ئیرك براون توێژەر لە ئامۆژگای هادسۆن: باشترین بژارە بۆ ئەمریكا ئەوەیە دان بە ئاكامی ریفراندۆمی كوردستاندا بنێت و ئەو هەلەی بۆی هاتۆتەپێش لە دەستی نەدات

ئیرك براون  توێژەر لە ئامۆژگای هادسۆن: باشترین بژارە بۆ ئەمریكا ئەوەیە دان بە ئاكامی ریفراندۆمی كوردستاندا بنێت و ئەو هەلەی بۆی هاتۆتەپێش لە دەستی نەدات
ئیریك براون گەورە شرۆڤەكاری ئامۆژگای هادسۆن و تایبەتمەندە لە سەر دیراسەتی كاروباری ئاسیا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی نێودەوڵەتی و پەرەپێدان، هەروەها بایەخ بە پرسەكانی بەدیلی جیۆپۆلیتیكیی ئایندە و دیپلۆماتییەت و ستراتیژیەتی ئەمریكا دەدات. لە پەنێڵكدا كە ئامۆژگای هادسۆن بە ناونیشانی: (عێراق دوای ریفراندۆمی كوردستان) رێكیخستبوو، ئیرك براون شرۆڤەی وردی ریفراندۆم و ئاكامەكەی كردو رەخنەی توندی لە سیاسەتی وڵاتەكەی گرت و دوای كرد ئەمریكا بە سیاسەتی خۆیدا بچێتەوەو لە بری ئەوەی ریفراندۆم رەتبكاتەوە، بۆ بەرژەوەندیی ستراتیژی ئەمریكا واباشترە دان بە ئاكامی ریفراندۆمەكەی كوردستاندا بنێت و ئەو هەلەی بۆی هاتۆتەپێشەوە لە دەستی نەدات.
«دوای ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و زۆر وڵاتی دیكەش دژی ئاكامەكەی وەستانەوە، بەڵام ئەمریكا هەڵەیەكی گەورە دەكات ئەگەر تاسەر لەسەر ئەم هەڵوێستەی بمێنێتەوە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە، ئێستا ئەگەر ئەمریكا بیەوێت، ئەم ریفراندۆمە هەلێكی بۆ ئەمریكا دروست كردووە كە دەتوانێت دووبارە كۆنتڕۆڵی خۆی لەسەر بارودخەكە بهێڵێتەوە. هەر بۆیە پێموایە رێگرتن لە جێبەجێكردنی ئاكامی ریفراندۆمەكە دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئەمریكا هەلێكی گرنگ بۆ بەرەوپێشەوەبردنی ئاسایش لە عێراق و سووریاش لە دەستی خۆی بدات.
ئەو بنەمایانەی كە ریفراندۆم و ئاكامەكەی لەسەر رەتدەكرێتەوە، بریتین لە زانیاریی هەڵە و شرۆڤەكردنێكی سەرچیغانە، بەبێ ئەوەی واقیعەكە وەك خۆی بخوێننەوە.
ئەو بنەمایانەی كە ریفراندۆم و ئاكامی ریفراندۆمی لەسەر رەتدەكرێتەوە بریتین لە:
1. كورد لە بارودۆخی شەڕی دژی داعشدا هەوڵیداوە ئەم پرۆسەیە ئەنجامبدات، بۆیە ناتوانێت ریفراندۆمێكی رێكوپێك و ئاشتییانە پیادە بكات.
2. باس لەوە دەكەن تەنگژەیەكی گەورەی سیاسی لەنێوان هەردوو پارتە سەرەكییەكە، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوونی هەیە، ئەمە بێجگە لە ناو حزبە بچووكەكانیشدا كێشە هەیە.
3. پرۆسەی بونیادنانەوەی نەتەوە و دەوڵەت كە لە 2003وە زۆر بەخێرایی دەستی پێكردووە تا ساڵی 2014، ئێستا ئەو پرۆسە لە كوردستان وەستاوەو گوشارێكی گەورەی مرۆیی و ئابووری لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە، ئەمەش كۆمەڵێك تەنگژەی لەنێوان پارتە سیاسییەكان دروستكردووە.
4. تێڕوانیێك هەبوو بەوەی گوایە ئێران رۆڵێكی زۆر خراپ لەسەر ریفراندۆمەكە دەگێڕێت و هەوڵ دەدات هەموو ئەو كێشە كەڵەكەبووانەی لەنێوان حزبە سیاسییەكانی كوردستان هەیە، دووبارە بەكاریان بهێنێت و بارودۆخەكە ئاڵۆزتر بكات.

