باربارا وڵتەر : شەڕە ناوخۆییەكانی ناوچەكە هەڵگری خەسڵەتی شەڕی درێژخایەنن
July 5, 2017
دیمانەی تایبەت
باربارا وڵتەر پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە سكووڵی سیاسەت و ستراتیژییەتی جیهانی لە زانكۆی كالیفۆڕنیا سان دیگۆ، تایبەتمەندە لە بواری شەڕە ناوخۆییەكان، تیرۆریزم و توندوتیژی ناتەقلیدی. بڕوانامەی دكتۆرای لە زانستی سیاسی لە زانكۆی شیكاگۆ بەدەست هێناوە. بۆ تاوتوێكردن و هەڵسەنگاندنی هەلومەرجی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەگەری دووبارەبوونەوەی شەڕی ناوخۆیی تایفەگەری لە عێراق و چەند پرس و بابەتێكی دیكە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی دایەوە.* چۆن لە بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانیت؟
- لە ئێستادا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە بارودۆخێكی خراپی ئەمنیدا تێدەپەڕێت و ئەگەری ئەوە هەیە بۆ ماوەیەكی دیكەش هەر بەو شێوەیە بمێنێتەوە. شەڕە ناوخۆییەكان لە سووریا، عێراق، یەمەن و لیبیا هەموویان هەڵگری خەسڵەتی شەڕی ناوخۆیی درێژخایەنن. كە چەندین لایەنی ململانێكار لەم شەڕانەدا تێوەگلاون، دەوڵەتە دەرەكییەكانیش دەستتێوەردانێكی گەورە لەم شەڕانەدا دەكەن، ئەمەش دژوارییەكی گەورەی لێدەكەوێتەوە، بەوەی كە نەتوانن لە رێی گفتوگۆكردنەوە بگەنە چارەسەرێك.
* بەهۆی ئەو بۆشاییەی كە هێزە رۆژئاواییەكان، بەتایبەتی ئەمریكا، لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروستیان كردووە، ئەوا رووسیا رۆڵێكی زیاتر دەبینێت لەم ناوچەیەدا و، هەندێ جار وا دەردەكەوێت كە شەڕێكی ناوخۆیی لە نێوان ئەم دوو دەوڵەتەدا هاتۆتەئاراوە، ئایا ئەمە لێكدانەوەیەكی دروستە بۆ بارودۆخەكە و پێتوانییە ئەمەش سەردەكێشێت بۆ ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی زیاتر؟
- تاوەكو ژمارەیەكی زیاتری دەوڵەتە دەرەكییەكان تێوەبگلێن لە شەڕەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوا ناوچەكە بەرەو ئاڵۆزی و ناسەقامگیریی زیاتر دەڕوات. تێوەگلانی سەربازی گەورەی رووسیا لە سووریادا و، پشتیوانی بۆ رژێمی ئەسەد، بۆتەهۆی ئەوەی شەڕەكە درێژخایەنتر و دڕندانەتر بێت. هەروەها كاریگەری هەبووە لە ئاوارەبوونی ملیۆنەها هاووڵاتی سووری كە ئەگەری ئەوە هەیە ناسەقامگیربوونی دەوڵەتە دراوسێكانی لێبكەوێتەوە، بەتایبەتی لوبنان، ئەردەن و توركیا.
