مایكڵ دێش بەڕێوەبەری سەنتەری دیراساتی ئاسایشی نێودەوڵەتی لە زانكۆی نۆتردام بۆ گوڵان: سیاسەتی شیعەگەرایی حكومەتەكەی مالیكی بووە دەروازەیەك بۆ سەرهەڵدانی داعش
September 26, 2017
دیمانەی تایبەت
* ئاشكرایە لە ئێستادا پشێوی و پاشاگەردانی باڵی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كێشاوە، بە تێڕوانینی ئێوە گرنگترینی ئەو پێشهات و پەرەسەندنانە چین كە مایەی نیگەرانی زیاترن؟- پێموایە لە روانگەی بەرژەوەندییە دوورمەوداكانی ئەمریكاوە ناكۆكی روو لە هەڵكشاوی نێوان قەتەر و هەندێ لە وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی سعودیە و میسر، بەشێكن لەو پەرەسەندنە نیگەرانكارانە، چونكە ئەمە بە مانای بوونی ناكۆكییەكی گەورە دێت لە نێوان هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، كە لە دەرئەنجامدا و بە راددەیەكی گەورە ئاڵۆزبوونی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكای لە ناوچەكەدا لێدەكەوێتەوە.* ئاشكرایە لە ئێستادا پشێوی و پاشاگەردانی باڵی بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا كێشاوە، بە تێڕوانینی ئێوە گرنگترینی ئەو پێشهات و پەرەسەندنانە چین كە مایەی نیگەرانی زیاترن؟
- پێموایە لە روانگەی بەرژەوەندییە دوورمەوداكانی ئەمریكاوە ناكۆكی روو لە هەڵكشاوی نێوان قەتەر و هەندێ لە وڵاتانی عەرەبی، بەتایبەتی سعودیە و میسر، بەشێكن لەو پەرەسەندنە نیگەرانكارانە، چونكە ئەمە بە مانای بوونی ناكۆكییەكی گەورە دێت لە نێوان هاوپەیمانەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، كە لە دەرئەنجامدا و بە راددەیەكی گەورە ئاڵۆزبوونی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریكای لە ناوچەكەدا لێدەكەوێتەوە.
* پێتوایە بەپەلەترین ئەرك و بەرپرسیارێتی ئەمریكا، یان گرنگترین بەرژەوەندیی ئەمریكا لە ناوچەكەیەدا چین، كە پێویستە هەوڵ و كۆششەكانی لە پێناودا چڕبكاتەوە؟
- بە باوەڕی من لە مەودای دووردا بەپەلەترین، هەروەها قورسترین ئەرك بریتییە لە چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكیی ئیسرائیل و فەلەستین. چونكە ئەمە ناكۆكییەكە كە ماوەیەكی زۆرە ئەمریكای سەرقاڵ كردووە، هەروەها بۆتە هۆی دابەشبونی هاوپەیمانە جۆراوجۆرەكانی ئەمریكا لە ناوچەكەدا، بە هەمان شێوە ئەمە كێشەیەكە كە بە راددەیەكی گەورە پێگەی ئەمریكا لە جیهانی عەرەبی و ئیسلامیدا لاواز دەكات. لە مەودای نزیكیشدا، چارەسەركردنی كێشەی نێوان قەتەر و هەندێ وڵاتی كەنداو و میسر ئامانجێكی گرنگە بۆ ئەمریكا. مەسەلەیەكی گرنگی دیكە بریتییە لە چەسپاندن و برەودان بە دەستكەوتەكانی شەڕی دژ بە داعش، بەتایبەتی لەعێراقدا. لەكۆتاییدا، دۆزینەوەی جۆرێك لە چارەسەر بۆ شەڕی ناوخۆیی سووریا پرسێكی گرنگە بۆ ئەمریكا.
* ئێوە لە وەڵامەكانتاندا زیاتر لە جارێك ئاماژەتان بەو تەنگژەیە كرد كە لە نێوان قەتەر و هەندێ وڵاتی كەنداو و میسردا دروست بووە، ئایا دەتوانین بڵێین سوودمەندی سەرەكی لەم قەیرانە ئێرانە؟
- بە دڵنیاییەوە دەڵێم ئەمە دۆخەكەیە، كە ئەمریكا لە رێی هەڵگرتنی زنجیرەیەك لە هەنگاوی هەڵەوە و بە راددەیەكی گەورە پێگەی ئێرانی لە ناوچەكەدا بەهێز كردووە، بۆ نموونە بە گەڕانەوە بۆ داگیركردنی عێراق لە ساڵی 2003. من پێموایە لە ماوەی 20 ساڵی رابردودا ئێمە بە شێوەیەكی بەردەوام- ئەگەرچی ئێمە ئەمە نیازی ئێمەش نەبووە- برەومان بە بەرژەوەندییەكانی ئێران داوە لە ناوچەكەدا.
