زەڵاڵ چەچان: رفاندن و چەكداركردنی كوڕ و كچی هەرزەكار نەریتێكی كۆنی پەكەكەیە ئەمەش هۆكاری ئەوەیە رۆژئاوا بە تیرۆریست ناوی دەبات

زەڵاڵ چەچان: رفاندن و چەكداركردنی كوڕ و كچی هەرزەكار نەریتێكی كۆنی پەكەكەیە ئەمەش هۆكاری ئەوەیە رۆژئاوا بە تیرۆریست ناوی دەبات
خاتوو زەڵاڵ چەچان لەتەمەنی حەوت ساڵانەوە لە ریزەكانی پەكەكە بووەو یەكێكە لە ئەندامانی پێشووی پەكەكەو لەدامەزراندنی یەپەشەوە لە قەندیل ئەندامی كۆنگرە بووە، لەماڵباتەكەی 10 شەهیدیان هەیە كە یەكێكیان خوشكەكەی بووە، لەساڵانی 1997-2004 كاری سیاسی كردووە. ئەم ئەندامەی پەكەكە رەخنەیەكی توند لە پەكەكە دەگرێت و پێیوایە سیاسەتەكانی ئەو حزبە وایكردووە ژمارەیەكی زۆری كورد واز لە پەكەكە بهێنن و لە ریزەكانی سوپای توركیا كاری سەربازی بكەن، چونكە وەك خۆی باسیدەكات، لەدوای دووركەوتنەوەی پەكەكە لە هێڵی نیشتمانی و نەتەوەیی، كەسانی شۆڕشگێڕ بە مانەوەیان لەناو ریزەكانی پەكەكە هەست بەخیانەت دەكەن، ئەم پرسەو چەند بابەتێكی دی، ناوەڕۆكی ئەم دیمانەیەی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ خاتوو زەڵاڵ چەچان دەخاتەڕوو.
* ئەمڕۆ لەهەموو كات زیاتر كورد پێویستی بە یەكڕیزی و یەكدەنگی هەیە، بەڵام پەكەكە دژایەتیی ئەم یەكدەنگی و یەكڕیزییە دەكات، بگرە دوور لەهەستی نیشتمانی و نەتەوەییەوە لە كوردستانی باشوور هەڵسوكەوت دەكات، ئایا پەكەكە بۆچی دەستبەرداری ئەم هەڵانەی نابێت؟
- لەپاش دەستگیركردنی عەبدوڵا ئۆجەلان، پەكەكە بەرنامەی خۆی لە سەربەخۆیی كوردستان بۆ دەوڵەتی توركیای دیموكراتی گۆڕی، بەمەش ژمارەیەكی زۆری شەڕەڤان و سیاسەتمەدارو لایەنگرانی پەكەكە دەستبەرداری ئەو حزبە بوون، چونكە دوای دووركەوتنەوەی پەكەكە لە هێڵی نیشتمانی و نەتەوەیی كەسانی شۆڕشگێڕ ناتوانن درێژە بەكاری خۆیان بدەن و بەمانەوەیان لەناو ریزەكانی پەكەكە هەست بەخیانەت دەكەن، من لە تەمەنێكی زۆر بچووكی منداڵی رووم لە قەندیل كرد، ئەمەش لەبەر ئەوە بوو من خاوەنی ماڵباتێكی شۆڕشگێڕی نەتەوەیی بووم و 10 كەس لەماڵباتەكەم شەهید بوون، لەناویاندا خوشكەكەم كە دوای ئەوەی پۆلیسی توركیا گەمارۆیان دا تا دوا فیشەك شەڕی كردو لەبری تەسلیم بوون، خۆی شەهید كرد، پۆلیسەكانی توركیا باسی ئازایەتی و خۆڕاگری ئەم كچەیان دەكرد، كەچی لای پەكەكە ئەم فیداكاری و شەهیدبوونە هیچ گرنگی نەماوە، ئێستا من و خاوەنی دەیان شەهیدی تر دەپرسین لەپێناو چی گەلی كورد ئەو هەموو شەهید و قوربانییەی دا؟ بە تەئكید لەپێناو سەربەخۆیی و ئازادی بوو، لەپێناو سەرفرازی گەلەكەیان شەهید بوون، تا كوردستان سەربەخۆ بێت، كەچی ئەوان باسی كۆماری توركیای دیموكراتی دەكەن، شۆڕشێك 30 ساڵە بەردەوامەو خاوەنی ئەو هەموو شەهیدەین، كەچی سەرئەنجام پەكەكە شۆڕشەكەیان تێكشكاندو رێگای خۆیان گۆڕی و دژی پارتە كوردییەكان راوەستانەوە، ئەمەش هەمووی لەپێناو بەرژەوەندی تەسكی حزبی و جێبەجێكردنی مەرامی داگیركەرانی كوردستان بووە، ئەوەتا هەموو كورد دڵخۆشە بە راگەیاندنی رۆژی ریفراندۆم و هەنگاونان بەرەو سەربەخۆیی كوردستان، كەچی پەكەكە دروشمی یەكپارچەیی و پەیوەندی لەگەڵ حەشدی شەعبی و بەغدا هەیە و بۆی بكرێت لەگەڵ بەرەی دوژمنەكانی سەربەخۆییدا رووبەڕووی خواستی كوردستانی باشوور دەبێتەوە.

