فەریق جەمال محەمەد :بەبێ رێككەوتنی سیاسی گرفتی گەورە رووبەڕووی هەموو پێشكەوتنێكی سەربازی دەبێتەوە
October 17, 2016
دیمانەی تایبەت
دوای سەردانەكەی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغداو نزیكبوونەوەی نێوان هەولێرو بەغدا، ئێستا لەهەموو كات زیاتر ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵ نزیك بووەتەوە؛ چونكە بەبێ هاوكاری هێزی پێشمەرگە مومكین نییە سوپای عێراق بتوانێت لەم شەڕەدا پێشڕەوی بكات و موسڵ ئازاد بكرێتەوە. ئامادەكارییەكانی پێشمەرگەو چۆنیەتی هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگەو هاوپەیمانەكان و عێراق بۆ دەستپێكردنی ئەو ئۆپەراسیۆنەو چۆنیەتی خۆپاراستن لەئەگەری كەوتنەوەی شەڕێكی تائیفی و مەسەلەی هاتنی هێزی سوپای توركیا بۆ بەعشیقە، تەوەرەی سەرەكیی پرسیارەكانی گۆڤاری گوڵان-ـن لە دیمانەیەكدا لەگەڵ فەریق جەمال محەمەد سەرۆك ئەركانی هێزی پێشمەرگە،ئەمەش پوختەی دیمانەكەیە.فەریق جەمال محەمەد سوپاسالاری هێزی پێشمەرگە بۆ گوڵان:
بەبێ رێككەوتنی سیاسی گرفتی گەورە رووبەڕووی هەموو پێشكەوتنێكی سەربازی دەبێتەوە
ئەگەر سوپای عێراق لە سەنگەرەكانی پێشمەرگەوە روو لەموسڵ نەكات، زەحمەتە ئەو شارە لە تیرۆریستانی داعش رزگار بكرێت
* ئێستا هەولێر بووەتە ناوەندی بڕیار دروستكردن؛ بەتایبەتی بۆ هەر پرۆسەیەكی سیاسی و سەربازی كە لەناوچەكەدا بێتەئاراوە، هەروەها ئەوەی بەدی دەكرێت ئێستا هەماهەنگییەكی سێ قۆڵی لەنێوان پێشمەرگەو هاوپەیمانان و عێراق هەیەو كۆبوونەوەی هاوبەش دەكەن، ئایا ئەم هەماهەنگییە چۆن دروست بووە؟
- هاوپەیمانی سێ قۆڵی لە نێوان هاوپەیمانان و ئەمەریكاو عێراق و هەرێمی كوردستان هەنگاوێكی زۆرباشی ناوەو رۆڵی لەبەهێزبوونی هێزەكانی دژی داعش هەیە، سەردانەكەی رێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و دواتر سەردانەكەی جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا بوونە جێی بایەخی وڵاتانی هاوپەیمانان بەتایبەتی ئەمەریكاو تەنانەت وڵاتانی ناوچەكەش، ئەمەش سەرەتایەكی باشە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و سەلماندنی ئەوەی كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ چارەسەرە لەعێراقدا نەك كێشە. بوونی ئەو هاوپەیمانییە سێ قۆڵییەش گرنگییەكی لە رادەبەدەری هەیە بۆ لەناوبردنی داعش كە دوژمنی هاوبەشی هەمووانە بەتایبەتی دوژمنی هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەیەتی، ئێستاكە هەمووان كۆكین لەسەر تێكشكاندنی داعش.
