فەریق جەمال محەمەد سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە بۆ گوڵان: جموجووڵی ئەم دواییەی حەشدی شەعبی پێچەوانەی رێككەوتنەكەی ئێمە بوو لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق

فەریق جەمال محەمەد سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە بۆ گوڵان:  جموجووڵی ئەم دواییەی حەشدی شەعبی پێچەوانەی رێككەوتنەكەی ئێمە بوو لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق
هەوڵ و هەنگاوەكانی رێكخستن و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و پەرەسەندنەكانی ئەم دواییە لە ناوچەی باشووری شنگال و دۆخی ناوچە رزگاركراوەكان بوونە تەوەرەی سەرەكی دیدارێكی گۆڤاری گوڵان لەگەڵ فەریق جەمال محەمەد سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە. كە لێرەدا پوختەی قسەكانی بڵاودەكەینەوە.
ئەو جموجووڵەی حەشدی شەعبی بەبێ هەماهەنگی كراوەو هەر رووداوێكیش رووبدات بەرپرسیارێتیی ئەنجامەكەی لە ئەستۆی ئەوان دەبێت


* بە سەرپەرشتی سەرۆكی كوردستان مسعود بارزانی، هێزی پێشمەرگەی كوردستان توانی تەواوی ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات و پانتاییەكی فراوانی خاكی كوردستان ئازاد بكات، تەنانەت سوپای عێراق بەبێ هاوكاری و پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان نەیدەتوانی بەرەو ناو سەنتەری شاری موسڵ پێشڕەوی بكات، ئایا دوای ئەو سەركەوتنانە ئێستا دۆخی میحوەرەكانی پێشمەرگە چۆنن و ئایا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەنیاز نین پێشڕەویی زیاتر بكەن؟
- ئاشكرایە دوای دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی موسڵ هێزی پێشمەرگە توانیویەتی سەرجەم ئەو ئامانجانانە كۆنتڕۆڵ بكات كە بۆی دەستینشان كرابوون، ئێستاش پێشمەرگە لە سەنگەرەكانی بەرگریدان و زۆر بە باشی ئەو ناوچانەیان كۆنتڕۆڵ كردووە و زۆربەی خەڵكی مەدەنیی ئەو ناوچانەش كە ئاوارەی كوردستان بوون، ئێستا گەڕاونەتەوە و زۆر خۆشحاڵن كە هێزی پێشمەرگە بەرگرییان لێدەكات. ئێستاش دەتوانین بڵێین بە شێوەیەكی گشتی دۆخەكە لە ژێر كۆنتڕۆڵدایە، ئەگەرچی بەهۆی ئەوەی داعش لە خوارووی كەركووك تا موسڵ، هەروەها لە بەنداوی موسڵ و ئاسكی موسڵ ماون، ئەوا جار بە جار مەفرەزەیان دێت و تەقە لە پێشمەرگە دەكەن، بەڵام ئەوان زۆر لاواز بوون.
* بەڵام لەم چەند رۆژەی دواییدا گرووپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەر بەشێك لەخاكی كوردستان لە رۆژئاوای شنگال و ماڵ و حاڵی هاووڵاتیانیان تاڵان كردو دۆخێكی نائارامیان لە ناوچەكەدا دروست كرد، ئایا ئێوە وەكو هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هاوپەیمانان و سوپای عێراق، هەماهەنگیتان لەگەڵ یەكدا نییە بۆ رێكخستنی هێرشەكان بەتایبەتی لەو ناوچە هەستیارانەی كە نزیكە لە سەنگەرەكانی هێزی پێشمەرگە؟

