پەرلەمانتار شێخ شامۆ ئەندامی شاندی باڵای ریفراندۆم و سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی لالش بۆ گوڵان: دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان كلیلی چارەسەركردنی نەهامەتی و مەینەتییەكانی ئێمەیە
September 26, 2017
دیمانەی تایبەت
ئاشكرایە گەلی كوردستان بە سەرجەم پێكهاتەكانیەوە لەسەر دەستی حكومەتەكانی عێراق دووچاری ستەم و ناڕەوایەتی بۆتەوە، ئێزیدییەكانیش مێژوویەكی پڕ لە تراژیدیا و مەرگەساتیان هەیە، لە ئێستاشدا ئەو قەناعەتە لای ئێزیدییەكان دروست بووە كە دەتوانن لە چوارچێوەی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا بپارێزرێن و مافەكانیان دەستەبەر بكرێت، بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە چەند پرسیارێكمان ئاراستەی پەرلەمانتار شێخ شامۆ ئەندامی شاندی باڵای ریفراندۆم و سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی لالش كرد، لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.سەربەخۆیی كورستان بۆ كوردی ئێزیدی دووجار سەربەخۆییە، جارێك وەك ئایین و جارێكیش وەك نەتەوە
* هەموو پێكهاتەكانی كوردستانی لەم قۆناغە گرنگەی كوردستاندا پاڵپشتی و پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، ئایا بۆ ئێوە وەكو كوردانی ئێزیدی تا چەند گرنگە دەوڵەتی كوردستان رابگەیەندرێت؟
- مێژووی كورد بەگشتی و كوردی ئێزیدی بەتایبەتی شاهێدی ئەو تراژیدیا پڕ لە مەرگەسات و ئازارە گەورەیە بووە كە لەچوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا دووچاری بووین. كەواتە سەربەخۆیی كورستان بۆ كوردی ئێزیدی دوو جار سەربەخۆییە، جارێك وەك ئایین و جارێكیش وەك نەتەوەكە. ئەمە بۆتە دروشمێك و خەڵكی ئێمە لەسەر ئەو بنەمایە بیردەكەنەوە. ئەمەش نیشانەی ئەوەیە كە گرنگیی سەربەخۆیی بۆ ئێمە چەندە. چونكە لەگەڵ سەربەخۆییدا، یەكڕیزی جڤاكی و یەكپارچەیی خاكی ئێزیدییان دێتەپاراستن، هەروەها ئەمە دەبێتەهۆی تەواوكردنی سەنگ و سەربەخۆیی ئێزیدییەكان. لەلایەكی ترەوە سەربەخۆیی كوردستان زامنی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی كوردانی ئێزیدییە، چونكە تا ئێستا تەنیا 10%ی شنگال لەسەر كوردستانەو 90%ی سەر بە پارێزگای موسڵە.
* چۆن لە رۆڵی سەرۆك بارزانی دەڕوانیت لەم پرسەدا؟
- ئێزیدییەكان لە 26 ساڵی ئەزموونی رابردووی دەڤەری ئازادكراوەكانی ئێزیدی و 4 ساڵی ئازادكردنی دەڤەری نوێی كوردانی ئێزیدی گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتە كە سەرۆك بارزانی خاوەنی دۆزی ئێزیدییەكانە لە رووی سیاسی و نەتەوەیی و نیشتمانییەوە. لە مێژووی پڕ لە تراژیدیای ئێزیدییەكان چەندەها كۆمەڵكوژییان بەسەردا هاتووە، بەڵام لەو مێژووەدا هیچ سەرۆكێك شەڕی بۆ ئێمە نەكردووە و بە هانای ئێمەوە نەهاتووەو نەچۆتە پێشەوەی سەنگەر لەگەڵ پێشمەرگەدا بۆ رزگاركردنی خاكی ئێزیدی، بەڵام كاتێك سەرۆك بارزانی ئەم كارە دەكات، ئەوا ئەمە دەیسەلمێنێت كە خودی سەرۆك خۆی مایەی دڵنیایی و پشتڕاستكردنەوەیە بۆ ئەوەی ئێزیدییەكان ئایندەیەگی گەشیان هەبێت، كەواتە ئەوە بۆتە مەسەلەیەك كە گرێدراوی سایكۆلۆژیەتی ئێزیدییەكانە و پێیانوایە بە بێ بارزانی ژیانی ئەوان لە مەترسیدایە. تەنانەت ئەمە تێڕوانینی پێكهاتەكانی دیكەشە، چونكە ماف و ئازادیی پێكهاتەكان لە ناخی ئەودا بەرجەستەن. هەروەها دەستەبەركردنی ماف و ئازادیی پێكهاتەكانی دیكە و هێنانەدی پێكەوەژیان نەك لە ئێستادا، بەڵكو لەسەردەمی باوكی سەرۆكیشدا لەئارادا بوو، واتە لە سایەی دادپەروەریی بارزانیی نەمردا پێكهاتەكان، لە نێویاندا ئێزیدییەكان ئاسوودە بوون و لەو كاتەدا گیانی خۆبەختكردن بۆ خاك و گیانی پێكەوەژیان بەهێز و پتەو بوو، ئێستاش ئاڵاهەڵگری ئەو پێكەوەژیانە سەرۆك بارزانی-یە و بەرگری و بەرەڤانی لە هەموو پێكهاتەكان دەكات و ئەوەی سەرۆك بارزانی بۆ ئێزیدی كردووە، لە مێژوودا هیچ كەسێكی دیكە نەیكردووە. كێ شنگالی لە دەستی داعشی دڕندە رزگاركرد؟ بێگومان سەرۆك بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەكان بوون. ئەی كێ بوو دیلەكانی ئێزیدی لە دەستی داعش رزگار كرد؟ بێگومان ئەویش سەرۆكی حكومەت نێچیرڤان بارزانی بوو كە كاری بۆ كرد و باوەشی بۆ ئێزیدییەكان دەكردەوەو پێشوازی لێدەكردن، ئەگەر كوردستانی ئازاد و خەڵكی شەرفمەندی كوردستان نەبووایە كە خاوەنی هۆشیاری نەتەوەییە و لەم رووەوە بە ئەركی ئەخلاقیی خۆی هەستا، كارەساتی گەورەتریش رووی دەدا، بۆیە ئێزیدییەكان گەیشتوونەتە قەناعەت كە كوردستان و جەنابی سەرۆك بەدیلیان نییە.
