پاتریك كڵاوسن: تێڕوانینی مەزهەبگەرایی شیعە هۆكاری بەشێكی گرنگی كێشەكانی ناوچەكەیە
February 15, 2017
دیمانەی تایبەت
پاتریك كڵاوسن، بەڕێوەبەری توێژینەوەیە لە ئامۆژگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیك، پێشتریش پڕۆفیسۆر بووە لە زانكۆی بەرگری نیشتمانی، شارەزای كاروبارەكانی ئێرانەو چەندین كتێب و توێژینەوەی لەبارەی ئێرانەوە نووسیوە. بۆ شرۆڤەكردنی ئەو گۆڕانكارییەی لە هەڵوێستی ئیدارەی نوێی ئەمەریكادا دروستبووە لەئاست ئیحتیواكردن و فشارخستنەسەر ئێران، هەروەها لێكدانەوەی هەوڵەكانی ئەمەریكا بۆ ئەوەی جارێكی دیكە رۆڵی چالاكی هەبێت لەم ناوچەیەدا، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامداو ئەویش بەم شێوەیە بیروبۆچونەكانی خستەڕوو.* هەڵوێستی توندی ئیدارەی ترەمپ بەرامبەر ئێران بە سەپاندنی سزا لەسەر كۆمەڵێك كۆمپانیا بۆتە هۆكاری ئەوەی باس لە كۆتاییهاتنی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بكرێت، یاخود جارێكی دیكە دەستبكرێتەوە بە وتووێژ بۆ گەیشتن بە رێككەوتنێكی تازە، ئایا تا چەند ئەم بڕیارانەی ئیدارەی ترەمپ دەبێتە هۆكاری ئەوەی ئەگەری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی لە نێوان ئەمەریكا و ئێراندا دروست بێت؟
- ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا لەدوو رووەوە تەركیزی لەسەر كار و كردەوەكانی ئێران چڕكردۆتەوە، یەكێكیان تاقیكردنەوە مووشەكییەكانی ئێران و دووەمیان پشتیوانی ئێرانە بۆ حوسییەكان و هێرشی حوسییەكان لەسەر گواستنەوەی دەریایی لە گەرووی (باب المندب)، ئەو پرسەش بووەتە هۆی ئەوەی پشتیوانییەكی بەرفراوانی نێودەوڵەتی لە هەڵوێستی ئیدارەی ئێستای ئەمەریكا بكرێت. كەواتە لە ئێستادا ترەمپ هەڵوێست لەسەر ئەو پرسانە وەردەگرێت كە پاڵپشتییەكی بەرفراوانی بۆ دەستەبەر بكات. لە (باب المندب) حوسییەكانی هێرشیان كردە سەر كەشتییەكی ئەمەریكی لە ساڵی پاردا و ئیدارەی ئۆباماش كاردانەوەی هەبوو و هێرشی سەربازی كردە سەر پێگەی رادارەكانی حوسییەكان، كەواتە ئەگەری زۆرە كە ئیدارەی ترەمپ- هاوشێوەی ئیدارەی ئۆباما- هێرشی سەربازی بكاتەسەر پێگەی حوسییەكان ئەگەر هاتوو هێرشیان كردە سەر كەشتییەكان لە (باب المندب)، بەتایبەتی كە راپۆرتەكان باس لەوە دەكەن حوسییەكان مینیان لەژێر ئاودا چاندبێت، ئەوەش كارێكی ئیستفزازییە. كەواتە ترەمپ بە چەشنی ئیدارەی ئۆباما ئامادەیە هێزی سەربازی دژی حوسییەكان بەكاربهێنێت، كە یاخیگەرن و ئێران پشتیوانیان لێدەكات، تا ئێستاش ئیدارەی ترەمپ جەختی لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە هەڵوێستی لە ئاست تاقیكردنەوە موشەكییەكان و كێشەی حوسییەكان، جیاوازە لە هەڵوێستی لە ئاست رێككەوتنە ئەتۆمییەكەدا.
