سەربەست لەزگین بریكاری وەزیری پێشمەرگە بۆگوڵان: هاوكاری و هەماهەنگیی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و ناكەوێتە ژێر كاریگەریی پرسێكەوە كە لە بنەڕەتدا پرسێكی دیموكراتییە
August 28, 2017
دیمانەی تایبەت
ئاشكرایە هێزی پێشمەرگەی كوردستان رۆڵی بەرچاو و كاریگەری هەبووە لە شەڕی دژ بە داعشدا، ئەمەش وایكرد هەرێمی كوردستان ببێتە چەقی قورسایی لەم شەڕەداو بووە هۆی ئەوەش هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا ئەم رۆڵەی پێشمەرگە بەرز بنرخێنن و بە چاوی رێزەوە لێی بڕوانن. ئێستاش دوای ئەوەی داعش لە لێواری تێكشكاندایە و دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان بێ ئومێد بووە لەوەی حكومەتی عێراق خواست و ویستی چارەسەركردنی كێشەكانی هەبێت، بڕیاری دا كە تاكە ڕێگاچارە بریتییە لە هەنگاوهەڵگرتن بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كە هەموو ئەم پەرەسەندنانە بوونە هۆی ئەوەی وڵاتانی گەورەی جیهان بایەخ بەم پرسە بدەن، دیارترینیان سەردانی وەزیری بەرگری ئەمریكا- ژەنەڕاڵ جەیمس ماتیس- بە یاوەری -برێت مەكگۆرك- نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بوو بۆ كوردستان. ئەمانە بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ سەربەست لەزگین بریكاری وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لێرەدا دەقەكەی بڵاو دەكەینەوە.سەرۆك بارزانی بە شاندی ئەمریكای راگەیاند ریفراندۆم لەكاتی خۆی ئەنجام دەدەرێت
یان دەبێت گەرەنتی نێودەوڵەتی بە كوردستان بدرێت
ئاشكرایە هێزی پێشمەرگەی كوردستان رۆڵی بەرچاو و كاریگەری هەبووە لە شەڕی دژ بە داعشدا، ئەمەش وایكرد هەرێمی كوردستان ببێتە چەقی قورسایی لەم شەڕەداو بووە هۆی ئەوەش هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بە سەرۆكایەتی ئەمریكا ئەم رۆڵەی پێشمەرگە بەرز بنرخێنن و بە چاوی رێزەوە لێی بڕوانن. ئێستاش دوای ئەوەی داعش لە لێواری تێكشكاندایە و دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان بێ ئومێد بووە لەوەی حكومەتی عێراق خواست و ویستی چارەسەركردنی كێشەكانی هەبێت، بڕیاری دا كە تاكە ڕێگاچارە بریتییە لە هەنگاوهەڵگرتن بۆ سەربەخۆیی كوردستان، كە هەموو ئەم پەرەسەندنانە بوونە هۆی ئەوەی وڵاتانی گەورەی جیهان بایەخ بەم پرسە بدەن، دیارترینیان سەردانی وەزیری بەرگری ئەمریكا- ژەنەڕاڵ جەیمس ماتیس- بە یاوەری -برێت مەكگۆرك- نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش بوو بۆ كوردستان. ئەمانە بوونە تەوەری دیدارێكی گوڵان لەگەڵ سەربەست لەزگین بریكاری وەزیری پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە لێرەدا دەقەكەی بڵاو دەكەینەوە.