* سەرۆك بارزانی لە دواكۆبوونەوەیدا لەگەڵ دانیشتووانی دەشتی نەینەوا باسی لەوە كرد كە چارەنووسی دەشتی نەینەوا خەڵكەكەی دیاری دەكات؛ دید و تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- پەیامی سەرۆك بارزانی لەپرسی سەربەخۆییدا بۆ پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی دەشتی نەتەوا ئەوەیە: ئێوە ئازادن لەگەڵی دەبن یان نا. ئەگەر لەگەڵ سەربەخۆییدا بوون، ئەوا سەرجەم ماف و ئازادییەكانتان لە دەستووردا دەچەسپێندرێت و دەپارێزرێت. بۆیە بە دڵنیاییەوە نەك تەنیا كوردی ئێزیدی، بەڵكو هەموو پێكهاتەكانی تری دەشتی نەینەوا بە پێكهاتەی عەرەبیشەوە بەدیلی كوردستانیان نییە، لەبەر ئەوەی بۆ ئەوان كوردستان پێگەیەكی ئارام و نەوای دڵنیاییە.
* ئایا لە حاڵەتی سەربەخۆیی كوردستاندا بە چ شێوەیەك دەبێت مافی ئێزیدییەكان لە دەستوردا بچەسپێندرێت؟
ئێستاكە متمانەو باوەڕێكی گەورە لەنێوان كوردانی ئێزیدی و سەرۆك بارزانی و سەركردایەتی سیاسیی كوردستان هەیە، كە ئێستا نە دەوڵەت هەیە نە دەستووریش، سەرەڕای ئەوەش جەنابی سەرۆك لە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆمدا پێشنیاری كرد بەڵگەیەك،/ یا دیكۆمێنتێك لەنێوان سەركردایەتی سیاسیی كوردستان و پێكهاتە كوردستانییەكان واژوو بكرێت، تاوەكو لەكوردستانێكی ئازاددا گەرەنتی مافێكی زیاتر بەپێی داخوازی و تایبەتمەندێتی ئەو پێكهاتانە هەبێت، هەر یەكێكیش لەو پێكهاتانە داواكاری و مافی خۆی پێشكەشی لێژنەی تایبەتی شاندی باڵای ریفراندۆم كردو بڕیارە ئەو بەڵگەنامەیە، یان لەلای سەركردایەتی سیاسیی كوردستان، یاخود لەلای پەرلەمانی كوردستان بەشێوەی بەڵگەنامەیەكی یەكگرتوو بۆ هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان پەسەند بكرێت. ئەمەش دەستپێكی دروستكردنی متمانەیە لە نێوان كوردستان و پێكهاتەكانی ئەو ناوچانە، بۆ نموونە شنگال لە رووی ئیدارییەوە سەربەخۆ دەبێت، ئیدی ببێتە پارێزگا، یان هەرێمێك، واتە خۆی كاروبارەكانی خۆی لە رووی رۆشنبیری و جڤاكی و رووەكانی دیكەوە بەڕێوە دەبات و دامەزراوەكان بە دەست ئێزیدییەكان خۆیانەوە دەبێت، ئەمە بۆ پێكهاتەكانی دیكەش راست دەبێت.
* كەواتە لەگەڵ كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان؛ ئێوە تا چەند بوونی یەكڕیزی و تەبایی لە نێو گەلی كوردستاندا بە گرنگ دەزانن؟
- كاراكردنەوەی پەرلەمانی كوردستان هەنگاوێكی لە جێی خۆی بوو، چونكە ئەوە ئەركێكی نیشتمانی سەركردایەتی سیاسی و جەنابی سەرۆك بوو، گرنگییەكەشی لەوەدا بوو كە ئەم دەزگایە زۆر گرنگ بوو كە كارا كرایەوەو دواتریش پەرلەمان پێشوازی لە بڕیاری ڕیفراندۆم كردو پەسەندی كرد و كۆمسیۆنی هەڵبژاردی راسپارد كە ئامادەكاری بكەن بۆ ریفراندۆم.
