ئەگەر پشتگیری سەرۆك بارزانی نەبووایە، ئێمە وەك كلد و سریان و ئاشووری لە پڕۆژەی دەستووری كوردستاندا پارچەپارچە كرابووین

ئەگەر پشتگیری سەرۆك بارزانی نەبووایە، ئێمە وەك كلد و سریان و ئاشووری لە پڕۆژەی دەستووری كوردستاندا پارچەپارچە كرابووین
دەستوور یەكێكە لەو پرسە نیشتمانییانەی كە بۆ هەر هەموو پێكهاتەكانی گەلی كوردستان دەنووسرێت و تایبەت نییە بە پێكهاتەیەك، یان لایەنێكی دیاریكراو، هەربۆیەش نوێنەرانی لایەنە سیاسییەكان و تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان بە جیاوازی ئایین و نەتەوەوە، ئەندامی لیژنەی نووسینەوەی ئەو پڕۆژەدەستوورە بوون كە لە 24ی حوزەیرانی 2009 لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كرا و بۆ راپرسی ئامادەكرا، بەڵام پاشان بە هۆی كاریگەی فشاری حزبی و دەرەكی نەتواندرا بخرێتە راپرسییەوە. سەبارەت بە گرنگیی دەستوور بۆ ئێستای هەرێمی كوردستان، ئەم دیدارەمان لەگەڵ رمیۆ هەكاری سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی بەیت نەهرێن و نوێنەری كلد و سریان و ئاشووری لە پرۆسەی نووسینەوەی دەستوور ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
رۆمیۆ هەكاری سكرتێری گشتی حزبی دیموكراتی بەیت نەهرێن بۆ گوڵان:ئەگەر پشتگیری سەرۆك بارزانی نەبووایە، ئێمە وەك كلد و سریان و ئاشووری لە پڕۆژەی دەستووری كوردستاندا پارچەپارچە كرابووین

* دەستوور بۆ هەموو گەلی كوردستانە بە جیاوازی نەتەوە و ئایینەوە، ئێوە وەك پێكهاتەیەكی سەرەكی نەتەوەیی و ئایینی جیاواز لە كوردستان، چۆن سەیری بایەخی دەستوور بۆ هەرێمی كوردستان دەكەن؟
- پێش هەموو شت كە باس لەوە دەكەین خۆمان خۆمان بەڕێوبەرین و باس لەوە دەكەین لە ئایندەیەكی دوور، یان نزیك خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆمان بین، ئەوا دەبێت پێش هەر شتێك خاوەنی دەستووری خۆمان بین، لەبەر ئەوەی دەستوور وەك دایكی هەموو یاسان كۆڵەگەی سەرەكییە بۆ رێكخستنی ژیانی تاكەكانی كۆمەڵگە و هەروەها رێكخستنی پێكەوەژیان و لێبووردەیی لە نێوان پێكهاتە جیاوازەكاندا، بۆیە دەستوور سەرچاوەیەكی گرنگ و هەنگاوی یەكەمە بۆ ئەو رێكخستنە.
* یەكێك لە ئەندامانی لیژنەی نووسینەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان بوویت و دەزانیت ئەو پڕۆژەیە هەموو رێكارە یاساییەكانی خۆی تەواو كرد و پەرلەمان پەسەندی كرد و ئامادەكرا بۆ راپرسی، ئایا باشتر نەبوو ئەو دەستوورە بخرێتە دەنگدانەوە؟
- من وەك یەكێك لە ئەندامانی لیژنەی نووسینەوەی دەستوور و هەروەها نوێنەری كلد و سریان و ئاشووری لەو پرۆسەیەدا، هەروەها وەك ئەندامێكی پێشووی پەرلەمان و ئێستاش وەك هاووڵاتییەكی كوردستان، هەموو كات لەگەڵ ئەوە بووم كە هەموو هەوڵەكان بخرێنەگەڕ بۆ ئەوەی دەستوور بە زووترین كات بخرێتە راپرسییەوە، بەتایبەتی ئەم پڕۆژەی دەستوورەی كە پەرلەمان پەسەندی كردو نێردرا بۆ سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لای بەڕێزیشیان پەسەند كراوە، بە هەر حاڵ بە هۆی كێشە و گرفتی ناوخۆ و هەروەها كێشەكانی نێوان بەغداو هەرێم و كاریگەری دەوروبەر ئەو پڕۆژەیە راپرسی لەسەر نەكرا و نەمانتوانی ببین بە خاوەنی دەستووری خۆمان، لێرەدا نابێت