- ئەوەی پەیوەست بێت بە ناوچەی شنگالەوە، ئەوا ئەو پێشڕەوی و هەنگاوەی حەشدی شەعبی كارێكی خراپ بوو، ئەوە پێچەوانەی ئەو رێككەوتنەی ئێمە بوو لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق، چونكە نزیكەی سێ مانگ پێش ئێستا سوپاسالاری عێراق و جێگرەكەی هاتنەلای جەنابی سەرۆك و پێشنیار كرا كە پێشمەرگە و سوپا بە شێوەیەكی حەسری ناوچەكانی باشووری شنگال كۆنتڕۆڵ بكەنەوە، حەنابی سەرۆكیش بەمە خۆشحاڵ بوو و فەرمانی كرد لەگەڵیان دابنیشین و بەرنامەیەك دابنیێن لەم رووەوە. دواتر كە عەببادیش هاتە كوردستان و لەلایەن جەنابی سەرۆكەوە پێشوازی لێكرا، ئەوە بوو لەگەڵ جەنابی سەرۆك رێككەوتن كرا كە هێزێك لە سوپای عێراق رەوانەی ئەو لای شنگال بكرێت بۆ ئەوەی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەدا ئەو ناوچانە كۆنتڕۆڵ بكرێن. كەواتە ئەو جموجووڵەی حەشدی شەعبی بە بێ رێككەوتن و هەماهەنگی كراوە و هەر رووداوێكیش رووبدات ئەوا بەرپرسیارێتی ئەنجامەكەی لە ئەستۆی ئەوان دەبێت. چونكە لە راستیدا بە بێ بوونی هێزی پێشمەرگە خەڵكی ئەو ناوچانە ناگەڕێنەوە. ئێوە بڕوانن ئەوە ماوەی دوو ساڵە شنگالمان رزگار كردووە، هێشتا لە سەدا 10ی خەڵكی ناوچەكە نەگەڕاونەتەوە، یەكەمیان بەهۆی بوونی پەكەكە، هەروەها ئێستاش هاتنی حەشدی شەعبی رێگری دیكەیە.
* وەكو سەرۆك ئەركانی هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێتوانییە هاتنی حەشدی شەعبی و بوونی پەكەكە لەم ناوچەیەدا پەیوەندی بە پیلانێكی ئیقلیمییەوە هەیە بۆ كۆنتڕۆڵكردنی ناوچە سنوورییەكانی نێوان سووریا و عێراق لەلایەك و هەڕەشەكردن لە هەرێمی كوردستان لە لایەكی دیكەوە؟
- بە دڵنیاییەوە حكومەتی عێراق لەگەڵ حەشدی شەعبی بە تەنسیق لەگەڵ پەكەكە دەیانەوێت رێڕەوێكی وشكانی بۆ ئێران بكەنەوە، واتە لە خانەقین و مەندەلی بەرەو گەیارە و ئینجا تەلەعفەر و شنگال و بەرەو سووریا و تا دەگاتە حزبوڵای لوبنان، ئەوەش دەچێتە چوارچێوەی دەستێوەردانی ئیقلیمییەوە، كە ئێمەش دەزانین دەستێوەردانی ئیقلیمی دەرئەنجامی خراپی لێدەكەوێتەوە. لەبەر ئەوە پێموایە پێویستە ئێمە دوای نەمانی داعشیش لە ئامادەباشیدا بین، چونكە دوژمنمان زۆرە.

* باسی (پەكەكە)ت كرد؛ ئایا پەكەكە بۆچی دژی پێشمەرگەو خواستی گەلی كوردستانە لە سەربەخۆیی و گەیشتن بە مافەكانی؛ پێتوانییە هەڵسوكەوتی پەكەكە و عینادی لە مانەوەی لەم ناوچانەدا پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئەو هێزە كوردییە لە هێڵی نیشتمانی و نەتەوەیی دوور كەوتۆتەوەو رووی لە عەمالەتی بۆ وڵاتانی ناوچەكە كردووە؟
- لە راستیدا پێشتریش حكومەتی هەرێمی كوردستان و فەرماندە سەربازییە مەیدانییەكانیش پەكەكەیان ئاگاداركردۆتەوە كە پێویستە شنگال چۆڵ بكەن، هەروەكو چۆن پێشمەرگە چووە كۆبانێ و یارمەتی براكانی دا، دوای تەواوبوونی ئەركەكانیان لە تەواوی كۆبانێ و دەوروبەری كشانەوە، بۆیە بە راشكاوی دەیڵێم مانەوەی پەكەكە و دروستكردنی لایەنی دیكە بە ناوی یەپەشەوە تەنیا بۆ دروستكردنی كێشەیە لەو ناوچەیەو ئەوە دەستتێوەردانە لە كاروباری هەرێم و بە هیچ شێوەیەك مایەی قبووڵكردن نییە. دواتر كە حكومەتی عێراق رایدەگەیەنێت كە ئاگاداری ئەوە نین، ئەمە جێی باوەڕكردن نییە، ئەی چۆن 1000 كەس بەناوی یەپەشەوە لەناو حەشدی شەعبی مووچە وەردەگرن؟ ئەمەش بۆ پەكەكە خراپە و بە هیچ شێوەیەك قابیلی قبوڵ نییە كە توركیا و پەكەكە بێن و حیساباتی خۆیان لەناوچەی شنگال یەكلابكەنەوە.

