ئەنتۆنی كوردسمان پسپۆڕ و تایبەتمەند لەسەر سیاسەتی ئەمریكا لە عێراقدا لە ئامۆژگای CSIS بۆ گوڵان:ئەمریكا پشتیوانی و پێدانی چەك بە پێشمەرگە بە پێویست دەزانێت
May 14, 2015
دیمانەی تایبەت
پڕۆفیسۆر ئەنتۆنی كوردسمان لەناو ئەو پسپۆڕ و توێژەرانەی كە دیراسەتی عێراق دەكەن، ئەگەر ژمارە یەكیش نەبێت، ئەوا لەو كەسانەیە كە بیروبۆچوونەكانی بە هەند وەردەگیرێت. كوردسمان بە توێژەر و شرۆڤەوانێكی واقیعی لەسەر ئاستی جیهان هەژمار دەكرێت. لە ماوەی 15 ساڵی رابردوو بە دەیان توێژینەوەی لە سەر عێراق كردووە و چەندین جار سەردانی هەرێمی كوردستان و عێراقی كردووە و لەگەڵ سەركردەكانی عێراق لە نزیكەوە وتووێژی كردووە، لەسەر ئاستی ناوەندی حكومەتی ئەمریكا و سینك تاكسەكانی فیكر و لێكۆڵینەوەش حیسابێكی ورد بۆ شرۆڤە و بۆچوونەكانی دەكرێت. هەروەها لە ناو سەنتەری دیراساتی ستراتیژیەتی نێودەوڵەتی (CSIS)یەكێكە لەو توێژەرانەی كە بۆچوونەكانی بە هەند وەردەگیرێت. بۆ قسەكردن لەسەر سیاسەتی ئێستای ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق و پشتگیری ئەمریكا بۆ هێزی پێشمەرگە، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ پڕۆفیسۆر ئەنتۆنی كوردسمان ئەنجامدا و بەمجۆرە بۆچوونەكانی بۆ گوڵان خستەڕوو.* ئێوە وەك پسپۆڕ و تایبەتمەندیك لەسەر سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بەعێراق، ئایا دوای ئەوەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی واشنتۆن دەكات، چ خوێندنەوەیەكتان بۆ سیاسەتی ئەمریكا بەرامبەر بە عێراق لەم دۆخەدا هەیە؟
- ئاشكرایە سیاسەتی ئەمریكا بە شێوەیەكی ئاشكرا لەگەڵ سەقامگیری و یەكێتیی خاكی عێراقدایە، ئەمەش گرنگیەكی گەورەی هەیە بۆ بەرژەوەندییە ستراتیژییەكانی ئەمریكا و بە دڵنیاییشەوە ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی كوردستانیش بە بەشێكی گرنگی ئەو ستراتیژە دادەنێت. هەندێ جار باس لەوە دەكرێت كە ئەمریكا بە جۆرێك لە جۆرەكان پشتیوانی دابەشبوونی عێراق دەكات، بەڵام ئەمە حاڵەتەكە نییە. ئەوەی ئەمریكا پشتیوانی دەكات بریتییە لە چارەسەرێك كە ئاسایشی پێكهاتە سەرەكییەكانی عێراق (كورد و عەرەبی شیعە و عەرەبی سوننە) بپارێزێت، هەروەها داهاتی نەوت بە شێوەیەكی گونجاو دابەش بكرێت، بە چەشنێك هەر گرووپێك پشكی رەوای خۆی پێ بدرێت و دەوڵەتێك بێت كە پشتیوانی تەواوی خەڵكەكەی لەگەڵدا بێت، ئەمەش عێراقێكی سەربەخۆ و بەهێزی لێ بەرهەم دێت. بە دڵنیاییەوە ئەمە دەبێتە بەشێكی زۆر گرنگی گفتوگۆی نێوان سەرۆك بارزانی و ئەمریكا. ئەمریكا پشتیوانی تەواوی كورد دەكات، بەڵام ئامانجی ئەمریكاش ئەوەیە بارودۆخێك بخوڵقێندرێت كە تێیدا حكومەتی عێراق بتوانێت خزمەت بە سەرجەم هاووڵاتییەكانی بكات، نەك عێراقێكی دابەشبوو، یان لاواز.
