ریفراندۆم و سەربەخۆیی لە كێشەی لاوەكیی نێوان حزبەكان گەورەترە

ریفراندۆم و سەربەخۆیی  لە كێشەی لاوەكیی نێوان حزبەكان گەورەترە
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئێستادا خەریكی دووبارە خۆڕێكخستنەوە و گۆڕانكارییە لە ئۆرگانەكانی خۆیدا، هەروەها پرۆسەی سیاسیی كوردستان جۆرێك لە چەقبەستوویی بە خۆیەوە بینیوە و هەوڵەكان بۆ ئەوەن ئەو چەقبەستووییە كۆتایی بێت و كێشەی ناوخۆیی نێوان حزبە سیاسیەكان چارەسەر بكرێت. لە هەمان كاتدا ئێستا لە كوردستان شەڕێكی بەرفراوان دژی تیرۆریستانی داعش بەڕێوەدەچیت و هێزی پێشمەرگەی كوردستان رۆژانە پێشڕەوییەكانی بەردەوامە و لە سەر ئاستی عێراق و هاوپەیمانانیش خۆئامادەكردنێك هەیە بۆ پرۆسەی ئازادكردنەوەی موسڵ، بەڵام بێ بەشداری هێزی پێشمەرگە ئەو پرۆسەیە ئەنجام نادرێت. بۆ قسەكردن لەسەر ئەم پرسانە و چەندین پرسی دیكە ئەم دیمانەیەمان لەگەڵ كاكەمین نەجاڕ بەرپرسی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر ئەنجامدا و بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵان-ی دایەوە.
* ماوەیەكە پارتی دیموكراتی كوردستان خەریكی دووبارە خۆڕیكخستنەوە و گۆڕانكارییە لە ئۆرگانەكانی، ئایا بۆ لەم كاتەدا دەستتان بەم پرۆسەیە كردووە و گۆڕانكارییەكان چ لایەنێك دەگرێتەوە؟
- ئاشكرایە ئەگەر ئێستا بارودۆخی كوردستان لەبار بوایە، وادەی بەستنی كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بەڵام بە هۆی شەڕی داعش و بارودۆخی كوردستانەوە كۆنگرە گرێنادرێت هەتا بە هەموو سیاسەتی خۆماندا بچێنەوە. بۆیە لە ئێستادا و لە بری كۆنگرە، مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی كۆبوونەوەی كردووە بۆ ئەوەی دیراسەتی تەواوی بارودۆخی سیاسیی ئەمڕۆی كوردستان بكەین، دیارە كێشەكانیش زۆرن، لەوانە قەیرانی دارایی كوردستان، ئەم قەیرانە پارتیشی گرتۆتەوە، بارودۆخی سیاسی و ناوخۆی كوردستان وەك دەبینین جۆرێك لە چەقبەستوویی تێكەوتووە، هەروەها دووبارە هەڵسەنگاندنەوەی پێوەندییەكانمان لەگەڵ حزبەكانی دیكە بۆ ئەوەی هەموو پێكەوە بتوانین كۆببینەوە و چارەسەری كێشە ناوخۆییەكانمان بكەین. بە بۆچوونی ئێمە بارودۆخی ئێستا هەستیار و ئاڵۆزە، ئەگەر بمانەوێت ئەم هەلە لە دەست نەدەین و پرۆسەی سەربەخۆیی سەركەوتوو بێت، ئەوا دەبێت خۆمان ئامادەبكەین بۆ ئەوەی هەنگاو بە هەنگاو بچینە پێشەوە، لەوانە خۆئامادەكردن بۆ ریفراندۆم، ئێستا هەلێكی زۆر زۆر باش هاتۆتەپێشەوە، سەركەوتنەكانی پێشمەرگە پێگە و شكۆی كوردستانیان لە جیهاندا بەرزكردۆتەوە، دەوڵەتان پشتگیریمان دەكەن، ئەمە هەلومەرجێكی گرنگە بۆمان هاتۆتەپێشەوە و ئەگەر خوانەخواستە لەدەستی بدەین زەحمەتە هەلومەرجی لەباری وەك ئەمڕۆمان بۆ دروست ببێتەوە.