محەمەدی حاجی مەحمود: لە نەفتخانەوە تا شنگال پێشمەرگە لە یەك سەنگەردایەو ئاڵای كوردستان كۆی كردوونەتەوە

محەمەدی حاجی مەحمود: لە نەفتخانەوە تا شنگال  پێشمەرگە لە یەك سەنگەردایەو ئاڵای كوردستان كۆی كردوونەتەوە
پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ بەسەرەتای وەرچەرخانێكی گەورە لە عێراق و ناوچەكە لەقەڵەم دەدرێت. هێزێ پێشمەرگەی كوردستان كە لەچوارچێوەی رێككەوتنێكدا بەشدار و هەماهەنگە لەگەڵ هێزەكانی سوپای عێراق و هاوپەیمانان، هێزێكی كاریگەری ناو ئەم پرۆسەیەو دوایین بستی خاكی كوردستان ئازاددەكاتەوەو ئەو خاكەشی كە پێشمەرگە ئازادی دەكاتەوە دەبێتە سنووری كوردستان و پێشمەرگە لێی ناكشێتەوە. بۆ قسەكردن لەسەر پرۆسەی ئازادكردنی موسڵ و رۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، تیمی گوڵان لەبەرەكانی شەڕی میحوەری خازر ئەم دیمانە تایبەتەیان لەگەڵ محەمەدی حاجی مەحمود پێشمەرگەی دێرینی كوردستان و سكرتێری حزبی سۆشیالیست دیموكراتی كوردستان ئەنجامداوەو بەجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
هیوادرام حزبەكانی كوردستانیش ئاقڵانە بیربكەنەوەو
وەك هێزی پێشمەرگە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستی كۆیان بكاتەوە

* وەك دەبینین هێزی پێشمەرگەی كوردستان سەرقاڵی ئەنجامدانی پرۆسەی كۆتاییهێنانە بە تیرۆریستانی داعش، ئایا پێشمەرگە چۆن لەم پرۆسەیەدا بەشداری دەكات؟
- وەك هەموولایەك دەزانین ماوەی دوو ساڵ زیاترە تیرۆریستانی داعش شاری موسڵیان داگیركردووەو دوای ئەم داگیركردنەش خەلافەتی ئیسلامی داعشیان راگەیاندووە، هەروەها تیرۆریستانی داعش لەو ماوەیەدا توانییان زیاترلە 40%ی خاكی عێراق و 50%ی خاكی سووریا داگیربكەن، هەروەها هێرشیان كردە سەر كوردستان و بەشێكی كوردستانیشیان داگیركرد، بەڵام هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەگەڵ ئەوەی بۆ شەڕێكی لەوجۆرە ئامادەباشیی تەواویشی نەكردبوو، بەڵام توانییان بۆ یەكەمین جار لەسەر زەوی ئەو هێزە دڕندەو تیرۆریستە تێكبشكێننن و ئەفسانەكەیان بەتاڵ بكەنەوە و نزیكەی 40%ی خاكی باشووری كوردستان لەژێردەستی ئەو تیرۆریستانە ئازادبكەنەوە، سەبارەت بە پرۆسەی ئازادكردنەوەی شاری موسڵیش، دیارە هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە هەماهەنگی و رێككەوتن لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و عێراق، رێككەوتوون لەسەر ئەوەی موسڵ كە ئەو شارەیە تیرۆریستانی داعش خەلافەتی ئیسلامییان تێدا راگەیاندووە، ئازادبكرێتەوەو دواگورزی كاریگەر لەو تیرۆریستانە بوەشێندرێت، لەلایەكی دیكەوە موسڵ كە دووەمین گەورەترین شاری عێراقەو دانیشتووانەكەی پێش داگیركردنی داعش نزیكەی 3 ملیۆن كەس بووەو لەماوەی زیاتر لەو دووساڵەی داعش ئەو شارەی داگیركردووە، خەڵكێكی زۆر لەسەر ماڵ و حاڵی خۆیان ئاوارە بوون، بۆیە ئامانجێكی دیكە لە ئازادكردنی موسڵ ئەوەیە ئەو خەڵكانە بگەڕێندرێنەوە سەر زێدی خۆیان، دیارە بەشداری هێزی پێشمەرگەی كوردستانیش لەم پرۆسەیەدا بۆ ئازادكردنەوەی ئەو ناوچە كوردستانییانەیە كە بەشێكی كەمی لە ژێردەستی داعش ماون، ئەو ناوچانە هەمووی لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە ئازاددەكرێنەوەو پێشمەرگە تیایاندا دەمێنێتەوە لەبەر ئەوەی خاكی كوردستانە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئامانجی پێشمەرگە ئازادكردنی خاكی كوردستانەو چاومان لە خاك و ماڵی هیچ نەتەوەو پێكهاتەیەكی دیكە نییە.