بەڵام دوای ئەنجامدانی ریفراندۆمەكە دەركەوت ئەو هەموو شرۆڤانەی بۆ بارودۆخەكە كرابوون، هەموویان سەرچیغ چووبن و لەسەر بنەمای زانیاری هەڵە ئەو بۆچوونانە رۆنرابوون، هەر بۆ نموونە:
هەندێك لەو لایەنە سیاسیانەی كوردستان كە هەتا رۆژی پێش ئەنجامدانی ریفراندۆم رێگر بوون لە ئەنجامدانی پرۆسەكە، پاشان لە دواییدا هەموویان پشتگیری خۆیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم پیشاندا و بە (بەڵێ) دەنگیان دا، وەك كۆمەڵی ئیسلامی و بزووتنەوەی گۆڕان.
كاتێك سەرۆك مسعود بارزانی لە 22ی ئەیلوولی 2017 لە ناو جەماوەرێكی گەورە لە سلێمانی دەركەوت، ئەمە مانای ئەوە بوو كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان بە تەواوەتی پشتگیری ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەن .
ریفراندۆمەكە زۆر بە ریكۆپێكی و ئاشتییانە ئەنجامدراو لەناو پرۆسەكە چاودێری سیاسی و نێودەوڵەتی هەبوون كە چاودێریی پرۆسەی ئەنجامدانی ریفراندۆمەكەیان كردووە.
پرۆسەی ریفراندۆم چۆن پێش ئەنجامدانی جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە دانوستاندن لەگەڵ بەغدا دەكات، ئێستاش ئەو ئامادەباشییە هەیە بۆ ئەو دانوستاندنە لەسەر بنەمای ئاكامی ریفراندۆمەكە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی ریشەیی پەیوەندیی نێوان عێراق و كوردستان دیاری بكرێتەوە.


ریفراندۆم وەك پرۆسەیەكی سەركەوتوو بووە هۆكاری ئەوەی كورد زیاتر یەكگرتوو بن. هەروەها بۆتە هۆكاری ئەوەی كە تەنگژە و ئاڵۆزی لە نێوان حزبە سیاسییەكانی كوردستان هێور بكاتەوە.
ئەركی داهاتووی سەركردایەتی سیاسیی كوردستان دوای ئەنجامدانی ریفراندۆم ئەوەیە كە تاچەند دەتوانن ئەم بارە قورسە سیاسییە بگۆڕن بۆ كارێكی قورسی دیكە كە ئەویش بونیادنانی دامەزراندنی دامەزراوەكانی حوكمڕانییە.
سەبارەت بەم خاڵە پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئایا ئەمریكا ئەوەی دەكەوێتە سەرشانی بیكات بۆ سەركەوتنی ئەم هەوڵانە دەیكات؟ دەبێت ئەمریكا بەو جۆرە سەیری ئەم حكومەتە پێشكەوتووەی كوردستان بكات، بەوەی ئایا تاچەند كوردستان جێگەی بایەخی ستراتیژ و ئاسایشی نەتەوەیی ئەمریكایە؟


بەداخەوە ئێمە وەك ئەمریكا بەردەوام كارمان لەسەر ئامانجێكی هەڵە كردووە، كە ئەویش دروستكردنی عێراقێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی بووە، ئەمە سیاسەتی ئەمریكا بووە لەماوەی رابردوودا، بەڵام لەبری ئەوەی عێراقێكی فیدڕاڵی و دیموكراتی دابمەزرێت، دەسەڵاتی حكومەتی بەغدا زیاتر بەرەو سەنتراڵییەكی فراوان هەنگاوی هەڵگرت، بۆیە لە قۆناخێكی زۆر گرنگدا نەتوانرا هەموو هەوڵەكان لەگەڵ كوردستان و عەرەبی سوننە بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی جۆرێك لە هاوسەنگیی دەسەڵات لە عێراقدا دروست بكاتەوە و رێگە بۆ فیدڕالیزمێكی راستەقینە خۆش بكەین. هەر بۆیە ئێستا دوو بژارە لەسەر مێزەكە بوونیان هەیە:
یەكەمیان: سەبەرخۆییەكی راستەقینە بۆ كورد، لەسەر ئەم بژارە كوردیش خوازیاری ئەوەیە كە ئەم پرۆسەیە بە دیالۆگ و دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بگەیەنێتە ئەنجام.
دووەم: كۆنفیدڕاڵییەكی راستەقینەی كوردستان لەگەڵ عێراقدا، ئەمەش بە مانای ئەوەی كوردستان هەموو مافەكانی سەروەری لەسەر خاكەكەی خۆی هەبێت، بەڵام لە هەمانكاتدا پەیوەندییەكی ماناداریشی لەگەڵ بەغدا سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوە بمێنێتەوە.


