ستێڤن بیدڵ تایبەتمەندی كاروباری نێودەوڵەتی گوڵان: لە عێراقدا هەلومەرجێك لەئارادایە كە بێ متمانەیی باڵی بەسەردا كێشاوە
September 13, 2017
دیمانەی تایبەت
ستیڤن بیدڵ توێژەری باڵایە لە بواری سیاسەتی بەرگری لە ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە و پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و كاروباری نێودەوڵەتییە لە زانكۆی جۆرج واشینتۆن. لە ساڵی 2007دا لە تیمی هاوبەشی هەڵسەنگاندنی ستراتیژی ژەنەڕاڵ پەترایۆس لە بەغدا كاری كردووە، هەروەها راوێژكاری باڵای تیمی هەڵسەنگاندنی فەرماندەیی ناوەندی ژەنەڕاڵ پەترایۆس بووە لە واشنتۆن لە ساڵی 2008-2009دا. لە میانەی دیمانەیەكدا كە تەوەرەكانی بریتی بوون لە بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئایندەی عێراق و پرسی حوكمڕانی و دابەشكردنی دەسەڵات لەم وڵاتەدا، گوڵان چەند پرسیارێكی ئاڕاستەكرد و ئەویش بەم شێوەیە تێڕوانینەكانی خۆی خستەڕوو.دەستێوەردانی ئێران بارودۆخی سیاسیی عێراقی ئاڵۆز كردووە
* با لە پرسیارێكی گشتییەوە دەست پێبكەین، چۆن لە دۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانیت؟
- لە راستیدا ئەوەی بەدی دەكرێت درێژەكێشانی ئەو كێشانەیە كە تا ئێستا چارەسەر نەكراون.
* ئەی هۆكاری درێژەكێشانی ئەم كێشانە بۆچی دەگەڕێننەوە؟
- من هۆكارەكە بۆ نەبوونی مۆدێلێكی حوكمڕانی دەگەڕێنمەوە كە جێی رەزامەندی بەشێكی بەربڵاوی خەڵك بێت، وەك ئەو مودێلە حوكمڕانییە خراپەی لە عێراق و سووریادا بەدی دەكرێت.
* ئەی چۆن لە پرسی داڕووخانی دەسەڵات و دامەزراوەكانی دەوڵەت دەڕوانێت لە هەندێ وڵاتی ئەم ناوچەیەدا، بەتایبەتی لە دوای هاتنەئارای بەهاری عەرەبی؟
- ئەگەر ئێمە بگەڕێینەوە بۆ مۆدێلی حوكمڕانیی پێشوو، ئەوا ئەمانە مۆدێلی دەوڵەتێكی پۆلیسی بوون كە لە رێی سەركوتكارییەوە سەقامگیرییان دەپاراست، ئەمەش بۆ ماوەیەكی زۆر درێژەی كێشا، بەڵام لە كۆتاییدا ناڕەزایەتی خەڵك تەقییەوەو ئەو حكومەتانەش شكستیان هێنا، كە هێشتا سیستمێكی دیكەی حوكمڕانییش جیێ نەگرتوونەتەوە، كە تاوەكو بونیادێكی حوكمڕانییش جێیان نەگرێتەوە كە بەشێكی بەربڵاوی خەڵك قبوڵ بكەن، ئەوا كێشە و توندوتیژییەكان بەردەوام دەبن.
* ئێوە پێشتر لە عێراقدا و لە تیمی هەڵسەنگاندنی ژەنەڕاڵ پەترایۆس كارتان كردووە، چۆن لە ئایندەی عێراق دەڕوانن؟
- پێموایە باشترین ئومێد بۆ عێراق ئەوەیە رێككەوتنی دابەشكردنی دەسەڵات بێتەئاراوە كە سەرجەم گروپە ئیتنی و تایفەگەرییەكان رێككەون لەسەر ئەوەی رێز لە مافەكانی یەكتر بگرن و دەسەڵات و داهات لەگەڵ یەكتردا بەش بكەن، هەرچەندە ئەمەش كارێكی زەحمەتە. حكومەتەكەی مالیكی حكومەتێكی سەركوتكار بوو لە ئاست سوننەكاندا، ئەمەش هۆكارێك نەبوو بۆ باشتربوونی بارودۆخەكە. پێموایە حكومەتەكەی عەببادی تا راددەیەك مەیلی دابەشكردنی دەسەڵاتی هەیە، بەڵام رووبەڕووی كێشەی جددی دەبێتەوە لە پەیوەندی بە هاوسەنگیڕاگراتنی ناوخۆیی لەگەڵ پارتە شیعەكانی دیكەدا، كە بۆچوون و تێڕوانینی توندتریان هەیە لە ئاست غەیرە شیعەكاندا. بەڵام لە ئێستادا زەحمەتە بزانین ئایا عەببادی سەركەوتوو دەبێت لە هێنانەئارا و راگرتنی ئەو هاوسەنگییە ناوخۆییە.
