دەیڤید كرەین : گومان لەوەدا نییە كە ترەمپ وەك ئۆباما مامەڵە لەگەڵ ئێران ناكات و هەڵوێستێكی توندتری دەبێت

دەیڤید كرەین : گومان لەوەدا نییە كە ترەمپ وەك ئۆباما مامەڵە لەگەڵ ئێران ناكات و هەڵوێستێكی توندتری دەبێت
دەیڤید كرەین، پڕۆفیسۆرە لە كۆلێژی یاسای زانكۆی سایراكیوز، وانەبێژی چەند بوارێكی گرنگە، وەك یاسای نێودەوڵەتی، یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی و یاسای ئاسایشی نەتەوەیی و چەند بوارێكی پێوەندیداری دیكە، ئەندامە لە ئامۆژگای ئاسایشی نەتەوەیی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم لە سكوڵی ماكسۆێڵی هەمان زانكۆ، لە میانەی دیمانەیەكدا گوڵان چەند پرسیارێكی ئاراستەكرد كە پەیوەست بوون بە چەند پرسێكی پێوەندیدار بەو گۆڕانكارییانەی كە ئەگەری ئەوەیان لێدەكرێت بەهۆی سیاسەتەكانی ئیدارەی ترەمپەوە بێنەئاراوە، هەروەها ئەگەری ئەوەی تا چەند سیاسەتەكانی ئیدارەی نوێی ئەمەریكا لە ئاست ئەم ناوچەیەدا جیاواز دەبن بە بەراورد بە سیاسەتەكانی ئیدارەی ئۆباما، ئەویش بەم شێوەیە شرۆڤە و لێكدانەوەی بۆ ئەو پرسانە كرد.
* ئێستا هەموو لایەك باس لە بڕیارە چاوەڕواننەكراوەكانی سەرۆك ترەمپ دەكەن، ئایا پێشبینی چ گۆڕانكارییەكی گەورە دەكەیت؟
- ئاشكرایە كە ستراتیژیەتی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ بریتییە لەوەی سەرەتا و پێش هەموو شتێك بایەخ بە ئەمەریكا بدات، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر ئەوەی پێگەی ئەمەریكا چی بێت لە نێو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، هەرچەندە دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین تا بزانین ئایا تەركیزكردنی لەسەر ناوخۆی وڵاتەكەی چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر پابەندبوونەكانی ئەمەریكا لە جیهاندا.
* كەواتە ئایا دەتوانین بڵێین ئێمە پێمان ناوەتە نێو جیهانێكی تەواو جیاوازەوە؟
- دەتوانین بڵێین ئێمە پێ دەنێینە نێو رۆژگارێكەوە كە تێیدا ئەمەریكا لە هەموو پابەندبوونەكانی لەسەر ئاستی جیهان دەڕوانێتەوە، لەبەر ئەوە بەڵێ ئەمە كاریگەری دەبێت و دەتوانین بڵێین ئەمە رۆژگاری ترەمپە لە پێوەندی بە سیاسەتی نێودەوڵەتییەوە.
* دوای سوێندخواردنی دۆناڵد ترەمپ وەك سەرۆكی ئەمەریكا خۆپیشاندان و ناڕەزایی ناوخۆیی و جیهانیشی لێكەوتەوە، تێڕوانین و بۆچوونی ئێوە چییە لەسەر ئەم گردبوونەوە و خۆپیشاندانانەو ئایا پێتوایە تا چ راددەیەك ئیدارەی ترەمپ دەكەوێتە ژێر كاریگەریی ئەم ناڕەزایی دەربڕینانەوە؟
- لە راستیدا دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین ئایا ئەم خۆپیشاندانانە چ كاریگەرییەكیان لێدەكەوێتەوە، لەبەر ئەوەی ئەو رایگەیاندووە كە خەڵكی مافی ئەوەیان هەیە خۆپیشاندان بكەن، بەڵام ئەوەی پێوەندی بە گۆڕینی سیاسەتەكانیەوە هەبێت، ئەوا من لەو باوەڕەدا نیم كە هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر سیاسەتەكانی هەبێت.
