ئێستا لە نێوان رووسیا و رۆژئاوا ئاشتیی سارد هەیە نەك شەڕی سارد
May 21, 2015
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر رۆبەرت رابیل ئوستادی دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە لە زانكۆی فلۆریدا ئەتلەنتیك و تایبەتمەندە لەسەر كێشەی عێراق و ناوچەكە، ماوەیەكیش لە سەر دۆسێی كوردستان كاری كردووە. بۆ قسەكردن لەبارەی ئەو جەمسەرگیرییەی ئێستا جیهان بەخۆیەوە دەبینێت و كاریگەری ئەو جەمسەرگیرییە لەسەر كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر رابیل ئەنجامدا و بەمجۆرە بیروبۆچوون و سەرنجەكانی خۆی بۆ گوڵان خستەڕوو.رۆبەرت رابیل پسپۆڕ و تایبەتمەند لە دیراساتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ گوڵان: ئێستا لە نێوان رووسیا و رۆژئاوا ئاشتیی سارد هەیە نەك شەڕی سارد
* جەمسەرگیریی جیهانی لە نێوان رووسیا و چین لەلایەك و ئەمریكا و ئەوروپا لەلایەكی دیكەوە شەڕی ساردیان گۆڕیوە بە ئاشتییەكی سارد، قووڵبوونەوەی ئەم جەمسەرگیرییەش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بەتایبەتی لە سووریادا بەدی دەكرێت، ئایا تا چەند ئەمە ئاشتیی جیهانی خستۆتە مەترسییەوە؟
- ئەگەر هەندێ بۆ مێژوو بگەڕێینەوە، مێژوویەكی دوور نا، بەڵكو بۆ پێش سەرهەڵدانی قەیرانی ئۆكڕانیا، ئەوا هێندەی ئێستا ئێمە ئاشتییەكی ساردمان لەگەڵ رووسیادا نەبوو. كەواتە ئەوەی پێوەندییەكانی نێوان رووسیا بەتایبەتی و جیهانی رۆژئاوای بەرەو خراپبوون برد، كێشەی ئۆكڕانیا بوو. هەروەها دەبێت شتێك لەبەرچاو بگرین كە لە كاتی داگیركردنی عێراق لەلایەن ئەمریكاوە كە لە ساڵی 2003دا روویدا، لەگەڵ ئەو ئاكامانەی كە لەسەر ئاشتی جیهانی هەیبوو. كاریگەری خۆی هەبووە، چونكە لەو كاتەدا نەك تەنها رووسیا، بەڵكو هیندستان و چین و بەڕازیل و توركیا باوەڕیان وابوو كە ناكرێت جەنگ تەنها لەلایەن هێزێكی خاوەن هەژمونەوە- كە ئەمریكایە- ئەنجام بدرێت. كەواتە لە رابردوودا و لە دوای هەرەسهێنانی یەكێتی سۆڤیەتەوە و بەڕاستی لە دوای ساڵی 2003ـەوە ئەو هەستە لای چەند وڵاتێكی دیاریكراو- بە دڵنیاییەوە بە سەركردایەتی رووسیا و چین- بوونی هەبووە، ئەم وڵاتانەش هەوڵیانداوە ببنە پارسەنگێك بۆ هێزی ئەمریكا. دۆخی ئۆكڕانیا ئەو پارسەنگی هێزەی تێكدا و ئێستاش رووسیا هەست دەكات لە پێگەی بەرگریدایە. لێرەدا ئەم پرسە پێوەندی بە پرسیارەكەی ئێوەوە هەیە، بەتایبەت بە ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە. ئەمەش هۆكاری ئەوەیە كە ماوەیەك پێش ئێستا سەرۆك پۆتین مەرسومێكی سەرۆكایەتی دەركرد و رێگەی دا سیستمی مووشەكی ئێس 300 بە ئێران بفرۆشرێت. لە تێڕوانینی رۆژئاواوە ئەمە هەنگاوێكە كە گرژییەكانی نێوان ئەمریكا و رووسیا زیاتر دەكات. كەواتە