حەمە عەلی هەڵەبجەیی : ئەوانەی دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن خۆیان شەرمەزاری مێژوو و نەوەكانی ئێستا و ئایندە دەكەن
July 18, 2017
دیمانەی تایبەت
حەمە عەلی هەڵەبجەیی ماوەی زیاتر لە 40 ساڵە قاچەكانی لەدەستداوە و لەسەر عەرەبانەی خاوەن پێداویستی تایبەت ژیان بەسەر دەبات، ئەو ئێستاش بە تین و گڕی شەست و حەفتاكانی سەدەی رابردوو باس لە كوردایەتی و پێشمەرگایەتی دەكات. لەدوای راپەڕینی ساڵی 1991 كراوە بە بەرپرسی دەزگای ئەیلوول لە سنووری لقی چواری پارتی دیموكراتی كوردستان و كاروبارەكانی بە باشترین شێوە بەڕێوە بردووەو پێی خۆش بووە لە كارو خەباتی خۆی بەردەوام بێت، گلەیی ئەوەش دەكات كە بەبێ ئەوەی پرس بەخۆی بكەن خانەنشینیان كردووە، هەر لەو بارەیەوە دەڵێت، «سەركردایەتی پارتی زۆر بە شانازییەوە پێشوازی لە كونسوڵی گشتی پێشووی فەرەنسا (تیسۆ) دەكەن كە لەسەر عەرەبانەكەی سەردانیانی دەكرد، منیش پێم خۆش بووە لەسەر عەرەبانەكەم لە كار و خەباتی خۆم بەردەوام بم.»حەمە عەلی هەڵەبجەیی لەگەڵ ئەوەی لە شەستەكانی سەدەی رابردووەوە پەیوەندی بە رێكخستنەكانی پارتی دیموكراتی كوردستانە كردووە، بەڵام خۆی وەكو یەكێك لە رێكخستنەكانی كاژیك (كۆمەڵەی ژیانەوەی كورد) دادەنێت و مستەفا بارزانی وەك رێبەری كورد و رێبەری كاژیك لە قەڵەم دەدات. هاوكات باسی ئەوە دەكات كە «كاژیكەكان لە دێرزەمانەوە شانازی بە بیری نەتەوەییانەوە دەكەن.» جەختیش لەوە دەكەنەوە كە «مستەفا بارزانی هێندە رێبەرێكی نەتەوەیی بووە، خۆی بە یەكێك لە ئەندامانی كاژیك زانیوە»، لەمەش زیاتر ئەم پێشمەرگە دێرینە دەڵێت: «ئیدریس بارزانی وەك مستەفا بارزانی كاژیك بووە و ئێستاش كە سەرۆك مسعود بارزانی رێبەرایەتی پرۆسەی سەربەخۆیی دەكات، بە كاژیكی دەزانم و ئامانجی كاژیك سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانەو هەر كەسێك ئەمە ئامانجی بێت، ئەوە ئێمە وەك كاژیك لە قەڵەمی دەدەین.»
لە بەسەركردنەوەیەكی گوڵان بۆ لای ئەم پێشمەرگە كەمئەندامەی سەنگەر، لێمان پرسی: ئایا تۆ پشتگیری لە پرۆسەی سەربەخۆیی و ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكەیت؟ لەبری وەڵام پێی گوتین: «من لەو كاتەی پەیوەندیم بە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە كردووە، شیعرێكی عەلی حەمە لاوەشەم لەبەركردووە كە ئەویش یەكێكە لە كادیرە دێرینەكانی پارتی لە هەڵەبجە، بۆیە من بەو شیعرە وەڵامتان دەدەمەوە كە دەڵێت:
ئاواتی بەرزم كوردە سەركەوێت
سێبەری ئاڵای سەر سەرم كەوێت
تەخت و تاراجی سنوری دەستكرد
بەر زۆر و بازووی گەلی كورد كەوێت
گەر لوتكەی بەرزی زمناكۆ و هەڵگورد
هەرەس بهێنی و بەسەرما كەوێت
دڵم دەرپەڕێ لە هێلانەی لەش
چوار كوردستانی تیا دەردەكەوێت.
