كەمال دۆڵپەموویی پێشمەرگەی دێرینی شۆڕشی ئەیلوول: سلێمانی شاری شەڕی بەردەركی سەرایەو دژی لكاندنی كوردستان بە عێراقەوە بووە، چۆن پشتگیریی سەربەخۆیی ناكات؟!

كەمال دۆڵپەموویی  پێشمەرگەی دێرینی شۆڕشی ئەیلوول: سلێمانی شاری شەڕی بەردەركی سەرایەو دژی لكاندنی كوردستان بە عێراقەوە بووە، چۆن پشتگیریی سەربەخۆیی ناكات؟!
شاری سلێمانی لە سییەكانی سەدەی رابردوو، شەڕی بەردەركی سەرای دژی لكاندنی كوردستان بە عێراقەوە بەرپاكردووە و لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستاندا رۆڵەكانی گیانیان فیدا كردووە، هەندێك لەو خەڵكانەی دوای شەڕی بەردەركی سەرا چوونە بەغدا و بەوە رازی بوون كە كوردستان ببێتە بەشێك لەو عێراقەی ئینگلیز بۆ بەرژەوەندیی خۆی دروستی كرد، ئەوانە وەك وەفدی میللەت فرۆشان ناویان لە لاپەڕەكانی مێژووی كوردستان و سلێمانی تۆماركراوە، لەسەر رۆیشتنی ئەو وەفدە، پیرەمێرد شاعیری گەورەی گەلەكەمان بە پارچە هۆنراوەیەك پێیان دەڵێت:
وەفدی كوردستان، میللەت فرۆشان
هەرزە وەكیلی شاری خامۆشان
دەسكێ لەگوڵەكەی باخچەكەی سەرا
كە بە خوێناوی میللەت ئاودرا
بیبەنە خزمەت، عەرشی عێراقی
بڵێین یار باقی، هەم سوحبەت باقی
***
تارای خوێنی سوور، بەرن بۆ ئەمیر
بڵێن پاش كوشتار هێشتا تۆی دڵگیر؟
دەك خەجاڵەت بن لە رووی مەحشەرا
ئێمەش خاكی غەم ئەكەین بەسەرا
خەیاڵتان خاوە، كورد نەفەوتاوە
بەراتی نەجات بە خوێن نووسراوە
من رەنگی سوورم بۆیە خۆش ئەوێ
مژدەی شەفەقی لێ دەرئەكەوێ
لە ئێستادا كە جارێكی دیكە هەموو كوردستان خۆی ئامادەدەكات بۆ ئەوەی ئەنجامدانی ریفراندۆم بكاتە كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی، بەڵام دیسان چەند دەنگێكی ناشاز بە هاوشێوەی وەفدی میللەت فرۆشانی سییەكانی سەدەی رابردوو، دەیانەوێت دژی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان رابوەستن، بەڵام چۆن پیرەمێردی نەمر نزیكەی 90 ساڵ پێش ئێستا پێیان دەڵێت: «دەك خەجاڵەت بن لە رووی مەحشەرا»، ئێستا لە سلێمانی بە هەمان شێوە ئەو دەنگانەی دژی سەربەخۆیین، بێجگە لە خەجاڵەتی لە بەردەم خواو نەتەوەی خۆیاندا هیچ شتێكی دیكەیان بۆ نامێنێتەوە.
