كرەیگ دۆگڵاس : كوردستان دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی دانپێدانانی چەند دەوڵەتێك بەدەست دەهێنێت و هیوادارام ئەمریكا یەكێك لەو دەوڵەتانە بێت
May 31, 2017
دیمانەی تایبەت
كرەیگ دۆگڵاس ئەلبێرت پڕۆفیسۆری زانستی سیاسییە لە زانكۆی ئوگوستا. خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و سیاسەتی ئەمریكا. لە چەند بوارێكی بایەخداردا توێژینەوە ئەنجام دەدات، وەك ناكۆكیی ئیتنی و تیرۆریزم، كێشە تیولۆجی-سیاسییەكان و پەروەردەی زانستی سیاسی. بۆ تیشكخستنەسەر دەرئەنجامەكانی سەردانەكەی دۆناڵد ترەمپ بۆ هەر دوو وڵاتی سعودیە و ئیسرائیل و ئەو گۆڕانكارییانەی كە لە سیاسەتی ئەمریكادا لە ئاستی ناوچەكەدا هاتوونەتەئاراوە، هەروەها بۆ شرۆڤەكردنی چەند بابەتێكی دیكەی هەنووكەیی، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا و ئەویش بەم شێوەیە تێڕوانینەكانی خستەڕوو.* تێڕوانین و خوێندنەوەتان چییە بۆ سەردانەكەی سەرۆكی ئەمریكا، دۆناڵد ترەمپ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چوونی بۆ هەردوو وڵاتی سعودیە و ئیسرائیل، ئایا گرنگیی ئەم سەردانە لە چیدایە؟
- پێموایە ئەوە سەردانێكی زۆر گرنگ بوو، دۆناڵد ترەمپ لە میانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردندا چەند لێدوانێكی دا لەبارەی جیهانی ئیسلامییەوە، لە ئێستاشدا مەبەست لەو سەردانە زیادكردنی رایەڵەی دۆستایەتییە لە نێوان سەرجەم بیروباوەڕەكاندا، كە ئێمە بینیمان دۆناڵد ترەمپ سەردانی سعودیە و ئیسرائیل و ڤاتیكانی كرد، پێموایە ئامانجە سەرەكییەكەشی لەو سەردانە بریتییە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم، بەتایبەتی داعش، واتە هەوڵێكە بۆ كاركردن لەگەڵ ئەم وڵاتانەدا بۆ ئەوەی داعش و توندڕەویی ئیسلامی وەك هەڕەشەیەك سەیر بكەن كە پێویستە بەرپەرچی بدرێتەوە.
* ئەی لەو باوەڕەدا نین كە یەكێك لە ئامانجەكانی دیكەی ئەم سەردانەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئەوە بوو كە هاوپەیمانە تەقلیدییەكانی ئەمریكا دڵنیا بكاتەوەو لە هەمان كاتدا دروستكردنی فشارێكیش بێت بۆ سەر ركابەركانی وەك ئێران؟
- بە دڵنیاییەوە ئەمە وایە، چونكە بێگومان دوورخستنەوەی ئێران بۆ ئەوە بووە كە دۆناڵد ترەمپ دڵنیایی بداتە دەوڵەتە عەرەبییە سوننەكانی ناوچەكە بەوەی ئەمریكا لەگەڵیاندایەو بۆ ئەوە بوو بیخاتەڕوو كە ئێران دەوڵەتێكی لە یاسا دەرچووەو سەردانەكەشی هەوڵێك بوو بۆ پتەوكردنی هاوپەیمانێتییەكان لە دژی ئێران.
* كەواتە دەتوانین بڵێین ئەم سەردانە سەركەوتوو بووە لەم رووەوە؟
- بەڵێ، پێموایە، چونكە بینیمان كە پێشوازییەكی زۆر گەرم و ئیجابی لە سەرۆك ترەمپ كرا لە سعودیە و ئیسرائیل، ئەوەش ئاشكرایە كە سعودیە لە گرنگی و بایەخی پابەندبوونی ئەمریكا، یان ئیدارەی ترەمپ، تێدەگات لە بەرامبەر ئەواندا، كە ئێمە رەنگدانەوەكەیمان لە رێككەوتنەكانی فرۆشتنی چەك و ئەو رێككەوتنە بازرگانییانەی دیكەدا بەدی كرد كە لە ئەمریكا و سعودیە واژۆ كران، كەواتە بەڵێ لەم رووەوە سەردانێكی تەواو سەركەوتوو بوو.
* بە دڵنیاییەوە ئێوە بەدواداچوونتان كردووە بۆ ئەو وتار و لێدوانانەی لە میانەی سەردانەكەدا دران، ئەوەی ئێمە مەبەستمانە وتارەكەی پاشای سعودیە بوو كە باسی لەوەكرد تیرۆر و توندڕەوی لە دوای سەرهەڵدانی شۆڕشی ئێرانییەوە لە ساڵی 1979دا لەم ناوچەیەدا بڵاوبۆتەوە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمریكاش هەمان دید و تێڕوانینی سعودیەی بۆ ئێران هەیە؟
- بە دڵنیاییەوە ئەمریكا وەك دەوڵەتێكی سەرپەرشتیاری تیرۆر لە ئێران دەڕوانێت، لە هەمان كاتدا چەند گرووپێكی شیعە و سوننەی خستۆتە لیستی رێكخراوە تیرۆریستییەكانەوە، بەڵام لە سەردانەكەی ترەمپدا تەركیز لەسەر تیرۆر و توندڕۆیی گرووپە سوننەكان نەكرایەوە و پتر بایەخ بە بەرەوپێشبردنی هاوپەیمانیی سوننە درا لە دژی ئێران، كە ئیدارەی ترەمپ بە رێگاچارەیەكی باشی دەزانێت لەم رووەوە. ئێوە دەزانن كە سەرۆك ترەمپ زۆر لەگەڵ رێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا نەبوو، لەبەر ئەوە دەیەوێت فشار لەسەر ئێران دروست بكات بۆ دووبارە گفتوگۆكردنەوە لەسەر ئەم رێككەوتنە.
* ئێوە ئاماژەتان بە رێككەوتنی فرۆشتنی چەك كرد لەگەڵ سعودییەدا، كە دوای واژۆكردنی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەوڵە ناسەقامگیركەرەكانی ئێرانە لە ناوچەكەدا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمریكا دەیەوێت لە رێی ئەم رێككەوتنی فرۆشتنی چەكانەوە سعودیە ببێتە هێزێكی ئەوتۆی سەربازی كە بتوانێت ئێران ئیحتیوا بكات؟
- بێگومان ئەوە ئومێدی ئەمریكا بووە و بە دڵنیاییەوە ئەمە خواستی سەرۆك ترەمپە، هەروەها ئەمە ویستی سعودیەشە، كە ئێمە دەزانین بەشێك لە رێككەوتنەكە پەیوەستە بەوەی سعودیە خۆی چەك بۆ خۆی دروست بكات و دەستەبەری بكات، كە هەر كاتێك توانرا ئەمەش بەدی بهێنرێت، ئەوا ئومێدەكە ئەوەیە بتوانێت لە رووی جیۆپۆلێتیكییەوە بەرپەرچی ئێران بداتەوە و بەرەنگاری ببێتەوە. بۆ نموونە، ئەوەی ئێستا لە یەمەندا بەدی دەكرێت كە لە نێو شەڕەكەدا لایەنێكیان ئێران پشتیوانییان لێدەكات و لایەنەكەی دیكە سعودیە، واتە لە ئێستادا ئەمە روودەدات لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
* ئێمە بەردەوام گوێمان لە لێدوان و گوتاری توند دەبێت لەلایەن بەرپرسە باڵاكانی ئەمریكاوە لە دژی ئێران، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەگەر ئێران بە تەواوەتی پابەند بێت بە رێككەوتنە ئەتۆمییەكەوە چۆن ئەمریكا دەتوانێت ئێران ئیحتیوا و گۆشەگیر بكات؟
