لۆرێنس ڕوبین : كورد فاكتەری سەقامگیری بووە لە ناوچەكەدا

لۆرێنس ڕوبین : كورد فاكتەری سەقامگیری بووە  لە ناوچەكەدا
لۆرێنس ڕوبین پڕۆفیسۆر لە سكوڵی سام نون لە پەیمانگای تەكنیكی جۆرجیا، لە توێژینەوەكانیدا بایەخ بە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئاسایشی نێودەوڵەتی دەدات و تەركیزی تایبەتی دەكاتەسەر پرسەكانی پەیوەست بە ئیسلام و سیاسەت، سیاسەتە دەرەكییەكانی عەرەب و پرسی بڵاوبوونەوەی چەكی ناوكی، پێشتریش لە سەنتەری كراون بۆ دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست –سەر بە زانكۆی براندیس- وانەبێژ بووە، هەروەها توێژەر بووە لە سەنتەری بەلفێر بۆ زانست و كاروبارە نێودەوڵەتییەكان- سەر بە زانكۆی هارڤارد-. بۆ تاوتوێكردنی بارودۆخ و پەرەسەندنە خێراكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ڕوانین لە ئایندەی ئەم ناوچەیەو ئەگەری بەدەستهێنانی سەربەخۆیی لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە، گوڵان دیمانەیەكی لەگەڵدا ئەنجامدا، ئەویش بەم شێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی داینەوە.
لۆرێنس ڕوبین پسپۆڕی كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان:
كورد فاكتەری سەقامگیری بووە
لە ناوچەكەدا



* چۆن لە پەرەسەندنەكانی ئەم دواییە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڕوانیت، بەتایبەتی هەڵكشانی بارودۆخەكە لە وڵاتی سووریادا كە ئەگەری ئەوەی لێدەكرێت بارگرژیی نێوان ڕووسیا و ئەمەریكا ببێتە هۆی ئەوەی تەركیز لەسەر كێشە سەرەكییە نەكرێت كە بریتییە لە شەڕی دژ بە تیرۆر؟
- بەڵێ، من پێموایە ئەم بارگرژییانە دەبێتەهۆی ئاڵۆزكردنی هەوڵەكانی هاوكاری كە ڕووسیا و ئەمەریكا كار بۆ ئەوە دەكەن لە نێوان خۆیاندا بەدی بهێنن.
* ئایا ئەگەری ڕوودانی ڕووبەڕووبوونەوە دەكرێت لەنێوان ئەمەریكاو ڕووسیادا؟
- ئەم ئەگەرە لەئارادایە، بەڵام پێموایە سەرەڕای لێدوانەكانیان ئەوا هەردوولا هەوڵدەدەن خۆیان بە دووربگرن لە هاتنەئارای سیناریۆیەكی لەم چەشنە، چونكە ئەم سیناریۆیە هەڵگری مەترسییە بۆ هەردوولایان، لەبەر ئەوە دەبێت لە نزیكەوە چاودێری بارودۆخەكە بكرێت و ئیدارە بدرێت.
* ئایا پێتوایە هێشتا توانای ئەوە ماوە ئیدارەی ئەم قەیرانە بكرێت، یاخود پێتوایە بارودۆخەكە لە كۆنتڕۆڵ دەرچووە؟
- نا، من پێموایە دەكرێت ئیدارە بدرێت، لەبەر ئەوەی هەردوولا خوازیاری ڕوودانی ڕووبەڕووبوونەوەیەكی گەورە نین، وەك ئاماژەم پێكرد، سەرەڕای لێدوانەكانیان ئەوا هێشتا ئەگەری ئەوە هەیە بتوانن بگەنە دەرئەنجامێك، بەڵام بە هیچ شێوەیەكی ناتوانین لە مەترسیداریی بارودۆخەكە كەم بكەینەوە، چونكە ئەمە دۆخێكی پڕ لە بارگرژییە.
