لێدوانەكەی حەیدەر عەبادی بە ناردنی مووچە بۆ كوردستان راست نییە و عێراق خۆی 81 ملیار دۆلار قەرزدارە

لێدوانەكەی حەیدەر عەبادی بە ناردنی مووچە بۆ كوردستان راست نییە و عێراق خۆی 81 ملیار دۆلار قەرزدارە
لەناو ئەو قەیرانە ئابوورییەی رووبەڕووی كوردستان و عێراق بۆتەوە، موزایەدەی سیاسی و دروستكردنی گوشار بۆ سەر هەرێمی كوردستان لەلایەن بەغداوە بەردەوامی هەیە، هەفتەی رابردووش حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر كوردستان نەوتەكەی رادەستی بەغدا بكات، ئەوا بەغدا ئامادەیە مووچەی پێشمەرگە و فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان رەوانە بكات، سەبارەت بەم قسە بێ بنەمایە ئەم وتووێژەمان لەگەڵ پەرلەمانتار ئەحمەدی حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق سازكرد و بەمجۆرە وەڵامی داینەوە.
ئەحمەد حاجی رەشید بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق:لێدوانەكەی حەیدەر عەبادی بە ناردنی مووچە بۆ كوردستان راست نییە و عێراق خۆی 81 ملیار دۆلار قەرزدارە


* هەفتەی رابردو عەبادی رایگەیاند ئەگەر كوردستان نەوتەكەی رادەست بكات، ئەوا ئامادەیە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەستەبەر بكات، ئێوە وەك بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق چۆن لەم مەسەلە دەڕوانن؟
- ئەمە لێدوانێكی ئیستفزازییە و ئامانجی عەبادی ئەوەیە لە رێی جەماوەرەوە فشار لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان دروست بكات، واتە بە قەناعەتی خۆی دەتوانێت بەدیلیان بۆ بدۆزێتەوە، دەیەوێت بڵێت ئەوەتا دەركەوت سەركردەكانی كوردستان كە بانگەشەی ئەوەیان دەكرد، دەتوانن نەوت بەكار بێنن، ئەم كارەیان پێناكرێت و ئاماژەیەكە و دەڵێت ئەگەر نەوتەكە رادەستی من بكەن، ئەوا بەدیلی مووچەتان بۆ دابین دەكەم. بەڵام ئەم قسەیەی عەبادی لە دوو سەرەوە هەڵەیە، چونكە لە لایەك لە یاسای بودجەدا هاتووە كە دەبێت هەرێمی كوردستان رۆژانە 550 هەزار بەرمیل رادەستی حكومەتی عێراق بكات، واتە بەپێی یاسا حكومەتی هەرێم پابەند نییە لەو بڕە نەوتە زیاتر رادەست بكات، بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە ئایا عەبادی باسی ئەو بڕە نەوتە دەكات، یان تەواوی نەوتی هەرێم، چونكە ئەگەر تەنیا 550 هەزار بەرمیلەكە بێت، ئەوا لە یاسای بودجەدا لە سەدا 17 پشكی كوردستان دیاری كراوە، كە لەم مانگەدا پشكەكەیان بەم شێوەیە دیاری كردووە، تەنیا 350 ملیار دینار بۆ مووچە و 41 ملیار دینار بۆ بودجەی بەگەڕخستن و 26 ملیار دەنێرن بۆ بودجەی وەبەرهێنان، كە كۆی هەموویان دەكاتە 417 ملیار دینار بۆ هەموو كوردستان، ئەمە لە كاتێكدا كە هەرێمی كوردستان تەنیا بۆ مووچە پێویستی بە 860 ملیار دینار هەیە. دیوەكەی دیكەی پەیوەستە بەوەی ئایا كوردستانیش دەتوانێت هەموو نەوتەكەی خۆی رادەستی بەغدا بكات؟ بێگومان نەخێر، لەبەر ئەوەی كوردستانیش پابەندە بەو گرێبەستانەی ئەنجامیداون لەگەڵ كۆمپانیاكان كە پێویستە نەوتی كولفەیان پێبدات. كەواتە عەبادی دەزانێت كە كوردستان ناتوانێت هەموو نەوتەكەی رادەست بكات، بۆیە ئەویش ئەو پێشنیارە سەختە بۆ هەرێم دەكات.
