ئەمریكا بڕوای بە یەكپارچەیی عێراق نەماوە و دەزانێت چیتر ئەو یەكپارچەییەی پێ ناپارێزرێت
June 11, 2015
دیمانەی تایبەت
شكستی سوپای عێراق لە رومادی بووە گورزێكی گورجگبڕ بۆ حكومەتەكەی عەبادی و دەریخست ئەم سوپایە جارێكی دیكە نابێتەوە بەو سوپا نیشتمانییەی كە پێكهاتە جیاوازەكانی عێراق بە سوپای خۆیانی بزانن، لەلایەكی دیكەوە شكستی سوپای ئەسەد لە تەدمور ئەویش پیشانیدا سوپاكەی ئەسەدیش تا ئەوپەڕی لاواز بووە و بەرگری پێناكرێت، لەبەرامبەردا ئەوەشی دەرخست كە عەرەبی سوننە ئامادە نییە وەك پێویست و لەم بارودۆخەدا شەڕی داعش بكات. بۆ قسەكردن لەسەر رەوشی شەڕی تیرۆریستان ئەم وتووێژەمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر جۆشوا لاندیز ئوستادی زانستی سیاسەت لە زانكۆی ئۆكلاهۆما و شرۆڤەوانی نێودەوڵەتی لەسەر پرسی سیاسەتی سووریا و عێراق ئەنجامدا و بەمجۆرە بۆچوونەكانی خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.پڕۆفیسۆر جۆشوا لاندیز تایبەتمەند و پسپۆڕ لە سیاسەتی عێراق و سووریا بۆ گوڵان: ئەمریكا بڕوای بە یەكپارچەیی عێراق نەماوە و دەزانێت چیتر ئەو یەكپارچەییەی پێ ناپارێزرێت
* دەبینین دوای تێپەڕبوونی ساڵێك بەسەر راگەیاندنی دەوڵەتەكەی داعش، كەچی تیرۆریستان خاكی زیاتر داگیردەكەن و چەكی باشتر و توانا و ئابوورییەكی باشتریان هەیە، بەڵام داعش نە دەروازەی هەیە بۆ سەر دەریا و نە فڕۆكەخانەی هەیە، نهێنی فراوانبوونی داعش لە چیدایە؟
- یەكەمیان لەبەر ئەوەی بەدیلێك بۆ داعش لە ئارادا نییە، دووەمیان لەبەر ئەوەی سوپای ئەسەد و سوپای عێراق لاوازن.
* ئایا هاوڕایت لەگەڵ ئەوەدا كە داعش ئێستا بەهێزترن بە بەراورد بە سەرەتای دەركەوتنیان؟
- پێموایە لەهەندێ شوێن بەهێزترن و لە هەندێ شوێنی دیكە بەوشێوەیە نین. ڕاستە ئەمریكا زۆرێك لە چەكەكانی لەناو بردوون و هەندێ لە سەركردەكانی كوشتوون، بەڵام داعش زۆر بەتوانایە لەچارەسەركردنی ئەو كێشانە و هێرش و پەلامار دەبات. بەڵام ئەوە ئاشكرایە كە ڕژێمەكەی ئەسەد زۆر لاوازترە بە بەراورد بە ساڵێك پێش ئێستا و ئەمەش هاوكار بوو بۆ ئەوەی داعش دەست بە سەر شاری تەدمور و چەند شارۆچكەیەكی دیكەدا بگرێت.
* ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەكی پڕ لە توندوتیژییە و باس لەوە دەكرێت بەرەو شەڕێكی خوێناوی سەردەكێشێت لە نێوان شیعە و سوننەدا.پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەم توندوتیژیەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو چ ئاقارێك دەڕوات؟
-ئەوە پرسیارێكی باشە، دیارە كە حكومەتەكەی ئەسەد لە ژێرفشارێكی زۆردایە، بەڵام ڕوون نییە كە موعارەزە تا چەند خاكی دیكە لە دەستی ئەسەد دەردەهێنن، بەڵام ئەگەر عەرەبی سوننە سەركەوتوو بن، ئەوا زۆر زەحمەت دەبێت بۆ ئێران كە بەریان پێبگرێت.