* بەڵام ئەوەی بەدی دەكرێت، نەك بارودۆخی سووریا چارەسەر نەكراوە، بگرە نەتوانراوە ئاكام و دەرهاویشتەكانیشی ئیحتیوا بكرێن، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟
- بە دڵنیاییەوە قەیرانی سووریا ئیحتیوا نەكراوەو لەو باوەڕەشدا نیم بۆ چەندین ساڵی دیكە بتوانرێت ئیحتیوا بكرێت، نازانم بۆ چەند ساڵی دیكە، بەڵام بێگومان ئەمە لە ئایندەی نزیكدا ڕوونادات.
* هەر لە پێوەندی بە شەڕی دژ بە داعشەوە دەبینین زۆربەی هەوڵەكان لە عێراقدا چڕبوونەتەوە بۆ تێكشكاندنی ئەم ڕێكخراوە تیرۆریستییە، بەتایبەتی كە ئێستا بە ڕەوتێكی خێرا ئامادەكاری دەكرێت بۆ گرتنەوەی شاری موسڵ، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پێویست ناكات هەوڵێكی هاوشێوە لە سووریاشدا هەبێت بۆ ئەوەی داعش دووچاری تێكشكانی یەكجارەكی بێت؟
- بەدڵنیاییەوە دەبێت ئەوە ڕووبدات، بەڵام باوەڕم وایە ئەمە هەنگاوێكە بەو ئاڕاستەیەدا كە ئەركەكە ئاسان دەكات بۆ ئەوەی دواتر داعش تێكبشكێندرێت، یاخود پەرت و بڵاو بكرێتەوە، من دەڵێم پەرت و بڵاوكردنەوە، نەك تێكشكاندن، چونكە ئێمە نازانین دواتر چی ڕوودەدات.
* ئایا هاوڕایت لەگەڵ قسەی ئەو ڕەخنەگرانەی دەڵێن ستراتیژیەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش پتر لەلایەنە سەربازییەكەدا چڕبۆتەوەو كەمتر بایەخ بە سەقامگیركردنەوەی بارودۆخەكە دراوە لە دوای داعشەوە؟
- ئەمە پرسێكە كە لە ئەمەریكا بەرچاو دەكەوێت، بەڵام هەمیشە كارێكی قورس بووە كە داڕێژەرانی سیاسەت بتوانن ستراتیژیەتی مامناوەندو دوورمەودا جێبەجێ بكەن، كە ئاشكرایە ستراتیژیەتی سەربازی زاڵ بووە بەسەر ئەم هەوڵانەدا.
* ئاشكرایە كە هەندێ لە دەوڵەتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەوڵەتی شكستخواردووی لەبەریەك هەڵوەشاون، واتە دەوڵەتگەلێكی ناكاران و بەدەست دابەشبوونی قووڵەوە دەناڵێنن، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا چارەسەری ئەم دۆخە خۆی لە دووبارە داڕشتنەوەی سنوورەكاندا دەبینێتەوە؟
- كێشەكە لەوەدایە كێ هەڵدەستێت بە دووبارە داڕشتنەوەی سنوورەكان، لەبەر ئەوە من ئەمە بە چارەسەر نازانم، چونكە زەحمەتە وێنای ئەوە بكەیت كە كۆمەڵێك دەوڵەت بێن و ڕێككەوتن لەسەر ئەم مەسەلەیە بكەن. خۆ ڕەنگە بەهۆی شەڕەوە گۆڕانكاری لە سنوورەكاندا ڕووبدات، بەڵام ئەو كاتە تەحەددی ئەوە دروست دەبێت، ئایا ئیعتیراف بە دەوڵەتە نوێیەكە دەكرێت كاتێك سەربەخۆیی ڕادەگەیەنێت، كەواتە ئەمە تەحەددییەكەیەو ئەمە وەك پرسیارێكی كراوە دەمێنێتەوە.