سەبارەت بە گۆڕانكارییەكانی ناو پارتیش، دیارە ماوەیەكی درێژە گۆڕانكاری نەكراوە، لەم لایەنەشەوە گۆڕانكاری پێویستە بۆ ئۆرگانەكانی پارتی بۆ ئەوەی دووبارە خوێنێكی تازەی بەبەردا بكرێتەوە، ئەمەش مەبەست لە گۆڕانكاری لێپرسینەوە نییە، بەڵكو نوێبوونەوەیە، لەوانەیە بەرپرسمان هەبێت لە كارەكەی خۆی زۆر سەركەوتوو بێت، بەڵام ماوەیەكی زۆرە لەو شوێنەیە، بۆیە ئەگەر گۆڕانكاری بكرێت، ئەو بەرپرسە دەتوانێت لە شوێنیكی دیكەش هەر سەركەوتوو بێت، بۆ ئەمەش چەند لیژنەیەكمان داناوە بۆ هەموو ئۆرگانەكانی پارتی بۆ ئەوەی ئەو لیژنانە دیراسەتی خۆیان بكەن، راوێژ لەگەڵ پسپۆڕان و خەڵكی شارەزا بكەن، ئەوجا بڕیار لەسەر گۆڕانكارییەكان بدەن.

* وەك بەرپرسی سەركردایەتی پارتی دیموكراتی كوردستان لە هەولێر، ئایا پێتانوایە گۆڕانكارییەكان سەركردایەتی هەولێر بگرێتەوە، یان ئایا پێتانوایە پێویستە گۆڕانكاری لە سەركردایەتی پارتی لە هەولێریش بكرێت؟
- بەڵێ من لەگەڵ ئەوەم لە سەركردایەتی پارتی لە هەولێریش گۆڕانكاری بكرێت، لەبەر ئەوەی پێویستمان بە گۆڕانكارییە، ئەم گۆڕانكارییەش هەم لە كەسەكان و هەمیش لە سەر ئاستی ناوچە و رێكخراوەكان و شێوازی كاركردنی حزب دەبێت.
* ئاماژەت بە حاڵەتی چەقبەستوویی پرۆسەی سیاسی لە كوردستان كرد. لەم بارودۆخەدا یەكێتی و گۆڕان رێككەوتنێكیان لەنێو خۆیاندا ئیمزا كردووە، پێشتر ئێوە وەك پارتی بەنیازبوون لەگەڵ یەكێتی ئەم چەقبەستووییە بكەنەوە، بەڵام ئێستا چۆن دەیكەنەوە؟
- پێش هەموو شت، ئێمە وەك پارتی دیموكراتی كوردستان دژی رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی نین، ئەوان دوو حزبن و مافی خۆیانە رێككەوتنی سیاسی بكەن، ئەوجا لەبەر ئەوەی پێشتریش بنكەی جەماوەریی گۆڕان و یەكێتی تێكەڵ بووە، بۆیە بە ئاسایی دەزانین هەتا ئەگەر ببنەوە بە یەك حزبیش. بەڵام هەندێك مەسەلەی سیاسیی گرنگ هەن، پێوەندی بە هەموو كوردستانەوە هەیە، نەك تەنیا دوو حزب، بۆیە ئێمە لەوانەیە لەسەر پرسە نیشتمانییەكان هەندێك تێبینیمان هەبێت، سەبارەت بە چۆنیەتی كۆتاییهێنانیش بەو حاڵەتی چەقبەستووییە، ئێمە خوازیاری ئەوەین حزبە سیاسییەكانی كوردستان هەموومان پێكەوە دابنیشین بۆ ئەوەی پەرلەمان كارا بكەینەوە و دووبارە حكومەت چالاك بكەینەوە، بۆ ئەمەش ئێمە پێمان باشە لەگەڵ هەموو حزبەكان كۆببینەوە، ئەوجا كۆبوونەوەی دووقوڵی بێت، یان كۆبوونەوەی هەموو حزبە سیاسییەكانی كوردستان بێت.

