موسا ئەحمەد : رێكخراوی خێرخوازیی بارزانی بۆ گەیاندنی یارمەتی بە لێقەوماوان هێڵی سووری نییە

موسا ئەحمەد : رێكخراوی خێرخوازیی بارزانی بۆ گەیاندنی یارمەتی بە لێقەوماوان هێڵی سووری نییە
بوونی پترلە یەك ملیۆن و 500 هەزار ئاوارەو پەناهەندە بارگرانییەكی زۆری لەسەر كوردستان دروست كردووە، بەڕادەیەك چی دیكە هەرێمی كوردستان توانای پێشوازیكردنی ئاوارەی دیكەی نەماوە، ئەمە لەكاتێكدا هەموو پێشبینی و ئەگەرەكان لە ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنی موسڵدا باس لەهاتنی نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارەی دیكە دەكەن. موسا ئەحمەد جێگری سەرۆكی دەزگای خێرخوازی بارزانی لە چاوپێكەوتنێكی گۆڤاری گوڵاندا باس لە ڕەوشی ئاوارەو پەناهەندەو خۆئامادەكردنەكان دەكات، لێرەدا دەقی چاوپێكەوتنەكە بڵاودەكەینەوە.
* گەورەترین بارقورسی كە لەسەر شانی هەرێمی كوردستان دروستبووە، بوونی ئەو هەموو ئاوارەیە كە روویانكردۆتە كوردستان، ئێوە وەك دەزگایەكی خێرخوازی كە لەسەرەتاوە كارتان هاوكاریی ئاوارەكان بووە، تەنانەت هاوكاریتان گەیاندۆتە دەرەوەی سنووری باشووری كوردستان و بردووتانە شاری وان و كۆبانێ، ئایا دەكرێت بزانین قورسایی ئاوارەكان لەسەر هەرێمی كوردستان چەندەو تا چ رادەیەك توانیوتانە هاوكاریی ئاوارەكان بكەن؟
- دۆسێی ئاوارەو پەناهەندە بارگرانییەكی قورسی لەسەر شانی خەڵك و حكومەت و رێكخراوە مرۆییەكانیش دروستكردووە، بەتایبەتی لەهەرێمێكدا كە رێژەی لە 30%ی ئاوارە و پەناهەندە بێت، بەڕادەیەك لەهەندێك شوێنی پارێزگای دهۆك ژمارەی ئاوارەكان زیاترە لە ژمارەی دانیشتووانەكەی، ئەمە لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان بەدۆخێكی سەختی قەیرانی داراییدا تێپەڕ دەبێت و پێشمەرگە لەشەڕێكی نێودەوڵەتی دژ بە تیرۆریستانن. لەگەڵ ئەمەشدا دۆخی ئاوارەو پەناهەندە بەراورد بە وڵاتانی توركیاو لوبنان و ئوردن زۆر باشترە؛ ئەمە قسەی بەرپرسانی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانە. بەمەش گەلی كورد لەبواری مرۆڤدۆستی و خێرخوازی ناوبانگی دەركردووە، هەروەكو چۆن شانازی بەئازایەتی و گیانفیدایی پێشمەرگەوە دەكرێت، هەرواش شانازی بەمرۆڤدۆستی هەرێمێكەوە دەكرێت كە پێگەیەكە بۆ ئاشتی و پێكەوەژیانی هەموو نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان، هەر ئەمەشە وایكردووە لەهەموو ناوچەكەوە لێقەوماوان روو لەهەرێمی كوردستان بكەن. ئێمەش وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە2012ـەوە پێشوازی لەئاوارەو پەناهەندەو لێقەوماوان دەكەین هەر لە ئاوارەكانی هاونیشتمانییانی كوردی رۆژهەڵات و باكوورو رۆژئاوا تاوەكو ئاوارەكانی كوردی ئێزیدی و ئاوارەكانی ناوخۆ، لەپێش 2012 شەوە كاتێك هاونیشتمانییانی كوردی رۆژئاوا بەهۆی رێپێوانەكەی قامشلۆ ئاوارەبوون لەكەمپەكانی دۆمیزو باتێل پێشوازیمان لێكردن، دواتر ئاوارە بوونی 400 هەزار كوردی رۆژئاوا دۆخەكەی زۆر ئاڵۆز و قورس كرد كە تا ئێستا 260 هەزاریان لەكەمپەكانی دۆمیز لە دهۆك و باسرمەو قوشتەپەو دارەشەكران و كەورگۆسك لە هەولێرو عەربەت لە سلێمانی نیشتەجێن، لەگەڵ هاتنی داعش بۆ عێراق مەسەلەی ئاوارە بوون بووە دیاردەو وەكو كارەساتێك خۆی نیشاندا، خۆشبەختانە وەكو دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهەوڵ و هیممەتی خەڵكی كوردستان و خێرخوازان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و رێكخراوە نێودەوڵەتیەكان توانیمان بەفریای ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەو پەناهەندە بكەوین و رێگە بگرین لەوەی كارەساتێكی مرۆیی رووبدات، گەرچی بوونی لە 65%ی ئاوارەكان لەدەرەوەی كەمپەكان كارەكانی ئێمەو رێكخراوە نێودەوڵەتییەكانی قورس كردووە، چونكە زۆر لە رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان مامەڵە لەگەڵ ئاوارەو پەناهەندەی دەرەوەی كەمپەكان ناكەن.

