نەقیب خاتوون عەلی فەرماندەی هێزی (كچێن رۆژێ) : كچانی ئێزدیخان و پێشمەرگەی كوردستان تۆڵەی رفاندن و كۆمەڵكوژی لە داعشەكان دەكەنەوە
November 30, 2016
دیمانەی تایبەت
رزگاركردنی شنگال و دەوروبەری بۆ كوردانی ئێزیدی رۆژی لەدایكبوونێكی نوێ بوو، ئەو رۆژە بوو كە سەرۆك بارزانی بەڵێنی پێدابوون، ئێستاش كوڕان و كچانی ئێزیدی لە فەرماندەیی شنگال و بەپاڵپشتی و پشتگیریی سەرۆك بارزانی ئەركی پارێزگاریكردنی ناوچەكانیان لەئەستۆ گرتووە، رێگاش نادەن هێزی دەرەكی و حەشدی شەعبی لەژێر هەژموونی دەرەكی و تائیفیدا جارێكی دیكە ناسەقامگیری لەو ناوچانە دروست بكەن كە بەخوێنی پێشمەرگە ئازادكراوە. تیمی گۆڤاری گوڵان هێزی كچانی لەشكری رۆژێ لە (سنونێ)ی سەر بە شاری شنگال بەسەركردەوەو دیمانەیەكی لەگەڵ نەقیب خاتوون عەلی فەرماندەی هێزی (كچێنی رۆژێ ) ئەنجامدا.بارزانی و پێشمەرگە شنگالیان ئازادكردووەو
هەر ئەوانیش بڕیار لەسەر ئاییندەی شنگال دەدەن
* لە كاتێكدا سەرۆك بارزانی كچ و ژنی ئێزیدی بە هێمای شەرەف و نامووسی كوردان وەسف كرد، ئێستا هێزێكی بۆ دامەزراندوون لەناو ریزەكانی پێشمەرگەداو بوونەتە هێمای بەرخودان و ئازایەتیش، دەكرێت باسی ئەوەمان بۆ بكەیت ئەم هێزە چۆن دروست بوو؟
- سەرەتا سوپاسی تیمی گۆڤاری گوڵان دەكەم كە بە بەردەوام دەڤەری كوردانی ئێزیدی بەسەردەكاتەوە، هێزی كچێن رۆژێ رەتكردنەوەی كۆمەڵكوژی و رفاندن و فرۆشتنی كچی كوردە، كە بەوپەڕی دڕندایەتییەوە كۆمەڵكوژییان دەرهەقمان ئەنجامدا، ئەمەش بە(74)ـەمین هێرشی كۆمەڵكوژی لە مێژووی كوردانی ئێزیدی دادەنرێت. ئێمە وەكو كچی كوردانی ئێزیدی حەزمان كرد دوور لەناو گروپ و هێزی دەرەكی كە هاتوونەتە ناوچەكەو خزمەتی تائیفی و ئەجیندەی دەرەكی دەكەن لە ریزەكانی پێشمەرگەدا خزمەت بە گەلەكەمان بكەین و بەرگری لەناوچەكانمان بكەین. ئەوە بوو لە رێگەی بەڕێز (فەریق جەمال) سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە داوایەكمان ئاراستەی جەنابی سەرۆك بارزانی كرد كە وەكو باوكێك رەزامەندی بفەرموێت هێزێك لە كچانی ئێزیدی لەناو ریزەكانی پێشمەرگەدا دابمەزرێت، دڵنیاش بووین لەوەی باوكی نەتەوەیی كوردان داواكاریی كچەكانی رەتناكاتەوە، هەرواش دەرچوو، هێزی كچێن رۆژێ دامەزراو شانبەشانی براو مام و كوڕو خاڵ و ماڵباتی خۆمان لەناو ریزەكانی پێشمەرگەدا بەرگری لەگەلی كورد دەكەین، بۆ ئەوەی جارێكی دیكە هیچ هێزو لایەنێك بیر لەوە نەكاتەوە هەفت هەزار كچ و ژن و منداڵ و لاوی كوردی ئێزیدی بڕفێنێت و بكوژێت. ئەمڕۆ 142 كچی پێشمەرگە لەناو ریزەكانی هێزی (كچێن رۆژێ)دان و 1700 كچی دیكەش بۆ هاتنەناو ئەم هێزە ناوی خۆیان تۆمار كردووە، كچێن رۆژێ لە سەربازگەی پڵنگی زێرەڤانی هەموو خولەكانی مەشق و راهێنانیان تەواوكردووەو پابەندی هەموو دیسیپلین و ئەخلاقی پێشمەرگایەتی و پڕۆفیشناڵی سەربازین.