* دیارە بەپێی رێككەوتنی نێوان گۆڕان و یەكێتی، وا بڕیارە ئەوان هەردوو لایەن بە سەركردایەتییەكی هاوبەش لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان كۆببنەوە، ئایا ئێوە پێشوازی لەو كۆبوونەوەیە دەكەن؟
- وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد، حاڵەتی چەقبەستوویی ئێستای كوردستان پێوەندی بە پەرلەمان و حكومەتەوە هەیە، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو رێككەوتنەی حكومەتی ئێستای كوردستانی لەسەر پێكهێنراوە، دیارە پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ هەموو لایەنەكان بە جیا رێككەوتنی كردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەگەر یەكێتی و گۆڕان لە نێوان خۆیاندا رێككەوتنیان ئیمزا كردبێت، بەوەی بە سەركردایەتی هاوبەش لەگەڵ پارتی كۆبوونەوە بكەن، ئەوا ئێمە لەگەڵ گۆڕان و یەكێتی رێككەوتنی لەو شێوەیەمان نییە، لایەنێكی دیكە بەپێی رێككەوتنی نێوان پارتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت، پارتی رازی بوو كە سەرۆكی پەرلەمان بدرێتە گۆڕان، بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان كەسێكیان كرد بە سەرۆكی پەرلەمان كە پەرلەمانی بەرەو هەڵدێر برد. یوسف محەمەد ئەو كەسە نەبوو كە بكرێتە سەرۆكی پەرلەمان، لەبەر ئەوەی كەسێكی كەم ئەزموون بوو لە رووی سیاسی، ئەزموونی خەبات و پێشمەرگایەتی نەبوو، ئەزموونی ژیانی پەرلەمانی نەبوو، راستەوخۆ گۆڕان هێنایان و كردیانە سەرۆكی پەرلەمان، ئەویش لەو ئەزموونە شكستی هێنا، بۆیە دەكرا بزووتنەوەی گۆڕان كەسێكیان بپاڵاوتایە بۆ ئەو پۆستە كە ئەزموونی سیاسی و خەباتی پێشمەرگایەتی هەبووایە، بۆ ئەوەی بتوانێت پەرلەمان بەڕێوەبەرێت، لایەنەكان لە یەكتری نزیك بكاتەوە. ئەگەر سەیری سەرۆكەكانی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بكەین، هەر بۆ نموونە لە ساڵی 1994 كە شەڕی ناوخۆ دەستی پێكرد، سەرۆكی پەرلەمان و پەرلەمانتارەكان لە ناو پەرلەمانی دژی شەڕەكە پەناگیرییان هەڵبژارد، لەمەش زیاتر زۆرجار كۆبوونەوەكانی پارتی و یەكێتی لە پەرلەمان دەكرا، دیاریشە لەو ماوەیەی رابردوو، سەرۆكایەتی پەرلەمان لای پارتی نەبووە، بەڵكو لای پارتی و یەكێتی بووە، بەڵام هەدوولامان كەسێكمان بۆ سەرۆكی پەرلەمان كاندید دەكرد، كە بتوانێت ئەو ئەركە بەڕێوەبەرێت، كێشەكان بەرەو چارەسەركردن بەرێت، نەك تەقاندنەوە، بەداخەوە بزووتنەوەی گۆڕان لەمەدا سەركەوتوو نەبوون، ئێستاش ئەگەر بمانەوێت ئەو چەقبەستووییە كۆتایی بێت، دەبێت لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان دابنیشین و سەرلەنوێ رێككەوتنێكی دیكە بكەینەوە، بەڵام ئەوان مەرجی ئەوەیان هەبێت هەر دەبێت یوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمان بێت، ئەوا ئەو تەجرەبە فاشیلە دووبارە ناكەینەوە.
