بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و قارەمانی هێزی پێشمەرگە شنگال ئازاد كرا
November 19, 2015
دیمانەی تایبەت
ئازادكردنی شنگال بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و لەسەر دەستی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان، وەرچەرخانێكی گەورەی لە ستراتیژیەتی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی بۆ تێكشكان و لە ریشەهەڵكێشانی تیرۆریستانی داعش دروستكرد. ئازادكردنی شنگال بەڵێنی سەرۆك بارزانی بوو بۆ كوردانی ئێزیدی و تۆڵەكردنەوە بوو لە تیرۆریستانی داعش. رۆژی ئازادكردنی شنگال ئەگەر بۆ گەلی كوردستان و تەواوی هاوپەیمانانی دژەتیرۆر رۆژێكی مێژوویی بێت، ئەوا بۆ كوردانی ئێزیدی ئەم رۆژە بۆتە جەژنێكی مێژوویی و وەك جەژن سەیری دەكەن. بۆ قسەكردن لەسەر بایەخی ئەم سەركەوتنە و بەرنامەی داهاتوو بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال، گوڵان ئەم دیمانە تایبەتەی لەگەڵ مەحما خەلیل قائیمقامی شنگال ئەنجامداوە و بەمجۆرە سەبارەت بەم سەركەوتنە گەورەیە و بەرنامەی داهاتوو بۆ بونیادنانەوەی شنگال هاتەئاخاوتن.مەحما خەلیل قاسم قائیمقامی شنگال بۆ گوڵان:بە سەرپەرشتیی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و قارەمانی هێزی پێشمەرگە شنگال ئازاد كرا
* دوابەدوای تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شنگال و هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و پەیامەكەی جەنابی سەرۆك بارزانی، ئایا خوێندنەوەت بۆ رەوشەكە چییە؟
- ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی شنگال لە بەرژەوەندیی هەموو مرۆڤایەتییدا بوو، داخوازی و ئومێدی گەورەی خەڵكی شنگال بوو، بە ناوی خەڵكی شنگال و ئیدارەی شارەكە زۆر سوپاسی خوای گەورە دەكەین بۆ سەلامەتیی پێشمەرگە و ئەو هێزەی شنگالی رزگاركرد، ئەمڕۆ شنگال بە پلان و ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی بە سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆك بارزانی بوو، بە پشتیوانیی پێشمەرگە و لەسەر داخوازیی خەڵكی شنگال و ئێزیدی چیای شنگال بوو، كە داوامان كردبوو شنگال بە زووترین كات رزگار بكرێت، بەڵێنیشمان دابوو كە هیچ بستێك لە خاكی شنگال و دەوروبەری لە ژێر دەستی داعشی تیرۆریست نەمێنێت، بۆیە رزگاركردنی شارێكی وەك شنگال لە ماوەی كەمتر لە 48 سەعاتدا پەیامێكە كە پێشمەرگە دەتوانێت شەڕی داعش بكات و دوژمن لەو دەڤەرە وەدەربنێت، كە سوپای دیكە بە چەند ساڵ ناتوانێت شارێكی وەها رزگار بكات، پەیامێكە بۆ ئەو خوشك و دایكانەی كە لە ژێر دەستی داعشدان، پەیامێكە بۆ گەڕاندنەوەی كەرامەت بۆ خەڵكی شنگال وەك پایتەختی ئێزیدییان، وەك شنگال كە هێمای مرۆڤایەتییە، هەروەها ئومێد دەكەین كە شنگال ببێتە پارێزگایەك وەك داخوازییەكی خەڵكەكە، هەتا ئەگەر نەكرێتە پارێزگاش پێویستە جینۆساید ببێتە ناسنامەی شنگال، دەبێ كۆنفرانسێك بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارەكە ببەسترێت، هەوەها قەرەبووی مەعنەوی و ماددی خەڵكی شنگال بكرێتەوە، لە رووی خزمەتگوزاریشەوە سندووقێكی نێودەوڵەتی بۆ دابمەزرێ، دەزانین كە بەغدا هیچ هاوكارییەكی نەكردووە و ناشیكات، داوادەكەین بە زووترین كات پرۆسەی ئاوەدانكردنەوەی شارەكە دەست پێبكات، خەڵكەكە بگەڕێتەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و قەرەبووی هەژارەكان بكرێتەوە، لە هەمووش گرنگتر وەك داخوازییەكی خەڵكی شنگال و بەتایبەتی ئێزیدیان و چیای شنگال كە سونبلی ئایینی ئێزیدییانە دیلەكانمان لە ژێر دەستی داعش رزگار بكرێن، ئێمە پێمانوایە ئەم رزگاركردنە جەژنێكی نەتەوەیی و ئایینی و نیشتمانییە، هەروەها بەو رزگاركردنە هەیبەت و كەرامەتی داعش كەوتە ژێر پێڵاوی پێشمەرگە و رێگەی ستراتیژیی نێوان رەققە و مووسڵ پچڕا.
