جەیمس هۆڵیفیڵد: كوردستان توانیویەتی سەقامگیری دابین بكات و سەركردایەتیی قۆناخەكەش بكات

جەیمس هۆڵیفیڵد: كوردستان توانیویەتی سەقامگیری دابین بكات و سەركردایەتیی قۆناخەكەش بكات
جەیمس هۆڵیفیڵد خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە زانستی سیاسی كە لە زانكۆی دیوك بەدەستی هێناوە. ئەندامی ئەنجومەنی پەیوەندییەكانی دەرەوە و توێژەری سیاسەتی گشتییە لە سەنتەری وودرۆ ویڵسۆن، راوێژكاری چەندین رێكخراوی حكوومی و ناحكوومی بووە. بۆ شرۆڤەكردنی هەل و مەرجی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەرەوپێش چوونەكانی شەڕی دژ بە تیرۆر و چەند پرسێكی پەیوەندیداری دیكە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە بۆچوونەكانی خۆی خستەڕوو.
* بە شێوەیەكی گشتی چۆن بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەسەنگێنیت؟
- لە راستیدا بارودۆخێكی لەرزۆكە، ناكۆكییەكی زۆر لەئارادایە و كۆدەنگییەك نەهاتۆتەدی لەسەر چۆنیەتی باشتركردنی بارودۆخەكە لە ناوچەكەدا. هەروەها دابەشبوونی نێوان شیعە و سوننە تەواوی ناوچەكەی ناسەقامگیر كردووە، لە هەمان كاتدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە دەست نەبوونی سەركردایەتییەوە دەناڵێنێت.
* كەواتە پشتیوانی لەوە دەكەیت كە ئەمریكا رۆڵی زیاتری هەبێت لە چارەسەركردنی ئەو ناكۆكی و دابەشبوونانەی كە ئاماژەت پێكردن؟
- لە راستیدا ئەگەر خانووی دراوسێكەت ئاگری تێبەربووبێت، ئەوا پێویستە هەوڵی كوژاندنەوە و خامۆشكردنی ئەو ئاگرە بدەیت، لەم روانگەیەوە پێموایە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەرك و بەرپرسیارێتی ئەوەی لە ئەستۆیە كە هاوكار بێت بۆ هێنانەئارای ئاشتی و سەقامگیری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. چونكە ناكرێت پشت لەم كێشانە بكەن و خۆیانی لێ بدزنەوە.
* واتە لەبەر ئەوەی كاریگەری و ئاكامەكانی كێشەكانی ئەم ناوچەیە پەلدەكێشن بۆ بەشەكانی دیكەی جیهانیش؟
- بەڵێ، ئەمە راستە، بۆ نموونە دەوڵەتە دراوسێكان، وەك توركیا و هەروەها ئەوروپاش كەوتوونەتە ژێر كاریگەرییەكانی كێشەكانی ئەم ناوچەیەوە. رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەكی گرنگە بۆ ئاشتی و ئاسایشی جیهانی و فەرامۆشكردنی كێشەكانی ئەم ناوچەیە مایەی كارەسات دەبێت.

* ئیا تاوەكو ئێستا هێزە رۆژئاواییەكان بەگشتی و ئەمریكا بەتایبەتی رۆڵی چاوەڕوانكراویان نەبینیوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی ئەم ناوچەیە، ئەمەش بواری خوڵقاندووە بۆ ئەوەی هێزی دیكەی وەك رووسیا بێن و ئەو بۆشاییە پڕبكەنەوە و لە دەرئەنجامدا كێشەكان ئاڵۆزتر بكەن؟
- لە ئینگلیزیدا وتەیەك هەیە كە دەڵێ: (Damned if you do، damned if you don›t) واتە هەرچییەك بكەیت، تۆ هەر كێشە دەخوڵقێنیت. بەڵام وڵاتێكی وەك ئەمریكا بەرپرسیارێتی و ئەركێكی تایبەتی لەسەرشانە لە ئاست رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، كەواتە دەبێت بە چەشنێك رۆڵ ببینن كە تەنیا هێزی سەربازی لە خۆنەگرێت، بەڵكو سەركردایەتییەكی پڕ لە گوڕوتین بكات و هاوشان لەگەڵ هێزە ئەوروپییەكاندا چالاكانەتر كاربكەن، كەواتە تێڕوانینی ئێمە ئەوەیە كە دەبێت رۆڵی زیاتر ببینن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام نەك بە شێوەیەكی توند و نە بە چەشنێكی ئیمپریاڵی.