* ئایا هەڵبژاردنی بەردەوامبوون لەدەستتێوەردانی كوردستانی باشوور، زیان بەمێژووی خەباتی پەكەكە ناگەیەنێت، بەداخەوە لەناو هەموو هێزە كوردستانییەكاندا پەكەكە دژایەتی ئەم دەرفەتە دەكات كە بۆ كورد هاتۆتەپێشەوە، ئایا پەكەكە لە پێناوی چی دژایەتی بەرژەوەندیی كورد دەكات؟
- پەكەكە هەرگیز راستگۆ نەبووە لە ستراتیژی و سیاسەتی خۆیدا، تەنانەت لە رووی تەكتیكیشەوە كاری لەگەڵ وڵاتانی داگیركەر كردووە، باسكردنی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراق و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران و بەرەی شیعەو حەشدی شەعبی جوانترین بەڵگەیە، كە پەكەكە خوازیارە ئەم دەرفەتە زێڕینەی سەربەخۆیی لەدەست كورد بچێت. پەكەكە سەربەخۆیی كە پرۆژەیەكی نەتەوەییە تێكەڵ بە ناكۆكیی سیاسی و كاری حزبایەتی كردووە، لەكاتێكدا ریفراندۆم بۆ نەتەوەیەكە كە سەدان ساڵە خەباتی كردووە لەپێناو سەربەخۆییدا، پێویستە هەموو حزب و لایەنە سیاسییەكان بەجیاوازی ئایدیۆلۆژی ململانێی حزبییان، ئامانجی نەتەوەیی وەكو قیبلە بە یەك ئاراستە كۆیان بكاتەوە، نەك وەكو پەكەكە كاروچالاكییەكانی لەدژی سەربەخۆیی و خواستی گەلی كوردستانی باشوور كۆبكاتەوە.

* ئایا مانەوەی پەكەكە لەشنگال و عینادییان لەداواكاری و خواستی كوردانی ئێزیدی و مەرجەعی ئایینی و میری ئێزیدییان لەچۆڵكردنی ناوچەكانیان بۆ ئەوەی بتوانن ئاوەدان بكرێتەوەو كوردی ئێزیدی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان بۆ ویستی حەشدی شەعبی و ئەو وڵاتانە دەگەڕێتەوە كە پەكەكە بەوەكالەت كاریان لەگەڵ دەكات؟
- مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ئەو بەڵێنەی جێبەجێ كرد كە بەكوردانی ئێزیدی دابوو، ئەوە بوو لەداستانێكی گەورەدا لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و شەهیدبوونی 700 پێشمەرگەی قارەمان شنگال ئازادكرا، بەمەش كاری پەكەكە لەو دەڤەرە تەواو بوو، پێویست بوو پەكەكە ئەم ناوچەیە چۆڵ بكات كە پێشتر بە حوكمی جوگرافیای ناوچەكەو چیای شنگالەوە لەم ناوچەیە بارەگایان دانابوو، ئێستاكە لەبەر ئەوەی پەكەكە ئەجیندەی وڵاتانی تری هەڵگرتووەو بەفەرمانی ئێران دەجووڵێتەوە و لە رێگای حەشدی شەعبی-یەوە مووچە و پێداویستی بۆ دێت، هەر بۆیە ئامادە نییە ناوچەكانی شنگال چۆڵ بكات، ئەمەش پێچەوانەی هەڵوێست و كاری نیشتمانپەروەری و نەتەوەیی گەلی كوردستانی باشوور و هێزی پێشمەرگەیە كە كاتێك كۆبانێی پاراست و كارەكەی تەواو بوو راستەوخۆ كشایەوە. پەكەكە لەهەر شوێنێك بێت، بەهاوشێوەی داعش ژیان و ئاوەدانی تێدا نابێت و دەستی دەرەكی رادەكێشێتە ئەو ناوچەیەو ململانێی و شەڕەكانی بۆ ئەوێ دەگوازێتەوە، ئەوەتا فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای توركیا بینیمان چۆن ئەم ناوچەیەی بۆردوومان كردو چەندین پێشمەرگە شەهیدو بریندار بوون.
