رۆبی بارێت :عێراق و سوریا كۆتاییان هاتووەو دەبێت دان بەمەدا بنرێت
October 22, 2016
دیمانەی تایبەت
ڕۆبی بارێت خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا كە لە زانكۆی تەكساس بەدەستی هێناوە، شارەزای پرسەكانی پەیوەست بە ئاسایش و تیرۆر، كاروبارە سیاسی و سەربازییەكان، سیاسەتی دەرەوەی ناوچەكەو بزوتنەوە سیاسییەكانە. بۆ لێكدانەوەی دۆخی ئاڵۆزی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شرۆڤەكردنی پرسی كۆتاییهاتنی هەردووو دەوڵەتی عێراق و سووریا، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاڕاستە كردو ئەویش بەم شێوەیە گوزارشتی لە تێڕوانینەكانی كرد.ڕۆبی بارێت خاوەنی بڕوانامەی دكتۆرایە لە بواری مێژووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا كە لە زانكۆی تەكساس بەدەستی هێناوە، شارەزای پرسەكانی پەیوەست بە ئاسایش و تیرۆر، كاروبارە سیاسی و سەربازییەكان، سیاسەتی دەرەوەی ناوچەكەو بزوتنەوە سیاسییەكانە. بۆ لێكدانەوەی دۆخی ئاڵۆزی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شرۆڤەكردنی پرسی كۆتاییهاتنی هەردووو دەوڵەتی عێراق و سووریا، گوڵان لە میانەی دیمانەیەكدا چەند پرسیارێكی ئاڕاستە كردو ئەویش بەم شێوەیە گوزارشتی لە تێڕوانینەكانی كرد.
* چۆن بارودۆخی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵدەسەنگێنیت؟
- بارودۆخەكە پڕ لە پشێوییە، هەموو كەس دەزانێت كە كێشەی گەورە هەیە. ئەگەر باسی دەوڵەتێكی وەك عێراقیش بكەین، ئەوا چیتر عێراق بوونی نەماوە، چونكە بەشە شیعەكەی هاوپەیمانێتی هەیە لەگەڵ ئێراندا، كوردستانیش وەك دەوڵەتێكی سەربەخۆی لێهاتووە، ئەوەی پێوەندی بە ناوچە سوننەنشینەكەوە هەبێت، ئەوا كەس ناتوانێت كۆنتڕۆڵی بكات و ئەمەش بووە هۆی دروستبوونی داعش. كەواتە لە سووریا و عێراقدا پشێوی هەیەو هەردوو وڵاتەكە داڕووخاون. لەبەر ئەوە گرنگ نییە چی لە حەلەب، یان موسڵ ڕوودەدات، چونكە ئەمە هیچ لەو ڕاستییە ناگۆڕێت كە بونیادی ئەم دوو دەوڵەتە لە بنەڕەتدا داڕووخاوە.
* واتە پێتوایە گرتنەوەی موسڵ هیچ لە مەسەلەكە ناگۆڕێت لە عێراقدا؟
- بە باوەڕی من ئەگەر حكومەتی عێراق بتوانێت موسڵ بگرێتەوە، ئەوا هیچ جیاوازییەك لە دۆخەكەدا دروست نابێت، ڕاستە هەموو كەس بانگەشەی ئەوە دەكات كە ئەمە سەركەوتنێكی گەورەیە، بەڵام ئەمە هیچ لە دۆخەكە ناگۆڕێت، چونكە ئەو كاتەش سوننە بە ڕقەوە لە حكومەتی بەغدا دەڕوانن، ئەو كاتەش دەبێت چاوەڕێ بكەین كە بزووتنەوەیەكی موقاوەمەی دیكە دروست بێت. كەواتە گرتنەوەی موسڵ هیچ كێشەیەك چارەسەر ناكات، واتە ڕاستە دەبێتەهۆی لاوازكردنی داعش، بەڵام هیچ شتێك لە جێیدا بنیاد نانرێتەوە.