* سیستمی دەوڵەت لە ناوچەكەدا شكستی هێناوە، واتە دەوڵەتان ناتوانن پارێزگاری لە سەروەری خۆیان بكەن و دەسەڵات لە دەستی خۆیاندا قۆرخبكەن، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كار لەسەر ئەوە دەكات دووبارە ئەم سیستمە ڕێكبخاتەوە، یاخود سنوورەكان دابڕێژێتەوە بۆئەوەی سەقامگیری بگەڕێنێتەوە بۆ ناوچەكە؟
- گۆڕینی سنوورەكان ئاسان نییە و پێناچێت ئەوان سنوورەكان بگۆڕن، عێراقییەكان نایانەوێت سنوورەكانیان بگۆڕن، بەلایكەمەوە ئەوەی پێوەندی بە عەرەبە سوننەكانەوە هەبێت،من نازانم چی دەكەن لە ئاست كوردەكان، ئەوەی ئاشكرایە كورد ئاست و ئەندازەیەكی باشی سەربەخۆییان هەیە. بەڵام ئەوەش پرسیارە كە ئایا سوننەكان دەتوانن دەوڵەتی خۆیان دروستبكەن، كە پێناچێت لەو بوارەدا زۆر سەركەوتووبن.
*دەبینین سعودیە و ئێران و توركیا پرۆژەی خۆیان هەیە ودەیانەوێت كاریگەر بن لە سەر ڕەوتی ڕووداوەكان، پرسیارەكە ئەوەیە چۆن ڕۆژئاوا هاوسەنگی لەنێوان ئەم پرۆژانەدا دەكات؟
- ئەوە پرسیارێكی باشە. من پێموانییە ڕۆژئاوا ئەوكارە بكات. مایەی نائومێدیەكی زۆر بوو كە سوپای عێراق نەیتوانی لەناوچەی نزیك شاری بەغدا و هەروەها لە ڕومادی خۆی ڕابگرێت و دواتر حكومەتی بەغدا ئۆباڵەكە بخاتە ئەستۆی ئەمریكا وتۆمەتباری بكات بەوەی كاری پێویستی ئەنجامنەداوە لەمڕووەوە. پێموایە ئەوە بۆ عێراقییەكان جێدەهێڵدرێت كە ئایا دەیانەوێت ئەو كارە بكەن، یان نا. سەرجەم بەرپرسیارێتیەكەش ناكەوێتە ئەستۆی ئەمریكا. ئەمریكا هێزی زەمینی ڕەوانە ناكات، لەبەرئەوەی ڕەنگە ئەوەی ئێوە دەیڵێن ڕاست بێت كە دەوڵەتێكی سوننی دروست بێت، ئەگەر شیعە نەیەوێت ئەو كارە ئەنجام بدات، ئەوا داعش سەركەوتوو دەبێت.
* ئەمریكا هەموو كارێك دەكات بۆ پاراستنی یەكێتیی خاكی عێراق، ئەمەش لە كاتێكدایە كە حكومەتی مەركەزی تەنها دەسەڵاتی لە بەغدا و شارەكانی باشوور هەیە. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا پێداگیریی ئەمریكا لەسەر یەكپارچەیی عێراق خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی ئێران ناكات، چونكە عێراقێكی یەكگرتووشیعەكان زاڵ دەبن بە سەریدا؟
- پێموا نییە لە بەرژەوەندیی ئێراندا بێت، لە سەرەتاوە هەوڵیاندا بۆ پارێزگاریكردن لە ناسیۆنالیزمی عێراقی كە دەبووە هۆی دابەشكردنی دەسەڵات و دووبارە بنیادنانەوەی ناسیۆنالیزمی عێراقی. بەم دواییە بینیان- بەهۆی ئەوەی لە ڕومادی ڕوویدا- كە پرۆژەكەیان شكست دەهێنێت. دەبینین لە رومادی تەنها میلیشیا شیعەكان ئامادەی شەڕكردنن، ئەمریكاش ئامادە نییە پشتیوانییان بكات. ئەمریكا نایەوێت لایەنگری تایەفەگەری شیعە بكات، ئەمەش بە مانای ئەوە دێت ئەمریكا نازانێت چی بكات. ئەمریكا دەیەوێت پارێزگاری لە یەكپارچەیی خاكی عێراق بكات، بەڵام متمانەی لە دەستداوە و چیتر متمانەی بەوە نەماوە عێراق بە یەكگرتویی دەمێنێتەوە.