بۆ قسەكردن لەسەر پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی، لە سلێمانی چاومان كەوت بە كەمال دۆڵپەموویی، پێشمەرگەی دێرینی شۆڕشی ئەیلوول و لێمان پرسی، سلێمانی شاری شەڕی بەردەركی سەرا و شەهید عەولە سیس و شاری شۆڕشی ئەیلوول و دروشمی (كوردستان یان نەمان) چۆن پێشوازی لە پرۆسەی ریفراندۆم و كەرنەڤاڵی سەربەخۆیی دەكات؟ لە وەڵامدا پێی گوتین: سلێمانی شاری شەڕی بەردەركی سەرایە و دژی لكاندنی كوردستان بە عێراقەوە بووە، هەروەها سلێمانی شاری شۆڕشی ئەیلوول و پەروەردەی قوتابخانەی شۆڕش و بارزانی-یەو هەر كەسێك خۆی بە خاوەنی ئەم مێژووە پڕسەروەرییە بزانێت، هەرگیز لە كاروانی سەربەخۆییخوزان جیا نابێتەوە، ئەو چەند دەنگەشی بە رێگەی میدیا دەیانەوێت دژایەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی نەتەوەی خۆیان بكەن، ئەوان لە مێژووی ئەم شارەدا بێجگە لە شەرمەزاری و خەجاڵەتی شتێكی دیكەیان بۆ نەماوەتەوە، ئەمجارەش كاروانی سەربەخۆیی هەر سەردەكەوێت و ئەوانیش تەنیا شەرمەزاری و خەجاڵەتییان بۆ دەمێنێتەوە.
لەبەشێكی دیكە ئەم وتووێژەماندا لەگەڵ ئەم پێشمەرگە دێرینە، باسی ئەوەمان كرد، ئایا تێكڕای شۆڕشەكانی كوردستان بێجگە لە سەربەخۆیی ئامانجێكی دیكەیان هەبووە؟ وەڵامی ئەم پرسیارەی بە دروشمی (كوردستان یان نەمان)ی شۆڕشی ئەیلوول داینەوە و گوتی: خەڵكی تێكۆشەرو بەئاگا و تێگەیشتوو لە مێژووی نەتەوەكەی، لەو راستییە تێگەیشتووە كە هەموو شۆڕشەكانی كوردستان بە شۆڕشی ئەیلوولیشەوە ئامانجیان سەربەخۆیی كوردستان بووە، ئەوجا ئەگەر لە قۆناخە جیاوازەكانی خەباتدا هەنگاو بەهەنگاو بەرەو ئەم ئامانجە هەنگاو نرابێت، ئەمە مانای ئەوە نییە كە ئامانجی شۆڕش سەربەخۆیی نەبووە، بەڵكو هەموو هەنگاوێك بۆ ئەوە بووە كە زیاتر لە سەربەخۆیی نزیك ببینەوە، هەر بۆ نموونە لەماوەی 50 ساڵی رابردووی خەبات و تێكۆشانی شۆڕشی كوردستاندا، دەبینین ئەم هەنگاوانە لە لامەكەزییەوە بەرەوپێشەوە چووە بۆ ئۆتۆنۆمی و دوای راپەڕین بۆتە فیدڕاڵیزم و ئێستاش وەك دەبینین رۆژی ریفراندۆم دەستنیشانكراوەو بەرەو ئاهەنگی سەربەخۆیی هەنگاو هەڵدەگرین، ئەمانە هەموویان وەك ئەڵقەی یەك زنجیرە و كەسایەتی بارزانیی نەمر و رێبازی بارزانی پێكەوە كۆدەكاتەوە و پێمان دەڵێت ئەم رێبازە لە ئەوەڵەوە تا كۆتایی ئامانجی سەربەخۆیی بووە، لێرەدا بە جێگەی خۆی دەزانم یەكێك لە بە سەرهاتەكانی شۆڕشی ئەیلوولتان بۆ بگێڕمەوە، جارێكیان لەگەڵ فەرەیدوون عەلی ئەمین و جەلالی حسەكەلۆش و فەتاح ئاغا موناقەشەمان دەكرد لەسەر ئەوەی، ئایا رێبازی بارزانی، رێبازێكی سەربەخۆخوازانەیە، یان نە؟ لەو دانیشتنەدا بەسەرهاتی چوونی ئیبراهیم فەیسەل ئەنساری بۆ لای بارزانیی نەمر گێڕایەوە، كە لەو سەردانەیەدا بە بارزانی نەمری گوتبوو: حكومەتی عێراق رازییە نیوەی كەركووك بدات بە كورد و لەگەڵی رێكبكەوێت، لەوەڵامدا بارزانیی نەمر دەستی دابووە مشتە خۆڵێك و بە نێردراوەكەی حكومەتی عێراقی گوتبوو: نەك نیوەی كەركووك، بەڵكو لەسەر ئەم مشتە خۆڵە كە خاكی كوردستانە دەبێت هەموو كورد خۆی بكات بە قوربانی، سەبارەت بە كوردستانیبوونی كەركووكیش، بارزانیی نەمر پێی گوتبوو: ئێمە رێككەوتووین بۆ سەلماندنی چارەنووسی كەركووك ئامار بكەین، بەڵام من پێتان دەڵێم، بچن ئاماری قەبرەكانی ناو قەبرستانەكانی كەركووك سەیر بكەن، قەبرەكان پێتان دەڵێت كەركووك كوردستانییە یان نە. بۆیە دڵنیاتان دەكەمەوە لەسەر بستێكی خاكی كوردستان سازشتان لەگەڵ ناكەین و لەم پێناوەدا ئامادەین هەموو قوربانییەك بدەین، بۆ ئەوەی بە سەربەرزی و شانازییەوە لەبەردەم میللەتەكەی خۆمان رابوەستین. كەواتە تەنیا ئەم هەڵوێستە مەزنەی بارزانیی نەمر پێمان دەڵێت، رێبازی بارزانی، ریبازێكی سەربەخۆییخوازانەیە، بۆیە زۆر جەختمان لەسەر ئەوە دەكردەوە كە پێویستە پێش شۆڕشی چەكداری، شۆڕشێكی رۆشنبیریمان بۆ تێگەیشتن لەم رێبازە بەرپا بكردایە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەگەر ئێمە ئەو شۆڕشە رۆشنبیرییەمان بەرپا بكردایە، ئەوا ئێستا كە بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو هەڵدەگرین، رووبەڕووی هەمان ئەو ئەقڵییەتانەی سییەكانی سەدەی رابردوو نەدەبووینەوە و تێدەگەیشتن كە بوون و ئایندەی كورد بە سەربەخۆیی و راگەیاندنی سەربەخۆیی كوردستانەوە گرێ دراوە.


بۆ سەرخستنی ئەم پرۆسەیە دوای پشتیوانیی خوا، یەكڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەكان و تەواوی خەڵكی كوردستان فاكتەری سەرەكییە بۆ سەركەوتنی ئیرادەی گەلەكەمان، سەبارەت بە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی خەڵك و حزبە سیاسییەكان بۆ ئەم پرۆسە نیشتمانی و پیرۆزە، كەماڵ دۆڵپەموویی گوتی: كاتی ئەوە هاتووە هەوڵی هەموو لایەكمان بۆ ئەم ئامانجە یەكگرتوو بێت و هەموومان یەك هەڵوێست بین، دەبێت هەموو خەڵك و تەواوی حزبە سیاسییەكان پشتگیری لە ئەنجامدانی ریفراندۆم بكەن، بۆ ئەوەی ئەم هەلە مێژووییەی هاتۆتەپێشەوە لەدەستی نەدەین، نەتەوەكەمان سەدان ساڵە بۆ گەیشتن بەم رۆژە خەباتی كردووە، چەندین گەلیش لەم جیهانەدا بە رێگەی ئەنجامدانی ریفراندۆم گەیشتوونەتە سەربەخۆیی و بڕیاریان لەسەر چارەنووسی خۆیان داوە، بۆیە لای من سەیرە كە باسی سەربەخۆیی كوردستان دەكەین، عەرەبی عێراق بە شیعە و سوننە، باس لە لەتبوونی دەوڵەتی عێراق دەكەن، باشە با پرسیاری ئەوەیان لێ بكەین، ئایا كوردستان لە بنەڕەتدا بەشێك بووە لە عێراق، یان بە زۆر پێوەی لكێنراوە؟ ئەگەر عەرەب ئەوەندە پەرۆشی یەكگرتوویی و یەكپارچەیی خاكەكەیەتی، بۆ سەیری خۆیان ناكەن و پرسیار ناكەن بۆچی بەسەر زیاتر لە 20 دەوڵەتدا دابەش بوون؟ ئەگەر لە روانگەی ئەقڵییەتی شۆڤینی عەرەبییەوە نایانەوێت مافی سەربەخۆیی بە كورد رەوا ببینن، ئەی بۆ پرسیار لە خۆیان ناكەن، گەل و نەتەوەی وا لەم جیهانەدا بۆتە خاوەنی دەوڵەت و سەروەریی خۆی، ژمارەی دانیشتووانی لە شارێكی كوردستان كەمترە. بۆیە كاتێك ئێمە بڕیارمان داوە لە 25ی ئەیلوولی داهاتوو ریفراندۆم ئەنجام بدەین، ئەمە مانای ئەوەیە ئێمە دەمانەوێت دەنگی ئەم میللەتە مەزڵووم و غەدرلێكراوە جارێكی دیكە پیشانی جیهان بدەین و پێیان بڵێین: ئێمە بڕیارمان داوە و شایەنی ئەوەین لەسەر خاكی خۆمان سەربەست و سەرفراز و سەربەخۆ بژین و داگیركاری و خاك زەوتكردن كۆتایی بێت، لەمەش زیاتر مافی چارەنووسی نەتەوەكان بۆتە بەشێك لە مافەكانی مرۆڤ و پێداویستی بونیادنانی دیموكراتی، هەر بۆیە كاتێك ئێمە بڕیاری خۆمان بۆ سەربەخۆیی دەدەین، نەتەوەی بەرامبەریشمان كە عەرەبە ئەوانیش لە ئەقڵییەتی شۆڤینیزم و كۆیلەیی نەریتی جەنگەڵ و كەلتووری دواكەتووانەی سەدەكانی ناوەڕاست رزگاریان دەبێت و بیر لەوە دەكەنەوە چۆن لە دەرەوەی ئەقڵییەتی شۆڤینیزم و كەلتووری جەنگەڵ، هەنگاو بۆ ئایندەی وڵاتی خۆیان هەڵدەگرن.


بیانووی دەسەڵاتدارانی شیعەی عێراق بۆ دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان ئەوەیە كە دەڵێن، ئەگەر كوردستان بڕیاری سەربەخۆیی بدات، ئەوا ناسەقامگیری دروست دەبێت و مەترسی شەڕی ناوخۆیی دێتەئاراوە، بەڵام لە مێژووی دامەزراندنی عێراقەوە هەتا ئێستا، ئەم وڵاتە هەرگیز رۆژێك سەقامگیری و پێكەوەژیانی بەخۆیەوە نەبینیوە، بۆیە ئەو پرسیارە هاتەئاراوە، ئەگەر بڕیاردانی سەربەخۆیی كوردستان ببێتە هۆكار بۆ دروستبوونی ناسەقامگیری و شەڕی ناوخۆ لە عێراقدا، ئایا بە درێژایی 100 ساڵی رابردوو مێژووی عێراق بێجگە لە ناسەقامگیری و شەڕی نێوان پێكهاتەكان شتێكی دیكەی تێدایە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا دۆڵپەموویی گوتی: بە درێژایی مێژووی سیاسیی عێراق لە سەردەمی پادشایەتییەوە تا دەگاتە حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق، پەتای سەرەكی بۆ ناسەقامگیری و شەڕی دەوڵەتی عێراق لەگەڵ هەموو پێكهاتەكانی بەگشتی و كوردستان بەتایبەتی، ئەوە بووە كە ئەم دەوڵەتە بە زۆر دروست كراوە و پێكهاتەكانی بە زۆر پێكەوە كۆكراونەتەوە، بۆیە ئەگەر سەرنج لەشێوازی دەستاودەستكردنی حكومەتە یەك لە دوا یەكەكانی عێراق بدەین، دەبینین تەنیا رێگە ئەنجامدانی كودەتای سەربازی بووە و لەدوای 2003شەوە كە بەحیساب عێراقێكی تازەیان بونیاد ناوەتەوە، ئەوا زۆر بە راشكاوی عەرەبی شیعەش لاسایی هەمان شێوازی حوكمڕانیی عەرەبی سوننە دەكاتەوە، بۆ ئەمەش شەڕی داعشمان بینی كە دەرەنجامی ئەو دەمارگیرییە مەزهەبگەراییەی نێوان شیعە و سوننەیە و لەدوای داعشیش گەورەترین مەترسی بۆ سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆی نێوان عەرەبی شیعە و سوننە، مانەوەی ئەو عێراقە بە زۆر دروستكراوەیە