كاتێك لە ئێستادا باس لە ئاشتیی سارد دەكەین، ئەوا پێموایە ئاشتیی سارد لە نێوان رووسیا و جیهانی رۆژئاوادا بەدی دەكەین، چینیش لەو ناوەندەدایە. لەگەڵ ئەوەشدا پێموایە هێشتا رێگەی گەیشتن بە چەند رێككەوتنێكی دیاریكراو لە ئارادایە، لەوانە: ئایندەی سووریا و كێشە گەورەكانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ نموونە، لیبیا. باوەڕم وا نییە بتواندرێت كێشەی سووریا بە بێ هاوكاری ئیقلیمی و بە بێ هاوكاری نێودەوڵەتی چارەسەر بكرێت، مەبەستم لە هاوكاری نێودەوڵەتیش لەگەڵ رووسیادایە. بەڵێ باس لە ئاشتیی سارد دەكرێت، بەڵام ئاشتیی سارد بە مانای ئەوە نایەت كە هەندێ لە بەرژەوەندییەكان یەك نەگرنەوە لە نێوان ئەمریكا و رووسیا. بۆ نموونە: رووسیا دژ بە رادیكاڵیەتی ئیسلامە و ئەمریكاش هەڵمەتێكی دژ بە رادیكاڵیەتی ئیسلام بەرپا كردووە، كەواتە هەندێ پرس هەیە كۆیان دەكاتەوە، هەروەك چۆن هەندێ پرس هەیە لێكیان دادەبڕێت.بەلای منەوە گرنگترین پرس لە ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەوەیە چی لە عێراق و سووریادا رودەدات و ئایندەی سووریا و ئایندەی داعش چی دەبێت؟ بە راستی ئەم كێشانە پێویستییان بە هاوكاری زیاتری نێوان رووسیا و ئەمریكا و رووسیا جیهانی رۆژئاوا هەیە.
* چۆن لە بڕیاری ئەمریكا بۆ مەشقپێكردنی موعارەزەی سووریا دەڕوانن؟ ئایا گۆڕانكارییەك بەسەر هەڵوێستی ئەمریكادا لەم رووەوە بەدی دەكەن؟
- تێڕوانینی من ئەوەیە كە دەوڵەتی ئیسلامی داعش هێزێكی شەڕانگێزە و شوێن و ئایندەیەكی لە سووریا و عێراقدا نییە، بەڵكو حاڵەتێكی ناسروشتییە و بێگومان بوونی ئەم هێزە بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەندی ناوچەكەدا نییە. ئەمە تێڕوانینی منە. موعارەزەش كە كار بۆ ئایندەیەكی باشتر دەكەن بۆ سووریا، ناتوانن كار لەگەڵ داعشدا بكەن، كوردیش كاری لەگەڵدا نەكرد. پێموایە پێویستە موعارەزەی میانڕەوی سووریا هەڵوێستێكی بنەبڕی هەبێت لە ئاست بۆ نموونە: بەرەی ئەلنوسرە- كە سەر بە رێكخراوی ئەلقاعیدەیە و ئەگەرچی لایەنێكی بەهێزیش بێت- هەروەها داعشیش، پێویستە ئەو هەڵوێستەش ئەوە بێت كە پێیان رابگەیەنن ئێمە دژی ئێوەین، دەزانم لە ئێستادا ئەمە زەحمەتە بۆ ئەوان، بەڵام ئەوان هەڵوێستیان لە ئاست داعشدا وەرگرتووە، داعش مایەی هەڕەشەیەكی راستەقینەیە نەك هەر لەسەر عێراق و سووریا، بەڵكو بۆ تەواوی ناوچەكە. كە بارودۆخێكی زۆر خراپیش هەیە لە عێراق و سووریادا. كەواتە لێرەدا مەسەلەكە ئەوە نییە ئەمریكا ئەم كارە دژی رژێمەكەی سووریا دەكات. من وەك توێژەر و رۆشنبیر بۆچوونی خۆم هەیە و پێموایە پێویستە ئەمریكا پشتیوانیی موعارەزە بكات، تەنها موعارەزەی دیموكراتی لە سووریا، كە ئێستا بەهۆی داعش و بەرەی ئەلنوسرەوە پێگەیان لاواز بووە.