* بەشداریكردنی راستەوخۆی جەنابی سەرۆك بارزانی تا دواساتی رزگاركردنی شنگال و وتە بەنرخەكانی چ پەیامێكی بە جیهان گەیاند؟
- وتارەكەی جەنابی سەرۆك دووپاتكردنەوەی بەڵێنەكەی بوو كە بەر لەساڵێك بە ئێزیدییانی راگەیاند، كە یان رزگاركردن، یان مردن، بەڵێنیشی دا بارەگایەكی تایبەت لە رۆژئاوای دیجلە لەبەر خاتری رزگاركردنی شنگال دابنرێت، ئەوەبوو بەڵێنەكەی بەجێهێنا، بەیاننامەكی جەنابی سەرۆك پەیامێك بوو بۆ ئەوانەی لە جینۆسایدی شنگال ئەگەر دەستیان نەبوو، یان هاوكاریی تیرۆریستانیان نەكردبوو، ببەخشرێن، بەڵام ئەوانەی دەستیان لەم كارەساتەدا هەبوو لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەكرێت و بە هیچ شێوەیەك لێیان نابوورین. پەیامێكە بۆ ئێزیدییان كە پشتیوانییەكتان هەیە ئەویش سەرۆك بارزانی و هەرێمی كوردستانە و هەمیشە پارێزگاریتان لێدەكرێت، هاوكات پەیامێك بوو كە هیچ هێزێكی دنیا ناتوانێت ئایینی ئێزیدی لەناو ببات. ئەوە پەیامێكە بۆ ئەوەی كە شنگال شاری ئێزیدییانە و چیای شنگالیش سونبلی نەتەوەییە، بۆیە پێویستە خزمەتێكی بەرچاو بكرێت و بە زووترین كات ئاوەدان بكرێتەوە.
* وەك بەشداربوویەك لەو ئۆپەراسیۆنە جگە لە هێزی پێشمەرگە و فڕۆكەكانی هاوپەیمانان هیچ هێزێكی دیكە بەشداربوون؟
- پێش دەستپێكردنی پرۆسەی ئازادكردنی شنگال، هێزی یەپەگە ئاستەنگی دەخستە بەردەم پێشمەرگە، بۆیە هێزی پێشمەرگە لەسەر داوای جەنابی سەرۆك و خەڵكی ئێزیدی شنگال بۆ پشتیوانی هاتنە ئەم دەڤەرە. بەمجۆرە هێزی بەشداربوو لە ئۆپەراسیۆنەی رزگاركردنی شنگال بریتی بوون لە، هێزی فەرماندەی چیای شنگال، هێزی ئاسمانی هاوپەیمانان، تەنانەت هەندێ راوێژكاری ئەمریكی بۆ پێدانی راوێژ لێرە ئامادەبوون و هەمانگییان لەگەڵ هێزی پێشمەرگە و فڕۆكەكانی هاوپەیمانیدا هەبوو. هیچ هێزی دیكەی لێ نەبوو، ئەوەی هەندێ میدیا باسی دەكات بە بەشداریی هێزی دیكە بۆ بەرژەوەندیی سیاسییە و لە راستییەوە دوورە، چاویان بە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە هەڵنایەت و ناشتوانن بەرگری بكەن و شنگال رزگار بكەن.