* دەزگای خێرخوازیی بارزانی چالاكییەكانی زۆر فراوان بووە، ئایا سەرچاوەی ئەم هاوكارییانە چۆن دابین دەكەن و لەسەر ئاستی رێكخراوە خێرخوازییەكانی جیهان تا چەند پێوەندی و هەماهەنگیتان هەیە؟
- دەزگای خێرخوازیی بارزانی لەناو جەرگەی رووداو و كارەساتەكاندا دروست بووە، لەو ماوە كەمەدا توانیومانە ببینە پردێكی پێوەندی بەهێز لەنێوان خێرخوازان و ئەو ئاوارەو پەناهەندانەی پێویستیان بەهاوكاری هەیە، بەمەش بووینەتە خاوەن ئەزموونێكی سەركەوتوو لەناو رێكخراوە جیهانیەكاندا، ئەمڕۆ لەزۆربەی ئەو كۆنگرەو كۆنفرانسانەی لەدنیای دەرەوە سازدەكرێت، دەزگاكەمان بانگێشت دەكرێت و متمانەمان پێكراوەو پرس و ڕامان پێ دەكرێت. ئەمەشە وایكردووە رێكخراوە بیانییەكان پڕۆتۆكۆل و رێككەوتنمان لەگەڵ واژوو بكەن. بۆ نموونە لەگەڵ رێكخراوی مانگی سووری ئیماراتی كە لە 21 وڵات كاری زۆر گەورە دەكەن، تەنانەت دەزگاكەمان بەباشترین دەزگا هەژمار كراوە لەناو ئەو دەزگاو رێكخراوانەی لەو وڵاتانەدا كاریان لەگەڵ دەكەن، لەرووی وڵاتانیشەوە نووسراوی فەرمی وەزارەتی دەرەوەی كوێت هەیە كە داوا لە رێكخراوو دەزگاكانی وڵاتەكەیان دەكەن كار لەگەڵ دەزگای خێرخوازیی بارزانی بكەن كە توانیوێتی بیسەلمێنێت بەبێ جیاوازی بەباشترین شێوە كار بكات، لەئاستی رێكخراوەكانی یوئێنیشدا بووینە ئەندام لە ئیكۆسۆ كە ئەنجومەنێكی ئابووری و كۆمەڵایەتی un، كە بەهۆی ئەم بوون بەئەندامە دەتوانین لە (ژنێف و نیویۆرك و ڤیەننا) ئۆفیسی تایبەتیمان هەبێت و كار لەسەر كەیسەكانی رابردووی كارەسات و رووداوەكانی كوردستان بكەین، ئەمەش وایكردووە كونسوڵخانەكانی كوردستان رێككەوتنی هاوبەشمان لەگەڵیاندا هەبێت و پێوەندییەكی پتەو لەگەڵ رێكخراوەكانی ئەمەریكاو ئەوروپا و وڵاتانی دیكەی جیهانمان هەبێت، ئەم پێوەندییانەش ئەركی ئاوارەكانی سووك كردووەو لەناو كەمپ و دەرەوەی كەمپەكان سەدان كاری خێرخوازی و مرۆیی ئەنجام بدەین.
