د. كۆل بونزل تایبەتمەند لەسەر ئایدیۆلۆژیەتی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ گوڵان:دەوڵەتانی عەرەبی سوننە هێندەی لە مەددی شیعە دەترسن هێندە لە دەوڵەتە ئیسلامییەكەی داعش ناترسن

د. كۆل بونزل تایبەتمەند لەسەر ئایدیۆلۆژیەتی دەوڵەتی ئیسلامی بۆ گوڵان:دەوڵەتانی عەرەبی سوننە هێندەی لە مەددی شیعە دەترسن هێندە لە دەوڵەتە ئیسلامییەكەی داعش ناترسن
د. كۆل بۆنزل مامۆستای زانستی سیاسەتە لە زانكۆی پریستۆن و پسپۆڕ و تایبەتمەندە لەسەر چەمكی دەوڵەتی ئیسلامی لەنێو تەیاری ئیسلامی سیاسی لە ئیخوان و سەلەفییەوە تادەگاتە قاعیدە و داعش، تازەترین توێژینەوەشی بە ناونیشانی: (لە دەوڵەتی وەرەقەوە بۆ خەلافەت: ئایدیۆلۆژیەتی دەوڵەتی ئیسلامی)ـە كە لە ئامۆژگای برۆكینگز بڵاوكراوتەوە و پەنێڵێكی بۆ سازكراوە. بۆ قسەكردن لەسەر گەردەلوولی پێداگیری بە سەركردایەتی سعودیە دژی چەكدارانی حوسییەكان لە یەمەن و كاریگەریی ئەم هاوپەیمانییە تازەیە، چەند پرسیارێكمان ئاراستەی د.بۆنزل كرد و بەمجۆرە وەڵامی گوڵانی دایەوە.
* سەركردایەتیكردنی سعودیە بۆ شاڵاوی سەربازیی گەردەلوولی پێداگیری هەنگاوێكی چاوەڕواننەكراو بوو، وەك پسپۆڕێك لە بواری شەڕی تیرۆر و شارەزا لە كێشەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئامانجی ئەم شاڵاوە چۆن دەبینیت؟
- ئەمە دەكەوێتە سەر ئەوەی گەردەلوولی پێداگیری چ مانایەكی هەیە. ئایا تەنها رێوشوێنێكی سزادانە و ئامانج لێی هۆشداریدانە بە ئێرانییەكان؟ یاخود بارودۆخەكە بە چەشنێك بەرەو هەڵكشان دەچێت كە سعودیە دووبارە دەسەڵات بگیڕێتەوە بۆ هادی عەبد رەبۆ لە عەدەن، بێگومان لە ئێستادا دوو حكومەتی ركابەر هەن لە یەمەن- حكومەتێكی سوننە و حكومەتێكی شیعە، هێشتا بەلای منەوە ئامانجی ئەم ئەركە روون نییە.
* بەڵام عەربستانی سعودیە بەوە ناسراوە كە زۆر هەستیار و زۆر بە حەزەرە لە كاتی دەركردنی بڕیارەكاندا، كەچی ئەمجارەیان بڕیارێكی زۆر توندی دا لە دژی حوسییەكان لە یەمەن و هەروەها زۆرێك لە وڵاتە عەرەبییەكانیش ئەم بڕیارەیان دا، یەكێتی ئەوروپا و ئەمریكاش پشتیوانی خۆیان راگەیاندووە بۆ ئەم بڕیارە. بەپێی بیروبۆچوونی ئێوە، ئایا رۆژئاوا ئامادەیە سعودیە رۆڵێكی پێشەنگ لە وڵاتە عەرەبی و ئیسلامییەكاندا ببینێت؟
- باوەڕم وا نییە رۆژئاوا هەڵوێستێكی یەكگرتووی هەبێت. وا پێدەچێت ئەمریكا لە سایەی ئیدارەی سەرۆك ئۆبامادا بیەوێت دەستی ئێران پتر واڵا بكات لە جیهانی عەرەبیدا لە بەرامبەر گەیشتن بە رێككەوتنێك لە بارەی كێشە ئەتۆمییەكەوە. ئاشكرایە فەرەنسا، لە نێو هێزە رۆژئاواییەكاندا گومان و رارایی هەیە لەم بارەوە. ئیدارەی ئۆباما دەستبەرداری سعودیە نابێت، یاخود سەرزەنشتی كردەوەكانی سعودیە ناكات لە یەمەن، بەڵام ئەوەی روونە ئەوەیە كە سەرۆك ئۆباما پتر دەیەوێت جیاوازییە تایەفەگەرییەكان تێپەڕێنێت وەك لەوەی پەرە بە كامپێكی سوننە بە سەركردایەتی سعودیە و میسر بدات لە دژی كامپی شیعە بە سەرۆكایەتی ئێران. لە تێڕوانینی مندا، ئەگەری ئەوە هەیە واقیعە سیاسییەكان لە ناوچەكەدا دژی ئەم پێكهاتنە بن.