* ئاماژەتان بەوە كرد كە پێشمەرگە ئەو ناوچانەی كوردستان ئازاد دەكاتەوە كە هەتا ئێستاش لەبەردەستی داعشن، ئایا مەبەست ئەوەیە پێشمەرگە دوای ئازادكردنەوەی ئەو ناوچانە وەك سنووری كوردستان دەیانپارێزێت؟
- لە سنووری خانەقینەوە تا دەگاتە شنگال هەموو خاكی كوردستان بەدەستی هێزی پێشمەرگە ئازادكراونەتەوە، ئەوەی ماوەتەوە لەوانەیە 5%ی خاكی كوردستان بێت كە ئازادنەكراوە، بۆیە ئێمە ئومێدەوارین ئەمجارە ئەو بەشەی ماوە ئەوەش ئازاد بكەینەوە، بۆیە دیسان دووبارەی دەكەمەوە پێشمەرگە تەنیا خاكی كوردستان ئازاد دەكاتەوە و تا ئەو شوێنانەش لە پرۆسەكەدا بەشدار دەبین.
* وەك ئاماژەت پێكرد پێشمەرگە وەك لایەنێكی سەرەكی هاوشان لەگەڵ هێزەكانی دەوڵەتانی هاوپەیمان و سوپای عێراق لەم پرۆسەیەدا بەشدارە، بەڵام هێزی دیكەش دەڵێن بەشدار دەبین، كە لەم رێككەوتنە ناویان نەهاتووە، ئایا ئەو هۆكارانە چین كە هێزی پێشمەرگە وەك لایەنێكی سەرەكی لەو رێككەوتنەدا بوونی هەیە؟
- هێزی پێشمەرگەی كوردستان لەمیانەی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش بۆتە ئەو هێزەی كە سەرنجی هەموو جیهانی راكێشاوە، ناوبانگی پێشمەرگە لە هەموو دنیا دەنگی داوەتەوەو پێشمەرگە سەلماندی لەسەر زەوی و بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان لە هێزی ناتۆ كاریگەرترە، ئەم قارەمانیەتەی پێشمەرگە بووە هۆكاری ئەوەی كە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ وەزارەتی بەرگری ئەمریكا رێككەوتنێك لەگەڵ یەكتری ئیمزا بكەن، ئەم رێككەوتنە ئەگەر لە رووكەشدا وەك رێككەوتنێكی سەربازی سەیر بكرێت، بەڵام بۆ ئێمە وەك كوردستان رێككەوتنێكی سەربازی و سیاسی و هەمەلایەنەیە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ دەوڵەتێكدا رێككەوتنی ئیمزاكردووە كە سەركردایەتی هاوپەیمانییەكی نێودەوڵەتی لەدژی داعش دەكات كە سەرۆكایەتی زیاتر لە 60 دەوڵەت دەكات و كوردستانی كردۆتە بەشێك لەو شەڕەی كە هاوپەیمانییەكی جیهانی كۆیان دەكاتەوە، ئەمە ئەوە رووندەكاتەوە كە ئێستا هێزی پێشمەرگەی كوردستان هاوبەش و شەریكە لە پرۆسەی ئازادركردنەوەی موسڵ، ئەم شەراكەتەش بۆ پێشمەرگە بە وەرچەرخانێكی مێژوویی و گرنگ لە قەڵەم دەدرێت.
* لەسەرەتای شەڕی دژی داعشەوە وەك سكرتێری حزبی سوشیالیست دیموكراتی كوردستان و وەك فەرماندەیەكی پێشمەرگە بەشداری بەرەكانی شەڕی دژی داعشت لەبەرەكانی كەركووك كردووە، ئایا چۆن بوو ئەم جارە بۆ شەڕی ئازادكردنی موسڵ هاتنە بەرەی ئەم شەڕە؟
- هێزەكانی ئێمە وەك حزبی سوشیالیستی دیموكراتی كوردستان هەر لەسەرەتای شەڕی دژی داعشەوە لە بەرەكانی جەلەولا تادەگاتە خورماتوو، داقوق، دوبز و میحوەری كەركووك بەشداریمان كردووە و لەم پێناوەشدا شەهید و بریندارمان هەبووە، بۆ شەڕی ئازادكردنەوەی موسڵیش حەزمان كرد لەلێدانی دوایین گورز لە دوژمن بەشداربین كە ئامانجی ئەوە بوو میللەتەكەمان لەناو بەرێت و هەموو بەهاكانی مرۆڤایەتی پێشێلكردووە و هەوڵیدا كوردستان لەسەر جوگرافیای خۆی بسڕێتەوە، بۆیە ئێستاش بە شانازییەوە ئامادەباشیمان هەیە بەشداری ئەم پرۆسە مێژووییە بكەین.