* ئەگەرچی هیچ بەرەوپێشچوونێكی بەرچاو بەدی نەهاتووە لە پرۆسەی ئاشتیی ئیسڕائیل و فەلەستیندا، بەڵام پێدەچێت نزیكبوونەوەیەك لە بەرژەوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیسڕائیل دروست بووبێت، بەهۆی ئەوەی هەردووكیان ئێران بە مەترسی و هەڕەشەیەكی جددی دەزانن، پێتوایە ئەمە هۆكارێك بێت بۆ دواخستنی زیاتری پرۆسەی ئاشتی؟
- لە ئێستادا پرۆسەی ئاشتی فەرامۆش كراوە. پێموایە ئیسڕائیل و سعودیە ترسیان هەیە لەوەی ئەمریكا لە ناوچەكە دووربكەوێتەوە و بەردەوام نەبێت لەوەی بە بێ مەرج پشتیوانییان لێبكات. ئەوەی جێی سەرنجە، ئەوەیە هەردوو وڵاتەكە پاڵنەری ئەوەیان هەیە لە گەورەپیشاندانی هەڕەشەی ئێران لەسەر ناوچەكە، بۆ ئەوەی ئەمریكا لە بەرژەوەندی ئەوان لە ناوچەكە تێوەبگلێت.
* ئاشكرایە شاری موسڵ لە سەروبەندی ئەوەدایە بەتەواوری رزگاربكرێت، ئەمەش بە مانای ئەوەیە كە داعش لە عێراقدا لە لێواری تێكشكاندایە، ئایا پێتوانییە شەڕێكی دیكەی تایفەگەری سەرهەڵدەداتەوە ئەگەر بێتو ئەو هۆكارانە چارەسەر نەكرێن كە بوونەهۆی دروستبوونی گرووپە رادیكاڵەكان؟
- بەڵێ، پێشبینی ئەوە دەكرێت دوای تێكشكاندنی داعش لە عێراقدا شەڕێكی دیكەی تایفەگەری بێتەئاراوە. لە عێراقدا چەندین گرووپی شیعە و سوننەی ململانێكار هەن و تاوەكو شەڕەكە بەردەوام بێت، ئەوا پاڵنەری ئەوەیان بۆ دروست دەبێت كە شەڕی كۆنتڕۆڵكردن بكەن.
* ئایا چۆن ئایندەی عێراق دەبینن و پێتوایە ئەم وڵاتە بتوانێت بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە؟
- دۆخی عێراق زیاتر مایەی ئومێدە بە بەراورد بە دۆخی سووریا. لەگەڵ ئەوەشدا، تەحەددییەكە ئەوەیە چۆن بە تێپەڕبوونی كات دەسەڵات دابەش بكرێت. سوننە پاڵنەری ئەوەیان دەبێت بەردەوامیی بە شەڕ بدەن، تا ئەو كاتەی مەترسیی ئەوەیان هەبێت كە لە دەسەڵات دووردەخرێنەوە. دابەشكردنی دەسەڵات پرۆسەیەكی دژوارە، بەڵام پێویستە بۆ پاراستنی ئاشتی.
* چۆن لە دۆخی هەرێمی كوردستان و ئەگەری سەربەخۆبوونی ئەم هەرێمە دەڕوانیت؟
- لە عێراقدا، بارودۆخەكە هەستیارترە، لەبەر ئەوەی كورد بە سەر سنوورە نێودەوڵەتییەكاندا دابەش بوون. رژێمی عێراق دەكەوێتە ژێر فشارێكی گەورەوە بۆ ئەوەی دەستپێشخەری نەبەخشێت.
* پێشبینییەكانت چین لەبارەی ئایندەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئایا باشترین و خراپترین سیناریۆ چین؟
- باشترین سیناریۆ كە رووبدات، ئەوەیە كە شەڕەكان لە ناوچەكەدا چارەسەر بكرێن و ئەو حكومەتانە دەسەڵات بگرنەدەست كە لە بەرژەوەندی خەڵكەكەیان كاردەكەن. خراپترین سیناریۆش ئەوەیە شەڕەكان بۆ چەندین ساڵ لە ناوچەكەدا بەردەوام بن و پەل بكێشن بۆ دەوڵەتە دراوسێكان و لە كۆتاییدا حكومەتە سەركوتكارو گەندەڵكارو داپڵۆسێنەرەكان دەسەڵات بگرنەدەست كە تەنیا لە پێناوی بەرژەوەندیی كەمینەیەكدا كار بكەن.
