مەلا عەلی زمناكۆیی : هێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسێونی ئازادكردنەوەی موسڵدا وەك سوپایەكی نیزامیی هاوچەرخ دەردەكەوێت
October 25, 2016
دیمانەی تایبەت
پێشڕەوییەكانی هێزی پێشمەرگەو ئازادكردنی تەواوی خاكی كوردستان، ئەو دەستكەوتە گەورەیە بوو كە ئەمساڵ پێشمەرگە بە سەرۆكایەتیی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بەدەستی هێنا، لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵیشدا بەبێ هاوكاری هێزی پێشمەرگەو رێگەدان بەسوپای عێراق بۆ سوودوەرگرتن لەمیحوەرەكانی پێشمەرگە مومكین نەبوو سوپای عێراق بتوانێت ئەو ناوچە فراوانە ئازاد بكات. سەبارەت بە پێشڕەوییەكانی پێشمەرگەو چەند تەوەرێكی دیكەی تایبەت بە رۆڵی پێشمەرگە لەدوای داعش لەپارێزگای نەینەواو پاراستنی پێكهاتەكانی چەند پرسیارێكمان ئاراستەی لیوا مەلا عەلی زمناكۆیی فەرماندەی فەرماندەیی گەرمیان لە میحوەری گوێڕ كرد، لێرەدا پوختەی وەڵامەكانی بڵاودەكەینەوە.مەلا عەلی زمناكۆیی
فەرماندەی فەرماندەیی گەرمیان لە میحوەری گوێڕ بۆ گوڵان:
هێزی پێشمەرگە لە ئۆپەراسێونی ئازادكردنەوەی موسڵدا وەك سوپایەكی نیزامیی هاوچەرخ دەردەكەوێت
* عێراق و مووسڵ دوای داعش زۆر جیاوازتر دەبێت، هەر بۆیە وا چاوەڕوان دەكرێت پێشمەرگە لەهاوكێشەی نوێی عێراق و ناوچەكەدا رۆڵی سەرەكیی هەبێت، ئایا تا چەند پێشمەرگە ئامادەیە پارێزگاری لە خاك و هاووڵاتی كوردو كوردستانی بكات، بەتایبەتی لە دەشتی نەینەوا و ئەو ناوچانەی ئازادی كردووە و ئازادی دەكات؟
- بەسەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك مسعود بارزانی هێزی پێشمەرگە توانی سەركەوتنی بێ وێنە لەم ئۆپەراسیۆنەدا تۆماربكات، ئەمەش دەرئەنجامی كۆمەڵێك هەوڵ و ماندووبوونیەتی لەگەڵ هاوپەیمانەكان و لایەنی عێراقی كە لە دواسەردانیدا بۆ بەغدا توانییان ئەنجامێكی باش بەدەست بهێنن. دەرئەنجامیش لەناوبردنی تیرۆریستانی داعشە كە دوژمنی هەموو مرۆڤایەتی و كوردو نەتەوەكانی دیكەی عێراقە، بەتایبەتی دوورخستنەوەی ئەو مەترسییە گەورەیەی ئەم گروپە تیرۆریستییە لەسەر كوردستان هەیەتی، بۆیە ئەم سەركەوتنە گەورانەی پێشمەرگە بەرهەمی ئەو هەوڵانەیە كە بێگومان پاش رزگاركردنی موسڵ گۆڕانكاری گەورە لەتەواوی پارێزگای نەینەواو عێراق و ناوچەكەدا روودەدات، گەلی كوردیش پێویستە ئامادەكاریی تەواوی هەبێ و ئەو هەلە مێژووییە لەدەست نەدات.
* ئایا تاچەند سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی بۆتە هۆی ورەبەرزیی پێشمەرگە لە هەموو بەرەكانی شەڕدا؟
- جەنابی سەرۆك سەرپەرشتی هەر بەرەیەكی كردبێت سەركەوتنی گەورە بەدەست هاتووە، ئەمەش بۆ ئەزموونی پێشمەرگایەتییەكەی دەگەڕێتەوە، هاوكات بۆ خۆشەویستیی هێزی پێشمەرگە بۆ سەرۆك بارزانی دەگەڕێتەوە كە وایكردووە بەو پەڕی دڵسۆزییەوە ئەركەكانیان راپەڕێنن و ورەیەكی بەرزیان هەبێت. ئەمڕۆ هەموو پێشمەرگەیەك دەزانێت كە سەرۆك سوورە لەسەر بەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، لەم پێناوەشدا توانی هێزی پێشمەرگە لەكوردستان رێكبخاتەوە كە وەكو گەورەترین سامانی نەتەوەیی دەردەكەوێت، هەر لەم سۆنگەیەوە لە ئێستادا هێزی پێشمەرگە گیانی پیرۆزی خۆی و خوێنی خۆی دەبەخشێت لە پێناو پارێزگاریكردن لە سەرجەم گەلی كوردو توركمان و مەسیحی و بەشێك لە عەرەبە رەسەنەكانی ناو خاكی كوردستان و لەم پێناوەشدا قوربانی دەدات تاوەكو ئارامی و ئاسایشی هەرێمی كوردستان پارێزراو بێت. هەروەها سەرۆك بارزانی پێگەیەكی بەهێزی جیهانی و ناوچەیی گرینگ و بەرچاوی هەیە، رۆڵێكی گەورەی دیپلوماسی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و جیهان دەبینێت كە ئەمەش مایەی شانازییەكی گەورە و خۆشبەختییەكی زۆرە بۆ گەلی كوردمان لە هەر چوار پارچەكەی كوردستانی دابەشكراودا.