* كەواتە دروستە بڵێین هاوسەنگیی هێز لەم ناوچەیەدا-بەتایبەتی لە دوای ساڵی 2003وە- لە بەرژەوەندی ئێران شكاوەتەوە، ئەمەش دۆخێكی خوڵقاندووە كە ئێران بتوانێت پێگەیەكی باڵا بەدەست بهێنێت لە وڵاتانی وەك عێراق و سووریا و لوبناندا؟
- من باوەڕم وانییە ئێران هێزێكی دەستڕۆیشتووی مەزن بێت، كێشەكە ئەوەیە سیاسەتی ئەمریكا لە ماوەی رابردوودا پتر لە بەرژەوەندیی ئێران بووە لە بری ئەوەی خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی خۆمان بكات.
* هەروەك دەزانن شەڕی داعش بەرەوپێشچوونی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەتایبەتی لە عێراقدا و لە دوای رزگاركردنی شاری موسڵەوە، ئەگەر ئەركەكە لە مەودای كورتدا بریتی بێت لە تێكشكاندنی ئەم رێكخراوە تیرۆریستییە، ئایا دەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئاشتی و هێنانەئارای سەقامگیرییەكی درێژخایەن چی بكرێت؟
- لە راستیدا ریشەی كێشەكە كە دەرگای بە رووی هاتنی داعشدا واڵا كرد بریتی بوو لە بوونی حكومەتێكی تایفەگەری لە بەغدا، كە لەو حكومەتەدا لایەنە خراپەكانی تایفەگەری و ناكارایی كۆببوونەوە. بەو پێیە پێویستە ئەمریكا لە ئایندەدا فشاری زیاتر بكات بۆ هاتنەئارای حكومەتێك كە دەرفەت بۆ هەمووان بڕەخسێنێت و بنكەیەكی نوێنەرایەتی بەرفراوانی هەبێت و، حكومەتێك بێت توانای ئەوەی هەبێت حوكمڕانی بكات لە سەرتاسەری وڵاتدا. لەم روانگەیەوە دەتوانین بڵێین، كە تێكشكاندنی داعش لە موسڵدا بە مانای ئەوە نییە كە هەڕەشەی داعش لە ناو بردراوە، ئەگەرچی بە دڵنیاییەوە پەرەسەندنێكی گرنگ و ئیجابییە.
* هەروەك دەزانن ئەركی گەڕاندنەوەی ئاشتی و بەدیهێنانی سەقامگیرییەكی درێژخایەن لە عێراقدا، كە ئێوە گرێتاندایەوە بە پێكهێنانی حكومەتێكی كارا و دوور لە تایفەگەری، سەخت و دژوارە، ئایا پێتوایە ئەمە پێویستی بە مانەوەی هێزێكی سەربازیی ئەمریكا لە عێراقدا دەكات؟
- نەخێر، من باوەڕم وانییە. چونكە دروستكردنی حكومەتێكی كارا ئەرك و ئامانجێكە كە دەبێت لەلایەن خودی خەڵكی عێراقەوە بەدیبهێنرێت. هەروەها تاوەكو ئەمریكا زیاتر لەو وڵاتەدا بمێنێتەوە، ئەوا ئەم پرۆسەیە خاوتر ئەنجام دەدرێت. ئەمریكا دەتوانێت پشتیوانی دەستەبەر بكات بۆ دروستكردنی حكومەتێكی كارا لە عێراقدا، بەڵام پێموانییە مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراقدا هاوكار و یارمەتیدەر بێت و لە راستیدا رەنگە دەرئەنجامی پێچەوانەشی لێبكەوێتەوە.