* لە ئێستادا هەموو وڵاتانی جیهان پشتگیری لە سەرۆك مسعود بارزانی دەكەن بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی و رێز لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەگرن؛ كەچی پەكەكە دژی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و ئاڵاو دروشم و سیمبولی كورد وەستاوەتەوە، ئایا ئەمە زیان بە هێڵی نەتەوەیی و نیشتمانی گەلی كوردستان ناگەیەنێت؟

- پەكەكە دەڵێت مێژووی كورد لەمنەوە دەستی پێكردووەو لەمنیشەوە كۆتایی دێت، لەكاتێكدا لەناو ریزی پەكەكە كەسانێك هەبوون كە بیروباوەڕی نەتەوەییان بەرز بوو لەسەر بیری قازی محەمەد و شێخ سەعیدی پیران و رێبازی مەلا مستەفا بارزانی بوون، پەكەكە ئەمەی لا قبووڵ نەبوو، ئاڵای خۆیان كە ئاڵایەكی حزبییە لەسەرووی هەموو ئاڵایەك دادەنێن و رێزیان لەئاڵای راستەقینەی گەلی كوردستان نەدەگرت، ئەو ئاڵایەی كە هەستێكی نەتەوەیی بە تاكەكان دەدات، تەنانەت زۆربەی جار لەبری ئاڵای كوردستان پەكەكە ئاڵای توركان هەڵدەگرێت و لە مەراسیمی كۆنگرەكان بەشدار دەبێت، لە نەورۆزدا كە بۆنەیەكی نەتەوەییە هەر كەسێك ئاڵای كوردستانی بەرزكردایەتەوە، پەكەكە پەلاماری دەدا و دەیسووتاند، وە نەبێت پەكەكە دژایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان و رێبازی بارزانی تەنیا بۆ ململانێیەكی حزبی بێت لەگەڵ ئەو پارتە، بەڵكو پەكەكە هیچ حزب و لایەنێكی سیاسی و ئایدیۆلۆژیەك و ئاڵاو دروشمێكی جگە لەخۆی قبووڵ نییە، بەڵام رێگری گەورە لەبەردەم خۆسەپاندن و جێبەجێكردنی ئەجیندەی دەرەكی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستانە، لەم روانگەیەوە جارێ زۆربەی دژایەتییەكانی خۆی ئاراستەی سەرۆك بارزانی و پارتەكەی كردووە، چونكە باش دەزانێت بارزانی و پارتی لەسەر هێڵی نەتەوەیی و نیشتمانی خەبات دەكەن، ئەوەش بە ئاستەنگێك لەبەردەم بیرو ئایدیای خۆی دادەنێت، هەر حزب و لایەنێكی تری كوردستانی وەكو پەكەكە بیر نەكاتەوە، بەهەمانشێوە رووبەڕووی دەبێتەوە، پەكەكە تەنیا خۆی بەحزب دەزانێت و هەر خۆشی دەوێت، پەكەكە لە باكووری كوردستان دژی هەموو ئەو پارت و لایەنە بچووكانە راوەستایەوە كە باوەڕیان بە ئایدیۆلۆژیای نەتەوەیی و نیشتمانی هەبوو، ئەم هەڵسوكەوتە هەڵەو خراپەی رووبەڕووی حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستانی باشوور و رۆژهەڵات و رۆژئاواش كردووەتەوە.


