هەتا ئێستا ئێران بەشێكە لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەك لایەنێك بۆ چارەسەری كێشەكان

هەتا ئێستا ئێران بەشێكە لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەك لایەنێك بۆ چارەسەری كێشەكان
پڕۆفیسۆر مەنسووری موعەدەل ئوستادی سیسیولۆژییە لە زانكۆی نیشتمانی لە ماریلاند و تایبەتمەندە لە دیراساتی تیرۆر و چۆنیەتی وەڵامدانەوەی تیرۆریستان. بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تیكەڵاوبوونی كارتەكان لەلایەن سعودیە و ئێران و دەستێوەردانیان لە بارودۆخی ناوچەكە،چەند پرسێاریكمان ئاراستەی كردو بەمجۆرە وەڵامی گوڵان-ی دایەوە.
مەنسووری موعەدەل تایبەتمەند لە تیرۆر و وەڵامدانەوەی تیرۆریستان بۆ گوڵان:هەتا ئێستا ئێران بەشێكە لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەك لایەنێك بۆ چارەسەری كێشەكان




* بارودۆخی سووریا گەیشتووەتە ئاستێك كە بە ئامرازە سیاسییەكان چارەسەر ناكرێت، هەرچەندە شەش زلهێزەكەی جیهان هەوڵدەدەن ئەسەد و ئۆپۆزیسیۆنی سووریا بە یەك بگەن، بەڵام وا دەردەكەوێت ئەو هەوڵانە بێئەنجام و بێسوود بێت، هەروەك لە كۆنفرانسی جنێڤ بینیمان. پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر بارودۆخی سووریا وەك خۆی بمێنێتەوە، پێتوا نییە ئەوە بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڕەشەی گەورە دەبێت؟
- بارودۆخی سووریا تراژیدییە، بەڵام بێ هیوا نییە. ئەوەی لەماوەی ئەم چەند ساڵەی رابردوو لەو وڵاتەدا بینیومانە دەرئەنجامی ئەو تێگەیشتنە هەڵەیەیە كە دەتوانرێت بە تیرۆر حوكمداری بكرێت و هەروەها رژێمێكی تیرۆر لە رێی تیرۆرەوە بڕووخێت. وەك دەبینی ئەنجامەكان ئەوە بوون سەدان هەزار خەڵك ژیانیان لەدەستدا و ملیۆنان ئاوارە بوون، یان ناچاركراون وڵاتیان بەجێ بهێڵن و ژێرخانی ئابووری وڵاتیش تەواو وێران كراوە. بۆیە لەوانەیە چارەسەری سیاسی تەنیا رێگە و تەنیا هیوای گەڕانەوەی سەقامگیریی سیاسی بێت لە وڵاتدا. ئەوەی بەڕاستی هەڕەشە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات، جەنگی تائیفیی نێوان شیعە توندڕەوەكان بە سەركردایەتی ئێران و سوننە توندڕەوەكانە كە لە لایەن سعودیە و وڵاتانی كەنداوەوە پاڵپشتی دەكرێن، رەفتاری كاراكتەرانی دیكە و لە ناویشیاندا سەركردایەتی تورك و كوردیش گرنگن لە ئاڕاستەكردنی ناوچەكە بەرەو ئاشتی، یان ناكۆكیی بەردەوام. رۆژئاواش دەبێت لە نزیكەوە بایەخ بەو وڵاتانە لە ناوچەكەدا بدات كە دەرفەتی باشتریان هەیە بۆ بنیادنانی دیموكراسییەكی جێگیر. بۆ نموونە تونس یەكێكە لەو وڵاتانە. توێژینەوەكانمان پیشانی دەدەن كە خەڵكی تونس لێبوردەترین خەڵكن لە رووی ئایینییەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیادا. ئەگەر تونس سەركەوێت لە سەقامگیركردنی وڵات و پێشخستنی بارودۆخی ئابووری، ئەوا دەبێتە مۆدێلێك بۆ سەرجەم ناوچەكە كە لاسایی بكەنەوە. بڕوانە:
http://umdrightnow.umd.edu/news/umd-led-survey-reveals-religious-tolerance-and-declining-extremism-tunisia.