* سەردانی جیمس ماتیس وەزیری بەرگری ئەمریكا و بریت ماكگۆرك نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش و كۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆكی هەرێمدا گرنگی و بایەخی تایبەتی هەیە، چونكە ئەم سەردانە هاوكات بوو لەگەڵ بڕیاری هەرێمی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆیی؛ دەكرێت بزانین لەو كۆبوونەوەیە باسی چی كرا؟
- لە راستیدا ئەنجامدانی ئەم كۆبوونەوەیە زۆر زۆر گرنگ بوو، ئەوە یەكەمجارە وەزیری بەرگری ئەمریكا لە ئیدارەی نوێی ئەو وڵاتە سەردانی كوردستان دەكات، كە شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستان و دواتر لەلایەن خودی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بە فەرمی پێشوازییان لێكراو كۆبوونەوەیەكیان ئەنجامدا كە بۆ ماوەی دوو كاتژمێر درێژەی كێشا. جیمس ماتیس وەزیری بەرگری و بریت ماكگۆرك نوێنەری -نێردراوی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش- و شاندێكی دیكە كە پێكهاتبوون لە باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و كونسوڵی گشتی ئەمریكا لە هەولێر و چەند ئەفسەرێكی باڵای سوپای ئەمریكا لە كۆبوونەوەكە ئامادەبوون كە لەماوەی ئەو دوو كاتژمێرەدا، بیروبۆچوونیان دەربارەی پرسە هەنووكەییەكانی كوردستان و عێراق و سووریاو ئەفغانستان و ناوچەكە بەگشتی ئاڵووێر كرد. لایەنی ئەمریكی سوپاس و پێزانینیان هەبوو بۆ رۆڵی هەرێمی كوردستان بەتایبەتی رۆڵی پێشمەرگەو قوربانییەكانی پێشمەرگە، وا دیارە بەڕێز جیمس ماتیس لەساڵی نەوەتەكانەوە ئاگاداری بارودۆخی كورد و كوردستان بووە و زانیاریی زۆری هەیە لەسەر بارودۆخی كوردستان و رێزێكی زۆری هەیە بۆ خەباتی خەڵكی كوردستان. هەر لە كۆبوونەوەكەدا باسی دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكە كرا، بەتایبەتی پەرەسەندنە سەربازییەكان، وەكو پڕۆسەی رزگاركردنی موسڵ كە ئەنجامدرا و ئێستا پڕۆسەی رزگاركردنی تەلەعەفەر بەردەوامە، هەروەها باسی پرسی ریفراندۆم كرا، كە ئاشكرایە ئەولەوییەتی سەرەكی و بەپەلەی ئەمریكا لە ناوچەكەدا شەڕی داعشەـ ئەمە سەبارەت بە ئێمە و هێزی پێشمەرگەش هەروایە، ئەوان وا پێشبینی دەكەن، ئەنجامدانی ریفراندۆم لە ئێستادا رەنگە ببێتە مایەی ئاڵۆزی و كاریگەری لەسەر شەڕی داعش دروست بكات، هەر لەبەر ئەمەش بوو دەیانویست لە كۆبوونەوەكەدا بیروبۆچوون و تێڕوانینەكان ئاڵوگۆڕ بكرێت و گفتوگۆ بكرێت لەسەر لایەنی سەربازی و بارودۆخی ناوچەكە بەگشتی. جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر راشكاوانە و بە دوورودرێژی بیروبۆچوون و سیاسەتی هەرێمی كوردستانی بۆ روون كردنەوە، ئەوانیش بە سنگفراوانییەوە بیروبۆچوون و رای جەنابی سەرۆك بارزانی-یان وەردەگرت.