* ئەم قسەیە مانای ئەوەیە ئێوە وەك پارتی دەتانەوێت سەرۆكی پەرلەمان بگۆڕدرێت، یان سەرۆكایەتی پەرلەمان نەدەنەوە بە بزووتنەوەی گۆڕان؟
- ئێمە هەتا ئێستا لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر ئەم پرسە كۆنەبووینەتەوە، ئێمە ئامادەباشیمان بۆ كۆبوونەوە هەبووە، بەڵام ئەوان پێداگیری ئەوە دەكەن، كە هەر دەبێت یوسف محەمەد بگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، ئەمەش وایكردووە كۆبوونەوە نەكەین، بۆیە ئێمە ئەگەر كۆبوونەوە بكەین، دیارە بە مەبەستی چارەسەركردنی كێشەكە كۆدەبینەوە، هەموو رێككەوتنێكیش پێویستی بە دانوستاندنە، هەردوولا دەبێت نەرمی بنوێنین، ئەگەر كۆبوونەوەكان دەستیان پێكردەوە، ئەو پرسانە هەموویان لە كۆبونەوەكاندا یەكلایی دەكرێنەوە.
* ئەی سەبارەت بە سەركردایەتی هاوبەشی یەكێتی و گۆڕان، ئایا ئێوە لەسەر ئەم پرسە لەگەڵیان كۆدەبنەوە؟
- هەق نییە ئەم مەسەلەیە زۆر ئاڵۆز بكرێت، لەبەر ئەوەی مەسەلەكە بە سادەیی ئەوەیە، ئەگەر گۆڕان و یەكێتی بوونە یەك حزب، با رایبگەیەنن ئێمە بووینەتە یەك حزب، ئەوا ئەوكات پارتی دیموكراتی كوردستانیش وەك حزب مامەڵەیان لەگەڵ دەكات، خۆ پێشتریش گۆڕان و یەكێتی هەر یەك حزب بوون و مامەڵەشمان لەگەڵ دەكردن، بەڵام ئەگەر هەردوو حزبن و وەك دووحزب دێن لەگەڵ پارتی كۆدەبنەوە، ئەوا ئێمە بەجیا مامەڵە لەگەڵ هەردوو لایان (یەكێتی و گۆڕان) دەكەین، بەڵام پێكەوە وەك دوو حزب ئێمە لەگەڵیان كۆنابینەوە.
* ئەی ئەگەر ئەوان پێداگیرییان كرد و ئەمەیان كرد بە مەرج بە سەر پارتییەوە، ئایا ئێوە ئەو مەرجە قبووڵ دەكەن؟
- پێش هەموو شت لە مامەڵە و كۆبوونەوەی نێوان لایەنە سیاسییەكاندا مەرجی پێشوەختە قبووڵ نییە، لەبەر ئەوەی ئەگەر لایەنێك پێش كۆبوونەوە مەرجی خۆی فەرزبكات، مانای ئەوەیە بۆچی كۆبوونەوە بكەین، لەبەر ئەوەی ئەو پێشتر مەرجی خۆی سەپاندووە، بۆیە راشكاوانە دەڵێم، پارتی دیموكراتی كوردستان مەرجی پێشوەختە لە هیچ لایەنێك قبووڵ ناكات، هەتا ئێستاش كە لەگەڵ گۆڕان كۆنەبووینەتەوە، لەبەر ئەوەیە گۆڕان مەرجی هەیە، ئێمەش ئەو مەرجەمان قبووڵ نەبووە، لە داهاتووشدا مەرجی پێشوەختە لە هیچ لایەك قبووڵ ناكەین.
