بەدەل بەندی فەرماندەی هێزیی رۆژ بۆ گوڵان: لەشكری رۆژ بەرگری لە هەموو كوردستان دەكات و ئامادەشە بگەڕێتەوە بۆ رۆژئاوا سەربەخۆیی پرسێ 1ی لەشكركی چارەنووسسازەو نابێت بخرێتە ناو بەرژەوەندی و ململ

بەدەل بەندی فەرماندەی هێزیی رۆژ بۆ گوڵان: لەشكری رۆژ بەرگری لە هەموو كوردستان دەكات و ئامادەشە بگەڕێتەوە بۆ رۆژئاوا  سەربەخۆیی پرسێ 1ی لەشكركی چارەنووسسازەو نابێت بخرێتە ناو بەرژەوەندی و ململ
كچان و كوڕانی كوردستانی رۆژئاوا پاڵپشتی لەئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، ئەوان وەكو پێشمەرگەی كوردستان ئامادەن لە رەبیعەو شنگالەوە تا كەركووك و خانەقین و جەلەولا بەرگری لە خاكی كوردستان بكەن و دژی هێرشی هەر گرووپ و تاقمێك كە بیانەوێ زیان بە هەرێمی كوردستان بگەیەنن، سەنگەر بگرن. لەسەردانێكماندا بۆ خانەسۆر چاومان كەوت بە ژمارەیەك پێشمەرگەی لەشكری رۆژ كە بە درێژایی سنوورەكانی رەبیعەو سنونێ و خانەسۆر و بەنداوی موسڵ و شنگال پارێزگاری لەخاكی كوردستان دەكەن. ئەوان پێیانوایە ریفراندۆم و سەربەخۆیی ئومێدو داواكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ماڵباتی شەهیدان و قوربانییەكانی گەلەكەمانە، جەختیش لەوە دەكەنەوە كە ئەو كاتەی دەچنەوە رۆژئاوای كوردستان، لەوێشەوە بەرگری لەگەلی كوردو هەموو پێكهاتەكانی تری رۆژئاوا دەكەن. هەر لەو سەردانەی تیمی گۆڤاری گوڵان بۆ خانەسۆر كە هاوكات بوو لەگەڵ دەستبەكاربوونی لەشكری 3ی هێزی رۆژ لەو ناوچەیەدا، چەند پرسیارێكمان سەبارەت بە ریفراندۆم و چەند پرسێكی تایبەت بە بەرەكانی شەڕ ئاراستەی بەدەل بەندی فەرماندەی هێزی 1ی لەشكری رۆژ كرد؛ لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
* ئێوە وەك لەشكری رۆژ رۆڵێكی گرنگتان هەبووە لە شەڕی دژی داعشدا، هەروەها ئێوە ئامادەن لەهەر چوار پارچەی كوردستان بەرگری لە نەتەوەی خۆتان بكەن، ئایا چۆنە تائێستا نەچوونەوە رۆژئاوا و بەشداری لەشەڕی دژی داعش بكەن؟
- لەشكری رۆژ لە رۆژی دامەزراندنیەوە تا ئەمڕۆ سەربەرزانە ئەركی خۆی لەبەرەكانی شەڕی دژی داعش و گەڕانەوەی خاكی كوردستان و پارێزگاریكردن لەم ناوچە فراوانە جێبەجێ كردووە، شەڕەكانی خازرو بەنداوی موسڵ و باشیك و شنگال و سنونێ و رەبیعە ئەوەیان سەلماند كە كوڕو كچانی رۆژئاوای كوردستان پارێزگارییان لەخاكی كوردستانی باشوور كردووە لەچوارچێوەی لەشكری هێزی پێشمەرگەی كوردستاندا پابەندی دیسپلین و ئەركە سەربازییەكانی خۆیان بوون، لەم پێناوەدا 44 شەهید و 228 بریندارمان هەیە، ئەمڕۆش خەڵكی كوردستانی رۆژئاوا بەهۆی كارە خراپ و نەشیاوەكانی پەكەكەو گرووپ و چەكدارەكانی تر ئازارو مەینەتییەكی زۆریان بینیوە، تەنانەت یەپەگە رێگەی نەداوە تەرمی شەهیدەكانمان بگەڕێنینەوە ناو خاكی باوك و باپیرانیان. ئەمە پێچەوانەی دابونەریت و كولتووری كوردەوارییە ئەو كەلتوورەی كە گەنجانی رۆژئاوا لەسەر دەستی رێبازی بارزانیی باوكەوە بۆیان ماوەتەوە، ئەویش