* لە پەیوەندی بە شەڕی داعشەوە ئەوا تەنها هیزێك توانیبێتی داعش ببەزێنێت، بریتییە لە پێشمەرگە، ئایا تا چەند ئەمریكا پشتیوانی هێزەكانی پێشمەرگە دەكات و كورد بە هاوپەیمان دادەنێت؟
- مەسەلەی پشتگیركردنی هێزی پێشمەرگە زۆر گرنگە، ئەمریكا هاوكاریكردنی پێشمەرگە بە پێویست دەزانێت و بوونی هێزێك بە پێویست دەزانێت كە توانای بەرگریكردنی هەبێت و بتوانێت لە ناو هەرێمی كوردستانەوە تیرۆریستانی داعش تێكبشكێنێت، هەروەها نەك هەر تەنها عێراق، بەڵكو پشتیوانی دەوڵەتانی دیكەش دەكات لە خستنەگەڕی هەوڵە مرۆییەكانیاندا بۆ ئەوەی یارمەتی هەرێمی كوردستان بدەن و كار بۆ ئەوە بكرێت كورد و پێكهاتەكانی دیكەش رووبەڕووی تراژیدیا نەبنەوە. بەڵام زۆر گرنگە لایەنی كوردی هۆشیار بن لەبارەی دوو خاڵەوە، یەكەمیان ئەوەیە كە هێزە سەربازییەكانی عێراق و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی شیعەكان هەندێك دەستكەوتیان بەدەست هێناوە. هەروەها هەوڵەكانی كوردیش دەرئەنجامی كۆششی كورد خۆی و پشتیوانی ئاسمانیی ئەمریكا و هێزەكانی دیكە بووە. دەبێت جەخت لەسەر ئەو راستییە بكرێتەوە كە ئامانجی ئەمریكا ئەوەیە لە دوای ئەم پرۆسەیەوە عێراقێكی یەكگرتوو بێتە ئاراوە كە لە ئاست پێداویستییەكانی خەڵكەكەدا بێت، ئێمە پشتیوانی لایەنێك ناكەین لەسەر حیسابی لایەنەكانی دیكە.
* ئەگەر كورد داوای سەربەخۆیی لە ئەمریكا بكات، تێڕوانین و هەڵوێستی ئەمریكا چی دەبێت؟
- ئاشكرایە لە ئێستادا ئەمریكا نایەوێت عێراق دابەش بێت و نایەوێت چەند دەوڵەتێكی بچووكی سەربەخۆ ببینێت. چونكە ئەمە دابەشبوونی دیكە دروست دەكات و كێشەی نەبڕاوە لە ناوچەكەدا دەخوڵقێنێت.
* ئەی پەیام و راسپاردەتان چییە بۆ كورد كە ناوچەكە و عێراق بە دۆخێكی وا سەختدا دەڕوات؟
- پەیامی من بۆ هەموو عێراقییەك ئەوەیە كە لە كۆتاییدا چارەسەرەكە بریتییە لە دۆزینەوەی هاوسەنگییەكی نوێی هێز كە هاوسەنگییەكی رەوا و یەكسان بێت و هەموو لایەك هەست بە ئاسایش بكەن و باوەڕیان وابێت كە دەتوانن پێكەوە بەرەوپێش بچن، بەرەو عێراقێكی پێشكەوتووی سەقامگیر و دەوڵەمەندتر. نابێت دەرئەنجامەكە تەنها لە تێكشكاندنی دەوڵەتی ئیسلامیدا سنووردار بكرێت، چونكە بە راستی پێویست بەوە دەكات كە عێراقێكی پتر یەكگرتووی دادپەروەر بێتەئاراوە، بە بێ بەدەستهێنانی ئەم ئامانجەش روون نییە ئایا چۆن كار بۆ بەدەستهێنانی سەقامگیری دەكرێت.