* بۆ چارەسەركردنی بارودۆخی ئێستا جەختت لەسەر كۆبونەوەی لایەنە سیاسییەكان كردەوە. ئایا مەبەستت كۆبوونەوەی پێنج لایەنە سیاسییەكەی پێشووە كە ناوتان لێنابوو (كۆبوونەوەی پێنج قۆڵی)، یان مەبەستت هەموو حزبەكانی كوردستانە؟
- ئێمە كە باسی حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین، مەبەستمان هەموو ئەو حزبانەی كوردستانە كە مۆڵەتی یاسایی كاركردنیان هەیە، بەوانەی لە حكومەت و پەرلەمان بەشدارن و بەوانەشی لە دەرەوەی حكومەت و پەرلەمانن، هەروەها لە كوردستان بێجگە لە كورد، پێكهاتەی نەتەوەیی و ئایینی دیكە هەیە، ئەوانیش حزبی سیاسییان هەیە وەك كلد و ئاشووری و توركمان و پێكهاتەكانی دیكە، چۆن دەبێت نوێنەری ئەو پێكهاتە سەرەكییانە لە بڕیاری چارەنووسسازی ئەم وڵاتە بەشدار نەبن؟ ئەم پرسەی كە ئێستا بۆتە كێشە، پرسی هەموو كوردستانە و پێوەندی بە هەموو حزب و پێكهاتەكانی كوردستانەوە هەیە، بۆیە دەبێت هەموو ئەو لایەنانە لە چارەسەركردنی كێشەكاندا رۆڵی خۆیان هەبێت.
* دیارە پارتی دیموكراتی كوردستان هەتا ئێستاش لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان رێككەوتنی ستراتیژی هەیە، هەردوولاش تەئكید دەكەنەوە ئەو رێككەوتنە هەرماوە، ئایا دوای رێككەوتنی یەكێتی لەگەڵ گۆڕان، رێككەوتنی ستراتیژی نێوانتان چی بەسەر دێت؟
- لەگەڵ ئەوەی رێككەوتنی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی لە رووی واقیعەوە كەموكورتی زۆری تێكەوتووە، بەڵام رێككەوتنەكە هەرماوە و كۆتایی نەهاتووە، ئەم رێككەوتنە ئیمزای سەرۆك بارزانی و مام جەلالی لەسەرە، هەتا ئێستا هیچ كامیان رایاننەگەیاندووە ئەو رێككەوتنە كۆتایی هاتووە، لەمەش زیاتر پارتی دیموكراتی كوردستان نایەوێت ئەو رێككەوتنە كۆتایی پێبێت، لەبەر ئەوەی بەبێ پارتی و یەكێتی لەم وڵاتەدا حوكمڕانی ناكرێت. یەكێتی نیشتمانی شەریكی ئەساسی پارتی-یە لە بەڕێوەبردنی وڵات و لە شەڕی داعش، پێشتریش پارتی و یەكێتی لەسەر بنەمای پەنجا بە پەنجا ئەم وڵاتەیان بەڕێوەبردووە، بۆیە هاوپەیمانیی نیوان یەكێتی و پارتی زۆر گرنگە.
* ئایا لەم ماوەیە لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەتەوە، ئەگەر كۆنەبوونەتەوە، هۆكارەكەی چی بووە؟
- بەنیازین لە ئایندەیەكی نزیكدا كۆببینەوە، بەڵام ماوەیەكە كۆنەبووینەتەوە، هۆكارەكەشی بۆ ئەوە بووە، یەكێتی سەرقاڵی رێككەوتنەكەی بووە لەگەڵ گۆڕان، دوای ئەوەش سەرقاڵی خۆئامادەكردبوون بۆ یادی یەكێتی، بۆیە لەوماوەیە نەمانتوانیوە كۆببینەوە.