* مەبەست لەناوی هێزی (كچێن رۆژێ) چییەو مەرجەكانی بوون بە پێشمەرگە لە ریزەكانی هێزی (كچێن رۆژێ) چییە؟
- هێزی كچێن رۆژێ واتە ئێمە ئەو كچانەی (ئێزیدیخان)ـەین كە ئەو رۆژەی تیرۆریستانی داعش پەلاماری شنگال و دەڤەرەكەی دا زوڵم و زۆرداری لە خەڵك و كچانی ئێزیدی كردو كۆمەڵكوژی كردین و منداڵیان لە باوەشی دایكیان برد. ئێمە ئەو كچانەین كە بەرگری و پارێزگاری لەخۆمان دەكەین و نەتەوەو ئایینمان دەپارێزین، ئێمە ئەو خواو رۆژە دەپەرستین كە كەس ناتوانێت دەسەڵاتی پێ بگات و خوای گەورە پشتیوانی ئێمەیە. كچانی ئێزیدیخان كاتێك دەبنە پێشمەرگە، دەبێت باوكی واژۆ لەسەر داواكارییەكەی بكات و دایكی و ماڵباتی رەزامەندبن و تەمەنی 18 ساڵ بێت و توانای جەستەیی هەبێت، لەمەش گرنگتر دەبێت پابەندی ئەركی سەربازی و ئەخلاقی پێشمەرگایەتی بێت.
* ئایا پێشمەرگایەتی بۆ كچان ئاسانە؟
- پێشمەرگایەتی بۆ كچان ئاسان نییە، چونكە دەبێت لە سەرماو سۆڵی زستان و گەرمای هاوین لە سەنگەرەكان و بازگەو بارەگاكان لەئەركدا بێت، لەكاتی هێرشكردن بە درێژایی سێ شەو و رۆژ نەخەوێت و ماندوو بێت، لە هەموو كاتێكدا ئەگەری شەهید و برینداربوونی هەیە، ئێمە لەسەر ئەم بنەمایە كچانی ئێزیدی پەروەردە دەكەین و فێری پاراستن و هاریكاریكردنی نەتەوەكەیان دەكەین، بەبێ جیاوازی لەنێوان موسڵمان ئێزیدی و موسڵمان و مەسیحییەكدا، هەر ئەمەشە وایكردووە لای كوردانی ئێزیدی پیشەی پێشمەرگایەتی پیرۆز بێت، چونكە هەروەكو چۆن جەنابی بارزانیی نەمر فەرموویەتی شانازییە مرۆڤ خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت، هەرواش شانازییە بۆ كچانی ئێزیدی بەرگری و پارێزگاری لەكەرامەت و شەرەفی نەتەوەكەیان بكەن، ئێمە لەسەر ئەوە بیر و فكرە پەروەردە كراوین. ئێمە كچی لاوی بچووك لە ریزەكانی پێشمەرگە وەرناگرین، بەپێچەوانەی هێزەكانی گەریلا كە كچی ئێزیدی تەمەن 15 ساڵ دەڕفێنن و دەیبەنە مینبج و دەیتەقێننەوە، ئێمە وا پەروەردە نەكراوین دژی بەها مرۆڤایەتییەكان بین و تەنیا هەوڵی تۆڵەسەندنەوە بدەین، بەڵكو ئێمە بەرگری لەنەتەوەیەكی مەزڵوم دەكەین. بۆ ئێمە كوردستان و پێشمەرگە رەمزی پێكەوەژیان و ئازادی مومارەسەكردنی دابونەریت و ئایین و كلتووری خۆمانە. لە كوردستان جیاوازی لەنێوان ئایین و ئایینزاكان نییە ئەوەی داعش دەرهەقی ئێمەی كرد دژی بیروباوەڕی ئایینی ئیسلامیشە، ئەو زوڵم و تاوانە گەورەیە جورئەتی بەئێمەدا روو لە هەندەران نەكەین بەڵكو لەسەر خاكی خۆمان بمێنینەوەو بەرگری لەخۆمان بكەین و بەوپەڕی قارەمانێتی دژی دوژمن بوەستین لەپێناوی سەربەستی و ئازادی گەل و نیشتمانمان.