ئەوەمان لەبیر بچێت، ئێمە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە وڵاتێكدا دەژین كە ناوی عێراقە و هەرێمی كوردستانیش بەشێكە لەو دەوڵەتە و لەم دەوڵەتەشدا هەموو شتێك لە سەر بنەمای تەوافق بەڕێوەچووە، هەرچەندە وەك رای شەخسی خۆم پێموایە تەوافق واتە خنكاندنی دیموكراتی، بەڵام بمانەوێت، یان نەمانەوێت، بەشی زۆری حزبە سیاسییەكانی كوردستان لە هەموو پرسەكاندا داوای تەوافق دەكەن، بێگومان دەستووریش یەكێكە لەو پرسانە، لە ئێستادا شتێكی باشە نیمچە تەوافقێك لە نێوان لایەنە سیاسییەكان دروست بووە، بەڵام گرنگە زیاتر پەلە بكەن بۆ ئەوەی ئەم پرسە زوو یەكلایی بكەنەوە، ئەوەی لە ئێستا گرنگە و دەبێت هەموو لایەنە سیاسییەكان پێوەی پابەند بن دوو مەسەلەیە:
1. دەبێت هەموو لایەك بگەنە ئەو قەناعەتەی كە دەستوور زەروورەتە بۆ خەڵكی كوردستان و دەبێت لەسەر ئەم پرسە رێكبكەون و بسازێن.
2. ئەگەر بارودۆخەكە لە دوای پرۆسەی نووسینەوەی دەستوور گۆڕانكاری بەسەردا هاتووە و پێویستە ئێستا هەندێك ماددە و بڕگەی گۆڕانكاری تێدا بكرێت، ئەوا دەبێت ئەم پرۆسەیە بە خێرایی جێبەجێ بكریت و لە ماوەیەكی دیاریكراودا دەستوورەكە بخرێتە راپرسییەوە.
* تاچەند كارێكی خراپە پڕۆژەی دەستوور وەك پرسێكی نیشتمانی لەگەڵ موزایەداتی سیاسی و بەرژەوەندی حزبی تێكەڵ بكرێت؟
- نەبوونی دەستوور، یان دواكەوتنی دەستوور، ناتەبایی و لیكتێنەگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسیەكانی كوردستان زیاتر دەكات، زۆر جاریش لە كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، جۆرێك لە ئیشكالیەت و لێكتێنەگەیشتنی لە نێوان لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دروست كردووە، بۆیە چەند دەستوور دوا بكەێت و چەند درەنگتر بخرێتە دەنگدانەوە، هێندە زیاتر كێشەی نێوان لایەنە سیاسییەكان كەڵەكەتر دەبێت، بۆیە مەسەلەی حزبایەتی و تێڕوانینی حزبایەتی بۆ پرسەكە مەسەلەیەكە و مەسەلەی دەستوور وەك پرسێكی نیشتمانی پرسێكی دیكەیە. ئەگەر لە روانگەی بەرژەوەندی حزبییەوە سەیری دەستوور بكرێت، ئەوا ئێمە هەرگیز نابینە خاوەنی دەستووری خۆمان و بە دڵنیاییەوە زیاتر لەم پرسە نیشتمانییە دوور دەكەوینەوە، بۆیە دەبێت پرسی دەستوور وەك پرسێكی نیشتمانی لە هەموو بەرژەوەندییەكی حزبی و شەخسی بەرزتر سەیر بكرێت، ئێستاش كە جۆرێك لە تەوافق دروست بووە و پێویستە پەرلەمان لیژنەیەك پێكبهێنێت، بۆ ئەوەی پێداچوونەوە بە دەستوورەكە بكرێت، بەڵام گرنگە لە سەرووی بەرژەوەندی حزبییەوە لەگەڵ پرسی دەستوور مامەڵە بكرێت.
* تا چەند لە پڕۆژەی دەستووری كوردستاندا مافی ئێوە وەك نەتەوەی كلد و سریان و ئاشووری دەستەبەر كراوە؟
- بێگومان بەشێكی زۆری مافی ئێمە وەك كلد و سریان و ئاشووری لەم دەستوورەدا بوونی هەیە، ئەمەش نەك تەنها مافی ئێمە، بەڵكو مافی توركمان و هەروەها مافی تەواوی نەتەوە و ئایینەكانی دیكەش كە لە كوردستاندا دەژین ملزمە و لەم دەستوورە نووسراوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پرۆسەی دەستوور بۆ هەموو لایەكە و تەنها بۆ نەتەوەیەك نییە، هیچ لایەك 100% مافەكانی نەهاتووە، تەنانەت بە نەتەوەی كوردیشەوە، بەڵام هەر لایەك بەشی زۆری مافەكانی دیاریكراوە.