بۆیە ئەم شیعرەم كرد بە وەڵام، لەبەر ئەوەی دەمەوێت پێتان بڵێم ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە پەروەردە كراوین و هەر لە سەرەتاوە كوردستان یان نەمانمان هەڵبژاردووە، پاشانیش من لە هەڵەبجەی زێدی ئەحمەد موختاربەگی جاف لە دایك بووم و بەم بۆنەیەوە حەزدەكەم پارچە شیعرێكی ئەحمەد موختار بەگی جافتان بۆ بخوێنەمەوە كە من بە دەستخەتی خۆی خوێندوومەتەوە و لەبەرم كردووە، كە دەڵێت:
كوردم و حەز بە ئیستقلالی كوردستان دەكەم
ئارەزووی دەوری حاكمی بابان دەكەم
ناوەجاغە ئەو كەسەی خزمەت بە غەیری كورد بكات
شەرتە تامردن ئەمن هەر بەندەیی خۆمان بكەم.
ئەم شیعرەی ئەحمەد موختار بەگی جاف وەڵامێكە بۆ خواستی نەتەوەی كورد بۆ سەربەخۆیی و هەروەها وەڵامدانەوەیەكی لەجێی خۆیدایە بۆ ئەوانەی دژایەتی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن و ئەحمەد موختار بەگی جاف ئەو كەسانە بە ناڕەسەن و ناوەجاغ وەسف دەكات، من لەویش زیاتر بە خائین و خۆفرۆش وەسفیان دەكەم.
حەمە عەلی هەڵەبجەیی لە ساڵی 1969 بۆتە پێشمەرگە لە هێزی خەبات و لەگەڵ شەهید فەتاح ئاغا بووە، بۆیە كاتێك هێزی خەبات دەبێتە دوو بەش و هێزی زمناكۆی لێ جیادەكرێتەوە، ئەو هەر لە هێزی خەبات دەمێنێتەوە و پاشان دەكرێتە یاریدەدەری ئامر هێزی خەبات كە شەهید فەتاح ئاغا بووە، بێگومان شەهید فەتاح ئاغاش یەكێك بووە لەو سەركردە نەتەوەییانەی كە خۆی بە كاژیك زانیوە، سەبارەت بەوەی ئایا مانەوەی لەگەڵ شەهید فەتاح ئاغا پەیوەندی بەوە هەبووە كە ئەویش سەركردەیەكی نەتەوەیی بووە و لەگەڵ بیروبۆچوونەكانی كاژیك یەكی گرتۆتەوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا حەمە عەلی هەڵەبجەیی پێی گوتین: «بەڵێ، شەهید فەتاح ئاغاش كاژیك بووە، بەڵام حەزدەكەم كاتێك دەڵێن فڵان كەس كاژیك بووە، بزانین مانای چییە؟ كاژیك واتە ئەو كەسانەی بەخۆیان دەڵێن مەلایی، واتە مستەفا بارزانی بە رێبەری خۆیان دەزانن، بۆ سەلماندنی ئەم راستییەش بیرەوەری و مێژووی شۆڕشی ئەیلوول هەیە، یەكێك لە دەزگاكانی پارتی ناوی ئەو كەسانەی بەرزكردبووە بۆ بارەگای بارزانی و وتبووی ئەمانە كاژیكن و فەرمانتان بە چییە و چۆن مامەڵەیان لەگەڵدا بكەین؟ كە ئەمەیان بە جەنابی بارزانیی نەمر گوتبوو، پرسیبووی: ئەمانە ئامانجیان چییە؟ ئەوانیش وتبوویان: قوربان ئەمانە داوای سەربەخۆیی بۆ هەر چوار پارچەی كوردستان دەكەن. جەنابی بارزانی وتبووی: ژمارەیان چەندە؟ ئەوانیش وتبوویان: 83 كەسن، لەوەڵامدا جەنابی بارزانیی نەمر گوتبووی: ناوی منیش لەناو ئەو لیستە بنووسن، لەبەر ئەوەی منیش هەمان ئامانجم هەیە.
حەمە عەلی هەڵەبجەیی لەسەر پرسی كاژیك و رێبەرایەتیی بارزانی زیاتر هەڵوەستەی كردو ئەوەی بۆ گێڕاینەوە، كاتێك لە ساڵی 1964 باڵی مەكتەبی سیاسی جیابوونەوە، كاژیكەكان لەگەڵ باڵی مەلا مستەفا بارزانی مانەوە و دوای باڵی مەكتەبی سیاسی نەكەوتن، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو كاژیكەكان قەناعەتیان بەوە بوو كە بارزانیی نەمر سەركردەیەكی نەتەوەییە و هەر دەبێت لە ژێر رێبەرایەتی ئەودا بمێننەوە.