* لە رووی سەربازییەوە ناوچەی شنگال رووبەرە زەوییەكی زۆر فراوان و گەورەیە، بەو پێیەی راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو ناوچەیە دەكەیت، ئایا هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەرنامەیەكی تۆكمەی لەبەردەستدایە بۆ پاراستنی سنوورەكانی كوردستان؟
- سنووری هەرێمی كوردستان لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە باش پارێزراوە، بەتایبەتی لەناوچەی رەبیعەو دەوروبەری، بەڵام لەناوچەی شنگال لەبەر وجوودی پەكەكە ئەم ناوچەیە سەقامگیر نەبووەتەوە و هەر جموجووڵێكی سەربازی ئەنجام بدەین، رووبەرووی ئەوان دەبینەوەو دەبێت شەڕیش بكەین، بەڵام جەنابی سەرۆك بارزانی لەگەڵ ئەوەدا نییە كە شەڕی كوردو كورد رووبدات، بەڵام هەموو شتێكیش سنووری خۆی هەیە. چونكە بوونی پەكەكە مایەی كێشەیە. كێشەیە لەبەر ئەوەی كاتێك ئەوان دێن و پەیوەندی لەگەڵ حەشدی شەعبی و ئێران دروست دەكەن، ئەوا ئەمە كێشەی دیكەی بەدوادا دێت، بۆ نموونە بینیمان كە توركیا هێرشی كردە سەر ئەم ناوچەیە و پێشمەرگەش تێیدا بوونە قوربانی.
* وەكو وەزارەتی پێشمەرگە كوردانی ئێزیدی لەناو ریزەكانی پێشمەرگە دادەمەزرێنن، پێشتریش ژمارەیەكی زۆری كوردانی ئێزیدی رۆڵیان لەناو پێشمەرگەدا هەبووە، ئایا بەنیازن هێزی زیاتر لە شنگال تەشكیل بكەن و هێزی پێشمەرگەی كوردستان زیاتر پێشڕەوی بكات؟

- فەرماندەیەك لە برایانی كوردی ئێزیدی هەیە كە فەرماندەی شنگالەو هەموو خەڵكی ناوچەكەش ئامادەن خۆیان بەرگری لەناوچەكە بكەن، لەناو پەپەكە و یەپەشەوە زیاتر لە 500 كەس گەڕانەوە و دوای تەواوكردنی مەشقەكان دەچنە نێو فەرماندەیی شنگالەوە. سەبارەت بەناوچە گوندنشینە عەرەبەكانیش لەناوچەی رەبیعەو زومار و دەوروبەری ئەوانیش زۆر پێیان خۆشە هێزی پێشمەرگە بەرگرییان لێ دەكات و لیوایەكیان سەر بەفەرماندەیی زێرەڤانی بۆ دامەزراوە. سەبارەت بە پێشڕەویی هێزی پێشمەرگەی كوردستان پێویستە ئاماژە بەوە بكەین وەكو ناوچە هێزی پێشمەرگەی كوردستان زۆربەی ناوچەكانی ئازاد كردووە، تەنیا باشووری شنگال مابوو كە ئەو حاڵەتەی هاتنی حەشد بەبێ تەنسیق هاتەپێش، لەمیحوەری حەویجەش كە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە تەنسیق لەگەڵ سوپای عێراقدا یاخود لەوێش وەكو باشووری شنگال خۆیان دەست بە جموجووڵ دەكەن، ئەوە پەیوەندی بە عێراقەوە هەیە.
