د.سیروان كەركووكی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و كەسایەتی ئایینی و ناسراوی كەركووك بۆ گوڵان: داوا دەكەم سەرۆك بارزانی سەردانی كەركووك بكات و راشكاوانە گەرەنتی بە پێكهاتە جیاوازەكانی بدات
September 12, 2017
دیمانەی تایبەت
كەركووكی دڵی كوردستان بڕیاری داوە هاوشانی تەواوی ناوچەكانی كوردستان لە رۆژی 25ی ئەیلوول بەشداری گشتپرسی بكات و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدات، خەڵكی كەركووك و تەواوی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، چاوەڕێی ئەوەن رۆژێك زووتر دەنگ بدەن و ببنەوە بە بەشێك لە خاك و دەوڵەتی كوردستان، بۆ قسەكردن لەسەر پرۆسەی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی كوردستان و تایبەتمەندیەكانی كەركووك، ئەم دیمانە تایبەتەمان لەگەڵ د.سیروان كەركووكی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی عێراق و كەسایەتی ئایینی و ناسراوی شاری كەركووك ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.ئەوانەی دژی سەربەخۆیی كوردستانن خزمەتی بەلاشی مالیكی و قەیس غەزعەلی دەكەن
* ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بڕیاریدا كە بەشداری پرۆسەی ریفراندۆمی كوردستان بكات، ئەم بڕیارەی ئەنجومەن چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- بڕیاری بەشداریكردنی كردنی كەركووك لە پرۆسەی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان، بڕیارێكی مێژوویی گرنگ بوو بۆ كەركووك، خەڵكی كەركووك بە شێوەیەكی گشتی بە جیاوازی نەتەوەو ئایینەوە خوازیاری ئەوەن كەركووك بگەڕێتەوە سەر كوردستان و بەشێك بێت لە دەوڵەتی كوردستان، لێرەدا دەخوازم سەبارەت بە هەڵوێستی عەرەب و توركمان بەتایبەتی قسە بكەم، عەرەب و توركمانی كەركووك ئەوانەی كە پەیوەندییان بە حزبە سیاسییەكانەوە نییە، هەر هەموویان دەیانەوێت كەركووك بەشێك بێت لە كوردستان، بەڵام هەندێك لە حزبە سیاسییەكانی عەرەب و توركمان هانی ئەو خەڵكانە دەدەن كە لە دەورپشتیانن دژی پرۆسەی ریفراندۆم بوەستنەوە، بەڵام ئەوانە كەمینەن و ناتوانن كاریگەری لەسەر پرۆسەكە دروست بكەن. خەڵكی كەركووك بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە لە دوای ساڵی 2003وە ئەو راستییەی بۆ دەركەوتووە كە بێجگە لە كارەسات و نەهامەتی هیچ سوودێكی لە حكومەتی ناوەندی بەغدا نەبینیوە، هەر بۆیە بڕیارەكەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركووك بۆ بەشداریكردن لە ریفراندۆم هەموو خەڵكەكەی دڵخۆش كردووەو دەزانن كاتێك لە25ی ئەیلوولی ئەمساڵ كەركووكییەكان بڕیار دەدەن ببنە بەشێك لە كوردستان لەو هەموو نەهامەتی و دەدرەوسەرییە رزگاریان دەبێت كە بەدەستی حكومەتی ناوەندی بەغداوە بینیویانە.
* ئایا بەشێوەیەكی فەرمی هەڵمەتی پرۆسەی ریفراندۆم لە كەركووك دەستی پێكردووە بۆ دروستكردنی جۆش و خرۆشێك بۆ رۆژی 25ی ئەیلوول؟
- بەڵێ، ئەو لایەنانەی راسپێردراون بۆ ئەوەی دەست بە هەڵمەتەكە بكەن، دەستیان بە كارەكانی خۆیان كردووە، خۆشتان دەزانن ئەمە سەرەتای هەڵمەتی ریفراندۆمە بۆیە رۆژ لە دوای رۆژ هەڵمەتەكە گەرمتر دەبێت.