* باسی ئەو سەردانەی جەنابی مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانتان كرد بۆ بەغدا، لەو كۆبوونەوەیەدا باس لەسەر پرسی سەقامگیری و رۆڵی پێشمەرگەی كوردستان و هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق كراوەو ئایا تاچەند ئەم سەردانە بووە هەوێنی ئەو هاوكارییەی كە ئێستا لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق دەیبینین؟
- خۆی لەخۆیدا سەردانەكە گرنگییەكی لە رادەبەدەری هەبوو بۆ نزیكبوونەوەی نێوان هەولێرو بەغدا، كاتێكیش جەنابی سەرۆك بارزانی رەزامەندی دەربڕی بەوەی لەشكری سوپای عێراق سوود لەو میحوەرانە وەربگرێت كە ئێستا لەژێر دەستی پێشمەرگەدایەو لە سەنتەری شاری موسڵەوە نزیكن و بە پێگەی ستراتیژی و گرنگی شەڕ دادەنرێن، ئەمە خۆی لەخۆیدا هەوێنی ئەو سەردان و لێكنزیكبوونەوەیە دەردەخات، ئەمەش هەنگاوێكی گرنگە بۆ تێكشكاندنی تیرۆرستانی داعش، چونكە ئەگەر سوپای عێراق لەناو سەنگەرەكانی پێشمەرگەو میحوەرەكانی رۆژهەڵات و باكوورو رۆژئاوا روو لەموسڵ نەكات، زەحمەتە شاری موسڵ لەدەستی تیرۆریستانی داعش رزگار بكرێت. ئێستاكە شەش رێگای سەرەكی و ستراتیژی بۆ سەنتەری شاری موسڵ لەژێر كۆنتڕۆڵی هێزی پێشمەرگەی كوردستاندایە بەبێ هێرشكردن بەو رێگایانەدا مومكین نییە بتوانرێت شەڕی موسڵ وابەئاسانی یەكلاببێتەوە.
* ماوەیەك پێش ئێستا لێكتێگەیشتنێكی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەو پێنتاگۆن ئیمزا كرا، هەروەها بڕیاردرا كە بڕێك پارە بۆ پێشمەرگە تەرخان بكرێت، دیارە بۆ جێبەجێكردنی ئەم یاداشتنامەیە لێژنە دروستكراوە، ئایا كاروباری ئەم لێژنانە بۆ جێبەجێكردنی ئەو لێكتێگەیشتنە گەیشتووەتە كوێ و كەی ئەو پارەیەی ئەمەریكا دەگاتە دەستی پێشمەرگە؟
- دوای ئەوەی ئەمەریكاو هاوپەیمانەكان گەیشتنە ئەو قەناعەتەی كە هێزی پێشمەرگە بۆتە هێزێكی نیزامی و نێودەوڵەتی و بەبێ ئەمان زەحمەتە تیرۆریستانی داعش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێكبشكێنن، هاوكات بە رەچاوكردنی دۆخی سەختی هەرێمی كوردستان، ئەوە بوو بڕی 415 ملیۆن دۆلاریان بۆ 11 مانگ وەكو هاوكاری بۆ هێزی پێشمەرگە تەرخانكرد، ئەم بڕە هاوكارییەش بۆ یەكەكانی وەزارەتی پێشمەرگەو بنكەكانی مەشق و راهێنانە بەتەنسیق لەگەڵ وەزارەتی دارایی و پێشمەرگە، ئێستاكە لای ئەمەریكییەكان دەستكراوە بەجێبەجێكردنی ئەو بەرنامەیەو ئەوەتا لە مانگی 7 جێبەجێكراوەو بۆ مانگی 8 لەجێبەجێكردندایە.
* مسرور بارزانی لەدیمانەیەكدا لەچەند رۆژی رابردوو جەختی لەسەر گرنگیی رێككەوتنی سیاسی كردەوە و هەروەها ئەوەی دووپات كردەوە كە رێككەوتنی سیاسی لە رێككەوتنی سەربازی گرنگترە، ئایا مەبەست لە رێككەوتنی سیاسی چییە؟
- گەرچی ئەم پرسیارەتان زیاتر تێڕوانینی سیاسییانەی هەیە نەك سەربازی، بەڵام بەتەئكید ئەگەر سیاسییەكان لەسەر هەر مەسەلەیەك رێككەوتنیان لەنێوانیاندا نەبێت، بەتایبەتی لەسەر پرسی موسڵ ئەوا گرفتی گەورە رووبەڕووی هەموو پێشكەوتنێكی سەربازی دەبێتەوە. هەربۆیە بەڕێزیان لەو روانگەیەوە سەرنج و تێبینی تەواویان هەیە، چونكە ئەگەر چارەسەری كێشەی سیاسی پارێزگاكە نەكرێت، زەحمەتە سەركەوتنی سەربازی رەنگدانەوەی باشی لەسەر چارەسەری هەموو كێشەكان هەبێت. موسڵ پێكهاتەیەكی ئاڵۆز و هەستیاری هەیە لەبەر ئەوە دەبێت لەنێوان هەموو ئەو پێكهاتانە رێككەوتنێكی سیاسی هەبێت بۆ بەڕێوەبردنی ناوچەكە، باوەڕیش ناكەم ئەگەر رێككەوتنی سیاسی نەبێت، رێككەوتنی ئەمنی یا پاراستنی ئارامی و سەقامگیری لە موسڵ سەربگرێت.