* ئایا گەشبینی بە سەرگرتنی ئەم رێككەوتنی دابەشكردنی دەسەڵاتە؟ ئەگەر پرسیارەكەش بە شێوەیەكی دیكە بكەین ئایا بەربەستی سەرەكی لە بەردەم گەیشتن بە رێككەوتنێكی لەم چەشنە لە عێراقدا چییە؟
- بە بۆچوونی من ئاستەنگی سەرەكی بریتییە لە نەبوونی متمانە لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكاندا، واتە هیچ یەكێكیان متمانە بەوی دیكە نییە. ئەوەی زیاتر دۆخەكەی ئاڵۆز كردووە لەم رووەوە دەستێوەردانی ئێرانە لە بەرژەوەندیی هەندێ لایەنی شیعە. لەبەر ئەوە كێشە سەرەكییەكە ئەوەیە لە سەروەختی شەڕێكی ناوخۆیی، وەك ئەوەی لە عێراقدا روویداوە، متمانە نامێنێت و گەڕاندنەوە و بنیادنانەوەی ئەو متمانەیەش كاتێكی زۆری دەوێت. ئێمە دەزانین كە پێش بنیادنانەوەی ئەم متمانەیەش ئەمریكا هێزەكانی لە عێراقدا كشاندەوە، ئەمەش ئەركێك و تەحەددییەكی یەكجار قورسی خستۆتە سەر شانی سیاسەتمەدارە عێراقییەكان، چونكە ئەوان لە هەلومەرجێكدا حوكمڕانی دەكەن كە بێ متمانەیی باڵی بەسەردا كێشاوە.
* باست لەوە كرد كە بەر لە دروستبوونی متمانە لە نێوان پێكهاتەكانی عێراقدا ئەمریكا هێزەكانی لەم وڵاتەدا كشاندەوە، ئایا هەڵگرتنی هەنگاوەكانی بنیادنانەوەی متمانە لە عێراقدا پێویست بە جێگیركردنی هێزێكی ئەمریكی دەكات لەم وڵاتەدا؟
- باوەڕم وایە سوپای ئەمریكا دەتوانێت هاوكار و یارمەتیدەر بێت ئەگەر حكومەتی عێراق بیەوێت، بەڵام پێموایە باشترین رۆڵ كە ئەمریكا بتوانێت ببینێت لەم رووەوە- كە دەبێت ئەویش لە شێوەی هێزی ئاشتیپارێزدا بێت- بریتییە لە هاوكاریكردن بۆ دووبارە گەڕاندنەوە و بنیادنانەوەی متمانە، كە رەنگە ئەمەش پێویستی بە ژمارەیەكی زیاتری سەرباز دەبێت وەك لەوەی ئەمریكا ئامادەیە بینێرێت.
* مەبەستتان لەوەیە كە ئەمریكا رۆڵی ناوبژیوانی ببینێت لە نێوان پێكهاتەكانی عێراقدا و هاوكار بێت لە پرۆسەی ئاشتەوایی بەتایبەتی لە نێوان شیعە و سوننەدا؟
- پێموایە پێویستە ئەمریكا ئەو رۆڵە ببینێت و لەو باوەڕەدام ئەمریكا دەتوانێت بە شێوەیەكی كاریگەرتر ئەم رۆڵە ببینێت ئەگەر بێتو هێزێكی گەورەی ئاشتیپارێز لە وڵاتەكەدا جێگیر بكات.
* لە وەڵامەكانی پێشوودا باست لە دەستێوەردانی ئێران كرد بۆ بەرژەوەندی هەندێ لایەنی شیعە كە ئەوە بۆتە هۆی زیاتر ئاڵۆزكردنی بارودۆخەكە، پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند ئێران توانیویەتی پەرە بە دەستڕۆیشتوویی خۆی بدات لە عێراقدا، بەتایبەتی لە رێی بەكارهێنانی میلیشیا شیعەكانەوەو تا چەند كاریگەرە بەسەر پرۆسەی بڕیارسازی و داڕشتنی سیاسەتەوە لە عێراقدا؟
- بە دڵنیاییەوە ئێران دەیەوێت هێزەكانی حەشدی شەعبی بەكار بهێنێت بۆ ئەوەی پرۆسەی سیاسی لە عێراقدا بە چەشنێك ئاڕاستە بكات كە خۆی دەیەوێت و لە بەرژەوەندیی خۆی بێت. بەڵام ئەوەش راستە كە حكومەتی عێراقی دەستڕۆیشتوویی ئێران بەكار دەهێنێت بۆ دروستكردنی پارسەنگی و هاوسەنگییەك لەگەڵ ئەمریكادا، مەبەستم ئەوەیە دەیەوێت لە رێی ئەم هاوسەنگییەوە دەستڕۆیشتویی ئەمریكا یان ئێران كەم بكاتەوە. بەڵام من لەو باوەڕەدا نیم ئێران لە پێگەیەكدا بێت كە دەرئەنجامێكی سیاسی دیاریكراو بەسەر عێراقدا بسەپێنێت، راستە ئێران بە چەشنێك لە عێراقدا دەستڕۆیشتووە كە جێی رەزامەندی ئێمە نییە. بەڵام لە عێراقیشدا حكومەتێك هەیە كە هاوڕا نییە لەگەڵ سەرجەم سیاسەتەكانی ئێرانداو بگرە كاریگەریی ئەمریكا بەكار دەهێنێت بۆ كەمكردنەوەی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە وڵاتەكەدا.