* ئێوە زۆر هاوكاربوون لەكاتی كارەساتی برایانی كوردی ئێزیدی، هەروەها هاوكاری ئەو گوندە عەرەبانەش بوون كە لەسەر دەستی پێشمەرگە لەدەستی تیرۆریستانی داعش ئازاد كرانەوە، ئایا دەكرێت بۆمانی باس بكەی تاچەند توانیوتانە هاوكاری ئێزیدییەكان بكەن لەچ روانگەیەكیشەوە هاوكاری گوندە عەرەبنشینەكان بوون؟

- دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەكو ئەركێك دەڕوانێتە شنگال و كارەساتی برا كوردە ئێزیدییەكانمان، نەك وەكو هاوكاری تەنانەت لەكاتی كەوتنەوەی كارەساتەكەشدا یەكەمین لایەن بووین بەهانای ئەوانەوە چووین لەسەر چیای شنگال بە هاوكاری هاوپەیمانەكان بە فڕۆكە هاوكاری و یارمەتیەكانمان گەیاندە خێزانەكانی سەر چیاكەو دوو كاروانی هاوكاریشمان لەرێگەی كوردستانی رۆژئاواو گەیاندە ئەو خانەوادانە، لەم چالاكی و هاوكارییە فراوانەش بەردەوام دەبین تا ئەوكاتەی ئەو ئازیزانە پێویستیان پێمان بێت، هەروەكو چۆن پێش كارەساتەكەش هەر لەساڵی 2003وە لەكاتی ئازادكردنی شنگال و عێراق لەدەستی رژێمی بەعس دەزگای خێرخوازی بارزانی هاوكارییەكانی خۆی لەو ناوچانەدا پێشكەش بە برا ئێزیدییەكان كردووە، تەنانەت دروستكردنی یەكەمین بنكەی تەندروستی لەشنگال لەرێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە بوو، قرتاسیەمان بۆ 25 هەزار قوتابی قوتابخانە كوردییەكان دابین كردووە و رووماڵی هەموو پێداویستییەكانی ترمان كردوون. هاوكات لە چوارچێوەی گەورەترین پرۆژەی ئازیزان لە شنگال مانگانە هاوكاریمان دابەش كردووە بەسەر 500 منداڵی ئازیزان ئەوانەی دایك و باوكیان لەدەستداوە، كاتێكیش كارەساتی شنگال دروست بوو، راستەوخۆ لەسەر فەرمانی جەنابی سەرۆك بارزانی و بە چاودێری جەنابی كاك مسرور بارزانی هەموو توانایەكی خۆمان خستەكار بۆ هاوكاریكردنی برا ئێزیدییەكانمان. هەر لەم رۆژانەدا 8 پرۆژەی ترمان كردەوە، تەنانەت پرۆژەی (ژیان)مان بۆ 2550 خانەوادەی سەر چیای شنگال هەیە كە هەریەكەو سێ ئەمپێڕی كارەبامان لەسەر خەرجی دەزگای خێرخوازی بارزانی دابین كردووە. سەبارەت بە تەوەری دووەمی پرسیارەكەشتان كە تایبەتە بەهاوكاری ئاوارە عەرەبەكانی ئەو گوندانەی پێشمەرگە ئازادی كردوون، ئەوا بەتەئكید ئەوەی رێكخراوەكەی ئێمە لە زۆربەی رێكخراوە خێرخوازەكانی دیكە جیاواز دەكاتەوە، ئەوەیە هێڵی سوورمان نییە لە پێشكەشكردنی هاوكاری و یارمەتییەكان بۆ هەموو نەتەوەو ئایین و ئایینزاكان، ئەوەتا زۆربەی ئەو عەرەبانەی ئاوارە بوون، روویان لەهەرێمی كوردستان كردووە ئێمە هاوكاری و یارمەتیەكانیان بەبێ جیاوازی بۆ دابین دەكەین. خاڵێكی دیكە گرنگی رێكخراوەكەمان خێرا بەهاناچوونی لێقەوماوەكان بووە، بۆ نموونە لە 2014 لەكەمتر لە 20 كاتژمێر خواردنی گەرممان دروستكرد لە 45 رۆژدا 9 ملیۆن و 900 هەزار وەجبەی خواردنمان بەسەر پەنابەرەكاندا دابەشكرد كە بووە جێگای سەرسوڕمانی یونامی عێراقی و WFP و ئاژانسە جیهانییەكان و بەژمارەیەكی پێوانەیی دانرا، چونكە پێشتر ئەزموونی پێشكەشكردنی خواردنی گەرم بۆ ئەو ژمارە زۆرەی پەنابەر لەو ماوە كەمەدا بەهیچ شێوەیەك تاقی نەكرابووەوە.