* كوردستان بەرەو دەوڵەتبوون و سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت؛ بڕیاریشە ئەمساڵ ریفراندۆم ئەنجام بدرێت و گەلی كورد بە بەڵێ دەنگ بۆ جیابوونەوە لە عێراق بدات، پێشمەرگەش بووەتە سیمبولی پارێزەری خەڵك و وڵاتەكە، پرسیار ئەوەیە ئایا هێزی پێشمەرگە بۆ قۆناغی داهاتوو دەست بە خۆڕێكخستنەوەو چاكسازی دەكات بۆ ئەوەی لەئاست ئەو هەلە مێژوویی و قۆناغە گرنگەدا بێت؟
- جەنابی سەرۆك بارزانی هەر لەساڵی 2012 بڕیاری یەكخستن و رێكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستانی داوە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگە، بەڵام بە هۆی هاتنە پێشەوەی بارودۆخ و قەیرانی دارایی و هەلو مەرجی ئیقلمی نەتوانرا ئەو ئەركە تەواو بكرێت. كاتێكیش لە 2014 شەڕی داعش دەستی پێكرد، ئەوا زۆر زەحمەت بوو لەناو ئەو شەڕە سەختە و رووبەڕووبوونەوەیە ئەم دووبارە رێكخستنەوەیە ئەنجام بدرێت. بەڵام ئێمە 14 لیوامان لەچوارچێوەی هێزەكانی یەكەی 70 و 80 پێكهێناوە لە ناو وەزارەتدا، ئەمە جگە لە4 مەكتەبی مەشق و راهێنان و كۆلێژی ئەركان و زیاتر لە 20 بەڕێوەبەرایەتی كە هەر هەموویان لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە یەكیان گرتووەو رێكخراونەتەوە. ئێستا كە راوێژكاری هاوپەیمانەكان و پێشتر راوێژكارە بەریتانییەكان هاتوونەتە پێشەوە و پاڵپشتی لە چاكسازی لە رووی هەیكەلی رێكخستنی رێكوپێكی پێشمەرگە دەكەن كە بگونجێت لەگەڵ واقیعی ئێستادا، بۆ ئەم مەبەستە دیراسەت و وتووێژیی جددی كراوە، بۆ ئەمساڵیش داوای هاوكاری لە هاوپەیمانەكان كرا، ئەوانیش راوێژكاری بەریتانی و ئەڵمانی و ئەمریكییان ناردووە لەگەڵ لێژنەی راوێژكاری وەزارەت و چەند بەڕێوەبەرایەتییەك دیراسەتی ئەو خاڵانەیان كردووە كە پێش ساڵێك راوێژكارە بەریتانییەكان پێشكەشیان كردبوو، لەپێناو پوختكردنەوە و پێداچوونەوەی، ئەوە بوو دەرئەنجام 34 خاڵ پێشنیار كران لەچوارچێوەی پرۆژە پێشنیاركراوێكدا بە دوو قۆناغی ماوە كورت و درێژخایەن خراونەتەڕوو. قۆناغی یەكەم كە بڕیارە لەماوەی ساڵێكدا بكرێت وەكو هەیكەلی رێكخستنی ناو وەزارەت و دروستكردنی بەڕێوەبەرایەتییەك بەناوی چاكسازیی و چەند بابەتێكی تر كە دوای پەسەندكردنی لەلایەن سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران و بەرزكردنەوەی بۆ لای جەنابی سەرۆك بارزانی و دوای دیراسەتكردنی بڕیار دەدرێت كە ئایا خاڵەكان هەمووی پێكەوە دەست بەجێبەجێكردنی بكرێت، یاخود قۆناغ بەقۆناغ دەست بەجێبەجێكردنی دەكرێت، بەڵام بۆ قۆناغی درێژخایەن بە ساڵێك جێبەجێ ناكرێت و ماوەیەكی زیاتری دەوێت، لەمەشدا دەبێت كاتەكە گونجاو بێت و رەچاوی بارودۆخەكە بكرێت.


