عەلی خدر میرزا كەسایەتی ئایینی ئێزیدی بۆ گوڵان: پەكەكە لە خەمی ئێزیدییەكاندا نییەو بووەتە بەربەست لەبەردەم ئاوەدانكردنەوە و ئارامكردنەوەی ناوچەی شنگال

عەلی خدر میرزا  كەسایەتی ئایینی ئێزیدی بۆ گوڵان:  پەكەكە لە خەمی ئێزیدییەكاندا نییەو بووەتە بەربەست لەبەردەم ئاوەدانكردنەوە و ئارامكردنەوەی ناوچەی شنگال
گەڕانەوەی شنگال و تەواوی دەڤەری ئێزیدییەكان بۆ سەر كوردستان و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان ئومێدو خواستی كوردانی ئێزیدییە كە لەسایەی حكومەتی عێراقدا چەندین جار دوچاری كۆمەڵكوژی بوونەتەوە، كۆمەڵكوژییەكەی ئەمجارەی داعش ئەوەندەی دی برینەكانی كورد بەگشتی و كوردانی ئێزیدی بەتایبەتی قووڵتر كردەوە، ئێستاش بوونی پەكەكەو حەشدی شەعبی لەناوچەكانیان بەڵایەكی دیكەیە و ئومێدی گەڕانەوەی سەقامگیری و ئاوەدانكردنەوەی دەڤەرەكەیانی لەبار بردووە. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسە و چەندین پرسی دیكەی تایبەت بە چارەنووسی شنگال و دەڤەری ئێزیدییەكان ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ عەلی خدر میرزا كەسایەتی ئایینی لە پەرستگای شێخ بن قاسم شەمسە لەچیای شنگال ساز كرد، ئەویش بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
رفاندن و چەكداركردنی كچ و كوڕی منداڵ لەلایەن پەكەكەوە دیاردەیەكی قێزەوەن و گوناهێكی گەورەشە



* سەرۆك بارزانی و حزبە كوردستانییەكان لە ئیجماعێكی نیشتمانیدا رۆژی 25ی ئەیلوولی ئەمساڵیان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم دیاری كرد، ئایا ئێوە وەكو پیاوێكی ئایینی ئێزیدی تاچەند ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی بە گرینگ دەزانن؟


- كوردی ئێزیدی بە درێژایی مێژووی دامەزراندنی حكومەتی عێراق و هەتا ئێستاش بەهۆی كوردبوون و ئایینەكەیانەوە دەیان جار بوونەتە قوربانی، لەكۆمەڵكوژییەكەی داعش و ئاوارەبوونیشمان حكومەتی ناوەندی هیچ ئاوڕێكی لێ نەداینەوە، تەنانەت باسی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزیدییان لە پەرلەمان و نەتەوە یەكگرتووەكانیش ناكەن. عێراق بۆ ئێمە جگە لەماڵوێرانی و ئاوارەیی زیاتر هیچ سوودێكی نەبووە، بەڵام ئێمە زۆر سوپاسگوزارین كە جەنابی سەرۆك بارزانی بەڵێنەكەی خۆی بردە سەرو لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگە توانی ناوچەكانمان ئازاد بكاتەوە و تۆڵەی كوردی ئێزیدی لەو تیرۆرستانە كردەوە، هەربۆیە كوردی ئێزیدی وەكو هەموو پێكهاتەكانی كوردستان سەرۆك مسعود بازرانی بە خەمخۆر و پارێزەری خۆیان دەزانن، هەر بۆیە پاڵپشتی هەموو بڕیارێكی دەكەن، بەتایبەتی لەمەسەلەیەكی نەتەوەیی و نیشتمانی وەكو ریفراندۆمدا، وەكو كوردێكی ئێزیدی و كەسایەتییەكی ئاینیش دڵنیام لەسەر دەستی جەنابیان سەربەخۆیی كوردستان بەدەست دەهێنین، ئەمەش ئاوات و داخوازی گەلی كوردستانە بەهەموو پێكهاتەكانیەوە، هەربۆیە لەم قۆناغەدا پێویستە بە هەمووان پاڵپشتی لە سەرۆكی كوردستان بكەین بۆ ئەوەی دەوڵەتی كوردستان رابگەیەنێت و جارێكی تر كۆمەڵكوژ نەكرێینەوە.