* پەكەكە دەیەوێت ئەزموونی خۆی لە شەڕی خەندەق لەكوردستانی توركیاوە بۆ شنگال و ناوچەكانی كوردستانی باشوور بگوازێتەوە ئایا بەم كارە چ خزمەتێك بەكوردانی ئێزیدی دەكات؟
- ئەمە پرسیارێكی گرنگەو پێش وەڵامدانەوەی پێویستە باسێكی شەڕی خەندەقتان بۆ بكەم؛ ئۆپەراسیۆنی خەندەق كە لەلایەن پەكەكەوە بۆ تێكدانی پرۆسەی ئاشتی بەڕێوەچوو، هەڵەو گوناهێكی گەورە بوو دژی كوردو پرۆسەی ئاشتی و بەرەوپێشچوونی بەدەستهێنانی مافەكانی گەلی كورد، چونكە گرنگترین پرۆسەی ئاشتی بۆ كورد لەناو بردوو خزمەتێكی گەورەی دەوڵەتی توركی كرد، لەم ئۆپەراسیۆنەدا كورد لە ماڵوێرانی و تێكدانی گوندو ماڵ و حاڵی زیاتر هیچی دەست نەكەوت، زیاتر لە 7 هەزار گەنجی كورد كوژران و هەرچی شارەوانییەكانی كوردستان ئەوەی بەدەستی كوردەوە بوو، لەدەستی داو 80 كورسییەكەی هەدەپەش لەپەرلەمانی توركیا بەهۆی كاروكردەوەی پەكەكەوە لەناوچوون و هیچ كاریگەرییان نەماو زۆر لە پەرلەمانتاران خرانە زیندانەوە، كەس ناتوانێت باسی باشیی شەڕی خەندەق بكات، جگە لە راگەیاندنی پەكەكە لە قەندیل، بەرپرسێكی وەكو دۆڕان قاڵغان دەڵێت: «لەشەڕی خەندەق سەركەوتنێكی بێوێنەمان تۆمار كرد.»، ئەم بەرپرسەی پەكەكە لە قەندیل بەئاشكرا درۆدەكات، چونكە كورد لە شەڕی خەندەق ماڵ و حاڵی تێكچوو، منداڵی خەڵكی كوژراو ژمارەیەكی زۆری كوردی باكووری ناچاركرد بەرەو ئەزمیرو ئەستەنبوڵ و شارەكانی توركیا كۆچ بكەن، دوای ئەوەی كارو كاسبییان نەماو كوردستانی باكوور نائارام و خاپوور كرا، لەهەمووی خراپتر شەڕی خەندەق كوردی لەباكووری كوردستان بە بێكەس هێشتەوە، تەنانەت شەڕی خەندەق ژمارەیەكی زۆری گەنجانی كوردی وا لێكرد بەهۆی هەڵەكانی پەكەكەوە چەك بۆ سوپای توركیا هەڵبگرن و چوونە ریزی سەربازی توركیاوە، ئەمە خەسارەتە گەورەكە بوو، هەرشوێنێك بەدەست پەكەكەوە بوو، لێی كشایەوە و خستیە بەردەستی جەندرمەی تورك، تەنانەت لەقەندیلیش هەرچی گوند هەبوو، چۆڵكران، ئەمەیە تەجروبەی پەكەكە لە باكووری كوردستان كە دەیەوێت لە باشووری كوردستان بەتایبەتی لە شنگال جێبەجێی بكات، هەتا پەكەكە لە شنگال بێت، وەكو قەندیل ژیان و ئاوەدانی تیا نابێت، چونكە لە خەڵكەكەی سەرانەو باج وەردەگرێت، تەنانەت ئەو ناوچەیە بۆ ململانێ و ئەجیندەی دەرەكی بەكار دەهێنێت.
