پیتەر دۆگڵاس : ئێران زیاتر سەرچاوەی قووڵكردنەوەی قەیرانەكانی ناوچەكەیە نەك هۆكاری چارەسەركردنی كێشەكان

پیتەر دۆگڵاس :  ئێران زیاتر سەرچاوەی قووڵكردنەوەی قەیرانەكانی ناوچەكەیە نەك هۆكاری چارەسەركردنی كێشەكان
پیتەر دۆگڵاس فیڤەر، پڕۆفیسۆری زانستی سیاسی و سیاسەتی گشتییە لەزانكۆی دیوك. پێشتر بەڕێوەبەری ئامۆژگای” “Triangle بووە بۆ دیراساتی ئەمنی. وەك راوێژكاری تایبەت بە بواری پلاندانانی ستراتیژی و چاكسازیی دامەزراوەیی كاری لەگەڵ ئیدارەی جۆرج بوش كردووە، هەروەها لەسەردەمی ئیدارەی بیل كلینتۆن بەڕێوەبەری سیاسەتی بەرگری و كۆنتڕۆڵكردنی چەك بووە لەئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی. لەم دیمانەیەشدا سەبارەت بە رەوشی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و چۆنیەتی چارەسەركردنی تەنگژەكانی بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
* ئەو بارودۆخەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەئارادایە كاریگەرییەكانی پەڕیونەتەوە بۆ بەشەكانی دیكەی جیهانیش، بەتایبەتی ئەمەریكا، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چ راددەیەك پێشبینی ئەوە دەكەن كە ئیدارەی داهاتووی ئەمەریكا هەوڵی چڕوپڕ بدات بۆ چارەسەركردنی تەنگژەو قەیرانەكانی ئەم ناوچەیە؟
- دوایین دوو سەرۆكی ئەمەریكا كاتێك دەسەڵاتیان گرتەدەست، باوەڕیان وابوو بەچەشنی سەرۆكەكانی پێش خۆیان تەركیز لەسەر كێشەو قەیرانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناكەن، بەڵام دواتر بۆیان روون بووەوە كە ئەو كێشانەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە سەرچاوە دەگرن، هەر لەم ناوچەیەدا نامێننەوە، لەبەر ئەوە خۆیان لەدۆخێكدا بینیوە كە ناچاربوون كات و كۆشش و سەرچاوەگەلێكی زیاتر لەوەی خۆیان پێشبینیان دەكرد، تەرخان بكەن بۆ چارەسەركردنی قەیرانەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. رەنگە سەرۆكی هەڵبژێردراو –ترەمپ- هەمان رێچكە بگرێتەبەر. ئەو كێشانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە بە میراتی بۆ ترەمپ دەمێننەوە، ئەگەری ئەوەی نییە كە هەر لەسنووری ئەم ناوچەیەدا بمێننەوە. ئەگەر ئەمەریكا بەرەپێشچوون بەدەست نەهێنێت لەچارەسەركردنیان، ئەوا كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەشەنە دەكەن و بۆی هەیە ببێتە هەڕەشەیەكی ئەمنی ناوخۆیی لەسەر ئەمەریكا.
* ئایا تا چەند هاوڕایت لەگەڵ ئەوەدا كە گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تەنیا خۆیان كێشەكانیان پێ چارەسەر ناكرێت و یەكلاكردنەوەی تەنگژەكانی ئەم ناوچەیە پێویستی بەوەیە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی كاری بۆبكرێت، یان كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی رێكبخرێت. ئایا پێتوایە ئەمە چارەسەرێكی درێژخایەن بە دوای خۆیدا دەهێنێت؟

- پێموانییە رێكخستنی كۆنفرانسێكی نێودەوڵەتی یارمەتیدەر بێت لەمەودای نزیكدا. ئەمەریكا پێویستی بە گەڕاندنەوەی هاوسەنگییەك هەیە بۆ ئەو دەستڕۆیشتووییەی هەیەتی، بە چەشنێك كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانمان بكات. لەئێستادا دۆخەكە لەبەرژەوەندی ركابەرەكانمانەو ئێمە ناتوانین لەكۆنفرانسێكی دیپلۆماسیدا ئەوە بەدەست بهێنینەوە كە بەهۆی كشانەوەو پاشەكشەمانەوە لە ناوچەكەدا لەدەستمان داوە.
