پێوەندیی نێوان سەرۆك بارزانی و شاعەبدوڵڵا درێژەپێدەری پێوەندی نێوان شاحوسێن و مەلامستەفایە
June 11, 2015
دیمانەی تایبەت
ئوردن یەكێكە لەو وڵاتە عەرەبیانەی كە رۆڵێكی كاریگەری لەسەر رووداوەكانی ناوچەكە هەیە، ئێستاش یەكێكە لە ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، ماوەیەكیش پێش ئێستا ئوردن میوانداری كۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤوس – دەریای مردوو)ـی كرد و بۆ ئەم كۆنگرەیەش سەرۆك بارزانی هاوشانی سەرۆك دەوڵەتانی دیكە بانگهێشت كرابوو كە لەلایەن شاعەبدوڵڵاوە پێشوازی كرا و ئوردن یەكەم وڵاتی عەرەبی بووە كە لە پێشوازیی سەرۆك بارزانی ئاڵای كوردستانی هەڵكردووە. بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی ئێستا و ئایندەی ناوچەكە، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ ساڵح قەلاب رۆژنامەنووس و نووسەری ناوداری عەرەبی و ئوردنی ئەنجامدا. جێگەی ئاماژە پێكردنە ساڵح قەلاب پێشتر راوێژكاری پادشای ئوردن و هەروەها وەزیری رۆشنبیری شانشینی ئوردنی هاشمی بووە. ئەمەش دەقی وتووێژەكەیە.ساڵح قەلاب رۆژنامەنووس و نووسەری ناوداری ئوردنی بۆ گوڵان:پێوەندیی نێوان سەرۆك بارزانی و شاعەبدوڵڵا درێژەپێدەری پێوەندی نێوان شاحوسێن و مەلامستەفایە
تەنیا هێزێك بە ئیرادەوە شەڕی تیرۆریستانی داعشی كردبێت هێزی پێشمەرگەی كوردستان بووە
* خوێندنەوەت چییە بۆ ئەو هەموو كێشە و قەیرانانەی لە ئێستادا لەسەر گۆڕەپانی ناوچەكە و عێراق بەتایبەتی هەیە و ئایندەی ئەم ناوچەیە چۆن دەبینیت؟
- كێشەكان ئاڵۆزن و هەڵوێستەكانیش زۆر جیاوازن، لەسەر هەموو ئاستێك گۆڕانكاری هاتۆتە ئاراوە، پێویستە وردتر لە هەڵوێستی ئەمریكا بگەین، دواتر هەڵوێستی توركیا بەرامبەر رووداوەكانی ناوچەكە، ئەگەر سەیری كێشەی یەمەن بكەین، دەبینین بۆتە بابەتی سەرەكیی ناوچەكە و نازاندرێت كەی كۆتایی دێت. لە سووریا 45 رێكخراوی تایفەگەری لەسەر خاكی ئەم وڵاتە بوونیان هەیە، هاوكات 7 هەزار چەكداری میلیشیا لە ئێران و عێراقەوە بۆ داكۆكیكردن لە رژێمی ئەسەد روویان لە دیمەشق كردووە. لە هەمان كاتدا دەبینین میلیشیاكانی حزبوڵای لوبنانی بە ئارەزووی خۆیان لە سووریا دەسووڕێنەوە و حەسەن نەسروڵڵاش بانگەشەی ئەوە دەكات كە توانای لێدانی ئیسڕائیلی هەیە. دیارە ئەمە جۆرێكە لەخۆكوشتن، ئەگینا چۆن دەتوانێت ئەو جۆرە ریسكە بنوێنێت، بۆیە من پێموایە هەر كەسێك عاقڵ بێت و بە ویژدانانە قسە لەسەر راستیی كێشەكان بكات، دەزانێت رێكخراوێكی تیرۆریستی وەك داعش كە ئێستا لە عێراقدا شەڕ دەكات، چ هێزێك بە تەواوی و بە راست و دروستی بەرەنگاری بۆتەوە. دیارە هێزی پێشمەرگەیە كە بەرگری لە خاكی كوردستان دەكات. ئەگەر ئاماژە بەوە بكەین و بڵێین موسڵ چۆن كەوت و داگیركرا، دەبێ بگەینە ئەو راستییەی كە ئەم شارە تەنانەت رومادی و بازگە و مەرزەكانی نێوان سنووری عێراق و سووریاش بە بێ شەڕ كەوتن و داعش داگیری كردن، واتا سوپا و هێزەكانی عێراق ورەیان دابەزی و نەیانتوانی بەرەنگاری تیرۆریستانی داعش ببنەوە.