* لەقۆناغی داهاتوودا لەدوای پرۆسەی ریفراندۆم و دەنگدان بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئێوە داواكاریتان چییە بۆ ئاوەدانكردنەوەی ناوچەی دەشتی نەینەوا؟
- ئێمە جارێ داواكارین چارەنووسی ئەم ناوچانەمان بۆ یەكلا بكرێتەوەو دواتر داخوازیی ترمان دەبێت، ئێمە لەو بەڵگەنامەیەی پێشكەشی لیژنەی باڵای ریفراندۆم و سەركردایەتی سیاسیی كوردستانمان كردووە، باسمان لە چۆنیەتی ئاوەدانكردنەوەو قەرەبووكردنەوەی دەڤەرەكەمان كردووە، ئەوەش ئەركێكی ئاسایی و سروشتی حكومەتی كوردستانە كە هاوكاریی نێودەوڵەتی بەدەست بهێنێت بۆ ئاوادەنكردنەوە و گەڕاندنەوەی ژیان بۆ ئەو ناوچانە دوای ئەوەی كە چارەنووسیان یەكلاكرایەوە.
* ئایا تا چەند حكومەتی عێراقی ناوچەكانی ئێوەی فەرامۆش كردووەو بەرامبەر كەیسی ئێوە خەمسارد بووە؟
- لە راستیدا هەر لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە كوردانی ئێزیدی خۆشی لەم وڵاتە نەبینیوە، كە ئێستا ئەوە 100 ساڵ تێپەڕیوە، شنگال كە بڕبڕە و پشتی ناوچەی ئێزیدییەكانە و لە دوای ئەوە دەبێتە قەزا و تا ساڵی 2003، 46 قایمقامی هەبوو كە هیچیان نە كورد بوون، نە خەڵكی شنگال بوون، بەپێچەوانەی لە دوای ساڵی 2003وە و دوای ئەوەی ئەزموونی هەرێمی كوردستان لە شنگال جێبەجێ كرا، ئەوا تا ئێستا شەنگال سێ قایمقامی هەبووە، كە هەرسێكیان خەڵكی شنگال و كوردی ئێزیدی بوون. ئەمە خۆی لە خۆیدا بەڵگەیەكی زیندووە كە عێراق چۆن لە ئێزیدی دەڕوانێت، لە ناو پەرلەمانی عێراقیش مافی ئێزیدی پێشێلكراوە، لە دەستپێكی پەرلەمانی عێراقدا كوردی ئێزیدی تەنیا 1 كورسیی كۆتای پێ درا، بەڵام لەناو هاوپەیمانی كوردستانی 6 كورسیمان پێدرا لەناو پەرلەمانی عێراق، هەروەها لەناو لیستی هاوپەیمانی نەینەواش لە كۆی 12 كورسی 8 كورسی درا بە كوردی ئێزیدی. كەواتە ئەمە بەڵگەی ئەوە بوو كە لە عێراقدا ستەم لە ئێزیدی كرا، لە كاتێكدا رێگە نەدرا لە كوردستان ئەم ستەمە لە ئێزیدی بكرێت. لەلایەكی ترەوە پێش كارەساتەكەی شنگال و دواتریش سەرجەم دەڤەری كوردانی ئێزیدی پەراوێزخراوەو پرۆژە خزمەتگوزارییەكان تێیدا لە ئاستێكی زۆر نزمدا بوو، ماوەی سێ ساڵە شنگال و تەواوی دەڤەرەكە ئازاد كراوە، حكومەتی عێراق هیچ كارو پرۆژەیەكی خزمەتگوزاریی جێبەجێ ناكات، لەكاتێكدا گیارەو شرگات ئازاد كرا راستەوخۆ عێراق پرۆژەو خزمەتگوزارییەكانی گەڕاندەوە. هەروەها لە كەیسی ژینۆسایدی كوردانی ئێزیدی و رفاندنی ئێزیدیش هیچ هەڵوێست و هەنگاوێكی پراكتیكی نەناوە، راستە عێراق ئەندام نییە لە دادگای لاهای نێودەوڵەتی، بەڵام رێگاش نادات بەو دادگایە كە لێكۆڵینەوە لەو كەیسە بكات، كوردستان لێژنەیەكی بڵندی ژینۆسایدی دامەزراندووە، بەڵام لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی عێراق سەروەریی هەر ماوە، ئەمەش كێشەیەكی مەزنە. هەر بۆیە دەڵێین ئەگەر دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان هاتەئاراوە، ئەوا ئەمە دەبێتە كلیلی چارەسەری هەموو ئێش و ئازار و مەینەتی و نەهامەتییەكان.