ئەوەیە كورد لەهەر كوێ بێت و لەهەر بارودۆخێكدا بێت، پێویستە بەرگری و پارێزگاری لێ بكرێت و رێز لەشەهیدو قوربانییەكانی بگیرێت. دوای تەواوبوونی شەڕی موسڵیش ئێمە ئەركی پاراستنی ئەم ناوچەیەمان دەكەوێتە ئەستۆ لەدژی هەر دوژمن و هێزێكی چەكداری تیرۆریستی و بیانی، هەر بڕیارێكیش لە لایەن جەنابی سەرۆك بارزانی دەربچێت بۆ هاوكاری و پاڵپشتی هێزەكانی دیكە لەهەر شوێنێكی كوردستان بێت ئامادەیی تەواومان تێدایە، بەتایبەتی لەگەڕانەوەمان بۆ كوردستانی رۆژئاوا كە تا ئەمڕۆ پەكەكە و گرووپەكانی تریان رێگری لەچوونەوەمان دەكەن، هەر كاتێك جەنابی سەرۆكی كوردستان فەرمان و بڕیاری فەرموو كە لەشكری رۆژ بچێتەوە رۆژئاوای كوردستان، ئێمە ئامادەین و دەستبەجێ فەرمانەكەی جێبەجێ دەكەین.

* بەڵام هێشتا هەندێك شوێنی دیكە لە پارێزگای كەركووك وەكو حەویجە ئازاد نەكراوە، ئایا ئێوە وەكو لەشكری رۆژ ئامادەییتان تێدایە بەشداری لە رزگاركردنەوەی حەویجە بكەن؟
- وەكو ئاماژەم پێدا لەهەر پارچەیەكی كوردستان و هەر شوێنێك بێت، ئەگەر جەنابی سەرۆك بارزانی فەرمانمان پێبكات، ئێمە وەكو لەشكری (1)ی رۆژ ئامادەین بەشداری بكەین، ئەگەر شەڕی ئازادكردنی حەویجەش بێت، هەر ناوچەو شوێنێك فشارو كاریگەری ببێت لەسەر كوردستان، یاخود پارێزگای كەركووك و خەڵكەكەی، ئامادەین پارێزگاریی لێ بكەین، لەشكری رۆژ لەهەموو شەڕەكانی دژی داعشدا سەركەوتنی بێ وێنەی بەدەست هێناوە، لەداهاتووشدا لەهەر شەڕێك بەشدار بین، دژی هەر گرووپ و تاقمێكی تیرۆریستی ئەوا هەربەهەمان شێوە سەركەوتوو دەبین.
* لە ئێستادا لە سنووری شنگال و سنووری نێوان سووریا و عێراق و كوردستان ئەركەكانتان جێبەجێ دەكەن، ئایا لەم سنوورە ئێوە چ كێشە و ئیشكالیەتێكتان لەگەڵ حەشدی شەعبی و پەكەكە بۆ دروست بووە؟ ئایا چۆن رووبەڕووی ئەو كێشانە دەبنەوە؟

- حەشدی شەعبی گرووپ و هێزێكی چەكداری عێراقی شیعەن و لەلایەن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن و بەدەستی ئەوان دادەنرێن، جێگای داخیشە هێزێكی كوردی وەكو پەكەكە لەدژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان پەیوەندی لەگەڵ ئەو گرووپە چەكدارە هەیەو پارەو چەك و هاوكارییان لێ وەردەگرێت، هیوادارم پەكەكە ئەو چەكدارانە نەبن كە مەرام و ویستی دوژمنانی كورد لەم ناوچەیە جێبەجێ بكەن، تا ئێستا لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆك بارزانی بێدەنگ بووین لەو ناهەقی و كارە خراپانەی پەكەكە كە دەرهەق بە پێشمەرگەو خەڵكی دەڤەرەكە ئەنجامی دەدات، پەكەكەش بەهاوشێوەی حەشدی شەعبی و داعش كچ و منداڵی ئێزیدی لەماڵباتەكەی دەڕفێنێت و چەكداریان دەكات و بۆ شەڕەكانی مینبج و رەقەو قەندیل دەگوازێتەوە، پەكەكە تەنانەت ناوچەكانی كوردی ئێزیدی بۆ مەرام و بەرژەوەندیی تایبەت بەخۆیان و یەكلاكردنەوەی گرفتی وڵاتانی ئیقلیمی بەكار دەهێنن، بەمەش رێگر دەبن لە ئاوەدانكردنەوەو گەڕانەوەی خەڵكی بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، زۆر لە چەكدارانی ناو پەكەكە پێیان خۆش نییە سەركردەكانیان ئەو رەفتارو كارە نەشیاو و خراپانە ئەنجام دەدەن و ئاژاوە لەناو باشووری كوردستان دەنێنەوە. ئەوەی پەكەكە لەناوچەكەدا دەیكات، تەنیا خۆگیڤكردنەوە و دژایەتیكردنی پێشمەرگەو گەلی كوردستانی باشوورە، دیارە لەمەشدا دەستی دەرەكی و مەرام و ویستی وڵاتانی ئیقلیمییان لەپشتەوەیە، بەتایبەتی هەردوو وڵاتی ئێران و حكومەتەكەی دیمەشق لە سووریا، ئێمە توانامان هەیە بە یەك رۆژ كۆتایی بەو كارە نەشیاو و خراپانەی پەكەكە بهێنین، زانیاری وردمان لەسەر جموجووڵ و پیلان و مەرامە دوژمنكارییانەیان هەیە، هەندێكیان بۆ سوودو بەرژەوەندیی شەخسی خۆیان هاتوونەتە ئێرەو هەندێكی تریان بۆ جێبەجێكردنی مەرام و ئەجیندەی ئێرانی لێرەن و وەكو وەكیلێك حكومەتەكەی تاران و بەغدا بەكاریان دەهێنن. پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان ئازارێكی زۆری گەنجەكانیان داوەو زۆربەیان لەپێناو شەڕی شیعەدا بەكوشت داوە، ئەمە لەكاتێكدا پەكەكە دەتوانێت دەست لەناو دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكات و پێكەوە كار بۆ سەربەخۆیی كوردستان بكەین و نەبنە هێزێك لەدژی میللەتی خۆیان.


* سەرۆك بارزانی بڕیاری داوە كە رۆژی 25ی ئەیلوولی داهاتوو پرۆسەی ریفراندۆم ئەنجام بدرێت، ئایا ئێوە وەك هێزی پێشمەرگەی كوردستان چۆن سەیری ئەم بڕیارەی سەرۆك بارزانی دەكەن؟
- بڕیاری جەنابی سەرۆك بارزانی بۆ ئێمە فەرمانە، هەر فەرمانێكیش لەجەنابیانەوە دەربچێت، پابەندی دەبین و بەهەموو توانایەكەوە راستەوخۆ جێبەجێی دەكەین، پرسی ریفراندۆمیش كە بڕیارێكی چارەنووسسازی نەتەوەییەو ئومێدو خواستی گەلی كوردستانە و لەم پێناوەدا نەتەوەكەمان بەسەدان شەهیدو قوربانی داوە، ئەم هەموو شەهیدو بریندارو ماڵوێرانییەی خەڵكی كوردستان لەپێناو سەربەخۆیی و بەدیهێنانی دەوڵەتی كوردستان بووە. كاتێكیش سەرۆك بارزانی بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم دەدات ئێمە وەكو بەشێك لە پێشمەرگەی كوردستان باشتر لەو ئەركە قورسەی سەرشانی جەنابیان تێدەگەین، ئەوان بەدیاریكردنی رۆژی ریفراندۆم بڕیارێكی شەخسی و حزبییان نەداوە، ریفراندۆم و سەربەخۆیی ئومێدو داواكاری هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ماڵباتی شەهیدان و قوربانییەكانی دیكەی گەلەكەمانە، خواست و ویستی هەموو نیشتمانپەروەرو دڵسۆزێكی گەلەكەمانە لەهەر چوار پارچەی كوردستان، ئێمە لە رۆژئاوا دەوڵەتی كوردستانی باشوور بەهەموو هیواو ئومێدمانی دەزانین، دەروازەیەكە بۆ دەربازبوون و دیاریكردنی چارەنووسی ئێمەش، ئێمە وەكو كوڕان و كچانی پێشمەرگەی رۆژئاوا پاڵپشتی و پشتیوانی گەلی كوردین لە دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسین و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، تەنیا بەگەیشتن بە سەربەخۆیی خوێنی شەهیدانمان بەفیڕۆ ناچێت.