* هۆكاری ئەوەی كە شنگال لە ماوەی كەمتر لە 48 سەعات لە دەستی ئەو هێزەی تیرۆریستانی داعش رزگاركرا، چی بوو؟
- ئەم پرۆسەیە بە سەرپەرشتیی سەرۆك بازانی و ژووری ئۆپەراسیۆن و پلانی تۆكمە بوو، هەروەها ورەی بەرزی پێشمەرگە و خەڵكەكە بوو، كاتێ ئێمە چووینە ناو شنگال بینیمان چۆن دوژمن تەرم و چەكەكانیان بەجێهێشتبوو، ئەمە هەمووی لە ئازایەتی و بوێریی سەرۆك بارزانی و پێشمەرگەوە سەرچاوەی گرتووە، من وەك قایمقامی شنگال بە چاوی خۆم دیت بەرپرسی میحوەر بەر لە هەڤاڵانی پێشمەرگە هێرشی دەبرد، بۆیە تا رزگاركردنی شارەكە بەردەوام سەرۆك بارزانی سەرپەرشتیی دەكرد، هاوكات فڕۆكەكانی هاوپەیمانان بەشدارییەكی بەرچاویان هەبوو بەدرێژایی ئەو 47 سەعاتە بە ئاسمانەوە بوون و لە دوژمنیان دەدا، هەماهەنگییەكی رێكوپێك هەبوو، تەنانەت 50 تیرۆریستی داعش هەڵاتنە ناو دۆڵێكەوە بەڵام زانیاریمان دایە هاوپەیمانان و توانرا هەموویان لەناو ببرێن و هیچ كەسیان رزگاریان نەبوو.
* هەڵكردنی ئەو ئاڵا گەورەیەی كوردستان لە سەر سایلۆی شنگال و بڕیاری سەرۆك بارزانی كە لە شنگال هیچ ئاڵایەك هەڵنەكرێت جگە لە ئاڵای كوردستان، ئەمە چی دەگەیەنێت و چۆن دەتوانین بیپارێزین؟
- هەر دەیپارێزین، ئەمە مانای وایە كە شنگال بەشێكە لە هەرێمی كوردستان لە رووی سیاسی و جوگرافی و دەستووری و یاسایی و نەتەوەییەوە، هەروەها بەسە بۆ شنگال كە باجی خۆی بدات و رزگاربێت لە كێشەو ململانێی سیاسی، هەروەها دەمانەوێ ئەو ئاڵا پیرۆزە بۆ هەموو كوردستان بێت، هەر مرۆڤێكی كورد رێز لە كارەسات و جینۆسایدی شنگال بگرێت، تاكو هەموو مرۆڤێك رێز لە میللەتی كورد بگرێت، بەرزكردنەوەی ئاڵای كوردستان لە شنگال نیشانەی قوربانیدان و خوێنی شەهیدانی پێشمەرگەیە كە توانیویەتی بە درێژایی پتر لە هەزار كیلۆمەتر لە بەرامبەر تیرۆریستانی دڕندەی داعش بەرگریی لە میللەتی كورد بكات، ئەمە ئاڵای ئاوەدانكردنەوەیە و هیچ جارێكیش قبووڵ ناكەین شنگال بێتە ململانێی سیاسی و با هیچ حزبێكی سیاسی ئاڵای خۆیان بەرزنەكەنەوە و ئەم ئاڵایە ئاڵای هەموو میللەتی كوردە و ئومێدەوارین لەسەر هەموو خاكێكی كوردستان بەرز بكرێتەوە.