* ئاشكرایە چارەنووسی كەركووك ئامانجی هەموو شۆڕشەكانی كوردستان بووە، وا ئێستا كەركووك خۆی بۆ بڕیاردان ئامادە دەكات، ئایا تاچەند گرنگە لە هەموو كوردستانەوە پشتگیری هەڵمەتی ریفراندۆمی كەركووك بكرێت؟
- زۆر گرنگە لەم ماوەیەدا هەموو دەزگاكانی راگەیاندنی كوردستان قورسایی خۆیان بخەنە سەر كەركووك و تەواوی ئەو ناوچانەی كە پێشتر داگیركرابوون، من هەرگیز بەو ناوچانەم نەگوتووە ناوچە دابڕاوەكان یان ناوچەی كێشە لەسەر، بەڵكو ئەو ناوچانە پێشتر داگیركرابوون و ئێستا بە خوێنی پێشمەرگەی كوردستان ئازاد كراونەتەوە، بۆیە سروشتی ئەم ناوچانە بەوجۆرەیە بێجگە لەكورد پێكهاتەی دیكەش لەوناوچانە لەگەڵ كورد پێكەوە دەژین، لەساڵانی رابردوو و لەسایەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئەوە سەلمێندراوە كە پێشمەرگە پارێزەری هەموو نەتەوە و ئایینە جیاوازەكانی ئەو ناوچانە بووە و هەروەها عەرەبی سوننەی عێراق لە هەر شوێنێكی عێراق كەوتبێتە بەر هەڕەشە پەنای بۆ كوردستان هێناوە، ئەوجا یان رووی كردۆتە هەولێر و كەركووك، یان شارەكانی دیكەی كوردستان، بەڵام لە ئێستادا گرنگە جارێكی دیكە لەگەڵ عەرەب و توركمان راشكاوانە قسە بكەین و گەرەنتی ئەوەیان بدەینێ كە ئەوان لەناو كوردستاندا پارێزراو دەبن و بەهەموو مافەكانی خۆیان شاد دەبن، هەروەها دەبێت ئەو خەڵكە عەرەب و توركمانە بگەیەنینە قەناعەت، ئەوەی چەند حزبێكی توركمانی و عەرەبی دژی ریفراندۆم لە كەركووك دەیكەن لەبەرژەوەندی ئەوان نییە و مانەوە وەك بەشێك لەگەڵ ناوەند بێجگە لە كارەسات و نەهامەتیی زیاتر هیچ بەرهەمێكی دیكەی نابێت.
* ئایا بە رای تۆ راگەیاندنەكانی كوردستان بەچ شێوەیەك ببنە پاڵپشتێكی گەورە بۆ هەڵمەتی ریفراندۆمی كەركووك؟
- لەسەر ئاستی سیاسی و پاراستنی ژیانی هەموو نەتەوە و ئایینەكانی كەركووك و ناوچەكانی دیكە لە خانەقین هەتا شنگال، كوردستان زۆری پێشكەشی نەتەوە و ئایینە جیاوازەكان كردووە و لەبەرامبەریشدا ئەو نەتەوەو ئایینە جیاوازانە زۆر كارەسات و نەهامەتییان بەسەر ئەو خەڵكە هێناوە، بەتایبەتیش عەرەب و توركمانی كەركووك، بەڵام بەداخەوە ئەم لایەنە زۆر بەگەرمی جێگەی بایەخی راگەیاندنەكانی كوردستان نەبووە، من لێرەدا ئاماژە بەچەند نموونەیەك دەكەم، لە مانگی نیسانی 2013 كاتێك خەڵكی حەویجە دەستیاندایە خۆپیشاندان و مانەوە لە گۆڕەپانەكاندا، ئایا حكومەتی مالیكی چۆن مامەڵەی لەگەڵ كردن لەگەڵ ئەوەی خەڵكی حەویجە بەوە رازی بوو كە سوپا و پۆلیس بێنە ناو شارەكە، بەڵام هێزەكەی مالیكی چووە ناو حەویجە و دەستی بە قەتلوعامی خەڵك كرد، نزیكەی 50-60 گەنجی عەرەبی سوننە بە برینداری كەوتنە دەستی هێزەكانی مالیكی، بەڵام دواتر هەموویان رەمی كران و فیشەك بە سەر و دڵیانەوە نرابوو، ئەمە بێجگە لەوەی بە هەزارانی دیكە لە عەرەبی سوننە بە بیانووی جیاواز بەندكراون و لەسێدارە دراون، یان هەڕەشەیان لێكراوە و بەناچاری روویان لە كوردستان كردووە، پاشانیش كە شەڕی داعش دەستی پێكرد، ئەو عەرەبانەی لەو ناوچانە بوون كە نزیك بوون لە كەركووك وەك ریاز و حەویجە هەموویان روویان كردۆتە كەركووك و لەناو كەركووك پێشوازی كراون، ئەمە بێجگە لە عەرەبی ناوچەكانی دیكە كە لەشارەكانی دیكەی عێراقەوە روویان كردۆتە كەركووك، بۆیە پێویستە بەم راشكاوییە قسە لەگەڵ عەرەبی كەركووك بكرێت و لە راگەیاندنەكانەوە بایەخی تەواویان پێبدرێت.
