڕاڵییەتەی بەغدا پیادەی دەكات، ناتوانێت گەلی كوردستان بپارێزێت، لەمەش خراپتر حكومەتی عێراق بۆ سزادانی بەشێك لە گەلەكەی پەنا دەباتە بەر هەر دوو دەوڵەتی توركیاو ئێران بۆ ئەوەی سزایان بدات، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەو دەستوورەی عێراق باسی دەكات، بەو دەستوورە گەلی كوردستان ناپارێزرێت و دەبێت جیهان رێز لە بڕیاری گەلی كوردستان بگرێت كە هەنگاو بۆ سەربەخۆیی هەڵدەگرێت.


* مەراسیمی بەخاك سپاردنی سەرۆك تاڵەبانی بووە یەكێك لە رووداوەكانی دوای ریفراندۆم، بەتایبەتی كە مام جەلال سەرۆك كۆماری عێراق بوو، بەڵام تەرمەكەی بە ئاڵای كوردستان پێچرابوو، ئەمەش دیسان هاتوهاوارێكی زۆری لەلایەن عەرەبە شۆڤێنییەكانەوە لێكەوتەوە و بۆ خەڵكی كوردستان دەركەوت عەرەبی عێراق چەند رقێكی قووڵیان بەرامبەر ئاڵا و خەڵكی كوردستان هەیە، تاچەند گرنگە ئەم بۆنەی كۆچی مام جەلال بكرێتە هەوێنی یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی نێوماڵی كوردستان بۆ ئەوەی بتوانین ئەم قۆناخەی ئێستا تێپەڕێنین؟


- بەڕێز مام جەلال لەگەڵ ئەوەی لە دوای نەخۆشكەوتنەكەی رۆڵی لە پرۆسەی سیاسیدا نەمابوو، بەڵام وەك كەسایەتییەكی دیاری ناو بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان بوونی مام جەلال شتێكی گەورە بوو، ماڵئاواییكردنەكەشی لەم بارودۆخەدا خەسارەتێكی گەورە بوو بۆ كورد لە هەر چوار پارچەی كوردستان، پێشتریش غیابی مام جەلال لەبەغدا بە راشكاوی كاریگەرییەكانی دیاربوو، بەڵام دوای نەخۆشكەوتنی ئەو تەوافقە سیاسییەی لە نێوان هێزەكانی عێراق بوونی هەبوو، زۆر لاواز بوو تێكچوو، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو مام جەلال بە كەسایەتی و مێژووی خۆی كاریگەری لەسەر پاراستنی ئەو تەوافقە هەبوو، بۆیە بۆ ئێمە وەك گەلی كوردستان خاڵی بەهێزمان بەرامبەر كێشە نیشتمانییەكان، یەكڕیزی و یەكدەنگی و یەكهەڵوێستیمانە، بێگومان ریفراندۆم و سەربەخۆییش پرسێكی نیشتمانییە، گەلی كوردستان نزیكەی 100 ساڵە خەبات دەكات و بە هەزاران رۆڵەی ئەم وڵاتە شەهید بوون و رووبەڕووی كارەساتی ژینۆسایدو ئەنفال و كیمیاباران بووینەوە، ئەمانە هەمووی لە پێناوی ئەوە بووە سەربەخۆ بین و خاوەنی كیانی خۆمان بین، ئەم ئاواتەی گەلەكەمان لەسەر هەموو لایەكمان فەرزی دەكات كێشە و ناكۆكییە سیاسییەكانی ناوخۆمان تێپەڕێنین، هەتا ئەم ئامانجە دێتەدی، دەكرێت دوای بەدیهاتنی ئەم ئامانجە كێشە سیاسییەكانیشمان چارەسەر بكەین.