- لە راستیدا ئەمە پرسیارێكی قورسەو منیش نازانم چۆن ئیدارەی سەرۆك ترەمپ چۆن پلان دادەنێت بۆ ئەنجامدانی ئەم كارە. چونكە ئەگەر وا دەركەوێت كە ئەوە ئەمریكایە پشت لەم رێككەوتنە دەكات، ئەوا وەك لایەنێكی متمانەپێنەكراو دەردەكەوێت لە نێو وڵاتانی دیكەدا، كەواتە دەبێت ئەمریكا هاوسەنگییەكی هەستیار بپارێزێت لەم رووەوە. واتە ئەگەر بیەوێت لە رێی پاشگەزبوونەوە – لەم رێككەوتنە- ئێران گۆشەگیر بكات، ئەوا ئەمە كێشەی لەگەڵ وڵاتانی دیكە بۆ دروست دەكات، كەواتە دەبێت ئەم راستییە لەبەرچاو بگرێت. لەبەر ئەوە رەنگە لەبری ئەوەی جەخت لەسەر دووبارە گفتوگۆكردنەوە لەسەر رێككەوتنەكە بكات، ئەوا باشتر بێت كار لەسەر ئەوە بكات ئێران پابەند بێت بە رێساكانەوە، خۆ ئەگەر هاتوو ئەم كارەی نەكرد، ئەوا دەتوانێت هەندێ لە سزاكانی بەسەردا بسەپێنێتەوە، هەروەك لە رێككەوتنەكەدا هاتووە.
* پێدەچێت ئیدارەی ترەمپ هەوڵ بدات لە لایەكەوە دەستڕۆیشتوویی و كاریگەری ئێران لە ناوچەكەدا سنووردار بكات و لە هەمان كاتدا كار بكات بۆ تێكشكاندنی داعش و بەرەنگاربوونەوەی ئەوەی سەرۆك ترەمپ پێی دەڵێت توندڕەوی ئیسلامی رادیكاڵی، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەمە كارێكی كردەنییە؟
- بە تێڕوانینی من زەحمەتە ئیدارەی ترەمپ لە یەك كاتدا دەستڕۆیشتوویی ئێران كەم بكاتەوە و داعشیش تێكبشكێنێت، بەتایبەتی كە دەبینین ئێران رۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە كەمكردنەوەی كاریگەری داعش لە عێراقدا، واتە كاتێك دەیەوێت دەستڕۆیشتوویی ئێران كەم بكاتەوە، ئەوا دۆخی عێراق خراپتر دەبێت لە دەرئەنجامدا. دواتر ئێمە دەزانین كە داعش هەڕەشەیە بۆ سەر هەموو لایەك، بەتایبەتی بۆ كورد و و رەنگە دۆخەكە ئەوە بێت كە پتر تەركیز لەسەر داعش بكرێت، پتر لەوەی نیگەرانی هەبێت لەبارەی رۆڵی ئێرانەوە، چونكە دەكرێت ئیدارەی ترەمپ گفتوگۆ لەگەڵ ئێراندا بكات و كاری لەگەڵدا بكات بۆ سەقامگیركردنەوەی پەیوەندییەكان لە نێوان هەردوولادا، ئەمە لە كاتێكدا كە داعش كاراكتەرێكی غەیرەدەوڵەتییە و ناكرێت وەك دەوڵەتێك گفتوگۆی لەگەڵدا بكرێت. كەواتە پێویستە تەركیزەكە لەسەر لەناوبردنی داعش و گەڕاندنەوەی مافەكانی مرۆڤ بێت بۆ خەڵكانی ئەو ناوچانە و پاراستنیان لە تیرۆریزم، چونكە ئەمریكا دەتوانێت لە رێی گفتوگۆوە كار لەگەڵ ئێراندا بكات.