* ئەگەر هەر باسی پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ بكەین، دیارە چەندین هێزی جیاواز خۆیان ئامادەكردووە بەشداری لەم پرۆسەیەدا بكەن، ئایا ئەمە مەترسی ئەوەی نییە كە لەناو پێكهاتە جیاوازەكانی ئەو شارە كارەساتی گەورە رووبدات؟
- دیارە پێكهاتەی موسڵ و پارێزگای نەینەوا پێكهاتەیەكی فرەنەتەوە و ئایینی جیاوازە، وەك كورد و مەسیحی، ئێزیدی، شەبەك، توركمانی شیعە و سوننە، عەرەبی شیعە و سوننە، دوای هاتنی داعش هەموو ئەم پێكهاتە جیاوازانە هێزی چەكداری تایبەتی خۆیان دروستكردووە، بەشێكیان لیوا و فەوجی سەربازی تایبەت بەخۆیان هەیە، بۆیە ئێمە لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ حكومەتی عێراق قسەمان كردووە، سەبارەت بەوەی دوای داعش چۆن حوكمڕانی لە موسڵ دەكرێت و كێ حوكمڕانی دەكات، ئەمەش مەترسییەكی زۆر گەورەیەو دەبێت لەم پرۆسەیەدا زۆر بەوردی لەبەرچاو بگیرێت و پلانی پێویستی بۆ دابنرێت.
* ئەو پلانەی كە قسەی لەسەر دەكرێت بۆ موسڵی دوای داعش چییە؟
- بۆچوونی ئێمە وەك كوردستان ئەوەیە، ناكرێت حوكمڕانیی موسڵ بگەرێتەوە بۆ پێش هاتنی داعش، ئەمەش لەبەر ئەوەیە ئەوكات یەكلایەن حكومەتی بەڕێوەدەبرد، ئەو حكومەتەش بووە هۆكاری ئەوەی كە داعش لەو شارە حوكمڕان بێت، بۆیە ئێمە پێمانوایە ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو جۆرە حوكمڕانییە، ئەوا جارێكی دیكە داعشێكی دیكە و بە رەنگ و ناوێكی دیكە دروست دەبێتەوە، لەم چوارچێوەیەدا بۆچوونی ئێمە بەو جۆرەیە دوای ئازادكردنەوەی موسڵ، بۆ ماوەی ساڵێك ئاسایشی موسڵ و نەینەوا لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستانەوە كۆنتڕۆڵ بكرێت، ئەمەش لە پێناوی ئەوەیە ئەو پێكهاتە و نەتەوەو ئایینە جیاوازانەی ئێستا هێزی چەكداری خۆیان هەیە لەماوەی ئەو ساڵەدا ئەو هێزانە لە چوارچێوەی پۆلیسی فیدڕاڵی رێكبخرێنەوەو ببنە هێزێكی فەرمی، كە بوونە هێزی فەرمیش ئەوكات ئیدارەو ئاسایشی ئەو ناوچانە بەو هێزە فەرمییانە بسپێردرێت. دیارە ئەگەر ئەمە نەكرێت و راستەوخۆ ئەو هێزانە بچنەوە شوێنەكانی خۆیان كارەسات روودەدات، هەر بۆ نموونە ناوچەیەكی وەك تەلەعفەر كە توركمانی سوننە و شیعەی تێدایە، دیارە لەگەڵ هاتنی داعش توركمانی سوننە چۆتە پاڵ داعش و توركمانی شیعەی كۆمەڵكوژ كردووە، لە ئێستاشدا توركمانی شیعەی تەلەعفەر هێزێكی (3000)چەكداریان دروستكردۆتەوە، بۆیە ئەگەر ئەم هێزە راستەوخۆ بچنەوە تەلەعفەر ئەوا ئەوانیش تۆڵە لە توركمانی سوننە دەكەنەوەو كۆمەڵكوژیان دەكەن، بۆیە لەسەر ئەم پرسە قسەی زۆرمان كردووە بۆ ئەوەی دوای ئازادكردنەوەی موسڵ شەڕی خوێناوی و كۆمەڵكوژی و تۆڵەسەندنەوە لەنێوان پێكهاتە جیاوازەكان دروست نەبێتەوە، بۆیە پێشنیاری كوردستان ئەوەیە بۆ ئەوەی ئەم حاڵەتە روونەدات و ئەگەر هەموو لایەنەكانی دیكە ئەم پێشنیارە پەسەند بكەن، باشترە بۆ ماوەی ساڵێك ئاسایشی موسڵ و پارێزگای نەینەوا بە سوپای عێراق و هێزی پێشمەرگەی كوردستان بسپێردرێت.