* هەڵسەنگاندنی ئێوە چییە بۆ ئاماژەدانی دۆناڵد ترەمپ بە تیرۆریزمی ئیسلامی؟
- لە راستیدا ئەو خواستێكی بەهێزی هەیە بۆ تێكشكاندنی داعش لە ناوچەكەدا، كە بەدڵنیاییەوە ئەوە كارێكەو دەبێت ئەنجام بدرێت، بەڵام نیگەرانیی من ئەوەیە ئایا ئەو بە تەواوەتی لەو راستییە تێدەگات كە ئەمە چ ئەركێكی قورسە؟
* باس لەوە دەكرێت سەرۆك ترەمپ سیاسەتێكی توند بەرامبەر بە ئێران دەگرێتە بەر، ئایا لەم سۆنگەیەوە دەتوانین بڵێین ئیدارەی ترەمپ رێوشوێنی توندتر لە دژی ئێران دەگرێتەبەر؟
- من دەتوانم ئەوە بڵێم كە ترەمپ ئەو سیاسەتەی ئۆباما لە ئاستی ئێراندا پیادەی دەكرد، گۆڕانكاری بەسەردا دێنێت، بەڵام هێشتا زۆر زووە ئەوە یەكلابكەینەوە كە ئەو گۆڕانكارییە چی دەبێت، لەبەر ئەوە تێڕوانینی سەرسەختانەتر لەلایەن ئەمەریكاوە لە بەرامبەر ئێراندا بەدی دەكەین، كە بە دڵنیاییشەوە دەتوانین ئەمە بڵێین.
* بە بۆچوونی ئێوە باشترین رێگا كە بیگرێتەبەر بۆ هێنانەدی ئەم ئامانجە چییە؟ ئایا ئەمە پێویست بەوە ناكات كە هاوپەیمان و هاوكاری زیاتر لەگەڵ ئەو هێزانەدا بكرێت كە لەسەر ئەرزی واقیع شەڕ لەگەڵ تیرۆریستانی داعشدا دەكەن؟
- من دڵنیا نیم، بەڵام بێگومان هاوڕام لەگەڵتاندا كە بۆ ئەوەی داعش لە ناوچەكەدا تێكبشكێندرێت، ئەوا دەبێت سەرجەم هێز و وڵاتانی ناوچەكە هەوڵەكانیان چڕبكەنەوە لە دژیان. لەبەر ئەوە لۆژێكییە گریمانەی ئەوە بكەیت كە ئیدارەی ترەمپ لە هەموو ئەو گروپانە دەڕوانێت كە شەڕی داعش دەكەن، لەو نێوەندەشدا كورد نێوبانگێكی باشی هەیەو دڵنیام ئەوان پتر لە نزیكەوە لە بەشداریی كورد لەم شەڕەدا دەڕوانن.
* چاوەڕوان دەكرێت سەرۆك ترەمپ كار بۆ جێگیركردنی هێزی ئەمەریكا لە عێراق بكات و فشار لەسەر حكومەتی عێراقی بكات بۆ ئەوەی سیاسەتێكی دروست بگرێتەبەر، ئایا لەسەر ئەم رایە چی دەڵێیت؟
- دووبارەی دەكەمەوە كە دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین، پێموایە داینامیكیەتی جیۆپۆلەتیكی ناسەقامگیركەری عێراق لە ساڵی 2003و لاوازكردنی دەستڕۆیشتوویی عێراق لە ناوچەكەدا دەرفەتی بۆ هەموو رێكخراوە دەرەكییەكان خوڵقاند، هەر لە ئەلقاعیدەوە بۆ داعش، لەبەر ئەوە من پێموانییە كە ئۆباڵەكە تەنیا لە ئەستۆی بڕیارەكەی ئۆباما بێت. هەرچۆنێك بێت، پێموایە لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەهێزەكەی لە دژی داعش، ئەوا دۆناڵد ترەمپ لە وڵاتەكان دەڕوانێت، لە نێویاندا عێراق بۆ ئەوەی بزانێت پێداویستییەكان چین بۆ ئەوەی عێراق و شەریكەكانی بەهێزبن تاوەكو سیاسەتەكانی خۆی سەركەوتوو بن.