* ئایا هیچ بەرژەوەندییەكی هاوبەش دەبینیت لە نێوان سعودیە و ئیسرائیلدا، بەتایبەتی كە ئەم دوو وڵاتە دوژمن و ركابەرێكی هاوبەشیان هەیە كە ئێرانە، ئایا ئەمە دەبێتەهۆی دروستبونی پەیوەندی لە نێوان سعودیە و ئیسرائیلدا؟
- من هاوڕاییەكی زۆر بەدی ناكەم، بەتایبەتی كە هەموو شتێك لە ئیسرائیلدا بە هەڵپەسێرداوی ماوەتەوە لە پەیوەندی بە چارەسەری ناكۆكی ئیسرائیل و فەلەستین، كە ئایا دوو دەوڵەت، یاخود تەنیا دەوڵەتێك لەخۆدەگرێت. لەبەر ئەوە من ئومێدێكی زۆر بەدی ناكەم بۆ بەرەپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوانی ئیسرائیل و وڵاتانی عەرەبی، یان وڵاتانی دیكەی ئیسلامی تاوەكو ئەو دۆخە چارەسەر نەكرێت، واتە تاوەكو ئاشتی لە نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دروست نەبێت، یاخود چارەسەرێك نەیەتەئاراوە لە نێوانیاندا كە هەردوولا پێی رازی بن.
* كەواتە ئاستەنگی سەرەكی لەبەردەم ئاساییبوونەوەی پەیوەندییەكانی سعودیە و ئیسرائیل بەرەوپێشنەچوونی پرۆسەی ئاشتییە لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستین؟
- لە راستیدا رەنگە تێگەیشتنی هاوبەش لەسەر چۆنییەتی تێكشكاندنی داعش دروست بێت، بەڵام تاوەكو كێشەی فەڵەستین چارەسەر نەبێت، ئەوا زەحمەتە دروستبوونی پەیوەندی لە نێوانیاندا ببینین.
* ئەوەی پەیوەندی بە پرۆسەی ئاشتی ئیسرائیل و فەڵەستینەوە هەبێت، ئایا ئیدارەی ئەمریكا بە سەرۆكایەتی ترەمپ چۆن لەم پرۆسەیە دەڕوانیت و ئایا هەوڵەكانی چڕدەكاتەوە بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە بەرەوپێش ببات كە لە ئێستادا بە بنبەست گەیشتووە و ئایا ترەمپ ئومێد دەخوازێت چی بەدەست بێنێت لەم رووەوە؟
- باوەڕم وایە سەرۆك ترەمپ پێیوایە دەرفەتی ئەو بۆ جێهێشتنی دەستكەوتێكی درێژخایەن لە دوای خۆیەوە لە بواری سیاسەتی ئەمریكا و سیاسەتی جیهانیدا ئەوەیە رێككەوتنێك لە نێوان ئیسرائیل و فەڵەستیندا دروست بێت كە هەردوولا پێی رازی بن، ترەمپ راستە خۆی ئەمەی رانەگەیاندووە، بەڵام ئەگەر لە كردەوەكانی و ئەگەر لە تەركیزكردنی لەسەر ئەم پرسە ورد ببیتەوە، ئەوا بۆت دەردەكەوێت كە ئەو ئەمە بە دەرفەتێكی گەورە دەزانێت. لەبەر ئەوە چاوەڕی دەكرێت كە كار لەگەڵ ئیسرائیل و فەڵەستیندا بكات بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێك كە هەردوولا پێی خۆشحاڵ بن. ئێمەش بینیمان كە ترەمپ رایگەیاند كە ئەو كێشەی نییە لەگەڵ ئەو چارەسەرەدا كە دوو دەوڵەت لەخۆ دەگرێت، كە ئەمە سیاسەتی ئەمریكا بووە لە ماوەی دەیەی رابردوو زیاتریشدا، هەروەها گرفتی نییە لەگەڵ ئەو رێگاچارەیەی كە تەنیا دەوڵەتێك لەخۆدەگرێت كە تێیدا فەڵەستینییەكان تەواو ئاوێتەبن تێیدا، واتە ئەمە بۆ ئەوە بوو كە بڵێیت ئەو بە هەر چارەسەرێك رازییە كە لایەنەكان لەسەری رێكدەكەون لە پێناوی گەیشتن بە رێككەوتنی ئاشتیدا. كەواتە دەكرێت چاوەڕێی ئەوە بكەین كە كار و كۆششی جددی بكات بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتی بەدی بێت لە ئایندەدا.