هەمووشیان تەئكیدیان لەوە دەكردەوە كە ئەنجامدانی ریفراندۆم مافی هەموو گەلێكەو مافی گەلی كوردستانیشە، بەڵام تەنیا هەندێك بۆچوونی جیاوازیان هەبوو كە پەیوەست بوو بە كاتی ریفراندۆمەكەوە، ئەویشیان گرێ دەدایەوە بە شەڕی داعشەوە. لەم كۆبوونەوەیەدا بەڕێز سەرۆك بارزانی، هەروەها بەڕێزان كۆسرەت رەسوڵ و قوباد تاڵەبانی بیروبۆچوونی باشیان خستەڕوو بۆ شاندەكەی ئەمریكا و باسیان لەوە كرد كە ریفراندۆم هیچ كاریگەرییەك لەسەر شەڕی داعش دروست ناكات لەم هەلومەرجەی ئێستادا. ئەوەش خرایەڕوو كە رەنگە بارودۆخەكە بەو شێوەیە نەبێت كە ئەوان تێی دەگەن. هاوكات جەخت لەسەر ئەوە كرایەوە كە رێگای گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ بەغدا بەردەوام بێت و، ئەوە روون كرایەوە كە ئەنجامدانی ریفراندۆم بە مانای ئەوە نییە كە هەموو شتێك كۆتایی هاتووە و هەموو پەیوەندییەك لەگەڵ بەغدا و لایەنەكانی دیكە دەپچڕێنرێت. بەڵكو پێش ریفراندۆم و پاش ریفراندۆمیش گفتوگۆ و دیالۆگ لەسەر هەموو كێشەكانی نێوان بەغدا و كوردستان دەكرێت. سەرۆك بارزانی زۆر تەئكیدی كردەوە كە پێویستە بە شێوازی لێكتێگەیشتن و دانوستاندن و دیالۆگی ئاشتییانە لەگەڵ بەغدا بگەینە ئەنجام. لەم چوارچێوەیەدا حزبەكانی كوردستان بڕیاری ریفراندۆمیان داوەو رۆژی 25ی ئەیلوولیان بۆ ئەنجامدانی دیاریكردووە و لەو رۆژەشدا ئەنجامی دەدەین، ئەم بەروارە گۆڕانكاری بەسەر نایەت، تەنیا لەیەك حاڵەتەدا نەبێت ئەویش ئەوەیە دەبێت گەرەنتی نێودەوڵەتی بە شاهیدی وڵاتان دەستەبەر بكرێت بۆ ئەوەی لەماوەیەكی دیاریكراودا هەوڵبدرێت ئەو كێشە كەڵەبووانەی چەند ساڵی رابردوو لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكرێن، هەرچەندە باوەڕیش ناكەین ئەو كێشانە بە ئاسانی چارەسەر بكرێن، بۆیە گەلی كوردستان بڕیاری ئەوەی داوە راپرسی بكرێت و گفتوگۆش لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای ئەوە بێت كە ئێمە ببینە دوو دراوسێی باش و هاوپەیمان بین بۆ یەكتری و پشتگیری لەیەكتر بكەین و ئەو پرسانەی كە هاوبەشە لەنێوانماندا رێككەوتنیان لەسەر بكەین. چونكە ئەمە باشترە لەوەی ئێمە بێین و ئەزموونێكی شكستخواردوو دووبارە بكەینەوە، كە ئۆباڵی ئەو شكستەش دەكەوێتە ئەستۆی عێراق، چونكە ئەوە ئەوان بوون كە دەستووریان پێشێل كردووەو، خۆیان گرێبەستی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقیان جێبەجێ نەكردووە، كە بنەماكەی دەستووری عێراقە. بۆیە دەتوانم بڵێم بە شێوەیەكی گشتی كۆبوونەوەكە زۆر باش بوو و تێگەیشتنێكی باش لەنێوان شاندی ئەمریكاو كوردستان دروست بوو. هەروەها لەپاشان وەزیری دەرەوەی توركیاش سەردانی كوردستان كرد. ئێمە ئەم دانوستاندن و دیالۆگانە بە كارێكی باش دەزانین بۆ ئەوەی ئەوان شتێكی هەڵەیان لا دروست نەبێت، سەبارەت بە ریفراندۆم و ئایندەی كوردستان. كە بۆچوونی ئێمە ئەوەیە ئەگەر كوردستان بەهێزو ئارام بێت، ئەوە بۆ توركیا و ئیران و بۆ هەموو ناوچەكە و بۆ رۆژئاواو بۆ ئەمریكاش باشە.