* ئایا پێتوانییە ئەمە سیاسەتێك بێت بۆ دابەشبوونی عێراق؟
- من بەم شێوەیەی دەبینم، بەڵام پێموایە ئەمە دوورە لە بەدیهێنانی مەبەستەكە، چونكە ناوچەكە ئەمەی قبووڵ نییە و لەم هەلومەرجەدا ئەمە نایەتەدی، تەنانەت ئێرانیش كە هەموومان بەوە تۆمەتباری دەكەین كە هۆكاری بەشێكی سەرەكیی دەستێوەردان و هەڵگیرساندنی كێشەیە لە عێراق، بەڵام بەم هەنگاوە قایل نابێت. لەبەرچی؟ لەبەر ئەوەی لەم دابەشبوونە دەترسێت. لە ئێران كورد و عەرەب و نەتەوەی دیكە دەژین، مەترسیی ئەوە هەیە دواتر گەلانی ئەو ناوچانەش داوای دابەشبوون بكەن، بۆیە جارێكی دیكەش دەیڵێمەوە كە ئێران ئەستەمە پشتگیری لەم هەنگاوە بكات.
* هەندێ راوبۆچوونی دیكە هەیە، یەكێك لەوانە پێیوایە كە ئیسلامی سیاسی هۆكاری ئەو كێشانەیە، هەندێكی دیكەش لەو باوەڕەدان كە پێویستە چاكسازیی لە فیكری ئیسلامی سیاسیدا بكرێت، ئەمە چۆن دەخوێنیتەوە؟
- من لەگەڵ ئەو زاراوەدا نیم، واتا ئیسلامی سیاسی. چونكە بە درێژایی مێژووی ئیسلام چەند كۆمەڵێكی پەڕگیڕ و توندڕۆ سەریان هەڵداوە. تەنانەت لەنێو مەسیحییەتیشدا ئەمە رووی داوە. كەواتە من پێموایە چارەسەری فیكری لە جیاتی چارەسەری سەربازی بێتەئاراوە، چ لە نێو حزبە سیاسییەكان، چ پیاوانی ئایینی، یاخود لەلایەن هێزە كۆمەڵایەتییەكانەوە. بۆیە ئەم دیاردەیە لە هەموو وڵات، یان كیشوەر و ئایینێكدا هەیە و بووە. لە ئایینی ئیسلام و ئایینی مەسیحیش ئەو توندڕۆییانە پەیدا بوون. بۆ نموونە ملیۆن كەس لە ئەرسەدۆكسەكان لە فەڕەنسا لەسەر دەستی كاسۆلیكەكان كوژران، تەنانەت لەلایەن نازییەكانەوە چەندین دەیان ملیۆن كەس گیانیان لەدەست دا. بۆیە من پێموا نییە كە تەنیا بە زەبری چەك دەتواندرێت ئەم قەیران و كێشانە بنبڕ بكرێن، بەڵكو پێویستە بە گۆڕانكاری و چاكسازیی فیكری ئەنجام بدرێت.