* ئەگەر سەبارەت بەهێزی تیرۆریستانی داعش ئەو پرسیارە بكەین، ئایا هێزی ئێستای تیرۆریستانی داعش لەگەڵ دوو ساڵ لەمەو پێش چۆن دەبینین؟
- ئەگەر بەراوردی هێزی داعشی ئێستا بە دوو ساڵ لەمەوپێش بكەین، دیارە داعش كە پێشان هێرشی دەكرد بە چەند هەزار تیرۆریستێك هێرشیان دەكرد، بەڵام ئێستا بە 5 -6 تیرۆریست هێرش دەكەن و دێن ئاربیجییەك دەتەقێنن و دەگەڕێنەوە، بۆیە من وای دەبینم داعش هێزی شەڕكەری زۆری نەماوە، بەڵام رەنگە لەشەڕی موسڵدا، لەبەر ئەوەی دواپێگەی خەلافەتەكەیانەو كۆتاییان پێ دێت، لەوانەیە شێوەی شەڕەكەیان بگۆڕن، واتە زیاتر پەنابەرنە بەر خۆكۆژ و ئۆتۆمبیلی بە تی ئێن تی چێنراو بتەقێننەوە، بەڵام وەك داعش و خەلافەتەكەیان كۆتاییان هاتووە.
* كاتێك لەبەرەكانی شەڕ سەیری هێزی پێشمەرگە دەكەین، هەست بە یەكڕیزی و تابایەكی گەورە دەكەین، بەڵام لەنێوان حزبەكاندا جۆرێك لە گرژی و ناتەبایی هەیە، ئایا بۆچی حزبەكان سەیری هەڵوێستی پێشمەرگە ناكەن؟
- من هیوادارم حزبە سیاسییەكانی كوردستان ژیرانە بیربكەنەوەو سەیری یەكڕیزی و یەكسەنگەریی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بكەن، ئەمەش لەبەر ئەوەی ئەگەر سەیری مێژووی نەتەوەكەمان بكەین، ئەوا دەبینین ئەو یەكگرتووییەی ئێستا لە نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان بوونی هەیە، هەرگیز هێزی پێشمەرگە، یان چەكداری كوردستان بەو جۆرە یەكگرتوو نەبووە، ئاشكرایە ئێمە لە مێژووی خۆماندا چەند میرنشینمان هەبووە، وەك میرنشینەكانی ئەردەڵان، بابان، سۆران، رەواندوز، شنگال و تا دەگاتە بۆتان و تەبلیس، هەر هەموویان لەگەڵ یەكتری شەڕیان كردووە، بەڵام ئەمە یەكەمین جارە لە مێژووی نەتەوەكەمان هەر لە نەفتخانەو خانەقینەوە تادەگاتە شنگال و كۆبانی، یەك هێزی پێشمەرگە و یەك هێزی كوردستانی لەیەك سەنگەردان بەرامبەر بە دوژمنێكی دیاریكراو كە ئەویش تیرۆریستانی داعشە. ئەمە یەكەمین جارە كورد بە درێژایی 1500 كیلۆمەتر بەهەموو بیروڕا جیاوازەكانیانەوە لە یەك سەنگەردا یەكڕیز و یەك هەڵوێستن، من زۆر جار بە درێژایی ئەم 1500 كیلۆمەترە كە سەردانی هێزەكانی پێشمەرگەم كردووە، ئەگەر خۆم بەرپرسەكانی پێشمەرگەم نەناسیبێت، یان ئارمی حزبەكانیان لەسەر مۆبایلی پێشمەرگەكان نەبووبێت، هەستم نەكردووە، ئەمە پێشمەرگەی كام حزب و كام لایەنە، بۆیە بەكردەیی لە ناوی هێزی پێشمەرگە نازانین چ پێشمەرگەیەك سەر بەكام لایەنی سیاسییە، بەتایبەتیش لە لیوا هاوبەشەكاندا كە ئەگەر فەرماندەی لیواكە یەكێتی بێت، جێگرەكەی پارتییە، فەرماندەی فەوجەكە سۆسیالیستە، یان لایەنێكی دیكەیە، بۆیە ئەمە خۆی لە خۆیدا شانازییەكی گەورەیە بۆ نەتەوەكەمان، ئەمەش مانای ئەوەیە هێزێ پێشمەرگەی كوردستان هەڵوێستێكی زۆر جوانی دروستكردووە و توانیویەتی مێژوویەكی باش بنووسێتەوە، بۆیە دووبارە هیوادارم حزبەكان كوردستانیش ئاقڵانە رەفتار بكەن و وەك هێزی پێشمەرگە بیربكەنەوە.