* ئێوە تا چەند گەشبینن بەوەی خەڵكی عێراق بتوانن بگەنە رێككەوتنێك بۆ دروستكردنی ئەم جۆرە حكومەتە؟ چونكە ئەزموونەكانی چەند ساڵی رابردوو سەركەوتوو نەبوون لەم رووەوە و لە ئێستادا بێ متمانەییەكی قووڵ هەیە لە نێوان شیعە و سوننە لەلایەك و هەرێمی كوردستان و حكومەتی بەغدا لەلایەكی دیكەوە؟
- لە راستیدا من گەشبین نیم، چونكە بارودۆخەكە- هەروەك ئێوە بە دروستی گوزارشتان لێكرد- زۆر دژوارە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، قەناعەتم وایە ئامادەبوونێكی بەردەوامی سەربازیی ئەمریكا لە عێراقدا، هاوكار و یارمەتیدەر نابێت بۆ چارەسەركردنی ئەو دۆخە. لە كۆتاییدا چارەسەری كارا ئەو چارەسەرەیە كە لەلایەن خودی خەڵكی عێراقەوە دادەڕێژرێت و گەڵاڵە دەكرێت. من قەناعەتم بەوە نییە كە ئەم كارە ئەنجام بدەن، بەڵام قەناعەتێكی تەواوم هەیە كە تاوەكو ئەمریكا زیاتر لەو وڵاتەدا بمێنێتەوە، ئەوا ئەگەری هاتنەئارای چارەسەرێكی لەم چەشنە كەمتر دەبێتەوە.
* ئەی تێڕوانین و پێشبینییەكانتان چین لەبارەی ئەگەری دروستبوونی كوردستانێكی سەربەخۆوە، پێتوایە دەرئەنجام و دەرهاویشتەكانی چی دەبن؟
- دروستبوونی كوردستانی سەربەخۆ لەوانەیە كۆمەڵێك كێشە بەدوای خۆیدا بێنێت، لەبەر ئەوەی ئێران و توركیاش زۆر نیگەران دەبن لەو بارەیەوە، و بە هۆكاری ناسەقامگیری وڵاتەكانیانی دەزانن. من لە خەون و ئاواتە نەتەوەییەكانی كورد تێدەگەم، بەڵام هەل و مەرجە واقیعییەكە بە چەشنێكی دیكەیە.
* هەروەك دەزانن ئەوەی لە سووریادا دەگوزەرێت دۆخێكی بێ ئەندازە ئاڵۆزە، كە لە ئێستادا هەموو هەوڵەكانی لە دروستكردنی چەند ناوچەیەدا چڕكراونەتەوە كە تێیاندا بتوانرێت رێگری لە هەڵكشانی زیاتری دۆخەكە بكرێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەگەری هاتنەئارای جۆرێك لە هاوكاری لە نێوان هێزە گەورە و كاریگەرەكاندا چین، بەتایبەتی لە نێوان ئەمریكا و رووسیادا؟
- پێموایە بە شێوەیەكی گشتی پەیوەندیی سیاسیی نێوان ئەمریكا و رووسیا دژوارتر بووە، ئەوەش بە ئاسانی ناڕەوێتەوە، لەبەر ئەوەی لە ئێستادا پەیوەندی سیاسیی نێوان ئەمریكا و رووسیا بۆتە پرسێكی ناوخۆیی گرنگ لە ئەمریكا. لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕم وایە دۆناڵد ترەمپ بایەخی بەوە داوە كە رێككەوتنێك لەبارەی سووریاوە بێتەئاراوە، ئەویش لەسەر دوو بنەما، یەكەمیان ئەوەیە كە هێزی سەربازیی رووسیا و ئەمریكا لە سووریادا نەكەونە باری رووبەڕووبوونەوەیەكی راستەوخۆوە، دووەمیان بریتییە لە خواستی تێكشكاندنی یەكجارەكی داعش، ئەگەر ئەمە مومكین بوو. كەواتە ئێمە بەردەوامبوونی هەوڵەكان بەدی دەكەین بۆ ئەوەی ئەم رووبەڕووبوونەوە سەربازییە راستەوخۆیە روونەدات. ئەمریكا بە نابەدڵییەوە ئەوەی لەبەرچاو گرتووە كە بوونی رووسیا لە سووریادا بۆتە واقیعێكی بەردەوام لە سووریا، بە گوزارشتێكی دیكە، ئەگەری ئەوە لە ئارادا نییە كە ئەسەد بڕووخێندرێت.
* باس لەوە دەكرێت كە لەگەڵ داكشانی قەڵەمڕەویی داعش لە سووریادا، ئەوا رۆژهەڵاتی سووریا دەبێتە گۆڕەپانی ركابەرییەكی جیوپۆلەتیكی كە هێزە جیهانییەكان و ئیقلیمییەكانیش هەوڵدەدەن دەستڕۆیشتوویی خۆیان لەم ناوچەیەدا بچەسپێنن، تا چەند لەگەڵ ئەم لێكدانەوەیەدا هاوڕان؟
- پێموایە روودانی ئەم ركابەرییە شتێكی حەتمییە. هەروەها دۆخەكە خۆی لە خۆیدا ئاڵۆزە، كە بوونی كورد و عەرەبی سوننە دەبنە هۆی ئاڵۆزتركردنی ناكۆكییەكە لەگەڵ رژێمی ئەسەد لە دیمەشقدا. بە هەمان شێوە كاراكتەر و گەمەكاری ئیقلیمیش هەن، وەك ئیسرائیل و توركیا و ئێران كە بەرژەوەندی دژبەیەكیان هەیە لەو وڵاتەدا. لەبەر ئەوە من پێشبینی دەكەم كە دۆخی ئاڵۆزی سووریا بەردەوام بێت.