* تاچ ڕاددەیەك دروستبوونی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان گرنگە بۆ تێكشكاندن و لەناوبردنی داعش؟
- كورد ئەو لایەنە سەرەكییەیە كە ئەمریكا پشتیوانی دەكات و ئاشكرایە ئەمریكا هاوكاری كورد دەكات، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كورد توانایەكی سنوورداری هەیە، كورد ناتوانێت خاكی عەرەب داگیر بكات و ئەمریكاش زۆر نیگەرانە لەمبارەیەوە ونایەوێت فشار زۆرلە سەركورد دروست بكات و لەلایەكی دیكەوە كورد تەنها هاوپەیمانێكی باشە بۆ ئەمریكا. لە ئێستادا ئەمریكا ڕووبەڕووی چەندین كێشە بۆتەوە، لەبەرئەوەی شەریكێكی باشی نییە بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشانە و ئەمریكا نازانێت چی بكات لەبارەی كێشەی سوننەكانەوە، لەبەرئەوەی نایەوێت ئێران ناڕەحەت بكات بەهۆی ئەو ڕێككەوتنە ئەتۆمیەی بەنیازی ئەنجامیبدات لەگەڵیدا. لەبەرئەوە نازانێت چی بكات لەگەڵ كێشەی سوننەدا كە لە موسڵەوە بۆ حەلەب درێژ دەبێتەوە. ئەمریكا چارەسەرێكی نییە بۆ ئەمە و پێموا نییە بتوانێت ئاڕاستەی نەخشەی سیاسیی ناوچەكە بگۆڕێت. ئەمریكا ڕووبەڕووی تەنگژەیەكی ڕاستەقینە بۆتەوە، لەگەڵ ئەو شكستەی لە ڕومادی ڕوویدا و لەگەڵ ئەو نشوستییەی بە سەرسوپای عێراقدا هات، كە ئەمریكاباوەڕی وابوو ئەو سوپایە بەهێز دەبێت، بەڵام بەهێز نەبوو، هەڵات و ئەمەش تووڕەیی دروستكرد لای ئەمریكییەكان. ئەوان نایانەوێت ئەم بەرپرسیارێتییە بگرنە ئەستۆ، دەیانەوێت حكومەتی عێراق ئەم كارە بكات، ئەگەر حكومەتی عێراقی ناتوانێت ئەم كارە بكات، ئەوا ئەمریكاش ئامادە نییە ئەم كارە بكات. توركیا هاوكاری ناكات لە تێكشكاندنی داعش، ئەمریكاش دراوسێی داعش نییە و دەتوانێت لەگەڵ مانەوەی داعشدا هەڵ بكات. ئەگەر توركیا و سعودیە و یاخیبووانی سووریا نایانەوێت داعش تێكبشكێت، ئەوا ئەمریكا دەتوانێت لەگەڵ ئەمەدا هەڵ بكات، چونكە ئەمە مەسەلەیەك نابێت بۆ ئەمریكا.
* ئایا ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەبێت ئەگەر هاتوو داعش تێكشكێندرا؟
- من وای نابینم تێكبشكێندرێت، ئەگەر عەرەب لەو پشێوییەدا بێت كە ئێستا تێیدان، ئەوا تێكشكاندنی داعش زەحمەتە.