* ئایا تاچەند گرنگە مسعود بارزانی سەرۆكی كوردستان سەردانی كەركووك بكات و راشكاوانە لەگەڵ پێكهاتە جیاوازەكان كۆببێتەوە و گەرەنتییان بداتێ؟
- ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگە، بێجگە لە جەنابی سەرۆك بارزانی دەبێت لەم ماوەیەدا بەشێوەیەكی گشتی هەموو سەركردەی حزبەكان بەردەوام سەردانی كەركووك بكەن، زۆر گرنگە ئەگەر هەتا رۆژی 25ی ئەیلوول سەرۆك بارزانی چەند جارێك سەردانی كەركووك بكات بۆ ئەوەی ئەوان هەست بەوە بكەن كە لە كوردستاندا ستراتیژیەتێك هەیە خەمی ئەوانیش دەخوات، سیاسەتێك هەیە كە دوای ئەوەی ماوەی 14 ساڵە لەلایەن حكومەتی ناوەندییەوە فەرامۆشكراون، ئێستا ئەو سیاسەتە بیر لە ئایندە و چارەنووسی ئەوانیش دەكاتەوە، بەڕێز كاك مسعود بارزانی بۆخۆی تەئكیدی لەسەر ئەوە كردۆتەوە دەبێت بەرامبەر نەتەوەو ئایینە جیاوازەكان سەخی و دەستكراوە بین، بۆیە داوای لێدەكەین لەم ماوەیەدا بەڕێزی بۆ سەردانیكردنی كەركووك سەخی بێت و چەند جارێك سەردانی كەركووك بكات، بۆ ئەوەی دڵنیایی تەواو بداتە پێكهاتەكانی كەركووك و گەرەنتییان بداتی ئەو نەهامەتی و كارەساتەی لەسەر دەستی حكومەتی ناوەندی دووچاری بوونەوە، لە كوردستاندا دووچاری نابنەوە.
* مەبەستت ئەوەیە سەرۆك بارزانی لەمیانەی سەردانەكانی بۆ كەركووك زیاتر بایەخ بە پێكهاتەكانی غەیرە كورد بدات؟
- بەڵێ، هەر دەبێت بایەخ بەوان زیاتر بدرێت لەبەر ئەوەی ئەوان پێویستیان زیاتر بە دڵنەوایی و گەرەنتی هەیە، دەبێت ئەوان لەوە تێبگەن بوونی كەركووك بە بەشێك لە دەوڵەتی كوردستان لەبەرژەوەندی ئەواندایە، بۆیە دەبێت راشكاوانە قسەیان لەگەڵ بكرێت و خواست و داواكاریان گوێی لێبگیرێت، راستە ئێمەومانان دەتوانین پەیامی سەرۆك بارزانی بە ئەوان بگەیەنین، بەڵام ئەوان ئەگەر راستەوخۆ ئەوەیان لە سەرۆك بارزانی گوێ لێبێت، كاریگەری زیاتر دەبێت، ئەمەش دروست وەك ئەوە وایە ئێمە چۆن باسی گەرەنتی دەكەین، كاتێك دێتە سەر پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، ئەوا بەهەمان شێوە گرنگە ئێمەش راستەوخۆ لە رێگەی كاك مسعود بارزانی گەرەنتیی تەواو بە پێكهاتەكانی دیكەی غەیرە كورد بدەین.