لە بەراوردكارییەكدا سەبارەت بە مێژووی خەبات و كوردایەتی لە شەستەكانی سەدەی رابردوو و هەڵوێستی جوامێرانەی سلێمانی بەرامبەر بە سەربەخۆیی و پاشانیش ئامادەباشیی گەنجانی سلێمانی بۆ ئەوەی بە زیندوویی بخرێنە ژێر گڵەوە، نەك قسەیەكی نەشیاو بە شۆڕش و بارزانی بڵێن، پرسیاری ئەوەمان لێكرد، وەك كەسێكی شاهید لەسەر ئەو سەردەمەی رابردوو و سەردەمی ئێستاش، بۆچی ئێستا لە دەڤەری سلێمانی جۆرە دەنگێك دەبیسترێ دژی سەربەخۆیین؟ لەوەڵامدا ئەم پێشمەرگەیە راشكاوانە كەوتە قسەكردن و گوتی: «دەمەوێت راشكاوانە قسە بكەم، ئەوانەی خەڵكی هان دەدەن بۆ دژی سەربەخۆیی، خەڵكانێكی حاقید و بەخیلن، لەبەر ئەوەی ئەوان ناتوانن وەك سەرۆك مسعود بارزانی لێهاتوو و كاریگەر بن، ناتوانن وەك ئەو خۆشەویست بن، بۆیە كاتێك ئەو واقیعە دەبینن لە حقد و بەخیلییەوە دژی سەربەخۆیی رادەوەستن، من بە ئاشكرا قسەدەكەم و راشكاوانە دەڵێم، ئەگەر دەوڵەتی كوردستان لەسەر دەستی كرێكارێكی سەر بە مسعود بارزانی دابمەزرێت، ئەم حاقیدانە دژی رادەوەستن، ئەگەرنا سلێمانی هەموو كات پێشڕەوی كوردایەتی بووە. من لێرەدا باسی هەڵەبجە دەكەم، یەكێك لە تێكۆشەرەكانی هەڵەبجە لە سەردەمی زەعیم سەدیق لە شەستەكانی سەدەی رابردوو لە سلێمانی دەبێت و زەعیم سەدیق دەیگرێت و داوای لێدەكات جنێو بە شۆڕش و بارزانی بدات، ئینجا بەری دەدات، بەڵام ئەو ئامادە نەبوو ئەو كارە بكات و زەعیم سەدیق بە زیندوویی كردی بە ژێر گڵەوە. بۆیە پرسیار لەو خەڵكانە دەكەم كە ئێستا دێنە سەر تەلەفزیۆنەكان و دەڵێن ئێمە دژی سەربەخۆیین، من پێیان دەڵێم چۆن شەرم ناكەن و دەتوانن ئەو قسەیە بكەن؟ پاشان ئەگەر سبەی دەوڵەتی كوردستان دامەزرا كە من دڵنیام دادەمەزرێت، ئەگەر ئەو قسانەی ئێستا تۆماركرابن و جارێكی دیكە گوێی لێبگرنەوە، ئایا چۆن وەڵامی ئەو خەڵكانە دەدەنەوە و چۆن شەرمەزار نابن؟»
لە درێژەی ئەم دیدارە و سەبارەت بەوەی ئایا ئەوانەی دژایەتیی خۆیان بۆ سەربەخۆیی رادەگەیەنن، ئایدیۆلۆژیەتێكی سیاسی لە پشتیانەوە؟ لە وەڵامی ئەم پرسیارەشدا راشكاوانە گوتی: «بەڵێ، بێگومان ئایدیۆلۆژیەتێكی حاقید لە پشتیانەوە هەیە. من چاوەڕێی چی لە سەركردەیەك بكەم، -لەبەر ئەوەی كۆچی دوایی كردووە، نامەوێت ناوی بهێنم- كاتێك هەڵەبجە كیمیاباران كرا، من خۆم لەناو هەڵەبجە بووم بە كۆڵ رزگاریان كردم، چووبوون بەو سەركردەیەیان گوتبوو، هەڵەبجە كیمیاباران كراوە، ئەویش لەوەڵامدا گووتبووی: ئینجا چییە با هەڵەبجە كیمیاباران بكرێت، (هەڵەبجەییەكان یان جاشن یان ئاشن). باشە چاوەڕێی چی لەو سەركردەیە دەكەیت كە بە شارەكەی شەهیدان (قادر كۆكۆیی، شەهید هاوار و مەهدی مەلاعەلی و وەستا جەماو وەستا ئەنوەر و شێخ عەلی و.. هتد) بڵێت: یان جاشن یان ئاشن؟ ئایا دەبێت چاوەڕێی چی لەو لایەنە سیاسییە بكەیت كە ئەمە سەركردەكەی بێت؟ ئایا ئەمە رێگە دەدات بوار بۆ سەربەخۆیی كوردستان بڕەخسێت؟ بۆیە ئەم سەركردە حاقیدانە چاوەڕێی زیاتریان لێدەكرێت، لەبەرامبەر ئەمەدا مام جەلال یەكێكە لە سەركردە دیارەكان و سەركردەیەكی نیشتمانپەروەرە، ئەو كاتێك چووە سەر مەزاری بارزانیی نەمر لە بارزان، گەورەیی خۆی نواند و راستگۆیی خۆی پیشانی میللەتەكەی خۆی دا.»