* كەواتە پێتوایە سەردانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سعودیە و ئیسڕائیل دەچێتە خانەی هەوڵەكانی ئەمریكاوە بۆ پتەوتركردنی سەركردایەتی و رۆڵی خۆی لەم ناوچەیەدا بەو ئاڕاستەیەی كە ئێوە ئاماژەتان پێكرد؟
- لە راستیدا من پێموایە ئەو سەردانە ناهاوسەنگ بوو، مەبەستم ئەوەیە كاتێك تۆ لایەنگیری دەكەیت لەو ناكۆكییانەی لە ناوچەكەدا هەن، ئەوا ئەمە رێگاچارەیەك نییە بۆ هێنانەئارای ئاشتی و ئارامیی زیاتر بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، كەواتە باوەڕم وایە كە سەردانەكەی كورتبینانە و تاكڕەهەند بوو.

* مەبەستتان لە كورتبینی ئەم رێگاچارەیە ئەوە بوو كە ترەمپ هەوڵیدا هاوپەیمانی لەگەڵ دەوڵەتە سوننەكاندا پێكبهێنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئێران؟
- لە سەردانەكەیدا بۆ سعودیە ترەمپ ئەوەی خستەڕوو یاخود پەیامی پتەوتركردن و بەهێزكردنی هاوپەیمانێتی نارد، لە راستیدا هیچ گرفتێك نییە لە بەرەوپێشبردنی هاوپەیمانێتی لە ناوچەكەدا، بەڵام گەڕاندنەوەی جۆرێك لە ئاشتی و ئارامی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێویستی بە رێگاچارەیەكی هاوسەنگتر و بە هەوڵ و كۆششی دیپلۆماسیی گەورەتر هەیە.
* بەڵام بە پێی لێكدانەوەی چاودێران ئەو بارودۆخەی لە ئارادایە لە بەرژەوەندیی ئێراندایە كە توانیویەتی دەسەڵات و دەستڕۆیشتوویی خۆی درێژ بكاتەوە لە ناوچەكەدا و لە رێی شەڕێكی بەوەكالەتەوە پەرە بە بەرژەوەندی و هەژموونی خۆی بدا، كە دەبێت كار لەسەر ئەم پرسەش بكرێت، تێڕوانینی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- لە راستیدا ئەوەی دەگوزەرێت بریتییە لە لۆژیكی هاوسەنگیی هێز، كە پێموایە قووڵكردنەوەی ئەم لۆژیكەش كورتبینانەیەو رەنگە لە مەودای كورتدا هەندێ دەستكەوت بەدی بێت، بەڵام لە مەودای دووردا نابێتەهۆی هێنانەئارای ئاشتی و گەشەكردن لە ناوچەكەدا. لەبەر ئەوە پێویستمان بە رێگاچارەیەكی پتر هاوسەنگ و ژیرانەتر هەیە، چونكە لەو باوەڕەدا نیم كە لۆژیكی هاوسەنگیی هێز كێشەكان چارەسەر بكات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
* هەر لە میانەی گەشتەكەیدا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، دۆناڵد ترەمپ سەردانی ئیسڕائیلی كرد، ئایا تا چەند دەرفەتی بەرەوپێشچوونی پرۆسەی ئاشتی لە ئارادایە؟
- لە راستیدا من پێموایە پرۆسەی ئاشتی بەرەوپێش ناچێت تاوەكو بەرژەوەندییەكانی ئیسڕائیل و فەڵەستین بە چەشنێك لێك نزیك نەبن كە بتوانرێت هەردوولایەنەكە بهێنرێنە سەر مێزی گفتوگۆ. پێموانییە گرێدانی هاوپەیمانێتی لەگەڵ سعودیە و ئەوانی دیكە بە تەنیا ببێتەهۆی هێنانەئارای ئاشتی بۆ فەڵەستین و ئیسڕائیل. كەواتە دەبێت رێگاچارەیەك هەبێت بۆ ئەوەی هەردوولا لەسەر مێزی گفتوگۆ كۆبكرێنەوە، كە ئەمەش لەم ساتەوەختەدا زۆر زەحمەتە، بەهۆی ئەو هەل و مەرجە سیاسییەی كە لە فەڵەستین و لە ئیسڕائیلیشدا باڵادەستە.