بە بۆچوونی من زۆر گرنگە ئەمریكا سوود لەم هەلە وەربگرێت و رێز لە ئاكامی ریفراندۆمی خەڵكی كورستان بگرێت، هەروەها دەبێت ئەوەی لەبەر چاو بێت، ئێمە هاوپەیمانێكی راستەقینەمان لەسەر ئەرز هەیە كە كوردەكانن و ئەوان دەیانەوێت كار لەگەڵ ئەمریكا بكەن، هەر بۆیە دەبێت ئەمریكا هەوڵبدات یارمەتی تەواوی ئەم دۆست و هاوپەیمانەی لە بونیادنانی دامەزراوەكانی حوكمڕانی بدات بۆ ئەوەی دامەزراوەكانی خۆیان بونیاد بنێن. بە پێچەوانەشەوە ئەگەر ئەمریكا بەرهەڵستی ریفراندۆم بكات، ئەوا ئەم هەڵوێستەی تەنیا زیاتر بۆ كورد نییە، بەڵكو هەڵوێستی ئەو كەس و لایەنانەش لاواز دەكات كە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق خوازیاری ئەوەن نفووزی ئێرانی لە عێراقدا سنووردار بكەن.


ئێستا لە عێراقدا نفووزی ئێرانی بە راددەیەك بەرزە كە زۆر جار ئەمریكا بەو سیاسەتەی هەنگاو بەرەو سەروەریی هاوبەش لە عێراقدا لەگەڵ ئێران هەڵدەگرێت، ئەمەش لەبەر ئەوەیە رۆژ لە دوای رۆژ نفووزی ئێرانی لە بەغدا و رۆژئاوای عێراق زیاتر دەبێت.
ئەو فاكتەرانەی دەبنە بنەمای ئەو بۆچوونانەی ریفراندۆمی لەسەر رەتبكرێتەوە، بەتایبەتی كە سەیری بۆچوونی ئەمریكا بەرامبەر ریفراندۆم دەكەین، ئاشكرایە ئەو فاكتەرانە دەبنە هۆكاری ئەوەی راستییەكانی سەر زەوی بگۆڕێت، هەر بۆیە هەنگاوی یەكەم بۆ ئەمریكا ئەوەیە كە بە سیاسەتەكانی خۆیدا بچێتەوە و لە بری ئەوەی بەرهەڵستی ریفراندۆم بكات، پێوستە دان بە ریفراندۆمەكەدا بنێت.
هەروەها لە كاتی ئەنجامدانی پرۆسەی ریفراندۆمدا باس لەوە دەكرا كە ریفراندۆم دەبێتە هۆكاری ئەوەی تەركیز لە سەر شەڕی دژی داعش كەم ببێتەوە، بەڵام ئێمە پێناسەیەكی زۆر تەسك بۆ تێكشكاندنی داعش دەكەین، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئامانجی سەرەكیی ئەمریكا لە تێكشكاندنی داعش ئەوەیە كە بتوانێت هەندێك لە هاوسەنگی ئەمنی بونیاد بنێت و ئەم هاوسەنگییە كاریگەر بێت و بتوانێت بەرەو پێشەوە بچێت، بۆیە ئەگەر شەڕی دژی داعش ئەم ئاكامە بەدەست نەهێنێت، ئەوا ئەوەی تائێستا بۆ شەڕی داعش كراوەو ئەوەشی لە داهاتوودا دەكرێت، هەر هەمووی بە خەسار دەچێت و هیچ ئاكامێكی ستراتیژی لێ بەرهەم نایەت، كوردستانی عێراق تەنیا ناوچەیە لە عێراق و سووریادا كە هەلێكی زۆر زۆری تێدایە بۆ ئەوەی ئەو ئاكامەی تێكشكاندنی داعش مسۆگەر بكات، هەر بۆیەشە پشتگیری تەواوی ئەمریكا، رێگە راستەكەیە بۆ ئەمریكا.
Top