* دیارە حكومەتی عێراق پێشێلكارییەكی گەورەی دەستووری كردووە لەبەرامبەر هەرێمی كوردستاندا، وەك بڕینی بوودجەی پێشمەرگەو پڕچەككردنی هێزی پێشمەرگە، ئایا لەو كۆبوونەوەیەدا باسی هاوكارییە سەربازییەكانی ئەمریكا بۆ هێزی پێشمەرگە كرا؟
- لە راستیدا ئەوان پێشمەرگە بە هاوپەیمانێكی سەرەكیی خۆیان دەزانن و ئەوەیان لەبەرچاوە كە پێشمەرگە چ رۆڵێكی هەبووە و، ئەم رۆڵەی پێشمەرگەش بەرز دەنرخێنن. لەبەر ئەوە باوەڕ ناكەم ئەمریكا و هاوپەیمانان كە شەڕی دژی داعش دەكەن، كارتێكی بەهێزی وەكو كوردستان لەدەست خۆیان بدەن، بەڵكو باوەڕم وایە ئەو هاوكاری و هەماهەنگییە بەردەوام دەبێت و هەستمان نەكردووە كە كاریگەرییەكی خراپ لەسەر ئەو هەماهەنگییە هەبێت، بەپێچەوانەوە و ئیش و كارەكان بەباشی بەڕێوەدەچن و بەردەوامن. كە ئێمە بینیمان پاش گەڕانەوەی وەزیری بەرگری ئەمریكاش، خودی پنتاگۆن بەیاننامەیەكی بڵاوكرەوە كە تێیدا زۆر ستایشی رۆڵی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان و هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگەو ئەمریكای كراوە.
* واتە لایەنی ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پێشكەشكردنی هاوكارییەكانی بۆ هێزی پێشمەرگە؟
- لە راستیدا ئەوان بەرنامەیان هەیە و بەرنامەكەشیان درێژخایەنە و دوو لیوای وەزارەتی پێشمەرگە لەلایەن ئەمریكا مەشق و راهێنانیان پێكراوە و پڕچەك كراون و میزانییەی گەورەشی لەلایەن ئەمریكاوە بۆ تەرخانكراوە، ئەمەش بۆ هاوكاری هێزی پێشمەرگەو پێگەیاندنی ئەو دوو لیوایەی پێشمەرگەیە. ئێستا بەرنامەیان هەیە لە ساڵی داهاتوو دوو لیوای دیكە دروست بكەن، كە بۆی هەیە دوای ئەوەش بەرنامەی دیكەیان هەبێت و درێژە بەو سیاسەتە بدەن. بە بۆچوونی من هاوكاری و هەماهەنگیی هاوپەیمانان بۆ هێزی پێشمەرگە بەردەوام دەبێت و ناكەوێتە ژێر كاریگەریی پرسێك كە پرسێكی دیموكراتییە و مافی هەموو گەلێكە و باوەڕ ناكەم دژی ئەو مافە بوەستنەوە، نە ئەمریكاو نە وڵاتانی دیكە، واتە ئەو وڵاتانەی كە باسی دیموكراسیەت و مافی مرۆڤ دەكەن، هەموویان ئەم هەنگاوە و بڕیارەی گەلی كوردستان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم بە شتێكی ئاسایی دەزانن.