* ئایا چاوەڕێی ئەوە دەكرێت ئەمەریكا یەكلایەنە لە رێككەوتنە ئەتۆمییەكە بكشێتەوە، یان ئەوەتا ئەمەریكا كاری جددیتر دەكات بۆ جێیەجێكردنی؟
- تا ئێستا ئاماژەی ئەوە لەئارادا نییە كە ئەمەریكا تاكلایەنە لە رێككەوتنەكە بكشێتەوە، بەپێچەوانەوە، تیمەكەی ترەمپ جەختیان لەسەر ئەوە كردۆتەوە كە چڕكردنەوەی تەركیزیان لەسەر كردەوەكانی ئێران مەسەلەیەكی دابڕاوە لە پرسی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە. بەڵام ئیدارەی ترەمپ توندتر دەبێت بەراورد بە ئیدارەی ئۆباما لە راڤەكردنی بڕگەكانی ئەو رێككەوتنە. ئەوەی تەواو جێی سەرنجە، لە دە رۆژی كۆتایی ئیدارەی ئۆبامادا، كۆبوونەوەی لیژنەی جێبەجێكردن بەڕێوەچوو- كە لە ئێران ئەو وڵاتانەی دیكە پێكهاتووە كە رێككەوتنەكەیان واژۆ كردووە- لەو كۆبوونەوەیەدا ئێران بەو راڤەكردن و لێكدانەوە توندە رازی بوو كە پەیوەست بوون بە دیاریكردنی ئەو بڕە یۆرانیۆمە پیتێنراوەی كە ئێران دەتوانێت خاوەنی بێت. كەواتە لە سایەی ئیدارەی ئۆباماشدا، گروپی 5+1 هەڵوێستی توندیان هەبوو لەبارەی چۆنیەتی لێكدانەوەی بڕگەكانی رێككەوتنە ئەتۆمییەكە و پێموایە ئەم هەڵوێستەش درێژەی دەبێت.
* بەڵام بە شێوەیەكی گشتی هەڵكشانی زیاتری گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان ئێران و ئەمەریكادا دەبینین؟
- بەڕێز ترەمپ بە روونی ئەوەی راگەیاندووە كە بە بەراورد بە ئیدارەی ئۆباما، ئەو هەڵوێستی توندتری دەبێت لە ئاست ئەو كردەوانەی ئێراندا كە ناسەقامگیرییان لێدەكەوێتەوە لە ناوچەكەدا. هەروەها هەمیشە ئەمەریكا ئازادی جووڵەی دەریایی بە پرسێكی زۆر گرنگ داناوەو لە راستیدا وڵاتانی دیكەش بە گرنگییەوە لەم مەسەلەیە دەڕوانن، وەك چین و هیندستان كە لە رێی (باب المندب)ـەوە گواستنەوەیەكی دەریایی گەورە ئەنجام دەدەن و ئەگەر بێتۆ هەڕەشە لەسەر (باب المندب) دروست بێت، ئەوا هاوپەیمانێتییەكی نێودەوڵەتی گەورە دێتەئاراوە بۆ رەواندنەوەی ئەو هەڕەشەیە، ئەوەی لە ئێستادا حوسییەكان دەیكەن لە (باب المندب)دا كارێكی زۆر ئیستفزازییە.