دەبێت ئاگادار و هۆشیار بین كە دوژمنەكانمان هەموو هەوڵێكیان بۆ ئەوەیە كە درز و كەلێن بخەنە نێو یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بۆیە دەبێت بوار بە مەرامی دوژمنان نەدەین و یەكڕیزیی خۆمان بپارێزین، بێگومان كۆچی دوایی مام جەلال یەكڕیزییەكی گەورەی پیشان دا، لەگەڵ ئەوەی ئەمەیان زیاتر پەیوەندی بەلایەنی سۆزدارییەوە هەیە، بەڵام میللەتی ئێمەش بەشێكە لە میللەتانی رۆژهەڵات و سۆزداری كاریگەری زۆری هەیە، بۆیە كاریگەری ئەو بۆنەیە بووە هۆكاری ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان و یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێكەوە كۆببنەوە، ئەمەش خزمەتێكی باشی بە یەكڕیزی كرد، بۆ ئێستا مەسەلەكە لەوە دەرچووە كە پرسی ریفراندۆم پەیوەندی بە كەسێك، یان لایەنێكی سیاسیی دیاریكراوەوە هەبێت، ئەم پرسە بۆتە پرسی خەڵك و 93% خەڵكی كوردستان دەنگی پێداوە، بۆیە لەم پرسەدا كاتێك هەر لایەنێكی سیاسی بەرگری لەم واقیعە دەكات، رێز لە ئیرادەی ئەو رێژە بەرزەی خەڵكی كوردستان دەگرێت كە دەنگی بەسەربەخۆیی داوە.


* لە دوای كۆچی مام جەلال، بێگومان پرۆسەی سیاسی لە كوردستان پێویستی بە دووبارە رێكخستنەوە دەبێت، بەتایبەتی كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان دوای مام جەلال پێویستی بە دووبارە رێكخستنەوە هەیە، ئەمەش ئەركێكی قورستر دەخاتە سەر شانی سەرۆك بارزانی، ئایا بە رای تۆ دەبێت بارزانی چی بكات بۆ ئەوەی ئەركە قورسەكەی تاڵەبانیش لەم قۆناخەدا هەڵبگرێت؟
- كەسایەتیی جەنابی سەرۆك بارزانی لە ئێستادا هێما و رەمزە بۆ هەموو كوردستان، بۆیە هەموو لایەنە سیاسییەكان پێویستیان بە هاوكاری و یارمەتی سەرۆك بارزانی هەیە، سەبارەت بە یەكێتی نیشتمانی كوردستانیش بێگومان كۆچی دوایی مام جەلال كاریگەری دەبێت لەسەری، بەڵام پێویستە یارمەتی بدرێن بۆ ئەوەی چۆن هەتا ئێستا یەكێتی هێزێكی دیارو كاریگەر بووە لە گۆڕەپانی سیاسیی كوردستاندا، دەبێت لەمەودواش هەروا بمێنێتەوە، لەم بوارەشدا سەرۆك بارزانی دەبێت رۆڵی براگەورە بگێڕێت، لەبەر ئەوەی ساڵانێكی دوورو درێژ هەر لەخەباتی پێشمەرگایەتی و پاشانیش لە راپەڕینەوە تا ئێستا پەیوەندییەكی گرنگی لەگەڵ مام جەلال و یەكێتی هەبووە، بۆیە دەبێت جەنابی سەرۆك هاوكاریان بێت بۆ ئەوەی ئەم كێشەیە تێپەڕێنن، یەكێتی نیشتمانی وەك حزبێكی مۆدێرن لەسەردەمی مام جەلالیشدا كێشەی خۆی هەبووە و بیروبۆچوونی جیاواز لە ناویاندا هەبووە، ئەوكات مام جەلال فاكتەری سەرەكی چارەسەركردنی كێشەكان و كۆكەرەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان بوون، لەدوای مام جەلال پۆلێك لە سەركردەی زۆر باش لە ناو یەكێتی هەن كە وەفادارن بۆ مام جەلال، بەڵام دیسان پێویستە یارمەتی بدرێن، بەتایبەتی لەلایەن جەنابی سەرۆكەوە كە لەلای سەكردایەتی یەكێتی رێز و سەنگی تایبەتی خۆی هەیە، ئەمەش گرنگە بۆ ئەوەی بە هاوكاریی سەرۆك بارزانی بتوانن جیاوازییەكانی خۆیان كۆبكەنەوە، ئێستا قۆناخەكەمان زۆر هەستیارە و پێویستمان بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی هەموو لایەنە سیاسییەكان بەگشتی و یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی نێوان پارتی و یەكێتی بەتایبەتی هەیە، زۆر گرنگە یەكێتی هەر هێزە دیار و كاریگەرەكەی ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان بێت، لەمەدا پێویستە رۆڵی سەرۆك بارزانی دیار بێت.
Top