* هەر سەبارەت بە پێوەندیی نێوان پارتی و یەكێتی، دیارە لە رێككەوتنی نێوان لایەنەكان لەگەڵ پارتی لە ساڵی 2014 بۆ پێكهێنانی حكومەت، یەكێتی نیشتمانی داوای كرد لەسەر بنەمای رێككەوتنی ستراتیژی دێتە ناو حكومەت، نەك وەك لایەنە سیاسییەكانی دیكە و لە بەر رۆشنایی ئاكامەكانی هەڵبژاردن. دیارە پارتی بەمە رازی بوو، ئەمەش بەوە مانایەی رێككەوتنی پارتی و گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەت، كاریگەری لەسەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان نەبوو، ئایا ئەمە بۆ ئێستاش هەروا نییە؟
- پارتی دیموكراتی كوردستان هێندەی لە خەمی ئاسایش و سەقامگیری و پەرەپێدانی كوردستانە، هێندە لەخەمی ئەم پۆست و ئەو پۆست نییە، هەر بۆیە لەسەر ئاستی بەشداری كورد لە بەغدا و هەروەها لەسەر ئاستی پێكهێنانی حكومەتیش لە كوردستان، پارتی هەموو هەوڵی بۆ ئەوە بووە كورد و كوردستانییەكان یەكریز و یەكهەڵوێست بن بۆ ئەوەی ئەم قۆناخە هەستیارە تێپەڕێنین، بۆیە ئەگەر ئێستا سەیری پێكهاتەی حكومەتی كوردستان بكەین، لەگەڵ ئەوەی پارتی حزبی یەكەمە لە كوردستان و 38 كورسی پەرلەمانی هەیە، بەڵام پشكی پارتی لە حكومەت هێندەی پشكی یەكێتیە، دیارە سەبارەت بەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پشكی پارتی بووە، ئەمەش بەرامبەر سەرۆك كۆماری عێراق بووە كە پشتر پارتی و یەكێتی وا رێككەوتبوون، جەنابی مام جەلال سەرۆك كۆماری بێت لە بەغدا و جەنابی سەرۆك بارزانی سەرۆك بێت لە كوردستان، ئەمەش لە پێناوی ئەوەبوو هەردوولا هاوكاری یەكتری بكەن و ناو ماڵی كوردستان تەبا بێت.ئێستاش ئێمە ئومێدی ئەوە دەخوازین هەوڵەكانی پارتی و یەكێتی بۆ پاراستنی یەكڕیزی و تەبایی نێوماڵی كوردستان بێت.
* پرسێكی دیكە كە لە كۆبوونەوەكانی مەكتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی باسی لێكراوە، مەسەلەی ئەنجامدانی ریفراندۆمە، ئەم پرسەش پێویستی بەوەیە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكان قسە بكەن، ئایا ئەمە مانای ئەوەیە ناتانەوێت پرسی ریفراندۆم تێكەڵی كێشە ناوخۆییەكانی كوردستان بكەن؟
- بۆ ئەم قۆناخە زۆر گرنگە هەموو لایەكمان لەو ئاستەدا بیربكەینەوە كە پرسە چارەنووسسازەكان تێكەڵی كێشە ناوخۆییەكانی كوردستان نەكەین، چونكە میكانیزمی چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان قورس نین، هەر بۆ نموونە ئێمە ئەگەر نەتوانین بە رێگەی كۆبوونەوەی نێوان خۆمان كێشەكانی ئێستا چارەسەر بكەین، خۆ دەتوانین هەڵبژاردنی پێشوەختە بكەین و دووبارە لەبەر رۆشنایی ئاكامەكانی هەڵبژاردن حكومەت و پەرلەمان دابمەزرێنەوە، ئەگەر هەڵبژاردنی پێشوەختەشمان پێ ناكرێت، هەڵبژاردنی داهاتوو تەنیا ساڵێكی ماوە، با ئەم ساڵە بارودۆخەكە بەڕێوەبەرین، ساڵی داهاتوو هەڵبژاردن ئەنجامدەردێت و كێشەكان چارەسەر دەبن، بەڵام هەندێك پرسی دیكەی نیشتمانی هەن، نابێت لەسەر ئەم كێشانە پەكبخرێن، بۆ نموونە ماوەیەك پێش ئێستا فراكسیۆنە كوردستانییەكان لەبەغدا دەبوو یەك هەڵوێست بن بەرامبەر ئەو بارودۆخەی لە بەغدا هاتۆتەپێشەوە، ئەوە بوو هەروامان كرد و لیژنەیەك پێكهات بۆ ئەوەی كورد لە بەغدا یەكهەڵوێست بێت، سەبارەت بە ریفراندۆمیش، دیارە ئەم پرسەش پێوەندی بە هەر تاكێكی كوردستانەوە هەیە و لە كێشە ناوخۆییەكانی نێوان حزبە سیاسییەكان گەورەترە، هەموو حزبەكانی كوردستانیش لە پەیڕەوپرۆگرامی خۆیاندا جەختیان لەسەر سەربەخۆیی كوردستان كردۆتەوە، بۆیە ناكرێت پرسی ریفراندۆم گرێبدرێتەوە بە كێشەی نێوان حزبە سیاسییەكانەوە.