* ئایا لەناو پێشمەرگەی كچانی رۆژ تیایاندایە لە دەستی داعش رزگاری بووبێت؟
- بەڵێ، ئەوەتا لەناو هێزی (كچێن رۆژێ) سێ دەستە خوشكی رزگاربوو لەدەستی داعش هەیەو بەهزرو توانایەكی بەرزەوە دەیانەوێت لەریزی هێزی پێشمەرگە لەدژی داعش بجەنگن، ئەمەش نامەو پەیامێكە بۆ تیرۆریستانی داعش كە هیچ شتێك كاریگەری لەسەر ئێزیدیخان ناكات، مادام خاوەنی سەرۆك و پێشمەرگەین.
* سەرۆك بارزانی پشتگیرییەكی باشی دروستكردنی هێزەكەتانی كرد، ئەمەش وەكو پاڵپشتی بۆ كوردانی ئێزیدی تاوەكو پارێزگاری لەخاك و زێدی خۆتان بكەن، ئایا ئەم هەڵوێستەی بارزانی چۆن هەڵدەسەنگێنیت؟
- كاتێك بارزانی بڕیاریدا شەڕی سەرتاسەری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش دەست پێبكات و چیاو شاری شنگالی ئازاد كرد، بۆ ئێمەی ئێزیدی بەگشتی و كچانی ئێزدیخان بەتایبەتی ئەو رۆژە بووە رۆژێكی پیرۆزی دووبارە لەدایكبوونی كوردانی ئێزیدی، رۆژی 13ی مانگی 2015 كاتێك بە پلان و سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی باوكی كوردانی ئێزیدی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شنگال و دەوروبەری دەستی پێكرد، بۆ ئێمە شانازییەكی گەورە بوو بەشداری ئەو ئۆپەراسیۆنە بكەین، من ئەو كات لەگەڵ شاندێكی باڵای سەربازی سەردانی بەلجیكام كردبوو، راستەوخۆ گەڕاینەوە بۆ كوردستان و بەشداریی ئەو نەبەردییەمان كرد، لەهەر شوێنێكدا شەڕ دژی تیرۆریستان هەبێت، داوادەكەین بەشدار بین. كچانی ئێزیدی بارزانی بە باوكی نەتەوەیی خۆیان دەزانن و بە درێژایی مێژوو قەرزاری ئەون كە بەڵێنی رزگاركردنی چیای شنگال و شارەكەو دەوروبەری بۆ ئێمەی ئێزیدی جێبەجێ كردو بەچاوی خۆمان بینیمان چۆن تۆڵەی لەو تیرۆریستانە كردەوە، كاتێك رۆژی 12ی تشرینی دووەم گەیشتینە شنگال، بۆ ئێمە جێگای سەرسوڕمان بوو كە ئەو رۆژە جەنابی سەرۆك و هەموو ماڵباتەكەی لەسەر چیای شنگال بوون و پەیام و مژدەی سەركەوتنی دا بە ئێزیدی و ئێزیدیخان، ئەو رۆژە دەیان تەلەفۆنم بۆ كرا لەو ئێزدیدی و كەسوكارانەی كە لە هەندەران بوون، هەموویان دەیانوت: (پیرۆزبایی لەجەنابی بارزانی دەكەین)، ئەو رۆژە رۆژی كوردانی ئێزیدی و ئێزیدیخانە و جەژنێكی سەرتاسەری و لەبیرنەكراوە، هەروەكو چۆن ئەمڕۆ لە سایەی بارزانی-دا شاری باشیك و چەندین گوندو ناوچەی دیكە رزگار كراون.