* ئێستا ناوچەیەكی زۆری دەشتی نەینەوا لەسەر دەستی پێشمەرگە ئازاد كراونەتەوە، بەبەردەوامیش پێكهاتەكانی ئەم ناوچانە بەتایبەتی مەسیحی و كوردی ئێزیدی و شەبەك و توركمان داوادەكەن هێزی پێشمەرگە پارێزگارییان لێبكات،چونكە ئەوان نایانەوێت جارێكی دی دووچاری كۆمەڵكوژی ببنەوە، ئایا هێزی پێشمەرگە دوای ئازادكردنی موسڵ لەم ناوچە كوردستانییانە دەمێنێتەوە.
- هەر ناوچەیەك كە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە ئازادكرابێت و قوربانی زۆرمان بۆ دابێت، مومكین نییە پاشەكشەی لێبكرێت، تا ئێستا ئەو ناوچانە بە قارەمانێتی هێزی پێشمەرگە پارێزراون. ئینشائەڵا ئەو ناوچە كوردستانییانەی دیكەش كە بەم نزیكانە ئازاددەكرێن لەلایەن هێزی پێشمەرگەو خەڵكی ناوچەكەش بەكورد و عەرەب و توركمان و مەسیحیەوە پارێزگاری لێدەكرێت، هەربۆیە ئەو ناوچانەی تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت كە ئازادنەكراون خەڵكەكەی زۆر بە پەرۆشییەوە چاوەڕوانی ئازادكردنەوەین لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە.
* لەو ماوەیەدا باس لەوە دەكرێت كە هێزێكی توركیا هاتووەو بۆ شەڕی موسڵ ئامادە دەبێت. ئایا ئەم هێزە چۆن هاتۆتە نزیك موسڵ؟ هەروەها هەندێك دەڵێن بەئاگاداری بەغدایە، كەچی لە بەغداشەوە داوادەكرێت توركیا بكشێتەوە، ئایا ئەم مەسەلەیە چۆنە؟
- ئەمە زیاتر كێشەی نێوان عێراق و توركیایە، چونكە حكومەتی عێراق زیاتر بەرپرسە لەمەسەلەی سەروەری، ئەم مەسەلەیە لە راگەیاندنەكان زیاد لەقەبارەی خۆی گەورە كراوەو باسی لێوەدەكرێت، لەكاتێكدا دەكرێت لە رێگەی دانیشتنی نێوان خۆیانەوە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق و توركیا چارەسەری بكەن، كاتێكیش هێزی توركیا هاتنە سەربازگەی بەعشیقە وەزیری بەرگری عێراق سەردانی كردن، واتا هاتنی سوپای توركیا بەبێ ئاگاداری بەغدا نەبووە، تەنانەت بەبەردەوام لایەنی توركیا باس لەوە دەكات كە ئەوان لەهاتنی هێزەكەیان ئاگاداربوون. هەربۆیە ئەم بابەتە زیاتر پێوەندی بەهەردوو وڵاتی عێراق و توركیاوە هەیە.