* شنگال بەشێكی دانەبڕاوە لەخاكی كوردستان و سەرۆك بارزانی لەچەندین بۆنەدا ئاماژەی بەمە كردووە، وەكو پیاوێكی ئایینی ئێزیدی داواكاریتان لەجەنابی بارزانی چییە؟
- سوپاس بۆ خوا لەسەر دەستی پێشمەرگە و هەوڵ و كۆششی جەنابی بارزانی شنگال و دەڤەری ئێزیدییەكان ئازاد كرا، جەنابیان بەڵێنی پێداین شنگال ئازاد دەكات، بەڵێنەكەشی جێبەجێ كرد، ئێستاش سەرۆك بارزانی هەموو هەوڵی خۆی خستۆتە گەڕ بۆ ئەوەی شنگال سەقامگیر بێت و ئاوەدان بێتەوە، بەڵام بوونی چەكدارانی پەكەكە لەچیای شنگال و ناو شارەكە خەڵكەكەی بێ ئومێد كردووە، چونكە ئەوان ناوچەكەمانیان دوچاری نائارامیی زۆر كردووەو كارو هەڵسوكەوتی خراپ ئەنجام دەدەن و دژایەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن، هەربۆیە دەبێت سنوورێك بۆ ئەو هەموو چەكدارە بیانییانە دابنرێت كە لەناوچەی چیای شنگال و دەوروبەری بوونیان هەیە، چونكە خەڵكی ئێزیدی بەرگەی ماڵوێرانی و شەڕێكی دیكە ناگرن، هەروەكو چۆن بەهۆی بارەگاكانی پەكەكەوە فڕۆكەكانی توركیا چیای شنگالیان بۆردومان كردو خەڵكێكی زۆری ئێزیدی دووبارە ئاوارە بوونەوە، داواكاریشم لەحكومەتی هەرێمی كوردستان ئاوڕێك لەپرۆژە خزمەتگوزارییەكان بداتەوە بۆ ئەوەی خەڵكی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
* پەكەكە رێز لە بڕیاری ئەنجومەن و جڤاتی رۆحانیی ئێزیدی ناگرێت و شنگال وەكو ئەجیندەیەكی دەرەكی بەكار دەهێنێت، ئایا چی بكرێت بۆ ئەوەی پەكەكە بەگفتوگۆ و دانوستاندن ئەو دەڤەرە چۆڵ بكات؟


- پەكەكە نەهاتۆتە چیای شنگال بۆ یارمەتیدانی كوردی ئێزیدی، ئەوان بۆ بەرژەوەندی خۆیان هاتن تاوەكو زیاتر چیایەكی كوردستان داگیربكەن و لێرەوە رێگری بكەن لە گەڕانەوەی شنگال بۆ سەر كوردستان، چونكە ئەگەر ئەوان بەرژەوەندیی كوردانی ئێزیدیان دەوێت، دەبوایە لەگەڵ ئازادكردنی شنگال و دوورخستنەوەی مەترسیی داعش عینادییان نەكردایە و ناوچەكەمانیان چۆڵ بكردایە، ئێمە بە پەكەكەمان وت ماڵتان ئاوا بێت و كاری ئێوە تەواو بوو، بگەڕێنەوە شوێنی راستەقینەی خەباتی خۆتان كە كوردستانی باكوورە، كەچی ئەوان بەپێچەوانەوە باسی كانتۆن و دژایەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكەن، تەنانەت دۆخی خراپی كوردی ئێزیدییان قۆستەوە و منداڵ و گەنج و كچی ئێمەیان رفاندووەو چەكداریان كردوون و لە قەندیل و سووریا شەڕیان پێ دەكەن، چەكداركردنی منداڵ و مێرمنداڵ و خۆتەقاندنەوە نەك هەر دوورە لە دابونەریت و ئایینی ئێزیدییەوە، بگرە كارێكی قێزەوەن و گوناهێكی گەورەشە. ئەمڕۆ هەموو كوردێكی دڵسۆزی ئێزیدی پاڵپشتی داواكارییەكەی ئەنجومەنی جڤاتی رۆحانیی ئێزیدی دەكات، بەڵام لەبەر ئەوەی هاتنی پەكەكە و حەشدی شەعبی لەسەر داخوازی ئێران و لایەنە شیعەكانە، هەر بۆیە زەحمەتە پەكەكە و حەشدی شەعبی بە گفتوگۆ و دانوستاندن ئەم ناوچانە چۆڵ بكەن، یەكلاكردنەوەی ئەم كێشەیە پێویستی بەهاوكاریی وڵاتانی هاوپەیمانان و بەتایبەتی ئەمریكا هەیە، ئومێدەوارم لەكۆتاییدا پەكەكە دەست لە كەللەڕەقی هەڵگرێت و لەم قۆناغە هەستیارەدا كورد هەمووی یەكڕیزو یەكدەنگ بێت.
* وەك باست كرد، پەكەكە منداڵ و كچ و گەنجی كوردی ئێزیدی رفاندووەو بردوونی بۆ قەندیل و سووریا، ئایا لەناو ئێزیدییەكان چۆن سەیری ئەم رەفتار و هەڵسوكەوتانەی پەكەكە دەكەن؟