* بەڵام بۆچی لە كاتی سەردانەكەی شاندە باڵاكەی كوردستان، بە سەرۆكایەتی حكومەتی هەرێم، بۆ بەغدا عەبادی ئەم پێشنیار و دەستپێشخەرییەی نەكرد؟
- ئەمە پشتڕاستكردنەوەیە بۆ قسەكانی پێشووم، چونكە ئەگەر عەبادی ئامادەیە بۆ رێككەوتن ئەوا با لە كاتی سەردانیكردنی شاندەكەدا ئامادەیی خۆی دەرببڕیایە بۆ ئەنجامدانی هەر رێككەوتنێكی نوێ لەگەڵ هەرێمی كوردستان. لەبەر ئەوە تەنیا ئامانجی ئەو ئیستفزازكردنی هەرێمی كوردستانە.
* باس لەوە دەكرێت جارێكی دیكە شاندێكی كوردستان سەردانی بەغدا بكەن، ئەمە تا چەند راستە؟
- بە باوەڕی من شاندی كوردستان نایەتە بەغدا، خۆ ئەگەر سەردانی بەغداش بكات ئەوا تەنیا بۆ پرسی دیپلۆماسییە، لەبەر ئەوە لە ئێستادا ناتوانێت رێككەوتنێكی ئابووری بكرێت، چونكە ئەوەی كە كراوە چۆتە چوارچێوەی بودجەوە، واتە جگە لەوەی لە یاسای بودجەی ساڵی 2016دا هاتووە هیچ شایستەییەكی دیكە بۆ كوردستان خەرج ناكرێت. كەواتە لە ئێستادا هاتنی شاندی كوردستان بۆ بەغدا لە رووی دروستكردنی گۆڕانكاری لە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستان هیچ بەها و كاریگەرییەكی نابێت.
* ئایا كورتهێنانی بودجەی عێراق چەندە و تا چەند عێراق دەتوانێت مووچەی فەرمانبەرانی خۆی دابین بكات؟
- بودجەی عێراق نزیكەی 22 تریلیۆن كورتهێنانی هەیە و زۆربەی ئەو كورتهێنانەش بە قەرزكردن پڕكراوەتەوە، كە مەرج نییە بتوانێت ئەم قەرزانە بەدەست بێنێت، من كاتی خۆی ئەمەم بە وەزارەتی دارایی راگەیاند و پێموتن ئێوە دەڵێن 5 ملیار دۆلار لە سندوقی نێودەوڵەتی دراو قەرز دەكەین، بەڵام ئایا ئەوان ئامادەن ئەم قەرزە بدەن لە كاتێكدا ئێوە خۆتان 81 ملیار دۆلار قەرزار بن، بە قەرزی ناوخۆی و دەرەكییەوە، لە كاتێكدا هەموو قەرزی ناوخۆییتان بەكارهێناوە و یەدەگی نێودەوڵەتییان لە 84 ملیارەوە – لە ساڵی2013- گەیاندۆتە نزیكەی 50 ملیار لە ئێستادا، كەواتە ئایا ئەو سندوقە ئامادەیە ئەو قەرزە بدات؟ بە دڵنیاییەوە نەخێر، چونكە ئەوە بڕیاردانە لە لایەنێكەوە، ئەم جۆرە بڕیارەش نادرێت ئەگەر خۆی لە خۆیدا دەبێت بڕیارەكە هاوبەش بێت. كەواتە ئەو قەرزەی لە ناو بودجەی عێراقدا دانراوە، قەرزێكی ئەوتۆ نییە و بگرە ناتوانێت لە سەدا 50شی دابین بكات، لەبەر ئەوە ناتوانێت كورتهێنانی بودجە بە قەرزی دەرەكی پڕبكاتەوە. تاكە رێگای بەردەم عەبادی ئەوەیە قەرزی ناڕاستەوخۆ بكات، ئەوەش بازدانە بەسەر یاسادا، چونكە بە پیێ یاسای 56 بانكی ناوەندی ناتوانێت راستەوخۆی قەرز بداتە حكومەتی فیدڕاڵی، بەڵام جۆرێك لە فێڵكردنیان دۆزیوەتەوە، ساڵی پار بانكی ناوەندی 6 تریلیۆن دیناری داوەتە حكومەت لە رێی بانكەكانەوە، ئەم ساڵیش بڕیاری داوە 7 تریلیۆن دیناری دیكە بدات حكومەت، فێڵەكەش لەوەدایە كە بانكی ناوەندی 7 تریلیۆن دینار بە قەرز و بە رێژەیەك لە قازانج دەداتە بانكەكان، ئەو بانكانەش هەڵدەستن بە كڕینی سەنەداتی حكومەت- سەنەداتی گەنجینەی گشتی- كە ئەمە قەرزێكی كورتخایەنە و بۆ ماوەی ساڵێكە، بەم شێوەیە پارەكە دەگەڕێتەوە بۆ حكومەت و حكومەتیش كورتهێنانی بودجەكەی پێ پڕدەكاتەوە، هەر بۆ زانیاریتان ئەم مانگە دوو تریلیۆن و 200 ملیار دیناری سەنەداتی فرۆشتووە.