* لەگەڵ بەهێزبوونی هێزەكانی حەشدی شەعبی خەریكە رۆڵی سوپای عێراق كەم دەبێتەوە، لەمەش زیاتر هێزەكانی حەشدی شەعبی وەكو هێزێكی چەكداری مەزهەبی مامەڵە دەكەن و تا دێت هەژموونی وڵاتانی ناوچەكە بەسەر عێراقدا زیاتر دەبێت، ئایا سەبارەت بەم مەسەلەیە لەگەڵ شاندی باڵای وەزارەتی بەرگری ئەمریكا گفتوگۆ كرا؟
- بەڵێ، ئەوەش باسكرا و باسی كاریگەری و هەژموونی وڵاتان لەسەر عێراق كرا. ئەوەش دیارە كە خەریكە حەشدی شەعبی دەبێتە خاوەن بڕیار و دەسەڵات لە عێراقدا و بگرە وردە وردە رۆڵی سوپا كەم دەبێتەوە و رۆڵی حەشدی شەعبی زیاد دەبێت. بەڵام لێرەدا دەبێت ئەو پرسیارە لە حوكمڕانیی عێراق بكەین كە بۆچی ئەو هەموو ئەزموون و رابردووە پڕ ئازایەتی و قارەمانیەتییەی پێشمەرگە لەلایەن ئەوانەوە لەبەرچاو نەگیراوە، كە تەنانەت فاكتەرێكی سەرەكی بووە لە بونیادنانی ئەوەی پێی دەڵێن عێراقی نوێ؟ بەڵام حكومەتی عێراق ئەوە چەندین ساڵە هیچ حیسابێكی نە لە بوودجە، نە لە خەرجی سیادی بۆ هێزی پێشمەرگە نەكردووە. لە راستیدا حكومەتی عێراق هەر نایانەوێت باسی پێشمەرگەش بكەن، كەچی دەبینین لە ماوەیەكی كورتدا توانییان بوودجە بۆ حەشدی شەعبی تەرخان بكەن و لە پەرلەمانیش یاسای بۆ دەربكەن. بەمشێوەیە حەشدی شەعبی ئێستا لە عێراق بۆتە هێزێك و لەژێر هەژمونی خەڵكی دیكەدایە، واقیعەكەش ئەوەیە كە ئێستا لە ناو حكومەتی عێراقیشدا بیروباوەڕی جیاواز هەیە لەسەر حەشدی شەعبی، بۆ نموونە عەبادی قسەی باش دەكات و پەیوەندییان لەگەڵ جەنابی سەرۆكی كوردستان زۆر باشە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە تا چەند دەتوانێت بڕیارەكانی خۆی جێبەجێ بكات و ئایا كاریگەری قسەو بڕیارەكانی عەبادی چەندە لەسەر سیاسەت و بارودۆخی عێراق، ئەگەرچی لە هەقیقەدا ئەمە بابەتێكی دیكەیە. بەڵام بە شێوەیەكی گشتی بارودۆخی ناوچەكە باش نییە، هەر بۆیە زۆر جار جەنابی سەرۆك جەخت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە چاوەڕوانكردن لەم بارودۆخەدا مایەی كارەساتە بۆ هەرێمی كوردستان، بۆیە پێویستە هەرێمی كوردستان بڕیاری خۆی بدات و خۆی لەم بارودۆخە ئاڵۆزە بە دوور بگرێت.
* پێش ماوەیەك وەزیری بەرگری ئێران هەڕەشەی لە هەرێمی كوردستان كردو وەزارەتی پێشمەرگەش وەڵامی دایەوە، ئایا چۆن ئەم هەڕەشانە لێكدەدەنەوە و ئایا ئەمە دەستتێوەردان نییە لەناو كاروباری ناوخۆی وڵاتێكی دراوسێ؟
- لە راستیدا بە شێوەیەكی فەرمی وەڵامی ئەو قسانە درانەوەو زۆرجار ئەو حاڵەتانە دروست دەبن كە خەڵكێك بێن قسە بكەن، یان راگەیاندراوێك بڵاو بكرێتەوە، كە بە دڵنیاییەوە ئەمانە دەچنە خانەی دەستتێوەردان لە كاروباری ناوخۆی كوردستان، بۆیە سروشتییە وەڵامیشیان بدرێتەوە، وەزارەتی پێشمەرگەش بەردەوام وەڵامی هەبووە. هەرچەندە ئێمە نازانین چی كراوە. بەڵام هەر هەنگاوێك كە مایەی دەستتێوەردان بێت لە كاروباری هەرێمی كوردستان، ئەوا مافی خۆمانە كە هەڵوێستی خۆمان و وەڵامی خۆمان هەبێت.