* ئەگەر لە دوای ئەم پرۆسە سەركەوتووەی ئازادكردنی شنگال، بگەڕینەوە بۆ هۆكاری داگیركردنی شنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە، ئایا هۆكارەكەی چی بوو؟
- دوای ئەوەی لە 3ی ئابی 2014 شاری شنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعش داگیركرا، گوشاری گەورە كەوتە سەر چیای شنگال، تیرۆریستانی داعش بۆیە هێرشیان كردە سەر شنگال لەبەر ئەوەی شنگال شوێنێكی پیرۆزە بۆ ئێزیدییان و ئاینی ئێزیدییش كۆنترین ئایینە و ئێزیدییەكان لە چوارچێوەی ئەم ئایینە خوداناسی خۆیان كردووە، بۆیە ئامانجی تیرۆریستانی داعش ئەوە بوو كوردانی ئێزیدی هەموویان لەناو بەرن و ئەم ئایینە نەهێڵن، بەڵام سوپاس بۆ خوا نەیانتوانی، لەبەر ئەوەی خودا پشتیوانی ئێمە بوو، وەك لایەنی نەتەوەیش ئێمە كوردین و كوردستان پشتیوانمان بووە، بێگومان ئەمە جاری یەكەمیش نیە كە دوژمنان هەوڵیان دابێت ئێزیدی لەناو بەرن، بەڵكو پێشتریش دەیان جار هەوڵ دراوە، بەڵام ئێزیدی لەبەر ئەوەی بڕوای بە ئایین و نەتەوەی خۆی هەیە، خەونی دوژمنان نەهاتۆتەدی.
هۆكاری سەرەكی بۆ ئەوەی ئەمجارە ئێزیدی نەیتوانی بەرگری لە خۆی بكات، ئەوەبوو هەتا 3ی ئابی 2014 هیچ ئامادەكارییەك نەكرابوو، گەنج و پیاوانی ئێزیدی ریكنەخرابوون و مەشقی سەربازییان پێ نەكرابوو، ئەو هێزەی لەوێ بوو وەك پێویست نەیتوانی بەرگری لە شنگال بكات، بەڵام پاش ئەوەی شنگال داگیركرا و چووینە چیای شنگال، ئەوا جوامێرەكانی ئێزیدی لە چیای شنگال بەرگرییان كرد و داعش هەموو خەونی ئەوە بوو چیای شەنگال داگیر بكات، بۆ ئەمەش زیاتر لە 500 هێرشیان كرد، بەڵام بە پشتگیری جەنابی سەرۆك بارزانی هەموویان تێكشكان و نەیانهێشت یەك بستیش لە بناری چیای شنگال بكەوێتە دەستی تیرۆریستانی داعش. لە رۆژی 5ی ئابی 2014 سەرۆك بارزانی بە شەخسی پێوەندی پێوەكردین و ئەو زۆر بەو كارەساتە دڵتەنگ بوو، راشكاوانە پێی گوتین ئەو كارەساتەی بەسەر شنگال هاتووە لە ئەنفال و هەڵەبجە بە ئازارترە، بۆیە جەختی لەسەر ئەوە كردەوە بە هەر شێوازێك بێت دەبێت رێگەیەك بكەینەوە بۆ چیای شەنگال، لەبەر ئەوەی نزیكەی 200 هەزار كەس لە چیای شنگال ئاوارە ببوون، بۆیە لەو كارەساتەدا هەر كەسێك هاوكاری ئێمەی كردبێت، ئێمە سوپاسی دەكەین، هەرچۆنێك بێت توانرا ریگەی سووریا بكرێتەوە و خەڵكەكە بگەنە ناو پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان. لە هەرێمی كوردستان خەڵكەكە زۆر بە جوامێری و بە هەموو شێوەیەك هاوكاریان پێشكەشی ئاوارەكانی ئێزیدی كردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە ئەركی نیشتمانی و نەتەوەیی و ئەخلاقی خۆیان بە جێ هێناوە.