* لەسەر پرسی سووریا ئیدارەی ترەمپ داوای كردووە كە لە لایەن پەنتاگۆن-ـەوە پلانێكی نوێی بۆ ئامادەبكرێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی زۆر جددی كار لەسەر تێكشكاندنی داعش بكرێت، لە هەمان كاتدا هەوڵەكانی بەو ئاڕاستەیەن كە بە هەماهەنگی لەگەڵ رووسیا هێزەكانی حزبوڵای لوبنانی و ئێران لە سووریا بكاتە دەرەوە، ئایا تا چەند ئەم دوو ئامانجە پێكەوە، تێكشكاندنی داعش و دەركردنی هێزەكانی حزبوڵا و ئێران لە سووریا سەركەوتوو دەبێت؟
- لە روانگەی ترەمپەوە گەورەترین هەڕەشە لەسەر ئەمەریكا تیرۆریستە ئیسلامییە رادیكاڵییەكانن، ئەو تیرۆریزمەش لە دوو لاوە سەرچاوە دەگرێت، یەكێكیان داعش و ئەلقاعیدەیەو ئەوی دیكەیان توندڕەویی شیعەیەو گرنگە هەنگاو لە دژی هەردووكیان هەڵبگیرێت، لەبەر ئەوە ئیدارەی ترەمپ كار لە دژی هەردوو توندڕەوییەكە دەكات، توندڕەوی سوننی و توندڕەوەی شیعە. لە راستیدا ترەمپ داوای لە پەنتاگۆن كردووە كە هەمو بژارەكان تاوتوێ بكات و هەموو ئەگەرەكان لەبەرچاو بگرێت. هەروەها داوای لە هەردوو وەزارەتی دەرەوە و بەرگری كردووە كە پلانێك ئامادە بكەن بۆ دروستكردنی ناوچەی ئارام لە سووریا بۆ پاراستنی ئاوارەكان. ئەمە شان بە شانی داواكارییەكەی بۆ ئامادەكردنی پلانێك بۆ تێكشكاندنی داعش.
* ئایا دەتوانین بڵێین ئەم هەوڵانەی ئیدارەی ترەمپ بۆ ئەوەیە جارێكی دیكەی ئەمەریكا جڵەوی كاروبارەكان لەم ناوچەیەدا بگرێتەوەدەست دوای ئەوەی ئەو تێڕوانینە دروست بوو كە ئەمەریكا لە سەردەمی ئیدارەی ئۆبامادا لەم ناوچەیە كشاوەتەوە؟
- دەقاودق، چونكە ترەمپ رایگەیاند كە دەیەوێت شكۆ و مەزنێتی بۆ ئەمەریكا بگەڕێنێتەوە، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت ئەمەریكا ببێتە كاراكتەرێكی گرنگتر لە كاروبارە نێودەوڵەتییەكاندا. تائێستاش ئێمە ئەوەمان بەدیكردووە كە ئیدارەی ترەمپ تەواو چالاكە لە سەر ئاستی كاروبارە نێودەوڵەتییەكان.
* ئێران لەگەڵ ئەوەی ئەندامی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی نییە لە دژی داعش، بەڵام لەوەتەی داعش دروست بووە، كاراكتەری چالاكی ئەم شەڕەی دژ بە داعشە لە سووریا و عێراق. بەڵام ئیدارەی ترەمپ ئێران تۆمەتبار دەكات بەوەی دەوڵەتێكی مەترسیدارە و پاڵپشتی تیرۆر دەكات، لێكدانەوەتان بۆ ئەم دۆخە چییە؟
- یەكێك لەو هۆكارانەی كە بووە هۆی ئەوەی زۆرێك لە سوننەكان هاوسۆز بن لەگەڵ داعشدا رەفتارە توندڕەوە تایفەگەرییەكانی شیعە بوو كە ئێران هەڵدەستێت بە هاندانی، كەواتە كاتێك رەفتاری توندڕەوانەی تایفەگەریی شیعەی ئێران و رەفتاری توندڕەوانەی تایفەگەری عەلەوی رژێمی سووریامان بینی، زۆرێك لە سوننەكانی سووریا بەو دەرئەنجامە گەیشتن كە ئەگەرچی هاوڕانین لەگەڵ داعشدا، بەڵام پێویستیان بە لایەنێكە پارێزگارییان لێبكات. كەواتە من دەڵێم كردەوەكانی ئێران هۆكارێك بوو بۆ ئەوەی داعش بتوانێت خەڵكی بەلای خۆیدا رابكێشێت. تێڕوانینە تایفەگەرییەكانی ئێرانیش بەشێك بووە لە كێشەكە، نەك بەشێك بێت لە چارەسەر.