* ئێوە ئاماژەتان بە وڵاتی توركیا كرد، ئایا توركیا تا چەند دەتوانێت لەسەر رەوتی رووداوەكانی سووریا كاریگەر بێت؟
- لە رووی مەبدەئییەوە توركیا دەتوانێت كاری زۆر ئەنجام بدات، بەڵام ئەو فاكتەرەی هەوڵەكانی توركیای ئاڵۆز كردووە، ئەوەیە كە توركیا زۆر نیگەرانە لە هەڵكشانی رۆڵی كوردی سووریا، كە هەمان ئەو نیگەرانییەشی هەیە لەبارەی سەربەخۆبوونی كوردەوە لە عێراقدا. لەبەر ئەوە ناكرێت وەك هێزێكی سەقامگیركار لە سووریادا پشت بە توركیا ببەسترێت.
* هەر لە پەیوەندی بە رۆڵ و سیاسەتی هێزە ئیقلیمییەكان ئاشكرایە لە ئێستادا ركابەرییەكی توند لە نێوان ئێران و سعودیەدا لەئارادایە، ئایا پێشبینییەكانت بۆ دەرهاویشتەی ئەم ركابەرییە چییە، ئایا سەردەكێشێت بۆ پێكدادان و روبەڕووبوونەوەی راستەوخۆ یاخود دەتوانین پێشبینی ئەوە بكەین كە ئاشتەواییەك لە نێوانیاندا بەدی دێت؟
- من باوەڕم بەوە نییە كە ئاشتەوایی لە نێوانیاندا بێتەدی، لە هەمان كاتدا باوەڕیشم بەوە نییە كە ئێران و سعودیە بكەونە رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ یەكتردا. سعودیە نیگەرانە لەبارەی دانیشتوانی شیعەی رۆژهەڵاتی وڵاتەكەی، لەگەڵ كاریگەریی هەڵكشاوی ئێران لە نێو وڵاتانی دیكەی كەنداو، كە هەوڵدەدات ئەوەندەی دەكرێت ئیحتیوای بكات، بەڵام رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان ئێران و سعودیەدا لە بەرژەوەندیی سعودییە نابێت و، بگرە مەترسیدار دەبێت بۆ ئەو وڵاتە. لەبەر ئەوە پێم وایە هەوڵدەدات كە رووداوەكان بەو ئەندازەیە لە كۆنتڕۆڵ دەرنەچن.
* باشە ئەی پێشبینییەكانت بۆ ئایندەی پەیوەندییەكانی ئەمریكا و ئێران و چین، كە ئێمە دەبیین ئیدارەی ترەمپ هەوڵدەدات سیاسەتێكی توندتر لە ئاست ئێراندا بگرێتەبەر، ئایا دەكرێت پێشبینی روودانی رووبەڕووبوونەوەی نێوان ئەمریكا و ئێران بكەین، یاخود لێكنزیكبوونەوە لە نێوانیاندا روودەدات؟
- لە نێو ئیدارەی ترەمپدا دابەشبوون هەیە لەبارەی چۆنییەتی مامەڵەكردن لەگەڵ ئێراندا، هەروەها لەنێو رای گشتی ئەمریكاشدا تێڕوانینی تێكەڵ هەیە لەبارەی ئێرانەوە. من باوەڕم وانییە بەم نزیكانە پەیوەندییەكانی نێوانیان –ئەمریكا و ئێران- بەرەوپێشبچێت و باشتر بێت، بەڵام لەلایەكی دیكەوە پێموایە بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا و ئێران لە شەڕی دژ بە داعش لە عێراق و تا راددەیەك لە سوریادا ناكۆك بە یەك نین.
* ئایا باشترین و خراپترین سیناریۆكان چین كە چاوەڕێی ئەم ناوچەیە دەكەن؟
- لە راستیدا باشترین و خراپترین سیناریۆ هەر هەمان شتن، واتە دەبێت چاوەڕێی بەردەوامبوون و درێژەكێشانی ناكۆكی ناوخۆیی بكەین كە دەرئەنجامی دەوڵەتی لاواز و دەستكردی ناوچەكەن.