* باسی پڕۆژەی ئازیزانت كرد كە سەرپەرشتی و هاوكاری كۆمەڵێك منداڵی بێ دایك و باوك و تەنانەت خێزانیش دەكەن، ئایا ژمارەی ئەو منداڵ و خێزانانە چەندە و شێوازی یارمەتیدانتان چۆنە؟
- پڕۆژەی ئازیزان تەنیا بۆ منداڵانی بێ دایك و باوكەو خانەوادەی هەژارەكانیش هاوكارییان دەكەین، بەڵام لەدەرەوەی ئەم پڕۆژەیە، ئێستا ژمارەی منداڵە ئازیزەكان 12 هەزار منداڵە، تەنانەت پلان و بەرنامەی تایبەتمان داناوە بۆ ئەوەی تا كۆتایی ئەمساڵ ئەم ژمارەیە بگەیەنینە 16 هەزار منداڵ كە لەرێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە سوودمەند دەبن، لە ساڵی 2011 و لە كاتی كردنەوەی پرۆژەكەدا جەنابی مسرور بارزانی ئامادەی بوو لەوێدا داوای لەدەوڵەمەندو سەرمایەدارانی كوردستان كرد پاڵپشتی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بكەن بۆ سەركەوتنی پڕۆژەكە، ئەمەش وایكرد تا ئێستاش بەردەوام بین، وێڕای ئەو قەیرانە داراییەی دووچاری هەرێمی كوردستان بووە .

* وەكو ئاگادارین كاروچالاكیی ئێوە هەندێك ناوچەی عێراقیشی لەناوەڕاست و باشوور گرتۆتەوە، ئایا ئەمە ئەوە دەگەیەنێت كە دەزگاكەتان بێ سنوورەو هاوكاری بۆ هەموو ناوچەو شوێنێك دەگەیەنێت؟
- ئومێدەوارین چی دیكە كوردستان پێویستی بە پرۆژەو هاوكاری ئێمە نەبێت، بۆ ئەوەی بتوانین وەكو دەزگایەكی خێرخوازی جیهانی لەهەموو ئەو وڵاتانەی مرۆڤایەتی پێویستی بەهاوكاری هەیە، بچین یارمەتییان بدەین و پەیامە مرۆڤایەتییەكەی دەزگاكەمان بگەیەنین، ئەو پەیامەی كە لەسەر فكری بارزانی بونیادنراوە، هەروەكو چۆن بارزانی فەرموویەتی: «بۆ مرۆڤ شانازییە خزمەتكاری میللەتی خۆی بێت.» دەمانەوێت وەكو چۆن بارزانی وەكو قارەمانێكی نەتەوایەتی و سمبولی ئازادی ناوبانگی دەركردووە هاوكات لەهەموو جیهانی ئازادی و پێكەوەژیان مرۆڤایەتی شانازی بەدەزگاكەی و میللەتەكەی بكات، گەیاندنی ئەم پەیامە بە پشتگیری و هاوكاری ئەو خەڵكانەی یارمەتیمان دەدات بەردەوام دەبین و سنوورەكان زیاتر تێدەپەڕێنین، كاتێكیش كوردەكانی رۆژئاوا چوونە وڵاتی توركیا یەكەمین داواكارییان پێش ئەوەی پەنا بۆ رێكخراوی یوئێن بەرن، ئەوە بوو داوای هاوكاری و یارمەتی دەزگای خێرخوازیی بارزانییان كرد، كاتێكیش بوومەلەرزەكەی شاری وان روویدا، خەڵكی ئەو شارە چەند هاوكارییەكانی كوردەكانی باشورییان پێ خۆش بوو، كاتێك دەزگای خێرخوازی بارزانی گەیشتە ئەو شارەو یارمەتی و هاوكاری كردن و كەسێك هەیە بەزمانی ئەوان و ناخی ئەوان دەدوێت، ئەم دیمەنە لەكۆبانێش دووبارە بۆوە، بەرپرسانی وڵاتی توركیا ئاماژەیان بەوە كرد یەكەمین رێكخراو لەئاستی ناوخۆیی و جیهانی دەزگای بارزانی بوو سنوورەكانی توركیاو سووریای تێپەڕاندوو گەیشتە ناو خەڵكی كۆبانێ، لەمەریوان و مەهابادو سەردەشت و نەغەدەو خانێ و شارەكانی تری رۆژهەڵاتی كوردستان خەڵكی وەكو گروپ هاتوون پێوەندییان بەئێمەوە كردووە بۆ بەشداریكرن لەگەیاندنی كۆمەك و هاوكارییەكان، تەنانەت لەوڵاتەكانی یەكێتی سۆڤێتی پێشوو بەتایبەتی كوردەكانی ئەرمینیاو جورجیا هاتوون كۆمەك و یارمەتییان هێناوە وەكو نموونەی زەلیم خان كەسایەتی دیاری ڕوسیایەو كوردی جورجیایە هاوكاری هێناوەو لەرێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەشداری لە كاری خێرخوازی كردووە.
* لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی شاری موسڵ ژمارەی ئاوارەكان كە روو لەهەرێمی كوردستان دەكات، دەستی پێكردووە، تەنانەت باس لەوە دەكرێت ئەگەری هاتنی شاڵاوێكی گەورەی ئاوارەی عەرەبی سوننە دەكرێت، ئایا خۆئامادەكارییەكانی دەزگاكەتان چۆنە؟

- لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی دەستپێكردنی ئۆپەراسیۆنی ئازادكردنەوەی شاری موسڵ هەوڵەكان لەسەر ئاستی ناوخۆ و عێراق و نێودەوڵەتیمان چڕتر كردۆتەوە، لەناوخۆدا پێوەندیمان لەگەڵ لایەنە پێوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم باشەو لەعێراقیش كۆبوونەوەمان لەگەڵ رێكخراوی مانگی سووری عێراقی بەتایبەتی لەگەڵ بەرپرسی ئۆفیسەكەیان لەهەولێر ئەنجام داوە، تەنانەت لەگەڵ ئاژانسەكانی UNHCR -WFP و ژمارەیەكی تری رێكخراوەكان هەیە و پلانی تایبەت بەخۆمان و پلانی هاوبەشیشمان هەیە، ئەوەتا كەمپی دیبەگە لەرێگەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەهاوكاری پارێزگای هەولێر سەرپەرشتی دەكرێت، تەنانەت كەمپێكی دیكەمان وەكو ترانزێت بۆ پێشوازیكردنی ئاوارەكان دروست كردووە كە ئێستاكە رۆژانە پێشوازی لە 7000 كەس دەكات و فریاكەوتن و خزمەتگوزاری خێرایان پێشكەش دەكرێت. بۆ ئاوارەكانی شاری موسڵیش دوای ئازادكردنی گەیارەو شەرگات گۆڕانكاری بەسەر پلانی خۆئامادەكردن لەپێشوازی ئاوارەكان هاتووە، كە لە مەخموور- بەردەڕەش، زەممار، رێگای شنگال – حەسەكەی سووریا، شێخان، حەسەن شام) پێشبینی دەكرێت نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارەی دیكە روو لەهەرێمی كوردستان بكەن كە بەپێی وتەكانی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ئەمە كارەساتێكی مرۆیی گەورەیە و لەمێژووی رێكخراوەكەدا نەبووە لەماوەیەكی كەمدا ئەو ژمارە زۆرەی خەڵك ئاوارە بێت، ئەم پێشبینیانەش رادەوەستێتە سەر شێوازی پلانەكەو چۆنیەتی بەڕێوەچوونی شەڕەكە ئەگەر خێرا بێت لە ماوەیەكی كەمدا ئەو ژمارە زۆرەی خەڵك ئاوارە دەبێت، ئەگەر پلانی شەڕەكە لەسەرخۆ بێت، ئەو رێژەیە كەم كەم روو لەهەرێمی كوردستان دەكەن و باشتر دەتوانرێت پێشوازی لەو ژمارە زۆرەی ئاوارە بكرێت، ئێستا نەك تەنیا حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی عێراق چاویان لە رۆڵی دەزگای خێرخوازیی بارزانییە، بەڵكو ئاژانسە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی هاوپەیمانیش بۆ پلانی مرۆیی و فریاكەوتنی خەڵكی سڤیل چاویان لە ڕۆڵی دەزگاكەمانە.
Top