* لە ئێستادا كە باسی پڕۆژەی دەستوور دەكرێت، پرسی پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشی لەگەڵ تێكەڵ دەكرێت، ئایا ئێوە وەك نەتەوەیەكی جیاواز لە كوردستان، چۆن سەیری زەرەوورەتی سەرۆك بارزانی بۆ ئەم قۆناخە دەكەن؟
- وەك پێشتریش ئاماژەم پێكرد، پرسی دەستوور مەسەلەیەكی نیشتمانییە و نابێت تێكەڵی هیچ پرسێكی دیكە بكرێت، ئێستاش من گەشبینم كە هەموو لایەنەكان تا راددەیەك گەیشتوونەتە ئەو قەناعەتەی كە بە شێوەیەكی دیكە لەگەڵ پرسی دەستوور مامەڵە بكەن، سەبارەت بە زەروورەتی جەنابی كاك مسعود بارزانی بۆ ئەم قۆناخە، ئاشكرایە هەموو لایەنە سیاسییەكان و هەموو خەڵكی كوردستان بیریان لە زەروورەتی بوونی سەرۆك بارزانی بۆ ئەم قۆناخە كردۆتەوە و بۆ ئەم پرسەش چەندین كۆبوونەوە لە نێوان لایەنە سیاسییەكان كراوە و ئەم پرسە باسكراوە، ئێمە ئەگەر واقیعییانە سەیری بارودۆخی ئێستا بكەین، دیارە ئێمە لە قۆناخێكی هەستیار و پڕمەترسی و لە حاڵەتی شەڕداین و رووبەڕووی دوژمنێك بووینەتەوە كە زۆر دڕندەیە، بۆیە لەم قۆناخە ئەركی سەرشانی هەموو لایەكمانە پشتگیری لە جەنابی كاك مسعود بارزانی بكەین، بەتایبەتی كە لەم قۆناخە هەستیار و پڕمەترسییەدا رۆڵێكی بەرز و باڵای بۆ راگرتنی باڵانس لە نێوان تێكڕای لایەنە سیاسییەكان گێڕاوە، سەركردایەتی بەڕێزیان لەم قۆناخە وایكردووە هەموو جیهان بە رێز و تەقدیرەوە سەیری هەرێمی كوردستان بكەن، بۆیە پێمانوایە مانەوەی سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بۆ دەربازكردنی كوردستان لەم قۆناخە هەستیار و پڕمەترسییە زەروورەتە و دەبێت بمێنێتەوە.
* ئاماژەت بە رۆڵی سەرۆك بارزانی كرد لە راگرتنی باڵانس لە نێوان لایەنە سیاسییەكان، ئایا تاچەند بۆ چەسپاندی مافی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینەكانی دیكەی كوردستان رۆڵی كاریگەری هەبووە؟
- من لە یادمە كاتێك ئێمە وەك نوێنەری پێكهاتەكان بەشداری بەشێكی نووسینەوەی دەستووری عێراقمان كرد لە بەغدا، سەرۆك بارزانی و مام جەلال رۆڵێكی كاریگەریان هەبوو لە چەسپاندنی مافی پێكهاتەكانی دیكە، بەڵام لەسەر ئاستی دەستووری كوردستان رۆڵ و پشتگیری سەرۆك بارزانی گرنگ و مێژوویی بووە بۆ ئێمە وەك نەتەوەی كلد و سریان و ئاشووری و شوێن پەنجەیان دیارە، لەبیرمە پێش چەند كاتژمێرێك لەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەی دەستوور كۆببێتەوە، هەوڵێك هەبوو دەیانویست نەتەوەی ئێمە پەرتەوازە بكەن و بیكەن بە چەند پارچەیەك، بەڵام بە رۆڵ و پشتگیری سەرۆك بارزانی توانیمان لە یەكێك لە ماددەكانی دەستووری هەرێمی كوردستان ئەوە بچەسپێنین كە ئێمە نەتەوەیەكی یەكگرتووین بە ناوی گەلی سریان و كلد و ئاشووری، بەڕاستی ئەمە بۆ میژووی ئێمە گرنگە و ناكرێت هەرگیز ئەو رۆڵ و پشتگیرییەی جەنابی سەرۆك بارزانی لەیاد بكەین.
Top