* ئایا لەو باوەڕدایت كە ئیدارەی ترەمپ كار و كۆششی جددی بخاتەگەڕ بۆ بەرەپێشبردنی پرۆسەی ئاشتی لە نێوان فەڵەستین و ئیسڕائیل؟
- دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین، من خۆم زۆر سەرسام نیم بەم ئیدارەیەی ئێستای ئەمریكا، چونكە خۆدەرخستنێكی زۆری لێ بەدی دەكەین، بە بێ ئەوەی هەنگاوی عەمەلی هەبێت، لەبەر ئەوە من بە گومانم.
* ئەوەی پەیوەندی بە شەڕی داعشەوە هەبێت لە عێراقدا، شرۆڤەكاران ئاماژە بەوە دەكەن كە تێكشكاندنی داعش لە رووی سەربازییەوە تەنیا هەنگاوی یەكەمەو دەبێت كێشە بنەڕەتییەكانی پەیوەست بە سیستمی سیاسیی وڵاتەكە چارەسەر بكرێت، بۆچوەونی ئێوە لەم رووەوە چییە؟
- لە راستیدا چارەسەركردنی ئەم كێشانە و گەڕاندنەوەی ئاشتی و ئارامی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تێكشكاندنی توندڕەوی، تەنیا بە پرۆسەیەك و بە گرتنەوەی موسڵ نایەتەدی، بەڵكو ئەم شەڕە بۆ نەوەكانی داهاتووش درێژ دەبێتەوە، ئەگەر نەتوانین ئومێد بۆ خەڵكەكە بگەڕێنینەوە. واتە ئەگەر نەتوانین گەشەی ئابووری و مرۆیی دەستەبەر بكەین و ئاشتی و ئاسایش بگەڕێنینەوە بۆ وڵاتگەلێكی وەك عێراق و سووریا، ئەوا هەمیشە دەرفەت بۆ هێزە توندڕەوەكان دەخوڵقێت. لەبەر ئەوە من پێموانییە ئێمە نزیك بین لە چارەسەركردنی كێشەی داعش، یان كێشەی توندڕەوی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵكو ئەمە پابەندبوونێكی درێژخایەنی پێویستە بۆ دەستەبەركردنی ئومێد و گەشەكردن لە تەواوی ناوچەكەدا.