* كەواتە رەوایە بڵێین بە گشتی سیاسەتێكی جیاوازتر لە ئیدارەی ئۆباما لە ئاست عێراقدا پیادە دەكات؟
- لە راستیدا ئێمە نازانین ئەو چی دەكات و پێموانییە خۆیشی لەم ساتەوەختەدا بزانێت كە چی دەكات، لەبەر ئەوە هێشتا زووە شتێك بڵێین لەبارەی ئەوەی ئەنجامی دەدات، نەك تەنیا لە عێراقدا، بەڵكو لە تەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەگشتی.
* هەر لە پێوەندی بە عێراقەوە، ئایا تا چەند هاوڕایت لەگەڵ ئەو چاودێرانەی كە گومانیان لە مانەوەی عێراق بە یەكگرتوویی و یەكپارچەیی هەیە؟
- بێگومان ئەمە رۆژگارێكی ناجێگیرە بۆ زۆرێك لە وڵاتانی ناوچەكە، لە نێویاندا عێراق، هەروەها كاریگەريی ناسەقامگیركەری داعش لە ناوچەكەدا نیگەرانی لای هەر كەسێك دروست دەكات كە خوازیاری ئەوەیە ئەو ناوچەیە لە ئازادی و ئاشتی بەهرەمەند بێت. لەم ساتەوەختەدا هەر تەنیا دەتوانم ئەوە بڵێم كە دۆخی ئەو ناوچەیە زۆر سەقامگیرتر دەبێت بە لاوازكردنی توانای داعش، ئەو كاتە دەتوانرێت بڕیاری گونجاو بدرێت لەبارەی ئایندەی عێراقەوە.
* بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئایا دەكرێت ئەگەری سەرهەڵدانی دەوڵەتی كوردی نادیدە بگیرێت؟
- لە راستیدا دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین رەوتی پەرەسەندنەكان چۆن دەبێت، دوای ئەوەی كار لەسەر هەڕەشەی وجوودی داعش دەكرێت. من رێزی تەواو لە خواستی گەلی كورد دەگرم و تەواو لە داینامیكیەتی جیۆپۆلەتیكی ناوچەكەو عێراق تێدەگەم، لەبەر ئەوە دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین، بەڵام لە ئێستادا هەموو ئەگەرێك لەئارادایە.
* بەڵام بۆچوونی شەخسی ئێوە چییە لەسەر دروستبوونی ئەم دەوڵەتە؟
- من نازانم، بەڵام كورد هەستێكی بەهێزیان بەرامبەر خۆیان و چارەنووسی خۆیان هەیە، ناكرێت ئەمە شتێكی خراپ بێت، من كورد دەناسم و چاوم پێیان كەوتووە و گفتوگۆم لەگەڵدا كردوون، ئەوان خەڵكی باشن و لە ئازادی و دیموكراسی تێدەگەن و پێویستە پێگەی خۆیان هەبێت لە ناوچەكەدا بۆ ئەوەی بتوانن چارەنووسی خۆیان دیاری بكەن.
* ئایا لە حاڵەتی راگەیاندنیدا دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەست دەهێنێت؟
- لەم ساتەوەختەدا هەر دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین كە ئایا لە مەودای كورتدا رووداوە جیۆپۆلەتیكیەكان چۆن پەرە دەستێنن، ئەگەر لەسەر ئاستی عێراق بڕیاری سیاسی هەروەها بڕیاری دیكەش بدرێت، ئەوا دەكرێت وەك قەوارەیەكی یاسایی دان بە كوردستاندا بنرێت، بەڵام ئاشكرایە دەبێت لەو رووەوە كاری زیاتر ئەنجام بدرێت.
* دوا پرسیارمان ئەوەیە كە ئایا پێشبینییەكانت بۆ ئایندەی ئەم ناوچەیە چین؟
- لە راستیدا ئەمە بەندە بە خەڵكی ناوچەكەوە، ئەگەر رێگاچارەی ئازادی و گفتوگۆ لەگەڵ یەكتردا بگرنەبەر، ئەوا ئایندەیەكی باشتر دەبینم. بەڵام پێموایە سیاسەتی ئیدارەی ترەمپ دەبێتە هۆی ئەوەی ئەم ناوچەیە بۆ ماوەیەكی دیكەش بە ناجێگیری بمێنێتەوە.
Top