* سەرۆك بارزانی لەمیانەی دیدارەكانی لەگەڵ چین و تویژە جیاوازەكانی كوردستان ئاماژەی بەوە كردووە كە ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم پێشنیاری ئەوەی هەیە كە كۆماری كوردستان، كۆمارێكی فیدڕاڵی بێت، ئایا ئەمە خۆی لە خۆیدا گەرەنتی نییە بۆ ئەو پێكهاتانە؟
- ئەم هەنگاوە باشترین فاكتەرە وەك گەرەنتی بۆ پێكهاتە جیاوازەكان، لەبەر ئەوەی ئەگەر ئەوان دڵنیابن لەوەی كە دەستووری كوردستان گەرەنتی مافی ئەوان دەدات، ئەوا ئەوان خۆیان دێنە ناو پرۆسەكەو بەشداری گشتپرسییەكە دەكەن، پاشانیش ئەوان دڵنیا دەبن كە ستەمیان لێ ناكرێت، خۆیان دەبنە خاوەنی بڕیاری خۆیان، راشكاوانەتر واتە بڕیاری شارەكە دەكەوێتە بندەستی خۆیان و خۆیان بڕیار بەدەست دەبن، ئەوجا ئەگەر دوای ئەوە هەر كەموكورتییەك رووبدات، ئەوا ئەوان لە دادگای فیدڕاڵیی كوردستان شكات دەكەن و دەبێت دەستوور و یاساكانی كوردستان بەرگرییان لێ بكات و رێگە نەدات غەدریان لێ بكرێت، بۆیە دووبارەی دەكەمەوە پیادەكردنی سیستمی فیدڕاڵی لە كۆماری كوردستاندا گەرەنیتە بۆ هەموو پێكهاتەكان.
* باس لەوە دەكرێت كە هەوڵێك هەبێت بۆ ئەوە حەشدی شەعبی مەترسی لەسەر ئاسایشی كەركووك دروست بكات، ئایا تاچەند ئەم مەترسییە بوونی هەیە؟
- بیگومانم لەوەی كە رۆڵە قارەمانەكانی كەركووك هەرگیز نەترساون و ناشترسن، پێشتریش لە كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكاندا خەڵكانێك هەبوون كە هەوڵیانداوە خەڵكی كەركووك بترسێنن، بەڵام هیچیان پێنەكراوەو كاریگەرییان نەبووە، بەڵام پرۆسەی ئەمجارەی ئەنجامدانی ریفراندۆم جیاوازە و پێویستە ئێمە زۆر بە رێكوپێكی بەڕێوەی بەرین و هەوڵبدەین هیچ كەسێك ئیستفزاز نەكەین و دەبێت زۆر هێمنانە چاودێری پرۆسەكە بكەین بۆ ئەوەی بە سەركەوتوویی بەڕێوە بچێت، لە هەمانكاتدا گرنگیشە كە ئامادەكاری بۆ هەموو ئەگەرێك بكەین، دڵنیاشم حیسابی ورد بۆ هەر ئەگەرێكی چاوەڕواننەكراو كراوە، پێشمەرگەش لە ئامادەباشیدایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر ئەگەرێك ئەگەر خوانەخواستە رووبدات.
* بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان زۆر گرنگە، بۆ ئەم مەبەستە یەكێتی نیشتمانی كوردستان هەوڵێكی زۆری خستەگەڕ بۆ ئەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان رازی بێت بەوەی كە پەرلەمان بەبێ مەرج كارا بكرێتەوە، دیارە پارتی رازی بوو هەموو مەرجەكانی خۆی لابەرێت، بەڵام لەبەرامبەردا بزووتنەوەی گۆڕان كۆمەڵێك مەرجی دیكەی ریز كردووەو لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی رێگرن لەوەی ئەو یەكڕیزییە دروست ببێت، خوێندنەوەتان بۆ ئەم هەڵوێستەی گۆڕان و كۆمەڵ چییە؟
- ئەم هەڵوێستەی گۆڕان و كۆمەڵ بێجگە لە عیناد و تەعەنووت شتێكی دیكە نییە، پێموایە لە روانگەی خۆیانەوە ئەوان وا مەزندە دەكەن پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی بە تەنیا پرۆسەی پارتی دیموكراتی كوردستانە، ئەمەش بە هەڵەداچوونێكی گەورەی هەردوو لایەنی گۆڕان و كۆمەڵ پیشاندەدات، لەبەر ئەوەی یەكەم ئەم پرۆسەیە پرۆسەی سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییەكان و سەرجەم خەڵكی كوردستانە، دووەم ئەم عینادی و تەعەنووتەی ئەوان خزمەت بە دوژمنانی كوردستان دەكات، بەتایبەتی ئەوانەی ئێستا لە بەغداوە بە قەڵەم و بە چەك وەك گرووپەكانی قەیس غەزعەلی و مالیكی و مەهدی موهەندیس كە هەڕەشە لە كوردستان دەكەن، بۆیە من سەرم لەوە سوڕماوە و زۆر لەخۆم دەپرسم و دەڵێم، بڵێی لەناو هەردوو لایەنی كۆمەڵ و گۆڕان كەسێكیان نەبێت ئاقڵانە بیربكاتەوە، بەڵام پێدەچێت ئەمانە ئاخرشەڕ بن، چاویان ئەم پرۆسە پیرۆز و جوانە بۆ سەربەخۆیی نابینێت و دەیانەوێت ئەم پرۆسەیە بە ئاقارێكدا بەرن كە دوژمنانی كوردستان بڵێن كورد ناتوانیت ناوماڵی خۆی رێكبخاتەوە، بۆیە بەدڵنیاییەوە دەڵێم ئەوان دووچاری زەرەرێكی گەورە دەبن و لە مێژووی سیاسیی خۆیاندا ئەو شكستە تۆمار دەكەن و ئێستاش روویان لەو شكستە كردووە و دەتوانم بڵێم جەماوەری خۆشیان بەو هەڵوێستەی سەركردەكانیان رازی نین.
* باست لە عیناد و تەعنووتی بزووتنەوەی گۆڕان كرد، ئایا پێتوانییە كە بەشێك لەم عینادییەی گۆڕان دەگەڕێتەوە بۆ موراعاتی گۆڕان لەلایەن یەكێتی و نەرمی نواندنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە؟
- بە دڵنیاییەوە بەشێكی زۆری ئەو عینادییە دەگەڕێتەوە بۆ موراعاتی یەكێتی بۆ گۆڕان و نەرمی نواندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەوان بەو جۆرە سەیری خۆیان دەكەن ئەگەر ئەو دوولایەنە زۆر چوونە لایان وەك لاوازی بەرامبەر سەیری دەكەن و ئێستا ئەوان زۆر پێویستیان بە گۆڕان و كۆمەڵ هەیە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەمە گەورەیی پارتی و یەكێتی دەردەخات و ئەوە پیشاندەدات ئەم دوو حزبە چەند بە لێبووردەیی و دڵفراوانییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم بارودۆخە دەكەن و دەیانەوێت هەموو لایەك لەم پرسە گرنگ و مێژووییەدا بەشداری بكات، بەڵام بەداخەوە ئەوان بەوجۆرە ئەو هەڵوێستانە ناخوێننەوە.بۆیە من پێشبینی دەكەم لە هەڵبژاردنی داهاتوودا خەڵكی كوردستان سزای گۆڕان و كۆمەڵ دەدات و جارێكی دیكە ئەو دەنگانەی پێشتر ناهێننەوە. بەتایبەتیش دوای ئەوەی پرۆسەی ریفراندۆم سەركەوتن بەدەست دەهێنێت، ئیدی ئەوان ناتوانن خەڵك وەك رابردوو چەواشە بكەن.