* بە تێڕوانینی ئێوە ئایا سروشتی ئەم ناكۆكی و ململانێیە چییە كە لەناوچەكەدا دەگوزەرێت و چۆن لە رۆڵی ئێران دەڕوانن لە كەڵكوەرگرتن لەكێشەو قەیرانەكانی ناوچەكە بۆ خوڵقاندنی پشێوی زیاتر لەپێناو برەودان بەباڵادەستی خۆیدا؟
- لە راستیدا دەتوانین بڵێین ئێران پتر سەرچاوەی قووڵكردنەوەی قەیرانەكانی ناوچەكە بووە، نەك هۆكارێك بۆ چارەسەركردنیان. هەر ئومێد و هیوایەك كە ئیدارەی ئۆباما هەیبوو بەوەی بەهۆی رێككەوتنی ناوكییەوە لەگەڵ ئێراندا بەدەستی بهێنێت، بێبەرهەم و بێهودە بوو. ئیدارەی ترەمپ پێویستی بە گرتنەبەری رێگاچارەیەكی توندترو هەمەلایەنترە لەگەڵ ئێراندا هەیە.
* هەروەك دەزانن لەئێستادا كۆمەڵێك دەوڵەت لەم ناوچەیەدا رووبەڕووی داڕووخان و داكشانی دەسەڵات بوونەتەوە، ئایا تا چەند دووبارە بنیادنانەوەی ئەم دەوڵەتانە پێویستە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و ئایا پێتوایە ئایندەی وڵاتێكی وەك عێراق چۆن دەبێت و دەبێت چۆن بێت، كە لەئێستادا ئەم وڵاتە لە دۆخێكی دژواردایە، بەڵام چاوەڕێ دەكرێت یەكەم وڵات بێت كە تێیدا داعش تێكبشكێندرێت؟
- عێراق دووچاری فشارێكی زۆر بۆتەوە. ئێستا بۆمان روون بۆتەوە كە بڕیاردان بۆ رووبەڕوونەبوونەوەی داعش پێش ئەوەی عێراق بەرەو ناسەقامگیری ببات و، پێش ئەوەی پانتاییەكی بەرفراوانی خاكی ئەو وڵاتە داگیربكات، هەڵەیەك بوو گران لەسەرمان راوەستا. لەگەڵ ئەوەشدا بەهۆی ئەوەی عێراق بە تەواوەتی دابەش بووە، ئەوا پتر لاواز و لەرزۆك بووە. رەنگە باشترین مۆدێلێك كە بگیرێتەبەر بریتی بێت لەجۆرێك لەفیدڕاڵی، یان كۆنفیدڕاڵی كە لەهەندێ رەهەندەوەو لەسەر ئاستی مەحەلی مافی خۆبەڕێوەبەری دەستەبەر دەكات.
* هەروەك دەزانن هەرێمی كوردستان توانیویەتی ببێتە مۆدێلێك بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە ئایینی و ئیتنییە جیاوازەكان، بەڵام هێشتا ئەم هەرێمە نەبۆتە دەوڵەتێك كە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دانی پێدانرابێت، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چ راددەیەك گرنگە كە ئەم ئەزموونە سەركەوتووە دانپێدانانی رەسمی بەدەست بهێنێت بۆ ئەوەی ببێتە مۆدێلێك بۆ چارەسەركردنی كێشەو تەحەددییەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؟
- ئەگەری ئەوە هەیە بەدەستهێنانی سەربەخۆیی تەواو لەلایەن كوردەوە كاریگەرییەكی زیاتر ناسەقامگیركەری لێبكەوێتەوە بەبەراورد بەهێنانەئارای چوارچێوەیەك كە تێیدا هەرێمی كوردستان پتر بەهرەمەند بێت لە هەندێ رێكاری خۆبەڕێوەبەری، بەڵام لەهەمان كاتدا زۆر باش ئاوێتە بێت لەعێراقی فیدڕاڵی، یان كۆنفیدڕاڵیدا.
Top