* ئاماژەت بەوە كرد كە سەرۆك بارزانی لە دوای كارەساتەكە راستەوخۆ بە شەخسی هاتۆتە ناو ئەم پرسە و خۆی راستەوخۆ سەرپەرشتی ئەو كەیسەی كردووە. ئایا سەرۆك بارزانی چۆن مامەڵەی لەگەڵ ئەم كارەساتە گەورەیە كرد؟
- لە سەرەتای ئەم كارەساتە جەنابی سەرۆك بارزانی زۆر لە خەمی ئەوەدا بوو، رێگەیەك بكاتەوە بۆ ئاوارەكانی چیای شنگال بۆ ئەوەی ئەو ئاوارانە رزگار بكات، دوای ئەمە داوامان لە سەرۆك بارزانی كرد، هێزێك لە گەنجان و پیاوانی ئێزیدی پێكبهێنن و ئەم هێزە مەشق و راهێنانی پێبكرێت و ئیمكانییەت و چەكی بۆ دابین بكرێت و سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بێت، جەنابی سەرۆك لەسەر پێكهێنانی ئەم هێزە رەزامەندی پیشاندا و هەموو پشتگیرییەكی بۆ تەرخان كرد، ئەم هێزەش تەنیا بۆ پاراستنی شنگال نییە، بەڵكو بۆ بەرگریكردنە لە هەموو خاكی كوردستان، بەڵام لە ئێستادا ئەركیان ئازادكردن و پاراستنی شنگال دەبێت، بۆ ئەم هێزە كە ئێستا نزیكەی 7000 پێشمەرگەیە، دابەشكراون بە سەر 13 فەوجدا و فەرماندەیەكی لە جوامێرەكانی شنگال بۆ دیاریكراوە كە هەڤاڵ قاسم شەشۆ -یە، لەماوەی ئەم ساڵەدا ئێمە وەك ئێزیدی 1000 شەهیدمان داوە، زیاتر لە 5000 ژن و كچ و پیاوی ئێزیدی لە دەستی تیرۆریستانی داعش دیلن و ئەمەش بۆ خۆی كێشەیەكە و دەبێت هەموو هەوڵەكان بخرێتە گەڕ بۆ ئەوەی چارەنووسی ئەو خەڵكانەش یەكلایی بكرێتەوە.
* ئەگەر باس لە گرنگیی جوگرافیای شنگال بكەین، ئایا شنگال لە رووی جوگرافییەوە چ گرنگییەكی هەیە، بەتایبەتی بۆ تێكشكاندنی تیرۆریستان؟
- شنگال لە رووی جوگرافی و ستراتیژییەوە زۆر گرنگە، بۆیە گرنگترین خاڵ ئەوەیە چۆن ئەم ناوچە ستراتیژییە گرنگە دوای ئازادكردنی پارێزگاری بكرێت، لەم لایەنەوە وەك پێشتر ئاماژەم پێكرد لەدوای داگیركردنی شنگالەوە شەخسی سەرۆك بارزانی خۆی سەرپەرشتی میحوەری شنگال دەكات، ئەم سەرپەرشتییە راستەوخۆیەی جەنابی سەرۆك و ئامادەباشی لە بەرەكانی شەڕ، بووە هۆكاری بەرزكردنەوەی مۆراڵی پێشمەرگە و بەرزكردنەوەی مۆراڵی ئێزیدییەكان بۆ ئەوەی بە گیان و دڵ بەرگری بكەن، بۆ ئەمەش ماوەی ساڵێك زیاترە لە میحوەری رۆژئاوای دیجلە بارەگایەكی تایبەتی هەیە، راستەوخۆ لەو بارەگایەوە سەرپەرشتی میحوەری شنگالی كردووە، لە قۆناخی یەكەمدا ئەوە بوو بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی چیای شنگال ئازاد كرا و خۆی لە 20ی 12ی 2014 لەسەر چیایی شنگال رایگەیاند و بەڵێنی پێداین كە رێگە نادات یەك بستی شنگال بەدەستی تیرۆریستانی داعش بمێنێتەوە، بۆ ئەمەش وەك هەموو جیهان بینی لە یەك دوو رۆژی رابردوو جەنابی سەرۆك بارزانی بەڵێنەكەی خۆی بەجێهێنا و لە ناو