* ئایا هەر ئەم یەكڕیزی و یەك سەنگەرییەی پێشمەرگە نەبۆتە هۆكاری ئەوەی پێشمەرگە وەك سیمبولی هێزێكی جیهانی سەیر بكرێت؟
- بیگومان چەند خاڵێك هەیە كە پێشمەرگەی كردۆتە ئەو سیمبولە جیهانییە، یەكێك لەو خاڵانە ئەوەیە، رەنگە لەتەواوی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تەنیا ئەو ناوچەیەی پێی دەگوترێت هەرێمی كوردستان لە هەر شوێنێكی دیكە زیاتر دیموكراتیتر بێت، هەروەها رەنگە تەنیا ناوچە بێت پێكەوەژیانی نێوان نەتەوەو ئایینە جیاوازەكان قبووڵ بكات، ئێستا لە كوردستان نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارە بوونی هەیە، لەم ژمارەیە لەوانەیە تەنیا 200 هەزاریان لە سووریاوە روویانكردبێتە هەرێمی كوردستان، ئەوەی دیكەی هەمووی ئاوارەی عێراقییە، بەشێكی عەرەبی سوننەیە لە ترسی عەرەبی شیعە هەڵهاتووە، بەشێكی دیكەی عەرەبی شیعەیەو لە ترسی عەرەبی سوننە هەڵهاتووە، بەشێكی دیكەی كریستیان و ئایینەكانی دیكەیە كە لە ترسی عەرەبی سوننە و شیعە روویانكردۆتە هەرێمی كوردستان، خاڵێكی دیكە ئەوەیە كە پێشمەرگە ئەو هێزە بەرگریكارەیە توانیویەتی تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێت، ئەو تیرۆریستەی كە ئێستا بۆ هەموو جیهان بۆتە هەڕەشەیەكی گەورە، هەر بۆ نموونە دەوڵەتێكی وەك فەرەنسا كە ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایشە، باری نائاسایی راگەیاندووە، ئەوجا بێجگە لە فەرەنسا چەندین دەوڵەتی دیكەی ناتۆ و یەكێتی ئەوروپا هەمان رێوشوێنیان گرتۆتەبەر، ئەمەش مانای ئەوەیە هەموو جیهان لەداعش دەترسێت و داعشیش لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەترسێت.