* ئێران دەستڕۆیشتووییەكی زۆری هەیە لە عێراقدا، تەنانەت هێزەكانی حەشدی شەعبی كە ژمارەیان لە سەرووی 125 هەزار چەكدارە هێندەی وەلائیان بۆ ئێران هەیە، هێندە وەلائیان بۆ عێراق نییە، ئایا لە كاتێكدا كە ئەمەریكا لەگەڵ ئێران بەو ئاستە توندبێت، تا چەند بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە عێراقدا دەبێتە ئامانج بۆ تۆڵەكردنەوەی ئێران لە ئەمەریكا؟
- لە راستیدا هەندێ لە یەكەكانی حەشدی شەعبی زۆر هاوسۆزن لەگەڵ ئێراندا، بەڵام یەكەكانی دیكەی نێو حەشدی شەعبی بەو شێوەیە نین، موقتەدا سەدر و شوێنكەوتووانی بەرهەڵستی ئەوە دەكەن ئێران دەستڕۆیشتووییەكی زیاتری هەبێت لە عێراقدا. كەواتە لە نێو شیعەكاندا دابەشبوون هەیە لەبارەی دەستڕۆیشتویی ئێران لە عێراقدا و پێموانییە بیانەوێت رووبەڕووبوونەوەیەك ببینین لە نێوان ئەمەریكا و ئێراندا. لە زۆر حاڵەتیشدا زۆرێك لە عێراقییەكان پێیانوایە پێویستە حەشدی شەعبی زیاتر تەركیز لەسەر كاروبارەكانی عێراق بكات و باوەڕیان وایە هێزە ئەمەریكیەكانیش هاوكاری عێراق دەكەن و پێویست ناكات عێراق لە ململانێی وڵاتانی دیكەوە تێوەبگلێت.
* بەڵام چۆن دۆخی ئێستای عێراق راڤە دەكەیت؟
- ئاشكرایە عێراق وڵاتێكی لەرزۆكە و گومان لەوەدا نییە كە پرۆسەیەكی سیاسیی لەرزۆكیشی هەیە، بەڵام بەم دواییە عێراق ئەدایەكی باشی هەبووە لە شەڕی دژ بە داعشدا، چونكە هێرشی نەكردۆتەسەر سوننەكان، بەڵكو هێرشەكانی لە دژی داعش چڕكردۆتەوە. ئەمەش گرنگە، هەرچەندە هێشتا كێشەگەلێكی زۆر ماوە لە عێراقدا، بەڵام بەلای كەمەوە ئەوەی لە ئێستادا بەدی دەكەین زۆر جیاوازە لەو شەڕە ناوخۆییەی چەند ساڵێك پێش ئێستا لەئارادابوو، چونكە ئێستا شەڕەكە سروشتێكی تایفەگەری كەمتری هەیە و با ئومێد بكەین كە ئەمە بەردەوام بێت.
