پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا تەحەددای بۆ كاری رۆژنامەوانی دروستكردووە و دەبێت رۆژنامەنووس وریا بێت چۆن هەواڵ دەگوازێتەوە

پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا تەحەددای بۆ كاری رۆژنامەوانی دروستكردووە و دەبێت رۆژنامەنووس وریا بێت چۆن هەواڵ دەگوازێتەوە
خاتوو ماگی زانگەر ئوستادی رۆژنامەوانییە لە زانكۆی ئەریزۆنا و تایبەتمەندە لە بوارەكانی رۆژنامەگەری نێودەوڵەتی و رووماڵی تەنگژە و كارەساتە مرۆییەكان، هەروەها تایبەتمەند و پسپۆڕە لەسەر میدیا لە كوردستانی باشوور و لە كۆتایی نەوەدەكانی سەدەی رابردووە كاری لە سەر هەرێمی كوردستان كردووە و شارەزایە لەسەر ئاستی رۆژنامەگەری لە كوردستان. بۆ قسەكردن لەسەر رۆژنامەگەری لە ئێستای جیهان و چۆنیەتی رووبەڕووبوونەوەی تەحەددی و گرفتەكان، ئەم وتووێژەمان لەگەڵ ئەنجامداو بەمجۆرە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
ماگی زانگەر رۆژنامەنووس و ئەكادیمی لە زانكۆی ئەریزۆنا بۆ گوڵان:پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا تەحەددای بۆ كاری رۆژنامەوانی دروستكردووە و دەبێت رۆژنامەنووس وریا بێت چۆن هەواڵ دەگوازێتەوە

* پێشكەوتنی تەكنەلۆژیای زانیاری و میدیای دیجیتال ئاڵوگۆڕی راستەقینەن كە لە بواری رۆژنامەگەری پڕۆفیشناڵدا روو دەدەن. هەروەها بەربەستێكە بۆ رۆژنامەنووس بۆ نووسینی راپۆرتێك كە سەرچاوەی راستەقینەی زانیاری بەكار بهێنێت كە جێی متمانەپێكردن بێت. بە بۆچوونی ئێوە ئایا ئایندەی رۆژنامەگەری لەم جیهانەی ئێستادا چی دەبێت؟
- ئاشكرایە رۆژنامەگەری لە نێو جەرگەی گۆڕانكارییەكی گەورەدایە، یاخود پێویستە بڵێم رۆژنامەگەری لە گۆڕانكاریدا نییە، بەڵكو تەكنەلۆژیا لە گۆڕانكاریدایە، هەروەك هەموومان دەزانین، رۆژنامەگەری بەردەوامە، بەڵام ئامرازەكان جیاوازن. واتە نووسین و بڵاوكردنەوەی زانیارییەكان هەروەك خۆیانن و رۆژنامەنووسان بۆ چەند سەدەیەكە ئەم كارە دەكەن. هەموو كەس باوەڕی وابوو رۆژنامەگەری كۆتایی دێت، كاتێك تەلەفزیۆن هاتەئاراوە، بەڵام كۆتایی نەهات و هەر بەردەوام بوو، بۆیە هەموو شتێك لە گۆڕاندایە، رەوشەكە و دۆخەكە لە گۆڕاندان و باوەڕم وایە ئەمە شتێكی تەندروستە. حاڵی حازر كێشە هەیە، بەڵام دەبێت چاوەڕێ بكەین و ببینین ئایندە چی بۆ هەڵگرتووین. رۆژنامەگەری ناگۆڕێت، هەمیشە تەكنەلۆژیا لە گۆڕانكاریدایە، بەڵام رۆژنامەگەری نا. خەڵكی هەواڵی دەوێت و هەمیشە خەڵكی پێویستی بە هەواڵە، پێموایە هەمیشە پێویستمان بە نووسین و بڵاوكردنەوەی زانیاری دەبێت، ئیدی لە رێی رادیۆوە بێت، یاخود تەلەفزیۆن، یان رۆژنامەوە، ئەوانە تەنها ئامرازێكن، بەڵام رۆژنامەگەری هەروەك خۆیەتی، ئەو ئامرازانەی بەكار دەهێندرێن بۆ كۆكردنەوە و بڵاوكردنەوەیان دەگۆڕێن. هەر لەبەر ئەوەیە ئێمە لە ساتەوەختداین و شڵەژانێك دروست بووە. لەبەر ئەوەی هەموو كەس دەستی بە ئامرازەكانی رۆژنامەگەری رادەگات. دەبینین داعش زۆر بە باشی ئامرازەكانی رۆژنامەگەری بەكار دەهێنێت، بەڵام داعش پێویستی بە رۆژنامەنووس نییە، هەر لەبەر ئەوەشە