* ئەو ژینگە سیاسییە نالەبارەی بەهۆی سیاسەتی هەڵەی گۆڕان لە سلێمانی دروست بووە، بۆتە هۆكاری ئەوەی ئێستا لەو شارەدا گروپێك دروست بێت كە بانگەشە دژی سەربەخۆیی كوردستان بكەن، پرسیار ئەوەیە ئایا چیمان لە عێراق دەست كەوتووە كەوا ئەو تاقمە دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن؟
- من ئومێد دەخوازم هەتا رۆژی 25ی ئەیلوولی داهاتوو ئەو تاقمە سەرلێشێواوە هۆشیان بێتەوە و بێنەوە بەرەی گەلی كوردستان و دەنگ بە سەربەخۆیی بدەن، زۆر بەداخەوەم خەڵكانێك هەبن لە كوردستان بژین و ئاوا بیربكەنەوە، بۆیە ئەگەر بە هۆش خۆیان نەیەنەوە ئەوا زەرەرمەندی گەورە دەبن و پاشانیش مێژوو رەحم بە كەس ناكات، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكە ئەو پرسیارەی كردت زۆر راستە، باشە با پێمان بڵێن، ئێمە چیمان لە عێراق دەستكەوتووە وا ئەوان دژی سەربەخۆیی كوردستانن؟ بۆیە دەبێت ئەوەیان بیربخەینەوە كە بە درێژایی مێژوو بە جیاوازی هەموو حكومەتەكانی عێراقەوە بەشی خەڵكی كوردستان لەگەڵ عێراق بریتی بووە لە ئەنفال و كیمیاباران و راپێچكردنی لاوەكانمان بۆ بەندیخانە و لە سێدارەدانیان بووە، ئێستاش ئەگەر لەگەڵ عێراق بمێنینەوە، هەمان چارەنووسمان دەبێت و هەمان كارەساتەكانی رابردوو دووبارە دەبنەوە.
* ئایا ئەو خەڵكانە لەناو كەركووكیش بوونیان هەیە كە دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن؟
- لە كەركووكدا ئەو جۆرە خەڵكە كاریگەری نابێت، لەبەر ئەوەی لە هەڵبژاردنەكانی پێشوودا خەڵكی كەركووك دەنگی بە گۆڕان نەداوە، بۆیە ئەوان لای كەركووكیان كاڵبوونەتەوە، بۆیە ئەوان لەوانەیە بتوانن كاریگەری لەسەر هەندێك كەسی كەمی لایەنگری خۆیان بكەن، بەڵام كاریگەرییان لەسەر خەڵكی كەركووك نابێت.
* با دوایین پرسیارمان ئەوە بێت، ئایا لە ئێستاوە هەتا 25ی ئەیلوول، د.سیروان چۆن ئامادەكاری بۆ رۆژی گشتپرسی دەكات؟
- خۆتان دەزانن، مردن و ژیان بەدەست خوایە، بۆیە زۆر خەمی ئەوەمە رۆژی 25ی ئەیلوول نەبینم، بۆیە من حەزم دەكرد ئەمڕۆ 25ی ئەیلوول بوایە بۆ ئەوەی بچوومایە دەنگم بە بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدایە، من ئومێدی ئەوە دەخوازم كە كۆمسێونی باڵا رێگەم بدات بە خوێنی خۆم بنووسم بەڵێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، هەروەها حەزدەكەم بڕیارێك دەربچێت دوای دەنگدانمان بە بەڵێ هەر دیكیۆمێنتێك پەیوەندی بە عێراقەوە هەبێت، بیسووتێنن، بۆ ئەوەی بە زووترین كات لە عێراق رزگارمان بێت، هەروەها داوا دەكەم لە ئەمڕۆوە هەموو كەسێك لەسەر ماڵەكەی خۆی ئاڵای كوردستان هەڵبكات، وەك پێشوازی لە رۆژی گشتپرسی كە 25ی ئەیلوولی داهاتووە.