* كەواتە ئێوە دەڵێن دەوڵەتانی ئەم ناوچەیە بە تەواوەتی لەبەریەك هەڵوەشاون؟
- من دەڵێم ئەو دەوڵەتانەی لەلایەن فەڕەنسا و بەریتانیاوە و لە دوای جەنگی یەكەمی جیهانییەوە دروست كران، چیتر وجوودیان نەماوەو تەنیا پێكهاتەكانیان ماوە، وەك كوردستان، هەروەها ئەگەر لە ناوچەی شیعەنشینیش بڕوانین، ئەوا لە ڕووی مێژووییەوە لە ژێر هەژمونی ئێران، یان باڵادەستیی ئێراندا بووە. هەروەها ناوچە سوننەنشینەكانی عێراق و سووریاش لە ئێستادا كەم تا زۆر یەكگرتوون. كە هیچ یەكێكیان نایانەوێت لەلایەن بەغدا، یان دیمەشقەوە حوكمڕانی بكرێن. لە سووریادا تەواوی دامەزراوەكانی دەوڵەت –جگە لە بەشی رۆژئاوای وڵاتەكە كە لە ژێر كۆنتڕۆڵی عەلەوییەكاندایە- داڕووخاون. تاكە شتێك كە ئەسەدی هێشتۆتەوە بریتییە لە پشتیوانی ئێران و پاڵپشتیی ڕووسیا، واتە بە بێ ئەو پشتیوانییە ئەسەد لەناودەچێت. كەواتە لەتەواوی ناوچەكەدا لە بەیروتـەوە بۆ بەسرا بونیادی دەوڵەتە كۆنەكە وجوودی نەماوە، تاكە دەوڵەتێكی هەڵسوڕاو لەوێدا ڕەنگە كوردستان بێت.
* ئایا پێتوایە لە ئایندەیەكی نزیكدا كوردستانی سەربەخۆ بێتەئاراوە؟
- من پێشبینی ئەوە ناكەم جارێكی دیكە كوردستان بگەڕێتەوە ژێر دەسەڵاتی بەغداو ڕازی بێت سیاسەتێكی دیاریكراوی بەسەردا بسەپێنێت، هەروەها پێموایە سوننەكانیش ڕازی نابن بەوەی لەلایەن شیعەكانی بەغداوە حوكمڕانی بكرێن، یا لەلایەن عەلەوییەكانی دیمەشقەوە –ئەوەی پێوەندی بە سوننەی سووریاوە هەبێت-. بەكورتی عێراق و سووریا كۆتاییان هاتووەو كاتی ئەوە هاتووە بیر لە تەرتیباتێكی نوێ بكرێتەوە. واتە وا دێتەبەرچاو كە پارێزگاكانی شیعە لەعێراقدا هەبێت و دەوڵەتێك لە بەشی رۆژئاوای سووریا هەبێت – بە بێ ئەسەد- و لەو نێوەندەدا سوننەستان دروست بێت، هاوشان بە بوونی كوردستان. ئەمە تەرتیباتێكی نوێیە. هەروەها دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین كە ناتوانین بگەڕێینەوە بۆ دواوە، واتە دەبێت لەسەر ئاستی مەحەلی پرسی دەستەبەركردنی ئاسایش بەهێز بكەین، ئەویش لە پێوەندی بە كوردستان و سوننەستان و ناوچەی شیعە لە عێراق و ناوچەی رۆژئاوا لە سووریا، كە پێموایە تاوەكو ئەسەد و ڕووسیاش لەوێدا بن، ئەمە ڕوونادات. ئەوان دەتوانن چۆنیان بوێت بەو شێوەیە بۆردومانی حەلەب بكەن و بانگەشەی ئەوە بكەن بەدەستی دەهێننەوە، بەڵام ئەمە نابێتەهۆی ئەوەی میلی كاتژمێر بگەڕێننەوە بۆ دواوە.
* بەڵام بۆچی سەرەڕای ئەوەش هێشتا ئیدارەی ئەمەریكا سیاسەتی عێراقی یەكپارچە پیادە دەكات؟
- لەبەر ئەوەی ئۆباما و كەسانی دەوروبەری تەنیا كەسانێكن باوەڕیان بەوە ماوە كە ڕێككەوتنی سایكس پیكۆ لەئارادا ماوە، واتە هێشتا ئیدارەی ئۆباما دەستی بەو دەوڵەتانەی ناوچەكانەوە گرتووە كە لەلایەن بەریتانییەكانەوە دروست كران و نەیتوانیوە خۆی لەگەڵ واقیعە نوێیەكەدا بگونجێنێت.