* ئایا تا چەند پێشمەرگە لە رووی چەك و تەقەمەنی و راهێنانی سەربازییەوە ئامادەیە بۆ بەشداریكردنی شەڕی موسڵ؟ ئایا بۆ ئەم مەبەستە هیچ بنكەیەكی هاوبەشتان لەگەڵ سوپای عێراقدا هەیە؟
- پێشمەرگە بووەتە خاوەنی ئەزموونێكی زۆر پێشكەوتوو لە تەكتیكی شەڕی تیرۆریستانی داعش، تەنانەت بووەتە جێگای رێزو ستایشی سوپا گەورەكانی جیهان، بەڵام شارەزاییش پێویستی بە تەقەمەنی و چەكی پێشكەوتوو، هەروەها مەشقی بەردەوام هەیە، لەبواری مەشق هەنگاوی باشمان ناوە، بەڵام تا ئێستا هیچ سەركردایەتی و بنكەیەكی هاوبەشمان لەگەڵ سوپای عێراقدا نییەو بڕیاری لەو شێوەیەشمان نەداوە، ئێمە وەكو هێزی پێشمەرگە سەركردایەتی خۆمان دەكەین و سوپای عێراقیش سەركردایەتی خۆیان دەكەن، بەڵام لەبارەگای زێرەڤانی لەهەولێر بنكەیەكی هاوبەش لەنێوان پێشمەرگەو سوپای عێراق و ئەمەریكاو هاوپەیمانەكان هەیەو ساڵێكە بەهاوبەشی كاروباری نێوان هێزەكان رێكدەخات، هاوكاتە لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە مەشق بە دوو لیوای 1و 2ی سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە كراوەو فەوجی سێی لیواكانیش ئەم هەفتەیە تەواو دەبێت و تەنیا بارەگای لیواكان دەمێنێت و لەگەڵ هاوپەیمانەكان بەردەوام دەبین تاوەكو مەشق و راهێنان بەسەرجەم یەكەكانی دیكەش بكرێت. سەبارەت بە تەقەمەنی و چەكی پێشكەوتوو زۆرجار داوامان لە هاوپەیمانەكان كردووە كە راستەوخۆ ئەو هاوكاری و یارمەتییە سەربازییانە بگەیەننە دەستی پێشمەرگە، بەڵام تا ئێستا هیچ هاوكاری و یارمەتییەك بێ ئاگاداری عێراق بۆ ئێمەیان نەهێناوە. بەڵام ئومێدمان زۆرە هەوڵەكانی جەنابی سەرۆك بارزانی لەم رووەوە وەكو هەوڵەكانی لەگەڵ وڵاتی ئەڵمانیا دەرئەنجامێكی هەبێت.
* تا چەند میدیا و كەناڵەكانی راگەیاندن هاوكارتانن و چ رەخنەیەكیان لە رووماڵەكانیان هەیە؟
- ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە بە رێزو سوپاسەوە دەڕوانینە رۆڵی رۆژنامەنووسان و كەناڵەكانی راگەیاندن بەتایبەتی لەبەرەكانی شەڕو سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگە، بەڵام جاری وا هەبووە پێش ئەوەی ئۆپراسیۆنەكە دەست پێبكات، باسی بەرنامەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكە دەكەن، یا شوێنی رووماڵكردنی هەواڵەكە راستەوخۆ لەناو بەرەكانی شەڕەوە دەگوازنەوەو مەترسی بۆ سەر ژیانی پێشمەرگەكانمان دروست دەكات، لەمەشدا هەندێك لەفەرماندەكانمان لەلێدوانەكانیاندا وردەكاری شەڕەكەو پلان و جموجووڵە سەربازییەكانیان باس كردووە. بۆیە لە ئێستادا بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی شاری موسڵ شانەیەكی هاوبەشمان بە رێككەوتن لەگەڵ سوپای عێراق پێكهێناوە كە پێی دەڵێن (راگەیاندنی شەڕ) كە جگە لە رێكخستنی رووماڵكردنی شەڕەكە تەنانەت بەیان و راگەیاندنەكانیش رێكدەخرێت، نەك هەر لایەنەو بەجیا ئاگاداری و روونكردنەوەو بەیان دەربكات.
* سەرۆك بارزانی وەكو فەرماندەی گشتی هێزەكانی پاراستنی هەرێم لەشەڕەكانی ئازادكردنەوەی قەزاو ناحیەكان لەدەستی داعش سەرپەرشتی راستەوخۆی پلان و ئۆپەراسیۆنەكانی دەكرد، ئایا لەئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی موسڵدا تاچەند وەكو پێشمەرگەو فەرماندەكانیان ئەو هەماهەنگی و بەشداریكردنەی جەنابیان بۆ ئێوە گرنگە؟
- بەتەئكید جەنابی سەرۆك بارزانی وەكو فەرماندەی گشتی هێزی چەكداری كوردستان لە رۆژی یەكەمی راگەیاندنی شەڕی داعش بەشداری سەرجەم ئۆپەراسیۆنەكانی كردووەو بەشدارییەكی راستەوخۆی لەشەڕی ئازادكردنەوەی رووبەرێكی فراوانی خاكی كوردستان هەبووە، ئێستاكەش بەهەمان شێوە بەشداریكردنی بەڕێزیان شتێكی دڵخۆشكەرەو سەركەوتن زامن دەكات، چونكە هەروەكو چۆن بەحیكمەت و شارەزایی جەنابی سەرۆك، هێزی پێشمەرگە ناوبانگی دەركردو دەتوانین بڵێین ئێستاكە پێشمەرگەیەكی نەتەوەییمان هەیە.