* واتە ئێوە وەك پارتی ئامادەیی هەماهەنگی و قسەكردنتان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بۆ پرسی ریفراندۆم هەیە؟
- وەك مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان هێشتا ئەم پرسەمان نەكردۆتە بڕیار، بەڵام حەتمەن نییەتێكی وا هەیە كە ئامادەباشی بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە بكرێت و كاتەكەی دیاری بكرێت، ئەمەش پێویستی بەوە هەیە هەموو حزبەكانی كوردستان هەماهەنگی بكەن و پێكەوە ئەم پرۆسەیە ئەنجامبدەن.
* ئەوەی گوێبیست بووین سەبارەت بە ریفراندۆم ئەوەیە كە دەڵێن، لەم ساڵەدا ئەم پرۆسەیە ئەنجامدەدرێت، ئایا ئەمە بڕیارە، یان تەنیا ئومێدێكە؟
- بۆچوونی جەنابی سەرۆك بارزانی بەوجۆرەیە، ئەگەر بتوانین لەم ساڵەدا ریفراندۆم ئەنجام بدەین، بۆ كوردستان باشترە، بۆیە هەوڵ دەدات بۆ ئەوەی زەمینەی بۆ خۆش بكات و لەم ساڵەدا بكرێت، ئەمەش ئومێدی هەموو لایەكە و هەمووشمان پشتگیری هەوڵەكانی جەنابی سەرۆك دەكەین بۆ ئەوەی بتوانین لەم ساڵەدا ریفراندۆم ئەنجام بدەین.
* لە چەند رۆژی رابردوو یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆنگرەی خۆی گرێدا، لەم كۆنگرەیەدا ئەمینداری پێشتری یەكگرتوو دووبارە خۆی پاڵاوتەوە و بووەوە بە ئەمینداری یەكگرتوو، هەروەها سەركردایەتییەكی تازەشیان هەڵبژارد، ئێوە وەك پارتی پیرۆزباییتان بۆ ناردن، بەڵام بەشداری كۆنگرە نەبوون، ئایا پێوەندیتان لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی چۆنە؟
- بۆ كۆنگرەی یەكگرتوو، جەنابی سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی بۆ ناردوون، هەروەها كاك نێچیرڤان بارزانی بە تەلەفۆن پێوەندی پێوەكردوون و پیرۆزبایی لێكردوون، مەكتەبی سیاسیش پیرۆزبایی بۆ ناردوون، سەبارەت بەوەشی كە بەشداری كۆنگرەكەیان نەبووین، ئەوان خۆیان هیچ لایەكیان بانگهێشت نەكردبوو، دیارە پێوەندیشمان لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی پێوەندییەكی باشە، ئێستاش كە كۆنگرەیان كردووە و مامۆستا سەلاحەدین بەهائەدین بۆتەوە بە ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، دیارە مامۆستا سەلاحەدین پێشتریش خۆی ئەمینداری یەكگرتوو بووە، پیاوێكی بەئەزموونە و پێشتر مامەڵەمان لەگەڵ كردووە، بۆیە پێشبینی دەكەم پێوەندییەكانمان لەگەڵ یەكگرتوو بەرەو پێشتر بچن.