رۆژنامەنووس دەكوژێت لەبری ئەوەی هەوڵ بدات چیرۆكی خۆیان بەو رۆژنامەنووسە رابگەیەنن. ئەمە لە كاتێكدا زۆر گرنگە بۆ كورد كە چیرۆكەكەیان بە جیهان بگات، لەبەر ئەوە هاوكاری لەگەڵ رۆژنامەنووساندا دەكەن و بانگهێشتیان دەكەن و زۆر بە باشی مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن، چونكە دەیانەوێت رۆژنامەنووسان رەوشی ئەوان بە جیهان بگەیەنن، ئێستاش خۆتان دەتوانن ئەو كارە بكەن، كەناڵی ئاسمانیتان هەیە و لە تویتەر چەندەها كورد هەن كە لە رێیانەوە دەزانم چی لە كوردستاندا دەگوزەرێت. بەڵام ئەو تەكنەلۆژییە لە هەندێ رووەوە دەبێتە هۆی ئەوەی جیهان مەترسیدارتر بێت، لەبەر ئەوەی گرووپێكی وەك داعش دەتوانن زانیارییەكانی خۆیان لەو رێگەیەوە بڵاو بكەنەوە، كە رەنگە دروست بن و ئەگەری ئەوەش هەیە نادروست بن.
* یەكێك لەو لایەنانەی كە سەرنجێكی بەربڵاوی لەسەرە لە رەوتی رۆژنامەگەری ئێستادا بریتییە لە هەواڵی بەپەلە و هەواڵی راستەوخۆ، لەلایەكی دیكەوە دەبینین كە خەڵكانی ئاسایی هەواڵ و ڤیدیۆ لەسەر تۆڕەكانی سۆشیال میدیا و یوتیوب بڵاو دەكەنەوە. لە دەرئەنجامدا، وێنە دەدوێت و هەرگیز گوێبیستی رووداوەكان نابین. بەپێی بیروبۆچوونی ئێوە، ئایا رۆژنامەنووس چۆن مامەڵە لەگەڵ رووداوە خێراكاندا بكات و لێكۆڵینەوەی رۆژنامەنووسی ئەنجام بدات؟
- ئەمە خاڵێكی زۆر گرنگە، ئەمەش مایەی كێشەیە، لە بەر ئەوەی كەسێكی ئاسایی ناتوانێت جیاوازی بكات لە نێوان زانیاری راست و دروست و قسە و قسەڵۆكدا. لە رابردوودا قسەوقسەڵۆك و باسی پیلانگێڕی دەكرا و بە سەرزارەكی دەگوازرایەوە، بەڵام ئێستا ئەو شتانە لەسەر ئەنتەرنێت دەبینین، لەبەر ئەوە مایەی كێشەیە بۆ رۆژنامەنووس و دەبێت رۆژنامەنووس وریا بێت. بەڵام هەمیشە رێسای بنەڕەتی هەبووە بۆ رۆژنامەگەری كە رۆژنامەنووسان بتوانن باشترین سەرچاوە بەكار بهێنن كە هەمیشە بزانیت سەرچاوەی زانیاریەكانی كێن و بچێتە بنج و بنەوانی ئەو زانیارییانە و هەمیشە هەوڵ بدات سەرچاوەی دووەم و بگرە سەرچاوەی سێیەمی هەبێت. ئەوەی ئێوە دەیڵێن راستە كە هەندێ نووسینی بایەخدار هەن لەلایەن چالاكوانە سوورییەكانەوە كە دەیانەوێت زانیاری بە جیهان بگەیەنن لەبارەی شەڕەكە و لەبارەی رەوشی سووریاوە، كارێكی زۆر مەترسیدارە كە رۆژنامەنووسی پڕۆفیشناڵ لەوێدا كار بكات و پێموایە زانیارییەكی زۆر لەو خەڵكانەوە دێن كە لەوێدان، ئەمەش تەحەددییەكە بۆ رۆژنامەنووس كە متمانە بە كامیان بكەن و متمانە بە كامیان نەكەن، - واتە ئەو خەڵكە ئاساییانەی زانیاری دەگوازنەوە-، لەبەر ئەوە دژوارییەكی زیاتر تووشی رۆژنامەنووسان دەبێت بۆ ئەوەی ئەوە یەكلا بكەنەوە كە ئایا سەرچاوەكانیان كێن؟ پێموایە بڕێكی زۆری زانیاری خراپ بڵاو بوونەتەوە كە كاری رۆژنامەنووسانە تەئكیدیان لێبكەنەوە، دەبێت بزانن بۆ زانیارییەكانیان قسە لەگەڵ كێ دەكەن و متمانە بە كێ دەكەن. كەواتە لە ئێستادا كارەكە قورستر بووە، لەبەر ئەوەی سەرچاوەیەكی زۆری زانیاری لە ئارادان، لە فەیسبوك و لە تویتەر و.. تاد، بۆیە دەبێت رۆژنامەنووس زۆر وریا بێت لەوەی وەك سەرچاوەی زانیاری متمانە بە كێ دەكات.