* باس لەوە دەكرێت لێرە چەندین گۆڕی بەكۆمەڵ هەیە، ئایا تائێستا هیچ رێكخراو و ئاژانسێكی نێودەوڵەتی هاتووەتە ئێرە بۆ ئەوەی دەست بە هەڵكەندنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بكات و ئامارو داتاكان بنووسێتەوە؟
- كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزیدی ئەوەندە گەورە بوو لەقۆناغێكی ناسك و هەلومەرجێكی بێ وێنەدا جێبەجێ كرا، كە راستەوخۆ كۆچكردنی ئێزیدییەكانیشی لەتەواوی ناوچەكانی خۆیاندا لێكەوتەوە، لەكوردستانیش شەڕی رووبەڕووبوونەوەی دژ بەداعش و پێشوازیكردن لەو ژمارە زۆرەی ئاوارەو پەناهەندە ببووە ریزبەندی كارەكانی حكومەتی هەرێم و قەیرانی داراییشی هاتەسەر، هەر بۆیە نەدەكرا وا بەئاسانی داتاو ئامارێكی راستەقینەی وردت دەست بكەوێت. ئازادكردنی شنگال ئەو دەرگایەی كردەوە لەبەردەم رێكخراوو لایەنە پێوەندیدارەكان بۆ ئەوەی رووبكەنە ئەم ناوچەیەو دەست بە هەڵكەندنی گۆڕە بەكۆمەڵەكان بكەن و سەردانی ماڵباتی قوربانییەكان بكەن و سەرژمێری و ئامارەكان رێك بخەن، راستە ئامارو داتای ورد نییە لەسەر ژمارەی قوربانییەكان، بەڵام هەموو سەرچاوەو زانیارییەكان ئەوە پشتڕاست دەكەنەوە كە تائێستا نزیكەی پێنج هەزار هاووڵاتی كوردانی ئێزیدی كوژراون و 7000 ژن و منداڵی ئێزیدی دیكەش لەژێر دەستی داعشدان و ژمارەیەكیشیان بە زۆرەملێ راپێچی سووریا كراون، ژمارەی كوژراوانی ئەو راگوێرزاوانەش دیار نییە، ژمارەی گۆڕەبەكۆمەڵەكانیش زۆرە، ئەوەتا تەنیا لەچوارڕیانی حەمدان كە نزیكە لە ناحیەی سنونێ (4) گۆڕی بە كۆمەڵی تێدایە كە هەریەكەو روفاتی 200 -300 كەسی تێدایە، تا ئێستا 50 گۆڕی بەكۆمەڵ دۆزراوەتەوە تا ناوچەی زیاتری ژێردەستی داعش لە تەلعەفەر و بەعاج و موسڵ رزگار بكرێت ژمارەی زیاتری گۆڕی بەكۆمەڵ دەدۆزرێتەوە. داوا لەسەرۆك بارزانی دەكەم فەرمان بدات بەحكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە پێوەندارەكان بۆ ئەوەی مشورێكی گۆڕەبەكۆمەڵەكان بخۆن كە لەناوچەكەدا رۆژانە لەبەرچاوی ئێزیدیەكانەو ناتوانن هەڵیبدەنەوە.
