عەلی تەها: تاكە یاریزانی كوردی هەڵبژاردەی بالەی عێراق هیوادارم وەك یاریزانێكی كورد بە ئاڵای كوردستانەوە یاری بكەم

عەلی تەها: تاكە یاریزانی كوردی هەڵبژاردەی بالەی عێراق هیوادارم وەك یاریزانێكی كورد بە ئاڵای كوردستانەوە یاری بكەم
عەلی تەها تاكە یاریزانی كوردی ریزی هەڵبژاردەی بالەی نیشتمانی عێراقییە و یەكێكە لە یاریزانە هەرە بەتواناكان لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق و خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەكانی شێروانە و پێشمەرگەی سلێمانی و هەڵبژاردەی عێراق، ماوەیەكیشە چۆتە ریزی یانەی غازی باشوور لە باشووری عێراق، عەلی لە دایكبووی ساڵی 1983ی شاری سلێمانییە و خاوەنی بڕوانامەی ماجستێرە لە پەروەردەی وەرزشی. لەم دیدارەدا چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد و بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.
عەلی تەها تاكە یاریزانی كوردی ریزی هەڵبژاردەی بالەی نیشتمانی عێراقییە و یەكێكە لە یاریزانە هەرە بەتواناكان لە سەر ئاستی كوردستان و عێراق و خاوەنی چەندین ئەنجامی شایستەیە لەگەڵ یانەكانی شێروانە و پێشمەرگەی سلێمانی و هەڵبژاردەی عێراق، ماوەیەكیشە چۆتە ریزی یانەی غازی باشوور لە باشووری عێراق، عەلی لە دایكبووی ساڵی 1983ی شاری سلێمانییە و خاوەنی بڕوانامەی ماجستێرە لە پەروەردەی وەرزشی. لەم دیدارەدا چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەی كرد و بەمشێوەیە وەڵامی پرسیارەكانی گوڵانی دایەوە.





دیمانە: كارزان كانەبی





* هەڵسەنگاندنت بۆ ئاستی یاری بالە لە كوردستان؟


-بەشێوەیەكی گشتی خراپ دەیبینم، ئەگەر پلان دانەنرێت لەلایەن لێژنەی ئۆڵۆمپی و یەكێتی تۆپی بالە و یانەكان، لە ئێستاش زۆر خراپتر دەبێت.


* ئەی لەسەر ئاستی عێراق چۆنی دەبینی؟


- لە عێراق كەمێك باشترە لە هەرێمی كوردستان، چونكە یانەكان و یاریزانان زۆرن.

* پێتوایە چی بكرێت باشە بۆ ئەوەی ئاستی ئەم یارییە پێشبكەوێت؟


-لە پێشدا دەبێت رێككەوتنێك هەبێت لە نێوان وەزارەتی وەرزش و لاوان و لیژنەی ئۆڵۆمپی و یەكێتی ناوەندی تۆپی بالەی كوردستان و لێژنەی وەرزش لە پارێزگاكان و چەند یانەیەك لە پارێزگاكان بۆ ئەوەی قوتابخانەی پێگەیاندنی یاریزانان بكرێتەوە بە سەرپەرشتی پسپۆڕانی یاری بالە بۆ ئەوەی بە شێوەیەكی زانستی پێش بكەوێت، هەروەها پێكهێنانی هەڵبژاردەی كوردستان لە هەموو ئاستەكان لە هەردوو رەگەز و بەشداریكردنیان لە مەشق لەگەڵ وڵاتەكانیان بۆ بەهێزكردنی ئاستی یاریزانان.


* بۆچی لە ناو ئەو هەموو یانە كوردییە لە یانەیەكی باشووری عێراق یاری دەكەی؟


- من وەكو یاریزانێكی كورد پێم خۆشە كە خزمەتی یانەیەكی كوردستان بكەم، بەڵام من بە هەموو هاندەرانی عەلی تەها دەڵێم كە هیچ یانەیەكی كوردستان پێیان نەوتووم كە بچمە ریزەكانیانەوە، بەڵام لە بەرامبەر ئەوە هەموو یانەكانی عێراق دەستپێشخەرییان كرد بۆ ئەوەی یاریان بۆ بكەم، وەكو لای هەمووی ئاشكرایە كە من لە قۆناغی یەكەم یاریم نەكرد لە خولی عێراق بۆ هیچ یانەیەك، بۆماوەی 13 یاریش لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی سلێمانی یاریم كردووە، لە یانەكەی پێشووم بە منیان گوت تیپ دروست ناكەین بۆ ئەمساڵ، یان هەر تیپێك دروست دەكەین تەنیا بۆ بەشداریكردن منیش ئەوەم پێ باش نەبوو، بەڵام پاشان بەپێچەوانەوە چەند یاریزانێكیان هێنایە ریزی یانەكە لەگەڵ یاریزانێكی پیشەگەر بۆیە منیش یانەیەكی ترم هەڵبژارد.