شنگالەوە ئازادكردنی شنگالی بە كوردستان و جیهان راگەیاند. شنگال بۆ ئێمەی ئێزیدی هێمایەكی پیرۆزی ئایینی ئێزیدییە، لەبەر ئەوەی دانیشتووانی شنگال 70%یان ئێزیدیین، هەروەها مەرقەدی شیخ شەرەفەدین لە بناری چیای شنگالە، بۆیە بۆ ئێمە وەك ئێزیدی، شنگال پیرۆزە و رۆژی ئازادكردنەكەشی وەك جەژن وایە لامان و وەك جەژن ئاهەنگی بۆ دەگێڕین، لە رووی سەربازی و ستراتیژییەتی هاوپەیمانانیش بۆ تێكشدانی تیرۆریستانی داعش، ئێمە لەگەڵ باڵیۆزەكانی ئەمریكا و بەریتانیا و فەرەنسا كۆبووینەوە، هەموو جار سەبارەت بە گرنگیی شنگال ئاماژەیان بەوە كردووە، لە عێراقدا سێ شوێن بۆ تێكشكانی تیرۆریستانی داعش ستراتیژین، ئەو سێ شوێنەش بریتین لە رومادی، بێجی، شنگال، بەڵام بایەخی ستراتیژی شنگال لە دوو شوێنەكەی دیكە زیاترە، ئەمەش لەبەر ئەوەیە بە ئازادكردنەوەی شنگال دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی لە عێراق و سوریا دوو لەت دەبێت، لەماوەی ئەم یەك دوو رۆژەشدا كە شنگال ئازادكراوە لەسەر دەستی پێشمەرگە، خۆمان بە چاوی خۆمان دەبینین جیهان چۆن بایەخ بەم سەركەوتنەی پێشمەرگە دەدەن و وەك داستانێكی گەورە پێناسەی دەكەن.
* ئێوە وەك قائیمقامی شنگال خۆتان بۆ ئازادكردنی شنگال ئامادەكردبوو، لە هەمانكاتدا دەبێت پلان و بەرنامەشتان هەبێت، بۆ بەڕێوەبردنی شنگال دوای ئازادكردنەوەی، واتە تا چەند خۆتان ئامادە كردووە بۆ ئەوەی ژیان بگەڕێتەوە بۆ شنگال و ئاوارەكان بگەڕێنەوە؟
- لە پرۆسەی ئازادكردنی شەنگالدا جەنابی سەرۆك بارزانی پشتیوانی سەرەكی بووە، لە پرۆسەی بونیادنانەوە و دووبارە گێڕانەوەی ژیانیش بۆ شنگال هەر پشتیوانی سەرەكی دەبێت، هەروەك لە پەیامەكەی دوای ئازادكردنەوەی شنگال رایگەیاند، ئێمەش هەر لە روانگەی ئەو پشتگیرییەی سەرۆك بارزانی بەرنامە و پلانمان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال داڕشتووە، كە دەكرێت لەچەند خاڵێك ئاماژەی پێبكەم:
1. لە شنگال زیاتر لە 400 هەزار هاووڵاتی ئێزیدی ئاوارە بوون و ئێستا ئەم ئاوارانە لە ناو كەمپەكانن لە هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەپێی ئیمكانییەتی خۆی درێخی نەكردووە لە هاوكاریی ئێزیدییەكان، بەڵام پێداویستییان زۆرە، حكومەتی عێراق شەرمەزارە لەو كارەساتەی بەسەر ئێزیدییەكاندا هات، لەبەر ئەوەی هیچ هاوكارییەكی نەكردووین، تەنانەت ئەو قەرەبووەشی كە بری یەك ملیۆن دینار بۆ هەر خێزانیك، ئەویش 10% هاووڵاتیانی ئێمە وەریاننەگرتووە، هەروەها هەر خۆم داواكارییەكم داوەتە حكومەتی عێراق سەبارەت بە پێداویستی ئاوارەكان و 22 داواكارییە، بەڵام هەتا ئێستاش وەڵامی یەك داواكارییان نەداوەتەوە.