* ئەگەر بە باشی لە وەڵامەكەتان تێگەیشتبین، ئێوە پێتانوایە بەرەنگاربوونەوەی كێشەی توندڕەوەی چارەسەرێكی درێژخایەنی سیاسی دەوێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پێویستە ئەم چارەسەرە سیاسییە چی لەخۆ بگرێت؟
- سەرەتا و پێش هەموو شتێك دەبێت كار بۆ راوەستاندنی شەڕەكە و كۆنتڕۆڵكردنی توندڕەوەكان و گەڕاندنەوەی ئاسایش و چەسپاندنی ئارامی و سەقامگیری بكەین، ئەمەش لە مەودای دووردا بەوە دەكرێت كە شەڕ لە دژی توندڕەوەكان بكرێت لە شوێنگەلێكی وەك موسڵ، بەڵام بە تەنیا بردنەوەی شەڕەكە بەس نییە، بەڵكو دەبێت، هەروەك ئاماژەم پێكرد، پلانێك هەبێت بۆ گەڕاندنەوەی ئومێد بۆ دانیشتووانی ناوچەكە، ئەگەرنا ئەوا زەمینەیەكی لەبار دروست دەكەیت بۆ گەشەكردنی توندڕەوەكان.
* مەبەستتان ئەوەیە كە لە سەروەختی بردنەوەی شەڕەكەدا دەبێت هۆشیار بین و ئاشتی نەدۆڕێنین؟
- ئەمە راستە، چونكە دەكرێت تۆ شەڕەكە ببەیتەوە و ئاشتی بدۆڕێنیت، كەواتە نیگەرانیی من ئەوەیە كە بەرەوپێشچوونی باش بەدی بێنین لە بردنەوەی شەڕەكەدا، بەڵام نەتوانین هەنگاوی پێویست هەڵبگرین بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەكەدا، ئەمەش سەركردایەتییەكی كارای دەوێت هەم لەسەر ئاستی وڵاتانی ناوچەكە و هەم لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمریكاش، كە دەبێت ئەوانیش هاوكاری و پشتیوانی دەستەبەر بكەن و رۆڵی سەركردایەتی خۆیان بگێڕن، ئەگەرنا ناتوانین ئاشتی و سەقامگیری بەدی بێنین.
* ئەی بۆچوونتان چییە لەسەر هەرێمی كوردستان، ئایا بارودۆخەكە لەم هەرێمەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟
- لە راستیدا لە دوای داگیركارییەكەی ئەمریكاوە بۆ عێراق لە ساڵی 2003دا عێراق بە رۆژگارێكی زۆر سەختدا تێدەپەڕێت و گەڕاندنەوەی یەكێتی بۆ عێراق تا دواڕاددە زەحمەتە. بەڵام ئەوەی پەیوەندی بە كوردستانەوە هەبێت، ئەوا ئەم هەرێمە توانیویەتی سەقامگیری و سەركردایەتی دەستەبەر بكات. بەڵام عێراق پێویستی بە رێككەوتنێكی گشتی هەیە بۆ ئەوەی هەر سێ پێكهاتەكەی لە نێو چوارچێویەكی هاوبەشدا بتوانن پێكەوە كاربكەن، ئەویش لە پێناوی دەستەبەركردنی ئاسایش و ئاشتی بۆ وڵاتەكە، ئەویش بۆ ئەوەی كۆنتڕۆڵی ئەو توندوتیژییە بكرێت كە لە وڵاتەكەدا هەیە. وەك ئاماژەم پێكرد، ئەمەش پێویستی بە رێككەوتن دەبێت لە نێوان شیعە و سوننە و عێراقدا و ئێمە دەبێت هەمو رێگایەك بگرینەبەر بۆ ئەوەی هانیان بدەین تاوەكو بەم ئاڕاستەیە هەنگاو هەڵبگرن.
* ئایا گومانت هەیە لەوەی عێراق بتوانێت وەك دەوڵەتێكی یەكگرتوو بمێنێتەوە؟
- بەڵێ گومان هەیە لەم رووەوە، ئایندەی عێراق بەندە بەو كاراكتەرانەی لەسەر ئەرزی واقیع لە ئارادان، هەروەها بەندە بەوەی تا چەند هێزە دەرەكییەكان هانی هێنانەدی رێككەوتنێك دەدەن لە نێوان سێ پێكهاتەكەی عێراقدا بۆ ئەوەی بگەنە رێككەوتنێكی هاوبەش.
Top