* هەرێمی كوردستان خۆی بە هاوپەیمانێكی نزیكی ئەمەریكاو هاوپەیمانێتی دژ بە تیرۆریستانی داعش دەزانێت و نەكەوتۆتە بەرەی ئێرانەوە، یاخود دەكرێت بڵێین كوردستان نەكەوتۆتە ژێر دەستڕۆیشتوویی ئێرانەوە، ئایا بۆ ئیحتیواكردنی ئێران لە عێراقدا تا چەند گرنگە ئەمەریكا و هاوپەیمانانی دژ بە داعش پشتگیری سەربەخۆیی كوردستان بكەن، بۆ ئەوەی نەبێتە بەشێك لەو عێراقەی كە ئێران بە تەواوەتی كاریگەری بەسەریەوە هەیە؟
- لە راستیدا دەبێت ئەمەریكا ئەو هاوسەنگییە هەستیارە بپارێزێت لە نێوان دەربڕینی پشتیوانییەكی بەهێز بۆ هەرێمی كوردستان و لە هەمان كاتدا پێوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا نەخاتە مەترسییەوە، تا ئێستا وا دەردەكەوێت كە ئەمەریكا هانی هەرێمی كوردستان بدات بۆ ئەنجامدانی چاكسازی و بۆ هێنانەئارای حوكمڕانییەكی باشتر لەو هەرێمەدا. هەرێمی كوردستان چەندین كێشەی سیاسی هەیە، هەروەها چەندین كێشەی ئابووریشی هەیە، لەبەر ئەوە دەبێت ئەم هەرێمە چەندین چاكسازی بونیادی لە بواری ئابووری و سیاسیدا ئەنجام بدات بۆ باشتركردنی پێگەی خۆی. بۆیە گرنگە لەم قۆناخەدا باشتر خۆی بۆ پرۆسەی سەربەخۆیی ئامادەبكات و لەبەر ئەوەی لەچەند ساڵی رابردوو هەم لە رووی سیاسی و هەم لە رووی ئابوورییەوە كێشەی هەبووە، لەبەر ئەوە دەبێت هەڵبستێت بە ئەنجامدانی ئەم چاكسازییانە .
* كەواتە لە ئێستادا ئەولەوییەتی سەرەكی بریتیە بێت لە چاكسازی بونیادی هەروەك ئاماژەتان پێكرد؟
- بە دڵنیاییەوە، چاكسازی بونیادی دەرئەنجامی باشی بۆ خەڵكی هەرێم و بۆ پرۆسە سیاسیەكە دەبێت و دەیسەلمێنێت كە هەرێمی كوردستان قەوارەیەكی كارای سیاسییە.
* لە ئێستادا چۆن لە پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا دەڕوانیت، ئایا پێتوایە بتوانن لە رێی گفتوگۆوە پرسی جیابوونەوەی هەرێم لە عێراق چارەسەر بكەن؟
- سازشكردن زۆر گرنگە، ئەگەرچی زۆر دژواریشە، بەڵام دەبێت هەرێمی كوردستان و بەغدا ئامادەبن بۆ سازشكردن، ئەویش لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی دۆخە سەختەكەدا، بەتایبەتی دوای دابەزینی نرخی نەوت، تاوەكو ئێستا هەردوولا ئەدایەكی باشیان نەبووە لە سازشكردن بۆ یەكتری. هەندێ جار هەنگاوی باش دەنێن و هەندێ جاری دیكە ئەدایەكی خراپیان هەیە.
* عەرەبستانی سعودیە كە ئێستا سەرۆكایەتی هاوپەیمانێتیەكی عەرەبی دەكات لە دژی حوسییەكانی یەمەن و رێگرتن لە فراوانخوازی ئێران، زۆر بە گەرمی پشتیوانی لە هەنگاوەكانی ترەمپ دەكات دژی ئێران، ئایا لەم قۆناغەدا عەرەبستانی سعودیە دەتوانێت پارسەنگی هێز و رۆڵی ئێران لە ناوچەكەدا ئیحتیوا بكات؟
- لە راستیدا ترەمپ پشتیوانی لە هەر هەوڵێك دەكات بۆ سنورداركردنی دەستێوەردانی ئێران لە ناوچەكەدا، ئیدی لە عێراق بێت، یان سووریا، یان یەمەن، یاخود بەحرەین، ئەمانەش ئەو وڵاتانەن كە ئێران هەوڵ دەدات دەستێوەردانیان تێدا بكات، رێگاچارەكە لەم وڵاتانەدا ئەوەیە پرۆسەیەكی سیاسی بخەنەگەڕ كە ببێتەهۆی رازیكردنی ئەو خەڵكانەی لە بارودۆخەكە ناڕازین. ئەم وڵاتانە كێشەی ناوخۆیی قووڵیان هەیەو ئەمەش رێگە بە ئێران دەدات كە رۆڵێكی ناسەقامگیركار ببینێت.