* ئایا بانكی ناوەندی ناتوانێت هاوكاری حكومەتی هەرێم بكات؟
- لە راستیدا بانكی ناوەندی سێ ئامانجی سەرەكی هەیە، یەكەمیان سەقامگیری ئابووری، واتە جێگیریكردنی نرخی دراو، ئامانجی دووەمیان بۆ سەقامگیركردنی هاوسەنگی –میزان المدفوعات- واتە هاوردە و هەناردە. ئامانجی سێیەم سەرمایەگوزاریكردنە بەم بڕە پارەیەوە لە بوارێكی بەرتەسكدا. كەواتە كاتێك باس لە جێگیركردنی دراو دەكرێت، ئەوا كوردستانیش هەمان دراو بەكار دەهێنێت، كاتێك باس لە -میزان المدفوعات- ئەوا كوردستانیش پشتی پێ دەبەستێت، كە باس لە وەبەرهێنانیش دەكەین، ئەوا ئەمە پارەی دەوڵەتێكی فیدڕاڵییە كە كوردستان بەشێكە لەو دەوڵەتە فیدڕاڵییە، كەواتە كوردستان بە شێوەیەك لە شێوەكان بەشدارە لەمەدا، بەڵام بانكی ناوەندی راستەوخۆ قەرز نادات بە هەرێم. كەواتە ئەگەر عەبادی راستگۆ بوایە ئەوا رێككەوتنێكی لەگەڵ هەرێمدا بكردایە كە چەند بانكێك قەرز لە بانكی ناوەندی وەربگرن و ئەو بانكانەش سەنەداتیان لە حكومەتی هەرێم بكڕیایە، بۆ ئەوەی هەندێ پارەی دەست كەوێت بە قەرز، بەڵام هۆكارێكی سەرەكی رێگر بوو، 42 بانك لە هەرێمدا هەبوون كە هەموو پارەكانیان لە لقی بانكی مەركەزی هەولێر و سلێمانی دانابوو، كە بڕی پارەكەی 6 ترلیۆن دینارە و ئەو بڕەش دەستكاری كراوە و حكومەتی هەرێمیش پارەی نەماوە بیداتەوە، بۆیە بانكی ناوەندی متمانەی نەماوە بەوەی پارە بە قەرز بداتە لقەكانی، بەتایبەتی ئەوانەی لە كوردستاندا هەن، كەواتە كوردستان لە رێگەی بانكی ناوەندییەوە ناتوانێت قەرز وەربگرێت.
* لە بودجەی ساڵی 2016دا پارەیەكی زۆر بۆ حەشدی شەعبی تەرخان كرا و جارێكی دیكە پێشمەرگە بێبەش كرایەوە، خوێندنەوەی ئێوە بۆ ئەم مەسەلەیە چییە؟
كاتێك بودجە پێشنیار كراوە، ئەوا لە ئەنجومەنی وەزیرانەوە هاتووە، واتە لە ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی داراییەوە ئەم تەرخانكردنانە بۆ حەشدی شەعبی كراون، لەبەر ئەوەی حەشدی شەعبی بۆتە واقیعێك لە گۆڕەپانی سیاسی و سەربازیدا و ئێستا لەسەر ئەرزی واقیع حەشدی شەعبی شەڕدەكەن، لەبەر ئەوە بڕێك پارەیان بۆ تەرخان كراوە و دواتر بە موناقەلە لە سەدا 3ی مووچەی فەرمانبەرانی حكومەتی فیدڕاڵی كەم كراوەتەوە و دواتر لە سەدا 60 ئەو پارەیەی لە مووچەكە دەبڕدرێت، بۆ حەشدی شەعبی تەرخان دەكرێت و لە سەدا 40یشی بۆ ئاوارەكان. كە ئێمە بە چوار نوێنەر نەماندەتوانی رێگری لەمە بكەین و تەنیا ئەوەندەمان پێكرا كە ئەگەر مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە بەغداوە رەوان بكرێت و ئەگەر بڕیار بوایە لێی كەم بكرایەتەوە ئەوا ئەو لە سەدا 3یەی لە مووچە كەم دەكرایەوە، تەرخان دەكرا بۆ پێشمەرگە. كەواتە بەڵێ پارەیەكی زۆر تەرخان كراوە كە دەبوو ئەو وەزیرانەی لەسەر پشكی هەرێمن، بەتایبەتی وەزارەتی دارایی رێككەوتنەكەی مانگی 12ی ساڵی 2014یان وەك بڕگەیەك داخڵ بكردایە، كە بە پێی ئەو رێككەوتنە یەك ملیار و 200 ملیۆن تەرخان بۆ پێشمەرگە دەكرا.
Top