- چۆن داعشەكان بە سەدان منداڵ و كچی ئێمەیان رفاند، هەرواش پەكەكە منداڵ و كچی كوردی ئێزیدییان رفاندووەو چەكداریان كردوون، ئێمە لەسەر چیای شنگال لەنزیكەوە ئاگاداری ئەو كارو رەفتارانەی پەكەكەین، ئەمە دوورە لەدابونەریتی كورد و ئایینی ئێزیدییەوە، كوردی ئێزیدی میللەتێكی مەزڵووم و ئاشتیخوازە، ئەمڕۆ سۆزێكی نێودەوڵەتی بۆ دروست بووە، پەكەكە بەو رەفتارانە لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا زیانمان پێ دەگەیەنێت، چونكە لەیاساو نەریتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا تەنیا گرووپە تیرۆریستەكان منداڵ و مێرمنداڵ بۆ چەكداری و شەڕ بەكار دەهێنن، تەنانەت خۆتەقاندنەوە دیاردەیەكی تیرۆرستییەو لەكۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا شتێكی قێزەوەنە، كەچی پەكەكە شانازی پێوەدەكات و كچی ئێزیدیان بردە مەنبج و لەوێ خۆی تەقاندەوە، هاوڕێیەكم خۆی و خێزانەكەی لەكەمپێكی سووریا نیشتەجێن و تەنیا كوڕێكیان هەیەو تەمەنی 8 ساڵە، پەكەكە رفاندوویەتی و بردوویەتە قەندیل و باوكی هیچ سۆراخی نازانێت، ئەو باوكە داماوە نازانێت لەكێ سۆراخی كوڕەكەی بزانێت، ئەمە تەنیا گرفتی ئەو باوكە نییە، بەڵكو دۆخی خراپی ئاوارەكان و فریودانی كچ و كوڕەكانیان هەڵسوكەوتێكی ناشیرینی پەكەكەیەو وەكو دیاردەیەكی قێزەوەنیان لێ كردووە.
* جگە لەپەكەكە ئێستا حەشدی شەعبیش لەناوچەكە بوونەتە بەڵایەكی تر، لەمەشدا پەكەكە هاوكارییانە، ئایا پەكەكە لەبەرژەوەندی كێ ئەم كارە دەكات و دژی هێزی پێشمەرگەی كوردستانەو هاوپەیمانێتی لەگەڵ حەشدی شەعبی دەكات؟
- هەر وەكو چۆن پەكەكە دۆخی خراپی ئێزیدییەكانی بۆ فریودانی هەندێك كوردی ئێزیدی قۆستەوە بەهەمان شێوە حكومەتی عێراق لەرێگەی حەشدی شەعبی ژمارەیەكی كەمی ئێزیدییەكانیان فریودا، پەكەكە و حەشدی شەعبی بەرژەوەندی كوردی ئێزیدییان لا گرنگ نییە ئەوان ئەجیندەی مەزهەبی لەناوچەكانمان جێبەجێ دەكەن. لەناو هەموو خێڵ و هۆزو پێكهاتەیەكدا كەسانی نەزان بوونیان هەیە كە دوژمن ئیستغلالیان دەكات و دژی خواست و ئیرادەی میللەتەكەیان بەكاریان دەهێنێت، لەناو ئێمەشدا ژمارەیەكی كەم لە كوردانی ئێزیدی چوونەتە ناو گروپە چەكدارەكانی میلیشیاتە شیعەكانەوە، هەر كوردێكی ئێزیدی تۆزقاڵێك شارەزایی هەبێت دەزانێت عێراق چی ماڵوێرانی و كەمتەرخەمیەكی بەرامبەرمان هەبووە.، ئەوان لەناو حەشدی شەعبی داڵدەی ئەو عەرەبانەشیان داوە كە دەستیان هەبووە لە كۆمەڵكوژی و ڕفاندنی كچ و ژنی ئێمە. هەموو كەس دەزانێت بوونی حەشدی شەعبی لەناوچەكانمان پلانێكی تری حكومەتی عێراقە دژی نەتەوەی كورد و نەگەڕانەوەی دەڤەری ئێزیدییەكان بۆ سەر هەرێمی كوردستان چونكە تا حەشدی شەعبی و پەكەكە لەم ناوچانەدا بوونیان هەبێت، هەرگیز ئەم ناوچانە سەقامگیری و ئارامی بەخۆوە نابینن و خەڵكی ناگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیانن، ئەمەش جۆرێكی ترە لە ڕاگواستن و دەركردنی كورد لەناوچە كوردستانییەكان، ئێمە لەناو لەشكری فەرماندەیی شنگال باشتر دەتوانین خزمەتی گەلی خۆمان بكەین ناكرێت چەكداری بیانی لە سوریاو توركیاو ئێرانەوە بهێنرێنە ناوچەكانمان، هەربۆیە ئێمە پێمان خۆشە لەرێگەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە فشار بخرێتە سەر عێراق بۆ ئەوەی حەشدی شەعبی و پەكەكە لەناوچەكانمان دەربكرێن و دەست بكرێت بەئاوەدانكردنەوەی شنگال و خوێنی ئەو پێشمەرگانەش بەفیڕۆ نەدرێت كە لەپێناو پارێزگاریكردن لەكوردو پێكهاتەكانی تری كوردستان و راگەیاندنی دەوڵەتی كوردستان شەهید بوون.
Top