* پێشمەرگە بەوە ناوبانگی دەركردووە كە لەشەڕەكاندا پابەندی بنەماو بەها مرۆییەكان بووە، بەڵام ئایا لەگەڵ بەشداربوونی گروپە چەكدارەكانی حەشدی شەعبی، مەترسی ئەوەتان لا دروست نەبووە كە تۆڵەسەندنەوەی تائیفی زیان بە ناوبانگی هێزەكانی پێشمەرگەش بگەیەنێت؟
- ئەو تۆڵەسەندنەوە تائیفییەی لە رومادی و سەڵاحەدین و دیالە رووی دا، كارێكی زۆر خراپ بوو، بەداخیشەوە ئەمە لای زۆر لەگروپە چەكدارەكان بووەتە كەلتوورێك و زیانی بەناوبانگی پرۆسە سەربازییەكان گەیاندووە، لەبەرئەوە سەرۆك بارزانی و هاوپەیمانەكانیش زۆر بەوریاییەوە دەڕواننە ئەگەری تۆڵەسەندنەوەی تائیفی لەشەڕی ئازادكردنەوەی موسڵ و بەلایەنی عێراقیشمان وتووە كە ئەمە زیان بەسەرجەم ئۆپەراسیۆنەكە دەگەیەنێت. هەر لەبەر ئەمەشە جەنابی سەرۆك بڕیاری داوە پێشمەرگە نەچێتە ناو سەنتەری شاری موسڵ، نەوەكو خەڵكانێك هەڵە بكەن و شەڕی تائیفی بكەن و بیخەنە ئەستۆی پێشمەرگەو زیان بەناوبانگی بگەیەنن.
* هەموو ئەگەرو پێشبینییەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن ژمارەیەكی یەكجار زۆری خەڵكی سڤیل روو لەهەرێمی كوردستان بەتایبەتی هەردوو پارێزگای هەولێرو دهۆك بكەن، ئایا ئێوە وەكو پێشمەرگە لە ئۆپەراسیۆنەكانتان چۆن خۆتان بۆ ئەم شەپۆلە گەورەیەی ئاوارەی شاری موسڵ ئامادە كردووە؟
- ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگە؛ چونكە هەموو ئەگەرو پێشبینییەكان ئاماژەن بۆ ئەوەی خەڵكی موسڵ كە زۆرینەی عەرەبی سوننەن، لەترسی تۆڵەسەندنەوەو شەڕی تائیفی روو لەهەرێمی كوردستان بكەن، هەرێمێك كە خۆی بارقورساییەكی لە رادەبەدەری ئاوارەی لەسەرە و عێراقیش هاوكاریمان ناكات. لەلایەكی دیكەوە رەنگە لەناو ئاوارەكان داعش هەبن و مەترسی بۆ سەر هێزی پێشمەرگەو خەڵكی كوردستانیش دروست بكەن، هەربۆیە حیسابی ئەوە كراوە ئەو رێڕەوانەی بۆ هاتنی ئاوارەكان دادەنرێت، لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێت، ئەوەش لەپێناو پاراستنی گیانی خودی ئاوارەكانیشە.