* رۆڵی جەنابی سەرۆك بارزانی لە پاڵپشتیكردن و دەوڵەمەندكردنی پرۆژە پێشنیارەكەی هێزی پێشمەرگە چەند گرنگە بۆ سەركەوتنی جێبەجێكردنی هەردوو قۆناغەكە؟
-هەمیشە جەنابی سەرۆك بارزانی رایگەیاندووە كە وشەی پێشمەرگەی زۆر لەلا گەورەترە لەهەر پۆستێكی تر، هەموومان بینیمان لەدەستپێكی شەڕی داعشەوە چۆن بەشەخسی رووی لەسەنگەرەكانی پێشمەرگە كردو ئەمەش كاریگەریی گەورەی هەبوو لەسەر بەرزهێشتنەوەی ورەی پێشمەرگە و فەرماندەكان و ئێمە دەزانین زۆربەی پلانی ئۆپەراسیۆنەكان لە ژێر سەرپەرشتی و بە چاودێری بەڕێزیان ئەنجام دەدران. بۆ ئەم پرۆژەیەی چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگەش، ئەوا هەروەك ئاماژەم پێكرد كە لەساڵی 2012وە جەنابیان بڕیاری لەسەر یەكخستنی هێزی پێشمەرگە دابوو، داوای كردبوو هیچ هێزێك لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە نەمێنێتەوە، بەڵام ئێمە دەزانین كە دواتر چ هەل و مەرجێك هاتەئاراوە، وەك شەڕی داعش و .. هتد. لە ئێستاشدا من دڵنیام كە جەنابی سەرۆك پشتیوانی ئەم هەوڵانە دەبێت، چونكە جەنابی فەرماندەی گشتی لەشكری كوردستانە و هەموو هێزەكان لەژێر سەرپەرشتیی ئەودان، كاتێكیش هەموو هێزەكانی پێشمەرگەش یەكگرتوو بن، ئەوا ئەركەكە بۆ جەنابیان ئاسانتر دەبێت.
* باسی هاوكاریی هێزەكانی هاوپەیمانەكانت كرد بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئایا ئێستا ئەو هاوكاری و یارمەتییانە گەیشتوونەتە ئاستێكی پێشكەوتوو؟ ئایا پڕۆتۆكۆڵەكەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەی كوردستان و ئەمریكا بەكوێ گەیشتووە؟
- ئەوەی پەیوەندی بە هاوكاریی ئەمریكاوە هەبێت، ئەوا تا ئێستا دوو لیوای 1 و 2ی هێزی پێشمەرگە پڕچەك كراون و مەشق و راهێنانی سەربازییان پێكراوەو لەهەموو روویەكەوە ئامادەن. لەلایەكی ترەوە ئەمریكا وەكو هاوكارییەك قەرز بە عێراق دەدات لەو قەرزەش نزیكەی 200 ملیۆن دۆلار بۆ پێشمەرگە تەرخان دەكرێت بۆ دروستكردن و پڕچەككردنی دوو لیوای تری پێشمەرگە، هەروەها بۆ دابینكردنی چەندین پێداویستی دیكەی وەكو تۆپخانەو كەلوپەلی پەیوەندی و دانانی پلانی ستراتیژیی سەربازی. كە رەنگە ئەم كارەش لەسەرەتای 2018وە دەستپێبكات و راستەوخۆ ئەمریكییەكان خۆیان سەرپەرشتی دەكەن و هاوكارییە سەربازییەكان دەگاتە هەرێمی كوردستان، ئەگەرچی ئەوان پێشوەختە رەزامەندیی عێراقیان هەیە و هەمانگییان لەگەڵ عێراقدا كردووە.
* پێتوایە هاوپەیمانان چۆن لە رۆڵی جەنابی سەرۆك دەڕوانن لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستاندا؟
هاوپەیمانەكان زۆر بە رێز و تەقدیرەوە دەڕواننە جەنابی سەرۆك بارزانی و لە دوای شەڕی داعشەوە چەندین سەرۆك وڵات روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە و لەنزیكەوە لەگەڵ جەنابی سەرۆك دانیشتن و گفتوگۆیان كردووە، ئەمەش لەبەر ئەو رۆڵەی كە جەنابیان لەشەڕی داعش و ناوچەكەدا بینیوێتی، هەروەها لە سەردانەكانیشدا بۆ دەرەوە وەك سەرۆكی دەوڵەت پێشوازی لێكراوە، بەهۆی ئەوەی توانیویەتی رۆڵی كارا ببینێت لە سەرپەرشتیكردنی شەڕەكان و تێكشكاندنی داعش و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری.
Top