* ئایا پێتوایە لە ئەنجامی پەرەسەندنی بارگرژییەكانی نێوان ڕووسیا و ئەمەریكا بەهۆی شەڕی سووریاوە ڕووبەڕووبونەوە لەنێوان ئەو دوو هێزەدا دروست بێت؟
- لە ڕاستیدا من هۆكاری ئەم دۆخە دەگەڕێنمەوە بۆ ئەوەی كە ئیدارەی ئۆباما لە سەرەتاوە هیچ كارێكی ئەنجام نەدا، ئەمەش لە هەندێ ڕووەوە قابیلی تێگەیشتنە، لەبەر ئەوەی دەیانوت هیچ چارەسەرێك نییە بۆ كێشەكەو ئەمەش ڕاست بوو، بەڵام سەرەڕای نەبوونی چارەسەریش ناكرێت تۆ پشت لە بارودۆخە بكەیت، تەنیا لەبەر ئەوەش پشێوی باڵی كێشاوە بەسەر بارودۆخەكەدا. كەواتە ئەگەر ئێمە لە ساڵی 2014دا ئەو كارەمان بكردایە كە ئێستا لە عێراق و سووریادا دەیكەین، ئەوا دووچاری ئەو پشێوییەی ئێستا نەدەبووینەوە.
* بەڵام تا چەند ئەم بارگرژییانە دەبنەهۆی ئاڵۆزكردنی شەڕی دژ بە داعش؟
- لە ڕاستیدا بەلای منەوە گرنگ نییە تۆ پێی دەڵێیت داعش، یان ئەلقاعیدە، یان هەر نازناوێكی دیكە، چونكە جۆرێك لە ڕەوتی ڕادیكاڵی سیاسی لە ناوچەی –ئەوەی من پێی دەڵێم- سوننەستان دروست دەبێت، لە رۆژئاوای عێراق و رۆژهەڵاتی سووریا، چونكە سوننە جارێكی دیكە ئامادە نابن لە سایەی باڵادەستیی عەلەوی و شیعەكاندا بژین، كەواتە بێ دەستەبەركردنی خۆبەڕێوەبەری بۆ سوننەكان ئاشتی بەرقەرار نابێت.
* خۆێندنەوەت چییە بۆ هەڵوێستی ئیسرائیل لە ئاست كێشەكانی ناوچەكەدا؟
- ئیسرائیل بایەخ بە بەرژەوەندییەكانی خۆی دەدات و ئەجێندای خۆی جێبەجێ دەكات، خۆی خەریك ناكات بەوەی ئەمەریكا چی دەكات یان هەر كەسێكی دیكە چی دەكات. ڕاستە ئەگەر من لە جێی ئیسرائیلییەكان بم و ئەو هەموو ئاژاوەیە لە دەروبەرمدا بگوزەرێت، ئەوا بێئەندازە نیگەران دەبم. كەواتە ئیسرائیل خۆی لە دۆخەكە دەڕوانێت و خۆی بڕیار دەدات كە چی بكات. لە ئیسرائیلیشدا گروپی سیاسیی جیاواز هەیە، بەڵام لەبەر ئەوەی هەڕەشەی دەرەكییان لەسەرە، ئەوا یەكگرتوون.
* چۆن لە ڕۆڵی ئێران لە ناوچەكەدا دەڕوانیت؟
- ئێران گەمە لەگەڵ هەموو لایەكدا دەكات، ئێرانییەكانی باوەڕیان وایە كە ئەوان سەفەوییەتی نوێن، كەواتە –شا- خامنەیی هەمان گەمەی محەمەدڕەزا شا دەكاتەوە.
* لەسەر ڕكابەری نێوان سعودیە و ئێران ڕات چییە؟
- ئەوان هەمیشە وابوون و بە چاوی خۆشویستەوە لەیەكتریان نەڕوانیوە. لەلایەكی دیكەوە من پێموایە بەرژەوەندییەكانی رۆژئاوا پتر لەگەڵ عەرەبدایە، نەك لەگەڵ ئێرانییەكان.
* ئایا دەكرێت پێشبینی باشتربوونی بارودۆخەكە بكەین، ئەگەرچی ئەمە لە ئایندەیەكی نزیكدا وەك ئەگەرێكی دوور دەردەكەوێت؟
- هەموو كەسێك وا لێكدانەوەی بۆ دەكات كە چارەسەرەكە نزیك بێت، بەڵام ئەمە حاڵەتەكە نییە، لەبەر ئەوە ئەم ناوچەیە بۆ ماوەیەكی زۆر لە ئاژاوەدا دەبێت، هەروەها ئەم ئاژاوەیە بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی ئەو هەقیقەتە لەبەرچاو دەگیرێت كە سووریا و عێراق لە ئارادا نەماون و میزۆپۆتامیای شیعە و سوننەستان و كوردستان لە عێراقدا دروست بووە، هەمان شت بۆ سووریاش ڕاستە.