* بەڵام پێتوانییە بوونی حەشدی شەعبی دەبێتە هۆی ئەوەی جارێكی دیكە یاخیبوونی سوننە دروست ببێتەوە؟
- بەڵێ، پێموایە و ئەمەش بەشێكە لە كێشەی دابەشكردنی دەسەڵات، كە ئەگەر بێتوو نەتوانرێت جڵەوی هێزەكانی حەشدی شەعبی بكرێت، ئەوا ترس و نیگەرانی سەرهەڵدانی یاخیبوونی سوننە دێتەئاراوە، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی سوننەكان كەمتر ئامادەی سازشكردن بن لەسەر سەرجەم ئەو پرسانەی كە پێویستن بۆ هێنانەئارای دەرئەنجامێكی سەقامگیر.
* ئێوە چەند جارێك ئاماژەتان بە پێویستی گەیشتن بە رێككەوتنی دابەشكردنی دەسەڵات كردو بە باشترین دەرئەنجامتان لەقەڵەمدا بۆ ئایندەی عێراق، بەڵا لە هەمان كاتدا چەند بیرۆكەیەكی دیكە خراونەتەڕوو لەم بارەیەوە، وەك دابەشبوونی نەرم و ئیدارەدانی دابەشكردنی عێراق، پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند ئەگەری ئەوە هەیە عێراق دابەش بێت بۆ سێ دەوڵەتی سەربەخۆ؟
- ئەگەری دابەشبوونی عێراق لەئارادایە، بەڵام ئەمە دابەشبوونێكی ئاشتییانە نابێت، كێشەكە ئەوەیە بەشە سوننەكە بنكەیەكی ئابووری نییە بۆ ئەوەی بتوانێت لەسەر پێی خۆی بوەستێت، لەبەر ئەوە سوننە بەرهەڵستی ئەمە دەكات و قبوڵی ناكات. پرسی رێككەوتنی كوردو شیعە، یان دابەشبوونیان مەسەلەیەكی دیكەیە، چونكە زەحمەتە وێنای ئەوە بكەین كە سوننە رازی بێت. كە ئەگەر هەموو لایەكیش پێی رازی نەبوون، ئەوا دووچاری شەڕێكی بەردەوام دەبیت. كەواتە پرسیارەكە ئەوەیە ئایا دابەشبوونی كێشە راستەقینەكانی وڵاتەكە چارەسەر دەكات، كە من پێم وانییە چارەسەریان بكات.
* بە دڵنیاییەوە ئێوە ئاگادارن كە كورد بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی داوە، كە ئاشكرایە كورد و سەركردایەتی كورد ئەوە دووپات دەكەنەوە كە ئەزموونی شەراكەت و فیدڕاڵی لە عێراقدا شكستی هێناوە و جگە لە رێگەی سەربەخۆیی هیچ رێگاچارەیەكی دیكەیان لەبەردەمدا نەماوە، را و بۆچونی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- لە راستیدا من لە تووڕەیی و نائومێدی سەرجەم پێكهاتەكان- بە كورد و عەرەب و شیعەوە- تێدەگەم، چونكە حكومەتی ئێستای عێراق لە چەندین رووەوە كەموكوڕی زۆری هەیە. لەبەر ئەوە پێموایە تاكە چارەسەری ئاشتییانە و سەقامگیر و درێژخایەن بریتییە لە بوونی حكومەتێكی كارا كە لەسەر بنەمای متمانە پێكهێنرابێت كە دەسەڵات دابەش بكات، من پێموایە ئەگەر ئەمە لە بەغدا نەیەتەدی، ئەوا مەترسیی هاتنەئارای شەڕ دێتەئاراوە. كە ئاشكرایە ئێمە خوازیاری ئەوەین حكومەتێكی سەقامگیر بێتەئاراوە لەسەر بنەمای دابەشكردنی دەسەڵات، لە بری دروستبوونی شەڕ.