* ئایا تاچەند ئەو كۆمەڵكوژییە ئازاری ئێوەی داوەو چۆن ئەو برینانەتان ساڕێژ دەبێت؟
- ئازاری كوردانی ئێزیدی هەر دەمێنێت، هەتاكو چارەنووسی چەندین كچ و ژن و منداڵی ئێزیدی كە رفێندراون دیاری نەكرێت، هەتا ئێستاش رۆژانە كچ و ژنی كوردانی ئێزیدی لەژێر دەستی داعش رزگاریان دەبێت و هەریەكەو مەرگەساتێك دەگێڕێتەوەو ئەوەندەی تر بێ ئومێد دەبین لەرزگاربوونی ئەو ژمارە زۆرەی كوردانی ئێزیدی، كچانیان رفاندین و لە بازاڕەكانی خۆیان فرۆشتیان، داعشی تەمەن 70 ساڵ كچی تەمەن 8 ساڵی بە زۆرەملێ لەخۆی مارە كردووە، داعشی وا هەیە چوار كچی رفاندووەو لە خۆی مارە كردووە، بە زوڵم چەندین كوردی ئێزیدیان لەبەرچاوی منداڵ و ماڵباتیان گوللەباران كردووە، سەرۆك بارزانی زۆر هەوڵی داوە لەناوەندە دیپلۆماسی و سیاسییەكان و ناوەندەكانی ئایینی و حكومەتەكانی دنیا كوشتن و رفاندن و فرۆشتنی كچ و ژنی كوردانی ئێزیدی بە كۆمەڵكوژ دابنرێت، بەڵێنیشی پێداوین كە نەك ناوچەكانمان لەدەستی داعش رزگار دەكات، بەڵكو تا یەك تاوانبار مابێت تۆڵەی كوردانیان لێدەكاتەوە، من دوو جار سەردانی وڵاتانی ئەوروپیم كردووە بۆ ئەوەی ئازارو ئەشكەنجەكانی كوردانی ئێزدیدی و فرۆشتنی كچانی ئێزیدی كە بە كۆیلەو سەبایە كراون، بەدنیا بناسێنم، لەوێ پێشوازییەكی گەرمیان لێدەكردین، داوامان كرد پاڵپشتی و یارمەتی پێشمەرگە بدرێت كە نەك تەنیا ناوچەكانمان ئازاد بكەن، بەڵكو بۆ ئەوەی كچ و ژن و داپیرو منداڵی كوردی ئێزیدی رزگار بكەن، جەنابی سەرۆك لە چەندین بۆنەدا كچ و ژنی ئێزیدی بە هێمای شەڕەف و نامووسی كوردان داناو رۆژانە تۆڵەی كوشتن و رفاندنی ئێزیدیەكان لە تیرۆریستانی داعش دەكاتەوەو تۆڵەی شەرەف و كەرامەتی ئەو كچە كوردانە دەكاتەوە كە لە بازاڕی رەقە و موسڵ بازرگانی كڕین و فرۆشتنیان پێوە كراوە.
* ئێستا كچانی پێشمەرگەی ئێزیدی چۆن سەیری داهاتووی شنگال دەكەن؟ لەكاتیكدا هەندێك لایەن لەسەر چارەنووسی شەنگال ململانێی حزبی دەكەن؟
- پێش هەموو شتێك پێشمەرگە شەرەف و شانازییەكی گەورەیە كە هەموو دنیا فەخری پێوە دەكات. راستە شنگال وێران بووە، بەڵام ماڵ و خانوومان و شارەكەمان بە قوربانی چاوی شەهیدێكی كوردو كوردستان بێت، ئێش و ئازاری ماڵباتی شەهیدان زۆر گەورەترە لە ماڵ و موڵكی دنیا، هەموو ماڵی دنیا دڵۆپە خوێنی شەهیدێك ناهێنێت، كاتێك كچێكی ئێزیدی لە بازاڕەكان دەفرۆشرێت و كەس بە هانای هاوارو ئازارییەوە ناچێت، ئەمە ژان و ئازاری ئێمەیە. كەی ئێستا كاتی ململانێی حزبایەتی و بەرژەوەندی بەرتەسكی حزبایەتی و یەكلاكردنەوەی كۆنەڕق و كینەیە. ئێمە پێویستە یەك دەنگ بین، نەك هەر كەسێك لە حەشدی شەعبی و پەكەكە و یەپەگە بێت و كچی ئێزیدی ئیستغلال بكات و بەكاریان بهێنن بۆ ئەجێندا و