* رفاندنی كچ و كوڕی لاوی كوردستان و بەزۆر چەكداركردنیان بەتایبەتی كچان و كورانی ئێزدی، كە لای ئەوان ئەم رەفتارانە قبووڵ ناكرێت، لای پەكەكە ئاساییە، بۆچی پەكەكە رێزی دابونەریتی كوردانی ئێزدی ناگرێت؟
- چەكداركردنی كوڕو كچی خوار تەمەن 18 ساڵ نەریتێكی كۆنی پەكەكەیە، هەر ئەمەشە وایكردووە لە رۆژئاوا پەكەكە بە رێكخراوێكی تیرۆریستی سەیر بكرێت و لەزۆر وڵاتدا چالاكییان قەدەغە كردووە. پەكەكە هەر زوو هانی كوڕو كچانی مێرمنداڵی دەدا لەماڵباتی خۆیان هەڵبگەڕێنەوە و بچنە شاخ، لەوێش بە ئایدیۆلۆژیای سەقەت و دوور لە نەریتی كوردەواری و نەتەوەییەوە فێری چەكداری و هونەری شەڕكردنیان دەكەن، بەتایبەتی دژی حزب و پارت و فیكری نەتەوەیی كورد، من خۆم كە تەمەنم حەوت ساڵ بوو لە ریزەكانی پەكەكەدا بووم و رێگایان پێنەدەدام بچمەوە ماڵی باوكم و دایكم و خێزانەكەم ببینم، تەنانەت هەواڵیشیانم نەدەزانی، ئەمەش تەنیا بۆ ئەوەی هەست و سۆزی خێزانی و بیری باوك و دایكت نەكەیت، قەرە سور كە یەكێكە لە سەركردەكانی قەندیل دژی هاوسەری و پێكهێنانی خێزانیش بوو، باشە بێ خێزان نەتەوە چۆن دروست دەبێت و گەنجی كورد چۆن هەستی خۆشەویستی و سۆزیان بۆ كورد و خاك و نەتەوەكەیان دەبێت؟ ئەمە ناسیستەمی و ناعەقڵانی و ناشۆڕشگێڕییە.

* پەیەدە هەمان سیاسەتی پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان پەیڕەو دەكات و مۆركێكی دیكتاتۆری و تاكڕەویی هەیە، بەهەمان شێوەی پەكەكەش دژی پێشمەرگەو ئاڵای كوردستان و گەلی كوردستانی باشوور هەڵسوكەوت دەكات، ئایا پەیوەندی نێوان پەكەكەو یەپەدە چییە؟
- پەیەدەش هەر پەكەكەیە لە قەندیل دامەزراوە و پەژەكەش هەر پەكەكەیە و بەناو لەدژی ئێران دامەزراوە، بەڵام بۆ لێدانی پارتەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دامەزراوە، من لەكۆنگرەیان بەشدار بووم و سێ ساڵیش لەگەڵ ئەواندا لە رۆژهەڵات خەباتم كردووە، لە شنگالیش یەپەشەی دامەزراند، ئەم یەكینانە تەنیا بۆ بەرنامەی پارچە پارچەكردنی كوردستان و دامەزراندنی كانتۆنەكان بووە، تاوەكو گەلی كورد بەرەو سەربەخۆیی نەچێت، بەئاشكرا پەكەكە پێیان دەوتین دروستبوونی دەوڵەتی كوردستان مەترسی لەسەرمان هەیە، دواتر ئێمە زانیمان لەناو دەوڵەتی كوردستاندا بوونی پەكەكە نامێنێت و ناتوانێت ئەجیندەی وڵاتانی ئێران و شام جێبەجێ بكات، ئێران لەكۆنەوە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ پەكەكە هەیە من لەساڵی 1997-2004 كە لە چیا بووم بەئاشكرا دەمبینی چەندین ماڵ و خێزانی سەركردەكانی پەكەكە لە ئێران بوون و بریندارەكانیشیان هەر لە ئێران چارەسەری پزیشكییان بۆ دەكرا، گەرچی جار بەجار ناكۆكی و بگرە شەڕیش لەنێوان پەكەكەو سوپای ئێران دروست دەبوو، بەڵام ئەو شەڕو ناكۆكییانە پلانێكی ئێران بوو بۆ ئەوەی پەكەكە زیاتر بچێتە ژێر دەستیەوە، ئەوەتا ئێستا بەئاشكرا لە رێگەی حەشدی شەعبییەوە پەكەكە مووچە لە ئێران وەردەگرێت و یارمەتی سەربازی لە رێگەی حەشدی شەعبی و یەپەشەوە دەنێردرێتە قەندیل، ئەمەش لەبەرامبەر كردنەوەی رێگای هیلالی شیعی بەرەو سووریا و لوبنان و حزبوڵایە. ئێران نەك تەنیا لە ناوچەی شنگال كار لەسەر فراوانكردنی پێگەو دەسەڵاتی خۆی دەكات، بەڵكو ئێران هەرچی شەڕو ئاژاوەو ناكۆكیی سیاسیی نێوان حزبە كوردستانییەكانە بەدەستی ئەنقەست دروستی كردووە، چونكە باش دەزانن بە یەكدەنگی و یەكڕیزی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان دروست دەبێت و تاكە ئاستەنگیش لەبەردەم ئەم پرۆژە نەتەوەییە پەكەكەو تێكچوونی ریزی نیشتمانی و نەتەوەیی گەلی كوردە.
Top