* لە پەیوەندی بە دۆخی سووریاوە، ئایا رێی تێدەچێت ئەمریكا و رووسیا بگەنە رێككەوتن، یان تێگەیشتنێك بۆ ئەوەی زەمینەی چارەسەری سیاسی لەو وڵاتەدا خۆش بێت؟ ئایا پێتوایە ئەمریكا بتوانێت رووسیا و ئێران لێك دوور بخاتەوە؟
- لە راستیدا من پێموانییە ئەمریكا ئەوەندە دەستڕۆیشتوویی هەبێت لەسەر رووسیا بۆ ئەوەی ئەم كارە ئەنجام بدات، هەروەها پێموانییە ئەمریكا بە گشتی پەیوەندییەكی ئەوتۆی لەگەڵ رووسیادا هەبێت بۆ ئەوەی بگەنە چارەسەرێكی گونجاو بۆ دۆخی سووریا. راستە ترەمپ خوازیاری ئەوەیە پەیوەندی باشی هەبێت لەگەڵ سەرۆك پوتین، هەروەك ئێمە بینیمان لە میانەی هەڵمەتەكانی هەڵبژاردنیشدا ئاماژە بەمە كرا، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەوە لەسەر حیسابی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا نابێت، چونكە ئەوە كێشە لە نێوان هەردوو وڵاتەكەدا دروست دەكات.
* ئەگەر بێینە سەر بارودۆخی عێراق، ئەوا هەروەك ئاشكرایە، شەڕی دژ بە داعش بەرەپێشچوونی بەرچاوی بەدی هێناوە و داعش لە لێواری شكست و تێكشكاندایە، پرسیارەكە ئەوەیە دەبێت چی بكرێت بۆ راستكردنەوەی بارودۆخەكە لە دوای لەناوچوونی داعش، ئایا ئەمە پێویستی بە رێككەوتنێكی درێژخایەنی سیاسی نییە؟
- بە دڵنیاییەوە تێكشكاندنی داعش تەنیا سەرەتایەو دۆخی دواتر پێویستی بە بنیادنانەوەی ژێرخانەكان و دامەزراوە ئەمنییەكان و دروستكردنی بونیادی حوكمڕانیی هەیە بۆ ئەوەی هیچ بۆشاییەك دروست نەبێت كە گرووپە تیرۆریستییەكان لە عێراق و سووریا و هەروەها لە توركیاشەوە، رەنگە بیانەوێت بە بەزاندنی سنوورەكان پڕی بكەنەوە. كەواتە راستكردنەوەی دۆخی ئەو ناوچانە پێویستی بە هاوكاریی نێودەوڵەتیش هەیە، لە نێویاندا ئەمریكا، چونكە لە راستیدا هەر ئەم دۆخە بوو كە لە بنەڕەتدا بەرپرس بوو لە سەرهەڵدانی داعش بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمریكا زوو لە عێراق كشایەوە. كەواتە دوای تێكشكاندنی داعش لە عێراق و سووریادا شەڕێكی درێژخایەنتر هەیە كە بریتیە لە بنیادنانەوەی ژێرخانی حوكمڕانی.
* لە ئێستادا باس لەوە دەكرێت كە ئەمریكا و حكومەتی عێراق گفتوگۆ دەكەن لەبارەی هێشتنەوە، یان جێگیركردنی هێزێكی سەربازیی ئەمریكی لە عێراقدا، ئایا پێتوایە ئەمە كارێكی پێویستە؟
- من پێموایە ئەمریكا قەرزارباری خەڵكی عێراقە بەوەی دەبێت بە جۆرێك لە جۆرەكان بوون و رۆڵی هەبێت، كە ئەوەش لەلایەن حكومەت و گەلی عێراقەوە یەكلا دەكرێتەوە. هێشتا عێراق پێویستی بە بنیادنانەی هێزی پۆلیس و سوپا هەیە و پێموایە رۆڵی راوێژكاریی ئەمریكا لە عێراقدا لە بەرژەوەندیی خەڵكی عێراق دەبێت، عێراقیش وڵاتێكی خاوەن سەروەرییە و دەبێت چۆنیەتی مانەوەو رۆڵ بینینی ئەمریكا لەو وڵاتەدا بە پێی رێككەوتن بێت.