مەرامی حزبی. ئەوەتا پێنج كچی ئێمەیان بردووەتە منبج و تەقاندوویانەتەوە، لەكاتێكدا لەناو ریزەكانی برا پێشمەرگەكانم تەنانەت قبووڵ ناكەن بەدەستی داعشەكان برینداریش بین، بۆیە پێشمەرگە بەهای بەرزی كچانی ئێزیدی دەزانن، كەی كاتی ئەوەیە دەست بەسەر خاكی نەتەوەیەكدا بگری و ببیتە هۆكاری ناسەقامگیری لەكاتێكدا هێشتا شنگال و چیای شنگال وێرانە، تەنانەت وا خۆیان نیشان دەدەن كە ئەوان لەسەر رەزامەندی حكومەتی عێراق لە چیای شنگالن و ئەم دەڤەرە تایبەتە بە پارێزگای موسڵ، واتا وەكو هێزێكی داگیركەر خۆیان دەناسێنن، ئەندامی ئێزیدی لەناو پەرلەمانی عێراق هەیە كە هەرگیز وەكو ئێزیدی نەژیاوەو خیانەتمان لێدەكات، ئەمڕۆ كاتی ئەوەیە لە دەوری سەرۆك بارزانی كۆببینەوەو خۆمان بەهێز بكەین بەرامبەر ئەو هەموو دوژمن و تەماعكارییانە، شنگال لەسەر دەستی بارزانی و پێشمەرگە قارەمانەكان ئازادكراو هەر لەسەر دەستی ئەوانیش پارێزگاری لێدەكرێت و چارەنووسی ئایندەشی دیاری دەكرێت. هەر سەرۆك بارزانی بوو بەرگری لە كۆبانێ كردو رێگای نەدا داگیربكرێت، دوای ئەوەی هەموو دنیا دەیانگوت رزگاركردنی كۆبانێ مەحاڵە، چۆن دەبێت پاداشتی چاكەو گیانفیدایی و خەبات وا بدرێتەوەو بە رادەیەك دژی ئیرادەی هێزی پێشمەرگە ببنەوە؟ یا كەسانێك لە وڵاتانی ئەوروپا دانیشتوون و هیچ رۆڵێكیان لە بەرگری و پارێزگاریكردن لەنەتەوەو وڵاتەكەیان نەبووە، لەفەیسبووك قسە بە پێشمەرگەو سەرۆكەكەی دەڵێن، هێشتا گۆڕە بەكۆمەڵەكانی كوردانی ئێزیدی هەڵنەدراوەتەوەو شاهیدی كۆمەڵكوژی كوردانە، كەچی شەڕی حزبایەتی بەرامبەر بە پێشمەرگەو سەرۆك دەكرێت، ئەمەش غەدرێكی گەورەیە دژی پێشمەرگە و كوردایەتی.
* لەم ماوەیەدا پرۆسەی ئازادكردنی گوندو ناوچەكانی دیكەی شنگال دەست پێ دەكات، هێزەكەی ئێوە تاچەند ئامادەیی بەشداریكردنتان هەیە؟
- هەر كاتێك فەرماندەی گشتی هێزی پێشمەرگە بڕیاری دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنێكی دا، نەك تەنیا لەشنگال لەهەر میحوەرێكی تریشدا بێت، تەواوی ئامادەییمان هەیە، داوامان لە بەڕێز قاسم شەشۆ فەرماندەی فەرماندەیی شنگال كردووە كە چۆن پێشمەرگەی كوڕی هەیە، ئاواش كچ و هێزی ئێزیدخانە هەیەو ئامادەن بەشداربن لەهەر شەڕو ئۆپەراسیۆنێكدا، خەڵكی دەڤەری شنگال ئامادەیی زۆریان هەیە بۆ فراوانكردنی هێزی ئێزیدیخانە، ئومێدمان زۆریشە ئەم هێزەمان فراوانتر بكەن، چونكە داوامان كردووە دەڤەرەكە بكرێتە پارێزگایەك سەر بەهەرێمی كوردستان ئەوكات لەدوای شەڕیش بۆ پارێزگاریكردن و پاراستنی سەقامگیری ناوچەكە پێویستیمان بەهەموو ئێزیدییەكان هەیە، دیمەنێكی جوان و شارستانیشە وەكو هەموو سوپا پێشكەوتووەكانی دنیا كچانی كورد لە ریزەكانی پێشمەرگەدا بوونیان هەبێت.