* ئایا دوای نەمانی تیرۆریستانی داعش، كوردستان مەترسیی دیكەی لەبەردەمدا دەمێنێت؟ ئایا دەبێت كورد دوای داعش چۆن خۆی رێكبخاتەوە؟
دڵنیام تیرۆریستانی داعش كۆتاییان دێت، بەڵام دەبێت دوای داعش كورد و هێزی پێشمەرگەی كوردستان زۆر وریا بێت و كەمتەرخەم نەبێت و باشتر سەنگەرەكانی خۆی قایمتر بكات، ئێمە وەك نەتەوەی كورد ئەزموونی دوور و درێژی تاڵ و دێرینمان هەیە، ئەوەی ئێستا ناوی لە خۆی ناوە داعش، لە شەستەكانی سەدەی رابردوو پێیان دەگوتن حەرەس قەومی، پاشان ئەم حەرەس قەومییە بوونە هێزی حەرەس جمهوری، پاشان بوونە قوەتی خاسەی سەدام بۆ پاراستنی سەرۆكایەتی كۆمار، دوای رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، بەشێك لەم هێزە بوونە تیرۆریستانی قاعیدە لقی عێراق، بەشێكیشیان بوونە هێزی سەحوە، كە قاعیدە تێكشكا، جارێكی دیكە دروستبوونەوە ئەوەی ئێستا پێی دەڵێن داعش، بۆیە هیچ دوور نییە دوای تێكشكاندنی داعش، هەر ئەم هێزە بە رەنگ و ناوێكی دیكە دروست ببێتەوە، بۆ نموونە ببنەوە بە حەرەسی وەتەنی، بۆیە دەبێت لەوە هۆشیار بین كە ئەم تیرۆریستانە تەنیا ناوەكانیان دەگۆڕێت و ئەقڵییەت و بیروبۆچوونە شۆڤینیستییەكەیان ناگۆڕێت، بۆیە دەبێت كورد دوای داعشیش خۆی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعشێكی دیكەو بەناوێكی دیكەوە ئامادەبكاتەوە، بۆیە دەبێت ئەولەوییەتی ئێمە دوای نەمانی داعش ئەوە بێت بۆ هەتاهەتایە ئەم سەنگەرانەی ئێمە پتەوتر بكەین و بیانپارێزین، ئەو هەلە مێژووییەی ئێستا بۆ كوردستان هاتۆتەپێشەوە، تەواوكاری هەموو شۆڕشەكانی دیكەی كوردستان دەبێت، ئەم دووساڵ و چەند مانگەی شەڕی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دژی داعش، دەتوانم بڵێم هێندەی 30 ساڵ و زیاتریش كێشەی كوردستانی بەرەوپێشەوە بردووە، دەبێت چاومان بكەینەوە و ببینین، سەرۆكی فەرەنسا كە دەوڵەتەكەی یەكێكە لە پێنج دەوڵەتەكەی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش و خاوەنی بڕیاری ڤیتۆن، لە فڕۆكەخانەی هەولێر دادەبەزێت و سەردانی كوردستان دەكات بۆ ئەوەی هاوكاری پێشمەرگە بكات و خاكی كوردستان ئازاد بكاتەوە، هەروەها وڵاتانی دیكەش بە هەمان شێوە هاوكاریمان دەكەن، پێشتر ئێمە كە لە چیا پێشمەرگە بووین و شەڕمان دەكرد، كاتێك هێزەكەمان نابەرابەر بووایە، ئەو چیایەمان چۆڵ دەكردو دەچووینە چیایەكی دیكە، بەڵام ئێستا لەسەر بستێكی خاكی كوردستان لەناو یەك رەبیەی پێشمەرگەدا بۆ بەرگریكردن لە كوردستان 11 پێشمەرگە شەهید دەبێت، ئەم وەرچەرخانانە هەموویان دەستكەوتی گەورەن، پێشتر هەندێك خەڵك خەریك بوون ناوی پێشمەرگە ناشیرین بكەن، بەڵام ئێستا هێزی پێشمەرگە بۆتە سیمبولێك و هەموو خەڵكی كوردستان شانازی پێوە دەكات، پێشتر خەڵك پێی ئاسایی نەبوو بەرگی خاكی لەبەر بكات، بەڵام ئێستا لە بازاڕەكانی كوردستاندا كاسبكاران لەسەر دووكانەی دەنووسێت پێشمەرگە، دەستگێڕەكان لەسەر عەرەبانەكانیان دەنووسن پێشمەرگە، بۆیە ئەمانە سەركەوتنی گەورەن، بەڵام ئێمە نابێت بەم سەركەوتنانە مەغروور بین و دەبێت هەنگاوی كاریگەرترو بەرەو پێشەوە هەڵبگرین، سەبارەت بە دەوڵەتانی دەروبەری كوردستانیش، دەبێت راشكاوانە مامەڵە لەگەڵ واقیعی كوردستان بكەن و چیتر بە بیانووی مەترسی و دڵەڕاوكی سەیری كوردستان نەكەن. لەبەر ئەوەی لەماوەی 25 ساڵی رابردووی حوكمڕانیی هەرێمی كوردستاندا، ئێمە نەك بۆ هیچ كام لەو دەوڵەتانە (توركیاو سووریا و عێراق و ئێران) نەبووینە مەترسی، بەڵكو كوردستان بۆتە هۆكاری بووژانەوەی سەرمایەگوزاری وڵاتەكانی ئەوانیش، بۆیە چۆن لە رابردوو نەبووینە مەترسی بۆ سەر هیچ لایەك، لە ئێستا و داهاتووشدا نابینە مەترسی بۆسەر هیچ لایەك.
Top