* بە تێڕوانینی ئێوە دەبێت چی بكرێت بۆ ئەوەی بارودۆخەكە لەم ناوچەیەدا ئاسایی بكرێتەوە و بگەڕێتەوە سەر سكەی سروشتی خۆی؟
- ڕەنگە چارەسەرەكە لە درێژەدان بە گفتوگۆكانی نێوان لایەنە پێوەندیدارەكان بێت بۆ دەستنیشانكردنی ئەوەی ئایا بەرژەوەندییە هاوبەشەكان چین و ئایا مەترسییەكان چین. بەڵام پێموانییە كارێكی زۆر بكرێت تاوەكو دوای هەڵبژاردنە سەرۆكایەتییەكەی ئەمەریكا و دوای ئەوەی ڕوون دەبێتەوە كە كێ براوەیەو دەردەكەوێت ڕۆئیای ئەمەریكا چییە، چونكە ئەمەریكا گەمەكارێكی سەرەكییە لەم ناوچەیەدا.
* ئەگەر لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان بڕوانین، ئەوا ئەو ڕاستییە بەدی دەكەین كە لە نێو كەشی پڕ لە نالێبووردەیی و یەكترقبوڵنەكردندا كە بەسەر ئەم ناوچەیەدا زاڵە، ئەوا ئەم هەرێمە توانیویەتی بە ئاست و ئەندازەیەكی بەرچاو دۆخی پێكەوەژیان و لێبووردەیی ئایینی و ئیتنی دەستەبەر بكات، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا تا چەند گرنگە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاری و پشتیوانی پێویست بۆ ئەم هەرێمە دەستەبەر بكات بۆ ئەوەی بتوانێت ببێتە فاكتەری سەقامگیری لەم ناوچەیەدا؟
- پێموایە گرنگە كورد پشتیوانی نێودەوڵەتییان هەبێت، چونكە پێویستیانە، بەڵام دەبێت ئەو پشتیوانییەش هەستیارییەكانی گەمەكارە مەحەلییەكانیش لەبەرچاو بگرێت كە بۆی هەیە ببنەهۆكاری ئاڵۆزكردنی مەسەلەكان، بەڵام كورد فاكتەری سەقامگیری بووە لە ناوچەكەدا.
* ئایا پێتوایە لە حاڵەتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا، كوردستان دەتوانێت پشتیوانی و دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەدەست بێنێت؟
- ئەوە ئەگەرێكە كە رۆژێك لە رۆژان بەدەستی بهێنن، بەڵام ئەمە كاتی دەوێت، هەروەها هەنگاوهەڵگرتن بۆ قۆناخی دوای خۆبەڕێوەبەری تا ڕاددەیەكی زۆر بەندە بەوەی لە عێراق و سووریادا ڕوودەدات، بەتایبەتی ئەوەی لە عێراقدا ڕوودەدات.
* ئایا واقیعییە پێشبینی باشتربوون و سەقامگیربونی بارودۆخەكە بكەین، ئەگەرچی وا دەردەكەوێت كە ئەمە ئەگەرێكی دوور بێت لە ئایندەیەكی نزیكدا؟
- بەداخەوە من پێشبینی ناكەم بە ڕاددەیەكی گەورە باشتر بێت، بەڵام ڕەنگە بتوانین ئومێدی دروستبوونی گۆڕانكاری بخوازین لە دوای هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا، كە ئەو كاتە دەرفەت دروست بێت بۆ ئەوەی بیركردنەوەیەكی جیاواز بێتەئاراوە، یاخود هەندێ لە كاراكتەرەكان بە شێوەیەكی جیاواز لە دۆخەكە بڕوانن.
* واتە ئێوە بە جۆرێك لە جۆرەكان گەشبینن بەرامبەر بە ئایندەی ئەم ناوچەیە؟
- بەڵێ، بەڵام ڕەنگە ئەمە لە مەودای دووردا بێت، چونكە بەداخەوە ڕەنگە كەسانێكی زۆر گیانیان لەدەست بدەن، پێش ئەوەی دۆخەكە سەقامگیر بێت.
Top