* سەرەڕای ئەمریكا، توركیا و سعودیە و قەتەریش دەستیان كردووە بە مەشقپێكردنی موعارەزەی سووریا، ئایا ئامانجەكە تەنها شەڕكردن لە دژی داعشە، یاخود رژێمی سووریاش كراوەتە ئامانج؟
- هیوادارم سەرەتا داعش بكەنە ئامانج. لەبەر ئەوەی باری خۆیان قورس دەكەن و ناكرێت هێزێك لە یەك كاتدا دژ بە داعش و بەرەی ئەلنوسرە و رژێمی ئەسەد شەڕ بكات، ئەمە زۆر بەرزەفڕانەیە و نزیكە لە مەحاڵەوە. پێموایە دەبێت سەرەتا موعارەزەی میانڕەو شەڕی داعش بكات و سەقامگیری لەو ناوچانەدا بێنێتە ئاراوە كە من پێیان دەڵێم: ناوچە رزگاركراوەكان و ئاوارەكان بگەڕێنێتەوە بۆ سووریا. حاڵی حازر رژێمی سووریا لە بەرگریدایە و تەنها یەك لەسەر سێی خاكی سوریای بەدەستەوەیە، ئەگەر شەڕی ئیستنزافی لەگەڵدا دەكەن، با بیكەن، بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە ئاستێك لە سەقامگیری دەستەبەر بكات.
* چۆن لە هەڵوێستی ئێران دەڕوانیت؟
- لێرەدا من لە بارەی هاوكاریكردن لەگەڵ ئێراندا قسە دەكەم، ئێرانییەكان بوونیان هەیە لە ناوچەكەدا و كار لەگەڵ حكومەتی عێراق دەكەن و كار لەگەڵ كوردیشدا دەكەن. كەواتە با هەماهەنگی هەبێت لە نێوان ئێوە و ئێراندا. لەلایەكی دیكەوە ئەمریكاش كار لەگەڵ حكومەتی عێراق و كورددا دەكات. كەواتە دەتوانن درێژە بە هاوكارییەكانتان بدەن و كار بۆ ئەوە بكەن ناكۆكیی سەربازیتان لەگەڵ ئێراندا بۆ دروست نەبێت.
* دەبینین وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانێتییەكە پشتیوانی داعش دەكەن، لە كاتێكدا وڵاتگەلێك هەن كە دژی داعش شەڕ دەكەن و ئەندامیش نین لەو هاوپەیمانێتییە، لەو بارەیەوە راتان چییە؟
- توركیا هەڵوێستی خۆی گۆڕیوە لە ئاست داعش و ئێستا دژی داعشە. نابێت چاوەڕوێی ئەوە بكەین هەموو دەوڵەتێك بە چەشنی وڵاتانی دیكە شەڕ بكەن، چونكە بایەخدانەكانیان جیاوازن، كە ئەوەش پەیوەستە بە بەرژەوەندییە ئەمنییەكانی وڵاتەكەوە. توركیا دژی داعشە، بەڵام من لە هەڵوێستی توركیا دڵنیا نیم و پتر بە لای بەرەی ئەلنوسرە و ئیسلامییەكانی دیكەدایە، كە من هەندێكیان بە ئیسلامێكی رادیكاڵ و سەرسەخت دەزانم، لەبەر ئەوە تەم و مژییەك هەیە بۆ من و هیوادارم توركیا هەڵوێستی روونتری هەبێت لە ئاست موعارەزەی سووریادا. توركیا لە شەڕی دژ بە داعش لە هاوپەیمانێتییەكەدایە كە بە سەركردایەتی ئەمریكا پێكێهێنراوە، بەڵام بە چەشنی قەتەر، یان سعودیە بەشداری ناكات و ئەمەش بۆ بەرژەوەندییە نەتەوەییەكانیان دەگەڕێتەوە.
* دوا وتەت لەبارەی ئەو جەمسەرگیرییە جیهانییەوە چییە؟
- پێموایە رووسیا و ئەمریكا لە كۆتایی هێنان بە شەڕی سووریا بەرژەوەندیی هاوبەشیان هەیە.