* ئامانجی چوونت بۆ بەسرە بۆ غازی باشوور تەنیا بۆ پارە بوو، یان بۆ هۆكاری دیكەی بوو؟


- هەموو كەس دەزانێ من چۆن دەستم بە یاری بالە كردووە قەت ئامانجی من پارە نەبووە، ئەگەر پارە بوایە من پێش حەوت ساڵ یانەكەی خۆم جێدەهێشت كە بە ماڵی خۆمی دادەنێم، چونكە چەندین گرێبەستم بۆ هاتبوو لەسەر ئاستی عێراق لە دەرەوەی عێراقیش.


* كێشەو گرفتەكانی یاری بالە لە چیدا دەبینیت؟


- كێشەی سەرەكیی لە یەكێتی تۆپی بالە دەبینم، بەڕاستی كەمتەرخەمن ئەگینا یانەكان بە ئاستێكی مام ناوەند كاردەكەن.


* بۆچی لە كوردستان ئاستی ئەم یارییە لە پاشەكشێدایە؟


-بە بۆچوونی من ئەگەر بەمشێوە بەردەوامبین پلانمان نەبێت زۆر خراپتریش دەبێت.


* بڕیارت نەداوە بێیتەوە یانەكانی كوردستان یاری بكەی؟


- من یانەكانی كوردستان بە ماڵی خۆم دەزانم، هەر كات بە من بڵێن زۆر بە باشی خزمەتیان دەكەم، بەتایبەت یانەی پێشمەرگەی سلێمانی.

* هیوا و ئاواتت وەكو یاریزانێك لەم یارییە چییە؟


- هیوام ئەوەیە وەكو یاریزانێكی كورد بە ئاڵای كوردستانەوە یاری بكەم، هەروەها بە هیوای ئەوەم بەرپرسەكانی وەرزش بایەخ بە وەرزش بدەن.


* باشترین ئەنجامەكانت وەكو یاریزان چی بوون؟


-پاڵەوانی كوردستان بۆ 6ساڵ لەگەڵ پێشمەرگە و دووەمی عێراق بۆ ماوەی 2ساڵ، پاڵەوانێتی رۆژئاوایی عەرەب لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق چوارەم لە خولی وڵاتانی عەرەبی، باشترین یاریزان لە ساڵی 2007-2008لەعێراق و ساڵی 2008-2009لە كوردستان، باشترین یاریزانی پێشوازیكردن لە سێرف لە پاڵەوانێتی پاڵاوتنی رۆژهەڵاتی ئاسیا بۆ جامی جیهانی ساڵی 2013.


* دەستەی كارگێڕی یانەكە هاوكاریی بەردەوامتان دەكەن؟


- بەڵێ بەردەوام هاوكاری یاریزانان دەكەن، ئەوان هۆكارن بۆ باشی ئەنجامی تیپەكەمان.


*بەرنامەت بۆ داهاتووی خۆت چییە ؟


-جگە لە خزمەتكردنی وەرزش لە كوردستان لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەكی ترم نییە.


*چی بە بەرپرسانی وەرزشی دەڵێی؟


-پێان دەڵێم كاری زیاتر بكەن بۆ وەرزش، چونكە هەر وەرزشە كە دەمانگەیەنێتە باشترین ئاست لە هەموو روویەكەوە، چ سیاسی، چ كۆمەڵایەتی، یان ئابووری و بەتایبەتی تەندروستی بۆ ئەوەی بنامەیەكی چالاك و بەهێز دروست بكەین لە گەنجان بۆ خزمەتكردنی وڵاتەكەمان.


*لە هەڵبژاردەی عێراق وەكو یاریزانی كورد دژایەتیت ناكرێ؟


-ئەگەری هەیە دژایەتیم بكرێ، بەڵام زۆر بە كەمی و بە ئاشكرا نییە، واتە وەكو خۆم تاكو ئێستا بە ئاشكرا دژایەتیم نەكراوە.


*هەوڵت نەداوە قوتابخانەیەكی پێگەیاندنی یاریزانان بكەیتەوە؟


- بەڵێ بەرنامەیەكی وامان هەبوو لەگەڵ یانەی پێشمەرگە پلانیشمان بۆ داڕشت لەگەڵ سكرتێری یانەكە، بەڵام بەهۆی دووركەوتنەوەم لە یانەكە جارێ دەستمان پێنەكردووە، بەڵام لە ئایندەیەكی نزیكدا قوتابخانەكە دەكەمەوە.


*لە كۆتاییدا ئەگەر شتێكت ماوە دەتوانی باسی بكەی؟


- هیوادارم لە كوردستان بەرپرسانی وەرزش و یەكێتی تۆپی بالە و یانەكان زیاتر بایەخ بە یاری بالە بدەن و زۆر سوپاسی گۆڤاری گوڵان دەكەم و بە هیوای ئەوەم نموونەی ئێوە زۆر بێت.
Top