بە یەكپارچەیی، بۆیە بە بڕوای من هۆكاری ناسەقامگیری و مەترسیی شەڕی ناوخۆ، لە مانەوەی عێراقە بە یەكپارچەیی، تەنیا رێگەچارەش بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری و دوورخستنەوەی مەترسیی شەڕی ناوخۆ ئەوەیە عێراق بە شێوەیەكی ئاشتییانە دابەش بكرێت بۆ سێ دەوڵەتی (كوردستان و شیعە و سوننە)، بەتایبەتیش دوای ئەوەی حوكمڕانییەكەی نوری مالیكی بە تەواوەتی شكۆی دەوڵەت و سەروەریی عێراقی شكاندو سڕییەوە، ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع نە دەوڵەتێكی یەكپارچە بەناوی عێراق بوونی هەیە، نە هەستێكی هاوبەشیش لەناو پێكهاتەكانی ئەم دەوڵەتە بوونی ماوە كە خۆیان بە عێراقی بزانن، بۆیە لەم روانگەیەوە گەلی كوردستان بەتەواوی نەتەوەو ئایینە جیاوازەكانیەوە، وەك گەلێكی مەزڵووم و خاك داگیركراو دەبینرێن و لكاندنی ئەم گەل و جوگرافیایەش بەزۆر بە عێراقەوە بۆتە هۆكاری ئەوەی ئەم گەلە ببێتە قوربانییەكی گەورەی سەد ساڵی رابردوو، بۆیە لەم بارودۆخەی ئێستا كە شەڕی دژی داعش بەرەو كۆتایی دەچێت و هەوڵەكان بۆ گێڕانەوەی سەقامگیری و دوورخستنەوەی مەترسیی شەڕی ناوخۆ لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە بۆ عێراق دەخرێتەگەڕ، گومان لەوەدا نییە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت گەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی كە هۆكاری سەرەكیی ناسەقامگیری و شەڕی ناوخۆ لەم وڵاتە ئەوەیە كە پارێزگارییان لەدەوڵەتێكی بەزۆر دروستكراو كردووە، بەڵام ئەگەر هەتا ئێستاش كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەتەواوەتی نەگەیشتبێتە ئەو قەناعەتەی كە تەنیا رێگەچارە ئەوەیە دەستبەرداری پارێزگاریكردن لە یەكپارچەیی عێراق ببن، ئەوا كاری سەرەكیی ئێستای سەركردایەتی سیاسیی حزبەكان و ئەنجومەنی باڵای ریفراندۆم كە بەنیازن سەردانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بكەن، دەبێت هەموو هەوڵیان بۆ ئەوە بێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بگەیەننە ئەو قەناعەتەی كە رێگەچارەی دروست ئەوەیە كە عێراق دابەش بكرێت و دەوڵەتی كوردستان دابمەزرێت. بۆ ئەمەش جیا لەوەی پێوسیتمان بەوەیە پشتگیریمان بكەن بۆ ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان، لەهەمانكاتدا دەبێت لە رووی سەربازییەوە لە كوردستان و عێراق بوونیان هەبێت بۆ ئەوەی ئاسایشی ناوچەكە بپارێزن و هاوكێشەیەكی تازەی پەیوەندی نێوان دەوڵەتەكان لەسەر بنەمای دراوسێتیی باش دروست بكرێتەوە. كەواتە ئێستا هەلێكی لەبار بۆ نەتەوەكەمان هاتۆتەپێشەوەو گرنگە هەموو حزبە سیاسییەكان بە تەواوەتی شان بدەنە بەر ئەم بەرپرسیاریەتییە مێژووییە و لە ئایدیۆلۆژیای حزب دوور بكەینەوە و هەموومان لە پێناوی سەرخستنی ریفراندۆم و پرۆسەی سەربەخۆیی یەكدەنگ و یەك هەڵوێست بین.
Top