لەدرێژەی قسەكانیدا و سەبارەت بە كاریگەریی نەرێنی ئەو ئایدیۆلۆژیەتە حاقیدە لەسەر رەوتی شۆڕشگێڕی لە سلێمانیدا، حەمە عەلی هەڵەبجەیی ئاماژەی بەوەكرد: «كاریگەریی ئەو ئایدیۆلۆژیەتە حاقیدە ئەوەیە خەڵك هان دەدات لە دژی سەربەخۆیی و ئەوەش زیاتر لەسەر ئەو گەنج و هەرزەكارانە كاریگەری دادەنێت كە نازانن كێ كێیە و كێ كێ نییە. ئەمانە فێركراون تەنیا قسە بكەن و گوێ لەكەس نەگرن. ئەم توێژە بەوجۆرە پەروەردە كراون، بەڵام تۆ سەیری خەڵكە بەتەمەنەكەی شاری سلێمانی بكە لەناو هەموو لایەنە سیاسییەكان و خەڵكانی دەرەوەی حزبە سیاسییەكان بڕۆن پرسیاریان لێ بكەن، ئایا پشتگیریی سەربەخۆیی دەكەن یان نە؟ من دڵنیام هەموویان پشتگیریی سەربەخۆیی دەكەن، پاشان لە هەموو سەردەمێكدا كەمینەیەك هەبووە كە دژی ئامانجە نەتەوەییەكان بوون. تۆ سەیر بكە بزانە چییان بە شێخ مەحمودی حەفید كردووە، ئەو سەردەمەش كەمینەیەك هەبوون دەیانگوت، شێخ مەحمود تەوقەی لەگەڵ ئینگلیز نەكردووەو وتوویەتی دەستم گڵاو دەبێت، بەڵام ئایا ئەوە راستە، لە كاتێكدا شێخ مەحمود ئامادە بوو بۆ سەربەخۆیی كوردستان هەموو قوربانییەك بدات؟»
سەبارەت بە پشتگیریی پرۆسەی سەربەخۆیی كە ئێستا سەرۆك مسعود بارزانی رێبەرایەتی ئەم پرۆسەیە دەكات، حەمە عەلی هەڵەبجەیی گوتی: «من راشكاوانە قسە دەكەم، لەوانەشە هەندێك بڵێن ئەمە دەیەوێت خۆی بۆ پارتی رەپێش بكات، بەڵام بەوانە دەڵێم: من پارتی هیچی بۆ نەكردووم، تەنانەت لەسەر پارەی خۆیشم چووم چارەسەری خۆم كردووە و خاوەنی خانووی خۆشم نیم و لەخانووی براكەمدام، بەڵام لێرەدا من قسە لەسەر تواناو لێهاتوویی سەرۆك مسعود بارزانی دەكەم، هەروەها دەمەوێت ئاماژە بەوە بكەم زۆر جاران دەڵێن بنەماڵەی بارزانی، بەڵام من دەڵێم موئەسەسەی بارزانی قوتابخانەیە بۆ بەرهەمهێنانی سەركردەی لێهاتوو بۆ ئەم میللەتە، من خۆم لەگەڵ كاك مسرور بارزانی كە گەنجێكە دانیشتووم، ئەم گەنجە یەكێكە لەو سەركردە تیگەیشتووانەی چەند بڵێت بەتوانایە، ئەوجا لەمەش زیاتر لەناو موئەسەسەی بارزانی ئەوەی لێهاتوو نەبێت، ئیش و كاری پێ ناسپێرن، سەرۆك مسعود بارزانی چەندین برا و كوڕی دیكەی هەیە، بەڵام تەنیا ئەوانە كاری پێسپاردوون كە توانایان هەیە كاروبارەكان بەڕێوە بەرن، سیمایەكی دیكەی تایبەتمەندییەكانی سەرۆك بارزانی ئەوەیە كە لە شەڕدا كوڕ و براكانی خۆی پێش خەڵكی دیكە رەوانەی بەرەكانی شەڕ دەكات، بۆیە ئەوانەی ئامانجیان كوردایەتییە پشتگیری لە سەرۆك بارزانی دەكەن. من لێرەدا كاكە حەمەی حاجی مەحمود بە نموونە دێنمەوە كە خەڵكی هەڵەبجەیە و زۆر باشیش دەیناسم، كاكە حەمەش كاژیك بووە، لە ساڵی 1973 لەگەڵ كاك حەمە شەمێرانی چووین بەرگریی میللی دروست بكەین، لەوێ حاجی حەمەمینمان كرد بە سەرلقی بەرگریی میللی، ئەو لە وەڵامدا پێی وتین: ئەم كارە بەمن ناكرێت، بەڵام ئێمە گەنجێكی ئازاو چابووكمان هەیە، ئەگەر ئەو بكەنە جێگری من و كاروبارەكان بكات، ئەوا لەوانەیە منیش پێم بكرێت. كە ناردیان بە شوێنیا و هاتن، ئەم كاكە حەمەی حاجی مەحمودە بوو، مەبەستم لەم گێڕانەوەیە ئەوەیە كاكە حەمەی حاجی مەحمود زیاتر لە 45 ساڵە پێشمەرگەیە و لە هەموو قۆناخەكانیشدا پێشمەرگەیەكی ئازا بووە و یەكەم كەس بووە دوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول و دوای ساڵی 1975 لە شارەزووردا یەكەم فیشەكی تەقاندووە، پاشان سەرۆكی حزبێكە و لەشەڕی دژی داعشیشدا كوڕەكەی لە تەنیشت خۆی شەهید بووە، پرسیاری من ئەوەیە بۆچی كاكە حەمەی حاجی مەحمود پشتگیریی سەرۆك مسعود بارزانی دەكات؟ كاكە حەمەیەك ئەوەندە بەتوانا بێت، لەو چیاو چۆڵە خۆی فێری خوێندەواری بكات و كتێب دەربكات، پاشانیش سەرۆكی حزبێكە، تۆ بڵێی ئەوەندە بێ ئاگا بێت هەر لەخۆیەوە پشتگیریی سەرۆك مسعود بارزانی بكات؟ باشە ئەگەر ئەو بزانێت كاك مسعود بارزانی راستگۆ نییە لەگەڵ میللەتی خۆی، چۆن پشتگیری دەكرد؟ بێگومان بۆیە پشتگیریی سەرۆك بارزانی دەكات لەبەر ئەوەی گەیشتۆتە ئەو قەناعەتەی كە سەرۆك مسعود بارزانی لەگەڵ میللەتی خۆی راستگۆیە و ئامادەیە خۆی بەخت بكات لە پێناوی سەربەخۆیی كوردستاندا.
كەسانی حاقید لەسەر پشتگیری كاكە حەمەی حاجی مەحمود بۆ سەرۆك بارزانی، چییان پێ نەكرد، لە كاتێكدا كاكە حەمە باوكی شەهیدە و كوڕەكەی لە بەرەكانی شەڕ لە تەنیشت خۆی شەهید بووە و خۆیشی چەندین جار بریندار بووە و كەسایەتییەكی خۆشەویستی گەلەكەیەتی، واتە ئەوانەی دژی سەربەخۆیین هەموو هەوڵێك دەدەن بۆ ئەوەی هەموو شتێك ناشیرین بكەن، ئەوان بە چاوی سووك سەیری دەستكەوتەكانی كوردستان دەكەن، ئەوان دژایەتیی سەربەخۆیی كوردستان دەكەن، بەوەش خۆیان شەرمەزاری مێژوو و نەوەكانی ئێستا و ئایندە دەكەن. ئێستا ئەو هەموو دەوڵەتە كونسوڵخانەیەی لە هەولێر كردۆتەوە، ئەوان ئەمە بە سەركەوتن نازانن و دەڵێن لە خۆیانەوە هاتوون. لە دوماهیشدا دەڵێم، من كاتێك پشتگیری لە پرۆسەی سەربەخۆیی دەكەم، لە هەمانكاتدا رەخنەی زۆریشم لەسەر پارتی هەیە، رەخنەكانی خۆیشم زۆر راشكاوانە بە كاك مسعود بارزانی و كاك نێچیرڤان بارزانی راگەیاندووە و زۆر دیموكراتییانە لێیان قبووڵ كردووم، بەڵام رەخنە و گلەیی لە پارتی مەسەلەیەكە و پشتگیریی سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەتی كوردستانیش مەسەلەیەكی دیكەیەو نابێت ئەم پرسە تێكەڵی شتی لابەلا بكرێت و دەبێت هەموومان پشتگیری ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان بكەین.»