* لەم رۆژانەدا ئۆپەراسیۆنی دەستپێكردنی رزگاركردنی تەلەعەفەر دەستی پێكردووە، ئێوە چۆن لەم ئۆپەراسیۆنە دەڕوانن و پێشبینییەكانتان لەبارەی ئاكام و كاریگەرییەكانی چین؟
- بێگومان بارودۆخی تەلەعەفەر زۆر هەستیارە، خەڵكانێك هەن شارەكەیان بەجێهێشتووەو رایانكردووە، بەشێكیان هاتوونەتە كوردستان و هەندێكیان چوونەتە سووریا و وڵاتانی دیكە و هەندێكیشیان هەر لەوێ ماون. بە چەشنێك ئەگەر بەراوردی دانیشتووانی ئێستای تەلەعفەر بكەیت بە ساڵانی 2009 و 2010، ئەوا ژمارەی خەڵكەكە زۆر كەم بۆتەوە. شیعەكان چوونەتە ناوچەكانی دیكەی شیعەنشین، یان بوونەتە بەشێك لە هێزەكانی حەشدی شەعبی و گرووپی تایبەت بە خۆیان دروستكردووە لە ناو ئەم هێزەدا. سوننە هەندێكیان بوونەتە داعش و كردەوەی خراپیان ئەنجام داوەو، بەشێكیشیان لە تەلەعەفەر و ناوچەكە رایانكردووە و بەشێكی كەمیش لەوێ ماون. لەهەقیقەتیشدا چاوەڕوان دەكرێت كێشەی گەورە رووبدات، ئەوەی ئێمە لێی دەخوێنینەوە ئەوەیە كە زەحمەتە شیعە و سوننە لە یەك شوێنێكدا پێكەوە ئیدارە بكەن. پێش داعشیش ئێمە ئاگاداری بارودۆخی تەلەعەفەر بووین كە چۆن دەیان جار تەقینەوەی گەورە گەورە تێیدا روویدەدا. ئەو كاتە من بەرپرسی لقی یەك بووم لە دهۆك لە ساڵی 2007 تاكو 2010، ئەوا هەندێ جار بە یەكجار زیاتر لە 100 برینداریان دەهێنایە نەخۆشخانەكانی دهۆك و زاخۆ چارەسەریان بۆیان دەكردن كە منداڵ و ئافرەتیشیان تێدابوو، واتە بە شێوەیەكی زۆ دڕندانە شیعە و سوننە كەوتبوونە گیانی یەكتر و كاری تەقینەوەو كوشتنیان لە دژی یەكتر ئەنجام دەدا. بۆیە باوەڕناكەم ئەو برینانە ساڕێژ ببن، چونكە هەروەك ئێوەش دەزانن ئەوە مەسەلەیەكی مێژووییە لە نێوان شیعە و سوننەدا و زۆر ناكۆكی قووڵ هەیە.