* بێگومان هەر قارەمانیەتی پێشمەرگە بووە هۆكاری ئەوەی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا یاداشتێكی لێكتێگەیشتن لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە واژۆ بكات، بە رادەیەك لەم یاداشتەدا پێشمەرگە بە سوپایەكی نیزامی و باوەڕپێكراو سەیر كراوەو بگرە گرینگی زیاتری لە سوپای عێراقیش پێدراوە؟
- ئەو رێككەوتنە یەكێكە لەو دیكۆمینتانەی كورد بەجێی شانازی دەزانێ و ئەوەش دەرئەنجامی سەركەوتنە هەرە گرنگەكانی هێزی پێشمەرگەیە لە تێكشكاندنی تیرۆریستانی داعش كە پێگەی پێشمەرگەی گەیاندە لووتكەی سەروەری، هێزی پێشمەرگە ئەمڕۆ هێزێكی كاریگەر و لێهاتووە لە ناوچەكەدا بۆتە بەشێك لە سوپای گشتی گەلانی دنیا لە دژی تیرۆریستان و پێگەی گرینگی سەرۆك بارزانی-یش لە ناوچەكە و لە جیهاندا هۆكارێكی سەرەكی بووە.
* ئایا لەناو شاری موسڵ مەترسی پێشێلكاری مرۆیی دەكرێت، یان مەترسی ئەوە هەیە شاڵاوێكی گەورەی پەنابەران رووبكەنە هەرێمی كوردستان؟
- بەدرێژایی مێژوو هێزی پێشمەرگە خۆبەخشانە بۆ نەتەوەكەی قوربانی داوەو پارێزەری مافە نەتەوەییەكانی هەموو ئایین و ئایینزاو نەتەوەكان بووە، لەشەڕی دژ بەتیرۆریستانی داعشیش ئەمەی سەلماندەوەو سەرۆك بارزانی بڕیاری داوە دەروازەكانی كوردستان لەبەردەم لێقەوماوان واڵا بێت بەجیاوازی ئایدیۆلۆژیاو نەتەوەو ئایینیانەوە، هەربۆیە هەمووان لەسەر بەشداریكردنی هێزی پێشمەرگە كۆك بوون بەجیاوازی حەشدی شەعبی یەوە كە میلیشیاتێكی ئاراستەكراوی دەستی دەرەكین و بە تائیفی ئاراستە دەكرێن، سەبارەت بە چوونی پێشمەرگە بۆ ناو شاری موسڵ، تا ئێستاش لەسەركردایەتیمانەوە فەرمان نییە هێزی پێشمەرگە بچێتە ناو سەنتەری شاری موسڵ، ئەمەش بۆ پاراستنی ناوبانگی و لایەنی مرۆیی هێزی پێشمەرگە باشە، لەگەڵ ئەمەشدا پێشڕەویی و نەبەردییەكانی چەند رۆژی رابردووی پێشمەرگە لەبەرەكانی شەڕدا سەلماندی كە تێكشكاندنی داعش و ئازادكردنەوەی موسڵ گەرچی ماوەیەكی دەوێت، بەڵام بەپلانێكی تۆكمەو بەئەزموونی لێهاتووی سەرۆك بارزانی بەسەركەوتوویی و بەكەمترین زیانی گیانی جێبەجێ دەكرێت، ئەمەش دەبێتە لەدایكبوونی سوپایەكی نوێی نیزامی و پێشكەوتوو لەناوچەكەدا كە نەك تەنیا جیهان مامەڵەی لەگەڵ دەكەن، بەڵكو وڵاتانی ناوچەكەش دەبێت بە رێزەوە حیسابی بۆ بكەن.
ئا: زانیار سەردار قڕگەیی