* باس لەوە دەكرێت گرنگە هێزێكی ئەمریكی لە عێراقدا بوونی هەبێت و ئەو شوێنەش كوردستان بێت، ئایا پێتانوایە ئەمە مومكین دەبێت؟
- وەڵامی ئەم پرسیارە لە ئێستادا نەخێرە، ئەمریكا هێز لە بەشێكی وڵاتەكەدا جێگیر ناكات، كە وا دەربكەوێت لە دابەشكردنی عێراقدا هاوكار دەبێت.
* ئایا ئەمریكا بە شێوازێكی جیاواز هاوكاریی پێشمەرگە و حكومەتی مەركەزی دەكات، چونكە ئێستا داعش وڵاتەكەی دابەش كردووە؟
- حاڵی حازر ئەمریكا بە جیا مەشق بە سوپای عێراق و پێشمەرگە دەكات، بەڵام ئامانجەكە هەر وەك خۆیەتی، تەنانەت پێش ئەوەی مالیكیش لە دەسەڵاتدا نەمێنێت، ئەویش بریتییە لەوەی بونیادێك لەعێراقدا دروست بكرێت كە پێشمەرگە و سوپای عێراق و حەرەسی وەتەنی سوننی بتوانن ئاسایشی پێكهاتەكانی خۆیان بپارێزێن و لە هەمان كاتدا وەك هێزێكی یەكگرتوو بۆ بەرگریكردن لە عێراق كار بكەن.
* ئایا ئەمریكا لە رووی مرۆییەوە هاوكاری كوردستان دەكات، چونكە ئێستا نزیكەی ملیۆنێك و 500 هەزار ئاوارەی ناوخۆیی و پەنابەری دەرەكی لەم هەرێمەدا هەن و ئەمەش بارگرانی زۆری دروست كردووە؟
- گرفتەكە لە ئێستادا ئەوەیە ئەو كێشە مرۆییانە دوورتر لە سنووری كوردستان دەڕۆن و كاریگەرییان هەیە لەسەر توركیا و بەشەكانی دیكەی عێراق و كاریگەرییان هەیە لەسەر لوبنان كە بە قووڵی تێوەگلاون لە شەڕی ناوخۆیی سووریاوە.
* ئایا كورد دەتوانن دڵنیایی لە ئەمریكا وەربگرن كە لە هەر حاڵەتێكی تەنگانەدا ئاسایشیان پارێزراو دەبێت؟
- پێموایە ئەمریكا هەموو كارێك دەكات بۆ دەستەبەركردنی ئاسایشی كوردەكانی عێراق و هەروەها شیعە و سوننەكانیش كە لە دەستی بێت. بەڵام یەكێك لە كێشەكان ئەو هەستەیە كە لە رابردوودا هەبووە كە پێی وا بووە بەدیلەكە بریتییە لە سەربەخۆیی و ئەمریكاش دەستەبەری ئاسایشی كوردەكان دەكات بە دابڕاوی لە بەشەكانی دیكەی عێراق و ناوچەكە، بەڵام پێموایە راستییەكە ئەوەیە كە پشتیوانی ئەمریكا بەندە بەوەی كورد هەرچییەكیان لەدەست بێت، ئەنجامی بدەن لە پێناوی عێراقێكی بەهێزدا بە بێ قوربانیدان بە بەرژەوەندییەكانی خۆیان. مەترسییەكە بۆ هەموو كوردێك ئەوەیە كە گریمانەی ئەوە بكات، ئەمریكا زەمانەتی ئەمنی كورد دەكات بە بێ ئەوەی ئەمە بەند بێت بە پشتیوانی كوردەوە بۆ عێراقێكی یەكگرتوو.