2. بەرنامەمان هەموو هەوڵێك بخەینە گەڕ بۆ ئەوەی بە هاوكاری لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵی شنگال بكەینە پارێزگایەك لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستان، ئەم پارێزگایە ئەگەر وەك ناوچەكانی ماددەی 140 یش مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ئەوا خەڵكی شنگال بریاردەدەن لەگەڵ هەرێمی كوردستان بن، ئەوەی ئێستا دەبینین خوێنی شەهیدەكانمان كارەساتە گەورەكەمان بڕیاری داوە بەشێك بێت لە هەرێمی كوردستان.
3. بەرنامەمان هەیە هەموو هەوڵی هەرێمی كوردستان بخەینەگەڕ بۆ ئەوەی لە سەر ئاستی نێودەوڵەتی كارەساتی ئێزیدییەكان بە ژینۆساید بناسرێت، بۆ ئەوەی گەرەنتییەكی نێودەوڵەتی دروست بێت و جارێكی دیكە كارەساتی لەو شێوە بەسەر كوردی ئێزیدی و هەموو نەتەوەی كورد نەیەتەوە.
4. بەرنامەمان هەیە چەندین پرۆژەی ستراتیژی گرنگ لە شنگال دەست پێبكەین، هەروەها هانی وەبەرهێنان بدەین بۆ ئەوەی بێنە شنگال و لێرە وەبەرهێنان بكەن.
5. بەرنامەمان هەیە ژێرخانی خزمەتگوزاری سەرەكی سەرلەنوێ لە شنگال رێك بخەینەوە و شنگال بگاتە ئەو ئاستەی شایستەی هاووڵاتیانی بێت.
6. هەوڵەكانمان دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی سندوقێكی خەیری نێودەوڵەتی بێتە دامەزراندن، بۆ ئەوەی هەر كەسێ بیەوێت هاوكاری بونیادنانەوەی شنگال بكات لە رێگەی ئەو سندوقەوە هاوكاری بكات، بۆ ئەمەش داوا لە سەرجەم رێكخراوە خێرخوازەكانی جیهان و ناوخۆی كوردستان و حزبە سیاسییەكانی كوردستان دەكەین، زۆر بە جددی هاوكاری ئەم سندوقە بكەن.
7. لایەنێكی دیكە كە بۆ خەڵكی شنگال قەرەبووكردنەوەی مەعنەوییە، ئەوەیە هەندێك لە هاووڵاتیانی عەرەبی شنگال و دەوربەری شنگال هاوكاری تیرۆریستانی داعشیان كردووە و بوونە دەلیل بۆ ئەوەی ئەو كارەساتە بەسەر ئێزیدییەكاندا بهێنن، ئێمە لەو خەڵكانە خۆش نابین و دەبێت بە یاسا بە سزای خۆیان بگەن و لەو ناوچەیە نەمێنن.
* هەر سەبارەت بە پرۆسەی ئازادكردنەوەی شنگال، هەندێك قسە هەبوون بەهۆی هەندێك ئاستەنگەوە پرۆسەی ئازادكردنی شنگال دواكەوت، لە هەمانكاتدا پێشتر پەكەكە باسی لە كانتۆنی شنگال دەكرد، ئایا ئێوە وەك ئێزیدی و خاوەنی شنگال چۆن سەیری ئەو ئاستەنگانەتان دەكرد بۆ ئازادكردنی شنگال دروست دەكران، هەروەها راتان چییە لەسەر مەسەلەی بە كانتۆن كردنی شنگال؟
- پێش ئەوەی بێمە سەر باسی ئەو ئاستەنگانەی -پەكەكە و یەپەگە- كە بۆ پرۆسەی ئازادكردنەوەی شنگال دروستیان كرد، دەخوازم لەسەر پرسی كانتۆنەكان قسە بكەین، دیارە ئێمە لە عێراقدا دەستوورمان هەیە، هەروەها یاساشمان هەیە. لە دستووری عێراقدا شتێك نییە ناوی كانتۆن بێت، بەپێی یاسای پارێزگاكانیش، ئەوا دیسان شتێك نییە ناوی كانتۆن بێت، بۆیە ئەو قسانەی پەكەكە لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە قسەی بێ بنەمان و من لام سەیرە. ئەسڵەن پارێزگای موسڵ (بەو سیفەتەی شنگال هەتا ئێستا قەزایەكە سەر بە موسڵ) لەسەر ئەو پرسە بێدەنگ بوون، بۆیە خەڵكی شنگال سەرلەبەری ئەو قسانە رەددەكاتەوە، خەڵكی شنگال هەنگاو بۆ ئەوە هەڵدەگرێت، شنگال ببێتە پارێزگا و وەك بەشێك لە هەرێمی كوردستان بێت. بەداخەوە لە دەستپێكی بەرنامەی ئازادكردنی شنگال، یەپەگە و پەكەكە ئاستەنگیان بۆ ئازادكرنی شەنگال دروستكرد، ئێمە وەك ئێزیدی حەزمان لە شەڕی براكوژی نییە، لەوەتەی ئەو لایەنانە هاتوون و پرسەكەیان كردۆتە حزبایەتی، خەڵێكی زۆری ئێزیدی لەداخاندا چووە هەندەران، ئەگەر ئەو ململانێیە نەبوایە، ئەو خەڵكە نەدەڕۆیشتن، پاشان خەڵكی شنگال بۆ ئازادكردنی شنگال سەرۆك بارزانی و هێزی پێشمەرگە بە پشتیوانی خۆیان دەزانن، تەنها خەڵكی ئێزیدی شنگالیش بڕیار دەدات لەو پرۆسەیە كێ بەشدار بێت، بۆیە دوای ئەوەی ئەو ئاستەنگانە لابران، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆك بارزانی و لە سەر دەستی هێزی پێشمەرگە شنگال ئازادكرا و دوای ئازادكردنیشی وەك جەنابی سەرۆك لە پەیامەكەی ئاماژەی پێكرد بێجگە لە ئاڵای كوردستان نابێت، ئاڵای هیچ حزبێك لە شنگال بەرزبكرێتەوە.
* لەماوەی ئەو كارەساتەی بەسەر شنگال هات، پەرلەمان و حكومەتی هەرێمی كوردستان، دوو دامەزراوەی دەستووری كوردستان بوون بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو كارەساتە، ئایا چۆن هەوڵەكانی پەرلەمان و حكومەت لە كارەساتی شنگال هەڵدەسەنگێنن؟
- ئەگەر باس لە پەرلەمانی كوردستان بكەین، دەبێت بڵێم پەرلەمان و پەرلەمانتارەكانی كوردستان رۆڵی بەرچاویان هەبووە لە كارەساتی شنگالدا، بەڵام سەد مخابن یوسف محەممەدی سەرۆكی پەرلەمان رۆڵێكی شەرمەزارانەی لەم كارەساتەدا گێڕا، ئێمە وەك ئێزیدی بینیمان جەنابی سەرۆك بارزانی خۆی هاتە سەر چیای شنگال و لەسەر چیای شنگال بەڵێنی پێداین كە شنگال ئازاد دەكاتەوە و وەك دەبینین لەسەر دەستی ئەو ئازاد كرایەوە، جەنابی نیچێرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆی هاتە چیای شنگال و سەردانی مەرقەدی شێخ شەرەفەدینی كرد و هەر لەوێش لیژنەی بۆ بونیادنەوەی شنگال دامەزراند، هەروەها بەشداری كرد لە مەراسیمی بە خاك سپاردنی روفاتی گۆڕە بە كۆمەڵەكانی ئێزیدی، بەڵام من رۆژێك نەمبینی یوسف محەمەدی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان سەردانی چیای شنگال بكات، ئێمە زانیاریمان هەیە، یوسف محەمەد رێگر بووە لە ناو پەرلەمان باسی ئێزیدی بكرێت، لە بەرامبەریشدا زۆر بێ شەرمانە دوای زیاتر لە ساڵێك بەسەر ئەو كارەساتە گەورەیە، بۆ بەرژەوەندی حزبی خۆی سووكایەتی بە شنگال و ئێزیدییەكان دەكرد، بۆیە ئێمە وەك ئێزیدی و شنگالی شەخسی یوسف محەمەد شەرمەزار دەكەین.