* هەروەك دەزانن هەرێمی كوردستان سەلماندی كە شەریكێكی بایەخدار و باوەڕپێكراوە لە شەڕی دژ بە تیرۆردا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم هەرێمە دەتوانێت ببێتە فاكتەری سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا؟
- بە دڵنیاییەوە، بە لای زۆرێك لە ئەمریكییەكانەوە كوردستان مایەی ئومێدە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. هەندێ كەس لە ئەمریكا ترس و نیگەرانییان هەیە لەوەی ئەگەر كوردستان سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت، ئەوا ئەمە دەبێتە هۆی هەڵكشانی گرژی لەگەڵ توركیا و ئێران و.. هتد، بەڵام دید و بۆچوونی شەخسی من –بە دڵنیاییەوە من كار بۆ حكومەتی ئەمریكی ناكەم و ئەمە تێڕوانینی خۆمە وەك توێژەرێك- ئەوەیە كە كورد سەلماندوویانە ئیرادەی ئەوەیان هەیە بە شێوەیەكی كارا خۆیان حوكمڕانیی خۆیان بكەن، هەروەها توانای خۆبەڕێوەبەری سیاسییان هەیە، ئابووریی خۆیان هەیە و لە هەمان كاتدا توانای خۆیان پیشاندا لە میانەی شەڕی دژ بە داعشدا، واتە توانایەكی سەربازیشیان هەیە، هەموو ئەمانەش وایان لێدەكات بتوانن ببنە كاراكتەرێكی كارا و شەرعی لە بواری پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا.
* سەرەڕای ئەوانەی ئاماژەتان پێكردن، ئایا پێتانوانییە هۆكارێكی دیكەی كاركردنی كوردستان بە ئاڕاستەی سەربەخۆیی ئەوەیە ناكۆكی و جیاوازی و بێمتمانەیی قووڵ هەیە لە نێوان هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراقدا و ئەمە هەرێمەش جگە لە سەربەخۆیی رێگاچارەیەكی گونجاوی دیكەی لەبەردەمدا نییە؟
- بە دڵنیاییەوە، مێژووی پەیوەندییەكانی كورد لەگەڵ حكومەتەكانی عێراقدا بۆ نزیكەی سەدەیەك بریتی بووە لە دوژمنایەتی و ستەمكاری لە دژی كورد، واتە لە میانەی خەباتكردنی كوردا لە پێناوی مافەكانیدا، ئەم میللەتە رووبەڕووی چەندین ئێش و ئازار بووەتەوە، وەك هەڵمەتەكانی ئەنفال و ئەو سیاسەتە و كردەوە دڵڕەقانەی لەسەر دەستی سەدام حوسێن دوچاری بوون، لە ئێستاشدا ئێمە بینیمان كە كوردستان دووچاری ئێش و ئازار بوو لەسەر دەستی داعش و حكومەتی عێراق نەیتوانی پارێزگارییان لێبكات، بۆیە كورد دەتوانێت بانگەشەیەكی شەرعی بكات بۆ بەدەستهێنانی خۆبەڕێوەبەری یان سەروەریی تەواو لەسەر بنەمای ئەوەی كە حكومەتی عێراق نەیتوانی پارێزگارییان لێبكات و لەسەر بنەمای مافەكانی مرۆڤیش.
* باشە ئەگەر بێتو كوردستان سەربەخۆیی رابگەیەنێت، ئایا پێتوایە پشتیوانی نێودەوڵەتی و بگرە دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت؟
- پێموایە هەندێ دەوڵەت راستەوخۆ ئیعتیراف بە كوردستان دەكەن و ئومێد دەكەم ئەمریكا یەكێك بێت لەو وڵاتانە.