*پاراستنی ئیتیك و بەهاكانی رۆژنامەگەری یەكێكە لە پرەنسیپەكانی پاراستنی ئازادی و كۆمەڵگەی دیموكراتی، بەڵام تەكنەلۆژیا بۆتە هۆی ئەوەی پاراستنی ئیتیكی رۆژنامەگەری كارێكی زەحمەت بێت. ئایا رێگەی نوێی پاراستنی ئیتیك و بەهای رۆژنامەگەری چین؟
- دووبارەی دەكەمەوە كاتێك خەڵكانێك هەن كە پڕۆفیشناڵ نین و زانیاری بڵاو دەكەنەوە، ئەمە تەحەددییەكی راستەقینەیە بۆ ئەو كەسانەی هەواڵ دەخوێننەوە، لەبەر ئەوەی كەسانێكی زۆر لەوانەی زانیاری بڵاو دەكەنەوە، پابەند نین بە ئیتیكی رۆژنامەگەری و كەسانی پڕۆفیشناڵ نین و زەحمەتە كە خوێنەر، یان بینەر ئەوە بزانێت. واتە دەبێت ئاستێكی سەرەتایی لە خوێندەواری راگەیاندن هەبێت، هەروەك چۆن كەسێك بۆ ئەوەی بتوانێت بخوێنێتەوە دەبێت ئاستێكی سەرەتایی لە خوێندەورای هەبێت، ئاواش دەبێت خوێندەواری راگەیاندنت هەبێت. لەبەر ئەوە دەبێت رۆژنامەنووس، رۆژنامەنووسی پڕۆفیشناڵ، هەمیشە پابەندبێت بە ئیتیكی كاری رۆژنامەوانی و ئاستێكی بەرزی ئیتیكی بپارێزێت، بەو شێوەیە دەتوانێت كارێك بكات خوێنەران و بینەرانی روو نەكەنە سەرچاوەی دیكە، چونكە دەزانن ئەو سەرچاوەیەكی متمانەپێكراوە و سەرچاوەیەكی پڕۆفیشناڵە.
*لە نێو هەموو ئەو گۆڕانكارییانەدا، گۆشكردنی نەوەی نوێی رۆژنامەنووسان لەسەر شێوازە تەقلیدییەكە سەركەوتوو نابێت. ئایا شێوازی نوێی گۆشكردنی رۆژنامەنووس چییە بۆ ئەوەی بتوانێت لە ئاستی گۆڕانكارییەكانی پەیوەست بە پاراستنی بەها و بەدەستهێنانی متمانەی خەڵك بێت؟
- هەر لەبەر ئەوەیە كە هێشتا باوەڕم وایە كە گرنكە راهێنانی پڕۆفیشناڵانە بە رۆژنامەنووسان بكرێت، هەر لەبەر ئەم هۆكارەشە كە لە كۆلێژەكانی رۆژنامەگەری زۆر گرنگە كە رۆژنامەنووسان لەسەر ئیتیكی گونجاو و لەسەر یاسا و لەسەر ستانداردی بەرزی پڕۆفیشناڵ بوون راهێنانیان پێكرابێت، بەڵام رۆژنامەنووس دەتوانێت فەیسبووك بەكار بهێنێت وەك سەرچاوەیەك، بۆ نموونە دوێنی من بە قوتابییەكانم راگەیاند كە بۆ ئەوەی كەسانێك بدۆزنەوە كە كێشەیان لەگەڵ بینای باڵەخانەیەكی دیاریكراودا هەبێت، كە بە خراپی ئەو باڵەخانەیە دروست كراوە و ئەگەر بە دوای ئەو كەسانەدا دەگەڕێن كە لە نێو ئەو باڵەخانەیەدا دەژین، ئەوا رێگەیەكی باش بۆ دوزینەوەی ئەو خەڵكانە بریتییە لە فەیسبووك، یان تویتەر، بەوەی پەیامێك لە فەیسبووك بڵاو بكەیتەوە و رایبگەیەنیت كە بە دوای كەسێكدا دەگەڕێم كە لەو باڵەخانەیەدا بژێیت و تكایە هەر كەسێك زانیاری هەیە ئەوا با لە رێی فەیسبووكەوە ئیمەیڵم بۆ بكات، ئەو كاتە خەڵكانێكی زۆر وەڵام دەدەنەوە، ئەمە رێگەیەكی نوێیە بۆ ئەوەی رۆژنامەنووسان زانیاری بەدەست بێنن، بەڵام تەنانەت دوای ئەوەی كەسێكیش پەیوەندیت پێوە دەكات، ئەوا دەبێت رۆژنامەنووس لەوە بكۆڵێتەوە ئایا ئەو كەسە سەرچاوەیەكی باوەڕپێكراوە، ئایا ئەو كەسە بەڕاستی لەو باڵەخانەیەدا دەژێیت؟ كەواتە تەكنەلۆژیای نوێ دەرفەت بۆ رۆژنامەنووسەكان دەڕەخسێنێ بۆ ئەوەی بە شێوەی جیاواز كاری خۆیان بكەن، لەبەر ئەوە دەبێت بەردەوام بین و بەرپرسیارێتی دەزگاكانی راگەیاندنیشە كە ئەو كەسانە دابمەزرێنن كە خاوەنی بەرزترین ئیتیك و باشترین ستانداردن، دەكرێت ئامرازی نوێی راگەیاندن بەكار بهێنن، بەڵام هەر دەبێت بە شێوەیەكی پڕۆفیشنال و ئیتیكانە بەكار بهێندرێن.
*حاڵی حازر، تیرۆریستان، سوودێكی زۆریان لە راگەیاندنی تەقلیدی و دیجیتاڵ وەرگرتووە، سەرەڕای سۆشیال میدیا، بۆ گەیاندنی پەیامەكانیان و بۆ ئەوەی كاریگەری تەواویان هەبێت لەسەر رای گشتی. چۆن رۆژنامەنووسان دەتوانن رووبەڕووی تیرۆریستان ببنەوە لە پەیوەندی بە بەكارهێنانی راگەیاندن وەك ئامرازێك بۆ گەیاندنی پەیامەكانیان؟
- باوەڕم وا نییە كەس بتوانێت رێگریان لێبكات، وتە كۆنەكە دەڵێت: زانیاری دەیەوێت ئازاد بێت و هەمیشە رێگەیەك هەیە خەڵكی لە رێیەوە زانیاری بڵاو بكەنەوە، ئیدی زانیاری ورد بێت، یان نا، باش بن یان خراپ. پێموایە هەندێ لە كۆمپانیاكانی راگەیاندنی وەك گووگڵ، یان یوتیوپ هەن كە ئەگەر من بوومایە لە جێی ئەوان - بۆ نموونە یوتیوب- ئەوا رێگەم نەدەدا ڤیدیۆی سەربڕین، یان ئەشكەنجەدانی كەسێكی مەدەنی بڵاو بكرێتەوە، پێموایە هەندێكیشیان ئەم كارەیان كردووە و رێگەیان نەداوە. باوەڕم وایە نابێت رێگە بدرێت ئەو ئامرازی پەیوەندییانەی راگەیاندن بەكار بهێندرێن بۆ بڵاوكردنەوەی دیمەنەكانی پێشێلكردنی مافەكانی مرۆڤ و دەبێت ئەمە رابگیرێت، لەبەر ئەوەی ئەمە وەك ئامرازی كەسبكردنی خەڵكی دیكە بەكار دەهێنن. دەكرێت رێگری لە ڤیدیۆیەك بكرێت، یان لاببردرێت، كە داعش دایناوە، بەڵام زەحمەتە فەیسبووك و تویتەر رابگریت، دواتر كێ ئەمانە رادەگرێت جگە لە كۆمپانیاكان خۆیان نەبێت، ئەو كۆمپانییانەش نایانەوێت بڵاوكردنەوەی زانیاری سنووردار بكەن، لەبەر ئەوەی ئەگەر داعش سنووردار بكەن، ئەوا دەتوانن كەسانی دیكەش سنووردار بكەن، ئێمەش نامانەوێت ئەو بوارەیان پێ بدەین. ئەمە كێشەیەكی زۆر دژوارە، لەبەر ئەوەی نامانەوێت گرووپە توندڕەوەكان ئەو زانیارییانە بڵاوبكەنەوە، بەڵام رێگریكردن لە توندڕەوەكان زەحمەتە بۆ ئەوەی نەتوانن زانیارییەكانیان بڵاو بكەنەوە.
Top