* لەماوەی رابردوودا ململانێ و كێشمەكێشی نێوان حزبە سیاسییەكان بەئاقارێكی خراپدا رۆیشت، تەنانەت لەناوخودی حزبە سیاسییەكانیشدا ئەو ململانێیە هەیە، ئایا چۆن توانرا هێزی پێشمەرگە لەو ململانێ و كێشمەكێشە سیاسی و بەرژەوەندییە حزبیانە بەدوور بخرێت؟
- كاتێك جەنابی سەرۆك بارزانی وەكو فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان خۆی بەپێشمەرگە بزانێت و لەهەموو شەڕو ئۆپەراسیۆنەكاندا بەشدار بێت و نزیك بێت لە ئازارو مەینەتییەكانی پێشمەرگە، ئەمە نەك تەنیا كاریگەری لەسەر ورەی پێشمەرگە دەبێت، بەڵكو پێشمەرگە وەكو هێزێكی نەتەوەیی و نێودەوڵەتیش نیشان دەدات. خۆ بارودۆخی بژێوی ژیانی پێشمەرگەش بەو شێوەیە نییە لەچین و توێژەكانی دیكە جیاواز بێت، بەڵام رۆحی گیانفیدایی و دڵسۆزیی سەركردایەتییەكەی كە جەنابی سەرۆك و فەرماندەییەكانی هەیانە، وای كردووە رەچاوی ئەو دۆخە هەستیارەكە بكەن و بە حەماسەت و ورەبەرزییەوە لەبەرەكانی شەڕ درێژە بە خەبات و قوربانیدان بدەن. بەڕێزیان گرنگییەكی لە رادەبەدەری بە پێشمەرگە داوەو دەرئەنجام ئێستاكە بووەتە هێزێكی نێودەوڵەتی و گەورە سوپاكانی جیهان مامەڵەی لەگەڵ دەكەن و وڵاتانی ناوچەكە ناتوانن بەچاوێكی كەمەوە سەیری بكەن، بەپێچەوانەوە ئێستا بەچاوێكی تایبەت دەڕواننە هێزی پێشمەرگەو ئومێدو بڕواشمان زۆرە دەستكەوتی زیاتر لەسەر دەستی سەرۆك بارزانی دوای شەڕی موسڵ بێتە بەرهەم.
* هەر سەبارەت بە شەڕی موسڵ، پێشبینیتان بۆ ئەنجامی شەڕەكە و گرفتەكانی چۆنە؟
- شەڕی موسڵ ئاسان نییە، بەتایبەتی كە داعش بە پایتەختی خەلافەتیان داناوە، بەڵام ئەگەر داعش لەموسڵ شكا، كۆتایی داعش دەبێت لە سەرانسەری خاكی عێراق، مەگەر بەهاوشێوەی گروپی تیرۆرستی قاعیدە شانەیەكی نوستووی لەناوچەیەك لەناوچەكان لێرەولەوێ بمێنێت. لەلایەكی ترەوە ماوەی دوو ساڵە داعش لەو شارەیەو لەم دواییەدا ئامادەكاری زۆری كردووە، نابێت ئەوەشمان لەیاد بچێت ئەم بەرو ئەو بەری شاری موسڵ بە پێنج پرد بەستراوەتەوە، ئەگەر ئەو پردانە زیانیان بەركەوێت و داعش بیتەقێنێتەوە ئەوا موسڵ دەبێتە دوو شار و راست و چەپی شارەكە لێكتر جیا دەبێتەوەو دوو میحوەری سەربازی دروست دەبێت، لە رووی تەكتیكی و توانای بۆمبی چێنراو و خۆكوشتنیشەوە هەموو توانای خۆیان بەكار دەهێنن، بەپێی زانیارییەكانمان لەزۆر شوێن بەدرێژایی چەندین كیلۆمەتر تونێلیان دروست كردووەو لەژێر زەوییەوە ناوچەكانیان بەیەكترەوە بەستۆتەوە، لەلایەكی ترەوە موسڵ دووەم شارە لە رووی چڕی دانیشتووانەوە ئەمەش وادەكات شەڕی ناو شار وەكو شەڕی دەرەوەی شارو دەشت و چیا نەبێت، كەس ناتوانێت ماوەی ئۆپەراسیۆنەكە دیاری بكات، بەڵام بەتەئكید ئۆپەراسیۆنی شەڕی موسڵ شەڕێكی گەورە دەبێت، لەگەڵ ئەمەشدا مادام ئیرادە هەیەو پێشمەرگە سەركردایەتیەكی وەكو بارزانی هەیە، پشت بەخوا سەركەوتن مسۆگەرە.
* ئەگەر هێزەكانی هاوپەیمانان داوایان لەهێزی پێشمەرگە كرد بەشداری شەڕی ناو شاری موسڵ بكەن، تاچ رادەیەك پێشمەرگە ئامادەیە بۆ ئەو شەڕە؟
- ئەو بڕیارە لای جەنابی سەرۆك بارزانی-یە بەشداری هەر هێزێك لە دەرەوەی هەرێم لەئاستی فەوجێكیشدا بێت دەبێت رەزامەندی جەنابیانی لەسەر بێت.