* ئایا ئەگەر هەڕەشە بكەوێتە سەر كوردستان بۆ نموونە لەلایەن هێزەكانی حەشدی شەعبییەوە، تاچەند هێزی پێشمەرگەی كوردستان رووبەڕووی هەڕەشەكان دەبنەوە؟
- مێژوو شاهیدە كە گەلی كوردستان رووبەڕووی چ هەڕەشە و دژایەتیكردن و دەستتێوەردان بووەتەوە، بەڵام لەبەرامبەریشدا رۆڵە گیانفیداكانی ئەم گەلە گیان و خوێنی خۆیان بۆ رێگری لەو كارە قێزەوەنانە بەخشیوەو پارێزگارییان لەم میللەتە مەزڵوومە كردووە، سەبارەت بە حەشدی شەعبیش كە تا ئێستا ئێمە هیچ گرفتێكمان لەگەڵیاندا نەبووە، ئەگەر خوانەخواستەش ویستی خراپیان بەرامبەر گەلی كورد هەبێت، ئەوا وەكو پێشمەرگەی كوردستان و هێزی پارێزەری خاك و نەتەوەی كوردستان رووبەڕوویان دەبینەوە و كوردستان لەهەموو پیلانگێڕی و ویستێكی تەماعكارییانە دەپارێزین، گەلی كوردستان دڵنیادەكەینەوە كە تا خاوەنی هێزی پێشمەرگە بن، نابێت رێگا بدەن ترس و دوودڵی بخرێتە دڵیانەوە.
* ئایا چۆن مامەڵە لەگەڵ گێچەڵەكانی پەكەكە بكەین بۆ ئەوەی شەڕێكی كورد و كورد لەوناوچەیە دروست نەبێت؟
- پێم خۆش نییە بڵێم پەكەكە دەستی لەناو دەستی حەشدی شەعبییە و دەیەوێت دژایەتی و ناكۆكی بخاتە نێو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، بەڵام لە شنگال بەتەواوەتی ئەو پەیوەندییە دیارە، بە رادەیەك حەشدی شەعبی مووچەیان بۆ پەكەكە بڕیوەتەوە و پێداویستی و چەك و كەلوپەلی سەربازییان دەدەنێ، ئەمەش بێ بەرامبەر نییە و بۆ تێكدانی رەوشی ئارامی و سەقامگیری كوردستانە و ناوبەناو بە پاساوی جیاجیاوە گرفت و كێشە دەنێنەوە، بەڵام كوڕان و كچانی رۆژ و هێزەكانی دیكەی پێشمەرگە رێگانادەن هیچ پیلان و مەرامێكیان لەسەر باشووری كوردستان جێبەجێ بكەن. لەم دواییەدا پەكەكە گێچەڵی بە هێزی پێشمەرگەی كوردستانی لەخانەسور كرد، ئێمە زۆر هەوڵماندا بەرپەرچیان بدەینەوەو سنوورێكیان بۆ دابنێین، بەڵام جەنابی سەرۆك رێگەی نەداو فەرمووی نابێت شەڕی براكوژی لەنێوان كورد و كورد رووبدات، ئومێدەوارم پەكەكە سوود لەم هەل و مەرجە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە وەربگرێت و بێتەوە ناو ریزی نیشتمانی و نەتەوەیی گەلی كورستان و دەستبەرداری پیلانگێڕی بێت و بەهاوشێوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان كار بۆ خزمەتی گەلی كوردستان بكات. پەكەكە هەرگیز ناتوانێت شەڕی بەوەكالەت مۆركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی پێ بدرێت، من وەكو پێشمەرگەیەك و فەرماندەیەك هەرگیز هەڵسوكەوتی پەكەكە و یەپەگە بە باش نابینم و بە دروستی نازانم، خەڵكی رۆژئاوا ناڕەزایەتییەكی زۆریان هەیە و ئەوان بەزۆر گەنجەكانیان بۆ شەڕ دەبەن، لەشەڕەكانی منبج و رەقە بەكوشتیان دەدەن و دواتر بە سەفقەیەكی بچووك دەستبەرداری ئەو شوێنانە دەبن، هەروەكو چۆن لە مینبج بینیمان، زۆربەی ئەو چەكدارانەی لەناو پەكەكە و یەپەگەدان لەو هەڵسوكەوت و سیاسەتانە رازی نین، چونكە دوورە لە هزر و بیری نەتەوەییەوە، خەڵكی رۆژئاوا لەگەڵ رێبازی بارزانی و بیرو هزری نەتەوەیین، ئەوان دژی ئەوەن پەكەكە بۆ ویستی وڵاتانی ئێران و سوریا و عێراق دژی سەربەخۆیی و ریفراندۆم رابوەستنەوە.
Top