* بەم دواییە بەڕێز مسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی ئوردنی كرد، چۆن پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و شانشینی ئوردن هەڵدەسەنگێنیت؟
- ئەم سەردانە لەسەر ئاستی فەرمی و جەماوەری زۆر رێزی لێگیرا و بە گرنگ وەسفكرا. ئەم سەردانە بۆ ئامادەبوون بوو لە كۆڕبەندی داڤۆس/ دەریای مردوو، لە راستیدا بێجگە لە (ئەبو مسرور) چەندین سەرۆكی دیكەی میسر و فەڵەستین و وڵاتانی دیكە ئامادەی بوون كە مایەی سەرفرازی بوون بۆ ئوردن، بەڵام ئەوەی مایەی خۆشحاڵییە بۆ ئێمە ئەوەیە كە كاتێ كاك مسعود بارزانی دێت بۆ عەممان، وەك بڵێیت دێتە وڵاتی خۆی، چونكە پێوەندییەكانمان زۆر دێرین و كۆنن، پێوەندیی نێوان مەلامستەفا بارزانی رەحمەتی و شا حوسێنی رەحمەتی گەواهیدەری ئەمەیە. بۆیە ئەم پێوەندییانە لەسەر هەموو ئاستێك و تەنانەت لە زۆر بارودۆخیش پێشكەوتووە. بۆ نموونە، كاتێ كورد رووبەڕووی هەڵمەتی گرتن بوونەوە، ئوردن لە پاڵیان وەستا و داكۆكی لێكردن. كاك مسعود و مام جەلال و هەموو سەركردەكانی كورد ئەم راستییە دەزانن. پێوەندیی ئێمە لەگەڵ هەرێمی كوردستان لە هەموو روویەكەوەیە چ سیاسی، یان ئابووری یان كۆمەڵایەتی باشن. كاك مسعود هەر كاتێك تەشریف بهێنێت بۆ ئوردن، ئێمە بەوپەڕی گەرمی و رێزەوە پێشوازی لە بەڕێزیان دەكەین.
* ئێستا ئوردن وەك هەموو وڵاتانی دیكەی ناوچەكە ئەگەری مەترسیی داعشی لەسەرە، هەروەك چۆن ئەو داعشە گەیشتۆتە لیبیا و وڵاتانی دیكە، ئوردنیش وەك دراوسێی عێراق ئایا حیسابی ئەوەی كردووە كە چۆن رۆژێ لە رۆژان دەتوانێت ئەو مەترسییە لە خۆی دووربخاتەوە؟
- پێویستە ئەو راستییە بزانین كە داعش شێرپەنجەیە لەنێو جەستەی ناوچەكە و پێویستە بە هەموو هەوڵێك لەناو ببرێت. ئوردن ئەندامی ئەو هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەیە كە رووبەڕووی داعش دەبێتەوە لە میانی وەشاندنی گورزی ئاسمانی، رەنگە ئەو رێكخراوە تیرۆریستییە بتوانێت لە رێگەی ئەنتەرنێتەوە و بە هۆی چەند كەسێكەوە دزە بكاتە نێو وڵاتەوە، بەڵام ئێمە وەك ئوردن حیسابی هەموو شتێكمان كردووە، بەتایبەتیش دوای سووتاندنی ئەو فڕۆكەوانەمان لەلایەن داعشەوە كە بە چ رێگەیەكی دڕندانە و دوور لە هەموو نەریتێكی مرۆیی ئەو تاوانەیان ئەنجام دا. سەركردایەتیی عێراق لەسەردەمی مالیكی و تەنانەت ئێستاش نایەوێت هێزی عەرەبی لەسەر خاكی عەرەبی رووبەڕووی داعش ببێتەوە، ئەگەرنا ئێمە وەك ئوردن سوپایەكی بەهێز و مەشقپێكراوی بەهێزمان هەیە، هەتا ئەگەر بە قەبارە بچووكیش بێت، بەڵام ئازا و بەتوانایە، هاوكات هەماهەنگی و هاوكاریی نێوان سەركردایەتی و گەلەكەش هەر زۆر بەهێزە، هەرچی سەركردایەتیی عێراقە تەنیا حەزیان لەوەیە كە ئێران دەستوەرداتە خاكیان و داكۆكییان لێ بكات، نەك سوپایەكی عەرەبی. لە هەمان كاتدا ئێمە لەگەڵ سووریادا سنوورێكی درێژمان هەیە و چەندین جار تیرۆریستان هەوڵیان دا دزە بكەنە وڵاتی ئێمە، بەڵام شكستیان هێنا.