* پێتوایە هەڵوێستی ئەمریكا لە ئاست ئەنجامدانی ئەم ریفراندۆمەدا چی دەبێت؟
- من پێموایە ئەمریكا بەردەوام هانی عێراقێكی یەكگرتوو دەدات لەسەر بنەمای دابەشكردنی دەسەڵات، كێشەكەش ئەوەیە زۆر زەحمەتە بتوانین پێشبینی ئەوە بكەین كە ئایا سەرۆكی ئەمریكا چ هەڵوێستێكی دەبێت و چ بڕیارێك دەدات و هەر هەوڵدانێكیش بۆ مەزەندەكردنی ئەوەی سەرۆك چی دەكات، هەوڵێكی بێهوودە و بێ ئاكام دەبێت. چونكە زۆر بە باشی تاوتوێی بڕیارەكانی ناكات و لە ماوەیەكی زۆر كورتدا بڕیارەكانی دەگۆڕێت. لەبەر ئەوە وەك رێسایەكی گشتی من دوودڵم لەوەی مەزەندەم هەبێت لەبارەی بڕیار و هەڵوێستەكانیەوە.
* هەروەك دەزانن بەم دواییە سەركەوتنی گەورە و بەرچاو بەدیهات لە شەڕ دژ بە داعش لە عێراقدا، بەڵام زۆر كەس پێیانوایە ئەمە كۆتایی شەڕەكە نییەو كێشەكە بەوە چارەسەر نابێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كۆتاییهێنان بە داعش پێویستی بەوە هەیە لە سووریاش ئەم رێكخراوە تێكبشكێنرێت، كە ئێمە دەزانین ئەوان لە ساڵی 2014دا لە سووریاوە هاتن، یاخود دەبێت تەركیز لەسەر كێشە ناوخۆییەكانی عێراق بكرێتەوە؟
- بۆچوونی من ئەوەیە داعش دەرهاویشتەی كێشەكەیە، نەك هۆكارەكەی، ریشەی كێشەكە لە نەبوونی مۆدێلێكی حوكمڕانیدایە كە بواری بەشداریی سیاسی بۆ سەرجەم لایەنە سیاسیەكان بڕەخسێنێت، ئەمە لە بنەڕەتدا هۆكاری هەڵكشانی داعش بوو. داعشیش چارەسەر نەبوو بۆ ئەم كێشەیە، مەبەستم ئەوەیە دەركەوت كە ئەوانیش خاوەنی مۆدێلێكی حوكمڕانی نین كە بتوانێت بوار بۆ بەشداریكردنی سیاسی و گەشەكردنی ئابووری بەدی بێنێت، هەر لەبەر ئەمەشە كە ئەوەتا خاك لەدەست دەدەن، لەبەر ئەوەی نەیانتوانی بە شێوەیەكی كارا حوكمڕانی بكەن. بەڵام ناشكرێت بڵێین لەبەر ئەوەی مۆدێلەكەی ئەوان سەركەوتوو نەبووە، ئەوا هەر لە دوای لەناوچوونیان مۆدێلێكی سەركەوتوو دێتەئاراوە. لەبەر ئەوە من مەزەندەی ئەوە دەكەم كاتێك رەققە رزگار كرا و داعش لەو شارەدا دەركرا، ئەوا شەڕێكی ناوخۆیی دێتەئاراوە.
* كەواتە پێتوایە تەنیا تەركیزكردن لەسەر لایەنی سەربازی سەركەوتنێكی كورتخایەن و لەرزۆكی لێدەكەوێتەوە؟
- بەڵێ، ئەمە راستە.
* واتە هاوڕایت لەگەڵ ئەوەدا كە دەبێت ئەمە هاوشان بێت بە چارەسەرێكی سیاسی درێژخایەن؟
- ئەوەش راستە، بەڵام ئێمە نازانین لەم ساتەوەختەدا ئەو چارەسەرە سیاسییە درێژخایەنە چۆن دەبێت.
* وا دیارە جۆرێك لە رەشبینیت پێوە دیارە لەبارەی ئەوەی ئەم شەڕە بەم زووانە كۆتایی پێ بێت؟
- ئەمە راستە، بەڵام لە كۆتاییدا ئەمە بەندە بە بڕیاری عێراقییەكانەوە، چونكە دەبێت خەڵكەكە بڕیار بدات لەبارەی ئەوەی چ مۆدێلێكی حوكمڕانی سەركەوتوو و كارایە. واتە ئەگەر خەڵكێكی زۆر لە عێراقدا بەردەوام بە گومان و بێمتمانەییەوە لە یەك بڕوانن و پێداگیری بكەن لەسەر گرتنەبەری رێگای خۆیان لەبەر ئەوەی پێیانوایە ئەوانی دیكە رێز لە مافەكانیان ناگرن، ئەو كاتە دوچاری شەڕ دەبن لەگەڵ یەكدا.