* بۆچی پێوەندییەكانتان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی سارد و سڕن؟
- كۆمەڵی ئیسلامی حزبێكە بەشدارە لە پەرلەمان و حكومەت، وەزیریان لە حكومەت هەیە، سكرتێری پەرلەمان لای ئەوانە، بەڵام ئەوان بە جۆرێك مامەڵە لەگەڵ پارتی دەكەن، وەك ئەوەی حكومەت و پەرلەمان تەنیا هی پارتی بێت و خۆیان لەدەرەوی پرۆسەكە بن، ئەگەر واقیعییانەش سەیری پێكهاتەی حكومەت بكەین، یەكێتی و گۆڕان دوو هێندەی پارتی پۆستیان لایە، لەلایەكی دیكە كۆمەڵی ئیسلامی ئەگەر شتێكی هەیە لەسەر حكومەت و پەرلەمان، بۆ كە خۆی لەناو حكومەت و پەرلەمانە، لەوێ قسەی خۆی ناكات، بۆیە لەسەر ئەم پرسانە پێوەندییەكانمان ساردن.
* دیارە پرسی ئازادكردنی موسڵیش خەریكە نزیك دەبێتەوە، بەتایبەتی لەم چەند رۆژەی رابردوو پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان زیاتر پێشڕەوییان كردووە بەرەو موسڵ و چەندین ناوچەی دیكەیان ئازاد كردووە، ئەمەش هەندێك چاودێر وەك سەرەتای ئازادكردنی موسڵ سەیری دەكەن، سەبارەت بە ئازادكردنەوەی موسڵ راتان چییە؟
- سەركەوتنەكانی پێشمەرگە لە چەند رۆژی رابردوو زۆر گرنگ بوو، بەتایبەتی لە ناوچەی تەلوەرد ئەو گوندانەیان ئازادكردەوە، بەمەش مەترسییان لە سەر رۆژئاوای هەولێر لابرد كە جاروبار لەو ناوچانەوە تەقە لە سەنگەرەكانی پێشەوە دەكران، بۆ ئازادكردنەوەی موسڵیش بەڵی بەرنامە هەیە، لەبەر ئەوەی بوونی تیرۆریستانی داعش لە موسڵ هەموو كات هەڕەشەیە لەسەر هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆك، بۆیە پێمان باشە موسڵ ئازاد بكرێتەوە، بۆ ئەوەی ئەو مەترسییەی لەسەر دهۆك و هەولێرە زووتر دووربخرێتەوە، بەڵام هەڵوەستەی ئێمە ئەوەیە موسڵ چۆن ئازاد دەكرێتەوە؟ دوای ئازادكردنەوەی موسڵ چۆن ئەو شارە بەڕێوەدەبرێت؟ ئاشكرایە كوردێكی زۆر لە موسڵ ئاوارە بووە و دەركراوە، خۆتان دەزانن رێژەی كورد زۆر زۆرە لە موسڵ و تەنانەت پێشتر دەیانگوت شتێكی ئەوتۆی لە عەرەب كەمتر نییە، بۆیە پرسیار ئەوەیە چۆن ئەو كوردانە جارێكی دیكە دەگەڕێندرێنەوە بۆ ئەو شارە و نیشتەجێ دەكرێنەوە؟ لایەنێكی دیكە ئایا ئەو شارە كێ بەڕێوەی دەبات؟ ئایا رێكدەكەوین بە هاوبەشی بەڕێوەی بەرین، یان تەنیا عەرەبی سوننە بەڕێوەی دەبات، یان حەشدی شەعبی دێتە ناو شارەكە و هەمان كارەساتی تكریت و رومادی دووبارە دەكاتەوە؟ بۆیە مەسەلەی ئازادكردنەوەی موسڵ گرنگە و خۆشحاڵین چەندی زوو ئازاد بكرێتەوە، بەڵام لەوە گرنگتر ئەوەیە لەسەر دوای ئازادكردنی موسڵ رێكبكەوین.
Top