* رۆڵی ئوردن لە یەمەن چییەو چۆن ئاماژەی پێ دەكەیت؟
- ئەم كێشەیە بەم شێوەیەیە كە یەمەن دەوڵەتێكی عەرەبییە و رووبەڕووی تیرۆریستان بۆتەوە. ئەو گەردەلوولی پێداگرتنە بە سەرۆكایەتیی عەرەبستانی سعودیە، هەنگاوێكی بەجێ بوو بۆ لەناوبردنی ئەو حوسییانە، دیارە رۆڵی ئێران و حزبوڵا ئاشكرایە لە پشتیوانیكردنی حوسییەكان، رۆڵی ئوردن لەم هاوپەیمانێتییەدا ئەوەیە كە سعودیە دەوڵەتێكی دراوسێمانە و نیگەرانین بەوەی كە ئەمنی ئەو وڵاتە رووبەڕووی مەترسی بێتەوە، بەشداریشمان لەو گەردەلوولە تەنیا بە چەند گورزوەشاندنێكی ئاسمانی بوو. بەڵام بڕیار نادەین كە هێز رەوانەی دەرەوەی سنووری وڵات بكەین.
* باستان لە دووركەوتنەوەی وڵاتانی عەرەبی لە عێراق كرد، ئایا پێتانوایە لە بەر ئەوەی عێراق گۆڕەپانی ئەمریكا و ئێرانە، بۆیە عەرەب لێی دووردەكەوێتەوە؟
- عەرەب خۆیان لەلایەن عێراقەوە دوورخراونەتەوە. سەرۆك وەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی خۆی چەندین جار رایگەیاندووە كە نابێ هیچ هێزێكی ئاسمانی، یان زەمینی عەرەبی لە عێراق بوونی هەبێت، ئەگەرنا ئوردن وەك نزیكترین دەوڵەت دەمانتوانی بە هێزی زەمینی، یان ئاسمانی لەم شەڕەدا بەشداری بكەین، بەڵام ئێستا پێوەندیی ئێمە تەنیا لەسەر ئاستی سیاسی و ئابوورییە، ئێمەش بەپێی حەز و ئارزووی سەركردایەتی عێراق رەفتار دەكەین. سەبارەت بە ناوەڕۆكی پرسیارەكەتان كە دەمەوێ وەك خۆی بڵاوی بكەنەوە، وەڵامی پرسیارەكە ئەوەیە كە ئێران بۆتە نیمچە داگیركەری عێراق و قاسم سولەیمانی و سەركردەكانی دیكە بە ئاشكرا هاتوچۆی تێدا دەكەن و حەشدی شەعبی و میلیشیاكانی بەدر مەشق دەدەن و پشتیوانییان لێ دەكەن. لێرەدا دەمەوێ شتێكی گرنگ باس بكەم، ئێمە بڕیارمان دا هۆزەكانی ناوچەی رۆژاوای عێراق چەكدار بكەین و ئۆردوگای مەشقیان بۆ بكەینەوە بە رەزامەندیی حكومەتی عێراق، بەڵام فەرمان لە ئێرانەوە بۆ بەغدا دەرچوو كە ئەوان بەم هەنگاوەی ئوردن رازی نین، تەنانەت نەیانهێشت هێز بنێرینە موسڵ بۆ شەڕكردن دژ بە داعش، چونكە ئێران بەمە قایل نابێت، سەبارەت بە هێزی كوردیش ئەوان بەمە رازی نابن، بۆیە من دژی هەموو هێزێكی ئیقلیمیم كە بەشداری شەڕی عێراق –داعش بكەن.