* هەندێك لەوانەی دژی ئەنجامدانی ریفراندۆمن باس لەوە دەكەن ئەگەر هەرێمی كوردستان بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی بچێت، كوردستان رووبەڕووی هێرش و هەڕەشە دەبێتەوە، ئایا تا چەند ئێوە خۆتان بۆ ئەو ئەگەرە ئامادە كردووە؟
- سوپاس بۆ خوا لە ئێستادا هێزی پێشمەرگەی كوردستان زۆر زۆر بەهێزترە بە بەراورد بە سەرەتای شەڕی داعش، چونكە لە سەرەتادا و ئەو كاتەی كە داعش هێرشی هێنایەسەر كوردستان، هێزی پێشمەرگە ئەو تواناو ئیمكانیاتەی لەبەردەستدا نەبوو وەكو ئەوەی كە ئێستا هەیەتی لە رووی چەك و تەقەمەنی و ئەوەی ئێستا لەبەردەستی پێشمەرگەیە زۆر باشترە. بێجگە لەمەش باوەڕو ئیرادەش شتێكی گرنگەو هەر ئەوەش دەبێتە مایەی سەركەوتن و پێشمەرگەی كوردستانیش خاوەنی باوەڕو ئیرادەیەكی بەهێزە و باوەڕی بە خاك و نیشتمان و میللەت و بە كێشەی خۆی هەیە كە كێشەیەكی رەوایە، لەبەر ئەوە ئامادەیە هەموو كاتێك بەرگری بكات لە بەرامبەر هەر هێرش و هەر لایەنێك كە بیەوێت زیان بە خاكی كوردستان بگەیەنێت. هەروەها من باوەڕم وایە كە هەل و مەرجەكە گۆڕاوە و پێموانییە كە ئەگەر حەشدی شەعبی یان سوپای عێراقی یان دەوڵەتانی دراوسێمان كە قسەیەك دەكەن، یان هەڕەشەیەك بكەن، ئەوا لە ئەنجامدا دەستتێوەردان بكەن، یان شەڕێكی دیكە لە ناوچەكەدا دروست بكەن، ئەگەرچی هەموو كاتێك ئێمە دەبێت لە ئامادەباشدا بین. ئێمەش هەموو كاتێك ئێمە وەكو هێزی پێشمەرگەی كوردستان ئامادەباشیمان هەیە و لە هەر كاتێكدا مەترسی و هەڕەشەیەك لەسەر كوردستان بێت، ئەوە هێزی پێشمەرگە دەتوانن بەرگری لەكوردستان بكەن.
* رۆڵی سەرۆك بارزانی لە رێكخستن و بەهێزكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟ ئایا هەنگاوەكانی چاكسازی لەناو خودی وەزارەتی پێشمەرگە بەكوێ گەیشتوون؟
- سەرۆك بارزانی وەكو سەرۆكی هەرێمی كوردستان و وەكو پێشمەرگەیەك لە تەمەنی خۆیدا پێگەو رۆڵی دیار بووە، لەپێش شەڕی داعشیش ئەگەر هەڵوەستە لەسەر ئەو كۆبوونەوە و بەدواداچوونانە بكەین، هەمیشە سەرۆك بارزانی جەختی لەسەر رێكخستن و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كردۆتەوە، بەتایبەتی لە دامەزراندنی وەزارەتی پێشمەرگە و لە دوای رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی، لەمبارەشەوە هەنگاوی زۆر باشیش هەڵگیراوە. چونكە ئەگەر تەماشا بكەین ئەوە كارێكی ئاسان نەبوو كە پێشمەرگەی یەكێتی و پارتی لە یەك سەنگەردا و لە یەك لیوا و لە یەك فەوجدا پێكەوە كاری پێشمەرگایەتی بكەن بەرگری بكەن و فەرمانەكان جێیەجێ بكەن. ئێستاش 16 لیوای پێشمەرگە لەسەر وەزارەتن، كە ئەویش بەرهەمی ئەو هەوڵ و كۆششانەیە كە سەرۆك بارزانی لەو ساڵانەدا ئەنجامیدان. بەرنامەش هەبوو هەمووی تەواو بكرێت، بەڵام بە هۆی بارودۆخی شەڕی دژی داعش كە ئەویش كاریگەری لەسەری هەبوو، هەروەها بەشداریكردنی و سەرپەرشتیكردنی راستەوخۆی شەڕی دژی داعش لەلایەن سەرۆكەوە، دەنگدانەوەیەكی زۆر گەورەی هەبوو. بە قەناعەتی من ئێستاش ئەولەویەتی كارەكانی سەرۆك، رێكخستنی لەشكری كوردستانە، كە پێموایە زۆر گرنگە بۆ ئایندەی كوردو كوردستان كە بایەخی تەواو بە هێزی پێشمەرگە بدرێت و رێكبخرێت، بە شێوەیەك كە بتوانین بە باشترین شێواز خۆمان ئامادە بكەین بۆ داهاتوو بۆ ئەوەی هێزێكی باشمان هەبێت بۆ بەرگریكردن لە كوردستان.