* نەبوونی دیموكراسی، یان ئەلتەرناتیڤە ناوەندگیرەكان یەكێكە لەو هۆكارانەی كە بارودۆخەكە رۆژ بە رۆژ بەرەو خراپی دەبات، ئەمەش واتە ئەگەر بەشار ئەسەد لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، ئەوا وەك تاوانباری جەنگ مامەڵەی لەگەڵدا دەكرێت، لەبەر ئەوەی سەدان هەزار خەڵكی مەدەنی كوشتووە. ئەگەر رژێمەكەش بڕووخێندرێت، ئەوا نازانین كێ جێی دەگرێتەوە. ئەگەر داعشیش تێكبشكێندرێت، ئەوا قۆناغی پاش داعش قۆناغی ناكۆكی نێوان رۆژئاوا و رووسیا دەبێت. ئایا لەم بارەدا هیچ هیوایەك ماوە؟
- هەوڵەكان لە سووریادا بۆ سەقامگیركردنی وڵات دەبێت لەسەر ستراتیژێكی دوولایەنە بێت. یەكەم هەوڵێكی سیستەماتیكی و بەردەوامە بۆ شەڕكردن لەگەڵ ئیسلامییە توندڕەوەكان و تێكشكانی داعش بەتایبەتی. دووەمیشیان گەڕانە بە شوێن ئەلتەرناتیڤێك بۆ رژێمی ئەسەد كە لەكارلابردن و دادگاییكردنی بەشار ئەسەدیش بگرێتەوە.
* بۆ دوو ساڵە داعش سێ یەكی عێراق و سووریای داگیركردووە و ئەو دوو وڵاتە چیتر سەروەرییان نەماوە و بەم داگیركارییەی داعشیش سوننە و شیعەكان ناتوانن چیتر بە یەكەوە بژین، لەو دۆخەدا تا چەند پێداگریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر یەكگرتوویی عێراق و سووریا دەبێتە هۆی كۆمەڵكوژی گەورە لە نێوان سوننە و شیعەكان لە ناوچەكەدا؟
- عەرەبە سوننەكانی عێراق دەبێت ئۆتۆنۆمییەكی بەرچاویان هەبێت و ئیعترافیان پێ بكرێت لەلایەن سەركردایەتی شیعەوە بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی خۆیان بۆ ئەوەی بتوانن وەك هاوبەشێكی بەرچاو بن بۆ شەڕ لە دژی داعش.
* لە سەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، داعش هەڕەشەیە بۆ سنوورەكان لە سووریا و عێراقەوە بگرە تا دەگاتە دەوڵەتانی كەنداو و باكووری ئەفریقیا، لەهەمانكاتدا دەستێوەردانێكی زۆری ئێرانی هەیە كە سعودیەی زۆر نیگەرانتر كردووە لە هەڕەشەكانی داعش، بەڵام وڵاتانی باكووری ئەفریقیا وەك میسر و تونس و لیبیا داعش وەك هەڕەشەی سەرەكی دەبینن. تا چەند دەستێوەردانی ئێران زیاتر بارودۆخەكەی ئاڵۆزكردووە و هەوڵەكانی وڵاتانی ناوچەكەی بۆ تێكشكانی داعش كەم كردووەتەوە؟
- بەداخەوە ئێران تا ئێستا بەشێك بووە لە كێشەكان، نەك چارەسەرەكان.
* شارەزایانی سیاسیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێیانوایە دەستێوەردانی ئێران پێویستە سنووردار بكرێت و شەڕە بەوەكالەتەكان كۆتایی پێ بێت، لەبەر ئەوەی ئەگەر تەنانەت داعشیش تێكبشكێت، ئەوا ئێران دەوڵەتێكی ئیسلامی مەزهەبی لە سووریا و عێراقدا درووستدەكات كە جێی داعش بگرێتەوە، بەڕای تۆ دەكرێت بژاردەی سێیەم بێتە ئاراوە كە دەوڵەتێكی سێكیولار و دیموكراسی بێت؟
- ناتوانرێت داعش تێكبشكێندرێت بەبێ سەیركردنی ئاواتە ناوچەییەكانی تاران. مەرجەكانی تێكشكانی داعش لەوەدایە كە رۆڵی وێرانكەری باڵی توندڕەوی حكومەتی ئێرانی لاوازبكرێت، بەتایبەتی رۆڵی گاردی شۆڕشگێرانی ئیسلامی ئێران.
Top