* لە دوا وتاریدا، سەرۆكی توركیا، ئەردۆغان، هێرشی كردە سەر ئێران و بەو شێوەیە وەسفی ئێرانی كرد كە دەیەوێت دەسەڵاتی شیعە لە ناوچەكەدا بەرفراوان بكات، هەروەها داوای كشاندنەوەی هیزەكانی ئێرانی كرد لە سووریا و عێراق و یەمەن. پرسیارەكە ئەوەیە تا چ راددەیەك ئەم هەڵوێستەی توركیا پەیامێكی بەهێزە بۆ ئێران؟
- پێموا نییە توركیا ئامادە بێت لە رووی سەربازییەوە كار بكات بۆ پاشەكشەپێكردنی دەستڕۆیشتویی ئێران لە ناوچەكەدا، بەتایبەتی لە غیابی پشتیوانییەكی چالاكی ئەمریكی بۆ ئەم كارە.
* بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە ئەوەیە بەغدا هاوپەیمانی تارانە، ئەمەش واتە كاری توركیا لەم پرسە ئاسان نابێت؟
- تا دەستڕۆیشتویی ئێران زیاتر بێت لە عێراقدا، ئەوا عێراق پتر دەبێتە دۆخی نەخوازراوی جیهانی عەرەبی.
* هێرشكردنەسەر حوسییەكان گرێدراوەتەوە بە رووخاندنی رژێمەكەی ئەسەدەوە، لەبەر ئەوەی ئەو هاوپەیمانێتییەی بە سەرۆكایەتی سعودیە پێكهێندراوە، پێیوایە حوسییەكان و رژێمەكەی ئەسەد شەرعییەتیان نەماوە، ئایا تا چ راددەیەك ئەم هێرشەكردنەی سەر یەمەن سەرەتایەك بۆ رووخاندنی ڕژێمەكەی ئەسەد دەبێت؟
- هێشتا ڕوون نییە گەردەلوولی یەكلاكەرەوە دەبێتە هۆی پاشەكشەپێكردن، چ جای رووخاندنی ڕژێمی حوسییەكان لە یەمەن. پێموا نییە ئەم ئۆپەراسیۆنە ئاماژە بێت بە رووخاندنی رژێمەكەی ئەسەد.
* ئەو وڵاتانەی تێوەگلاون لە لێدانی حوسییەكان بەشێكیشن لە هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژ بە رێكخراوی تیرۆریستی داعش. تا چ راددەیەك پێكهێنانی سوپایەكی عەرەبی بریتییە لە كۆتاییهاتنی داعش لە عێراق و سووریا؟
- لە رووداوەكانی ئەم دواییەی یەمەن و سووریا گەردەلوولی یەكلاكەرەوە و گرتنی ئیدلب لە لایەن گروپێك لە یاخیبووانی سوننە - كە كەنداو پاڵپشتیان دەكات- ئەو راستییە روون بۆوە كە وڵاتە عەرەبییە سوننەكان زۆر زیاتر نیگەرانن لە بارەی گەورەبوونی دەستڕۆیشتوویی ئێران لە ناوچەكەدا وەك لە نیگەرانییان لە ئاست گەورەبوونی دەوڵەتی ئیسلامی داعش. هیوادارم پیشنیارەكەی سیسی بۆ پێكهێنانی هێزێك بۆ بەرنگاربوونەوەی تیرۆریستان (بە مانای جیهادییەكان) بەرهەمی هەبێت، بەڵام زۆر ئومێدی لێناكرێت.
* لەم دۆخە هەستیار و گۆڕاوەی ناوچەكەدا تا چ راددەیەك ستراتیژیەتی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی لە دژی تیرۆریستانی داعش بۆی هەیە گۆڕانكاری بەسەردا بێت؟ یان تا چ راددەیەك ئەمریكا و رۆژئاوا پشتیوانی ئەو سوپا عەرەبی و ئیسلامییە تازەپێكهاتووە دەكەن بۆ ئەوەی لە پاڵ ئەو هێرشە ئاسمانییانەی لە ئێستادا دژی داعش دەكرێت، هێرشی زەمینیش دەست پێ بكرێت؟
- ئەمە زیاتر گریمانەیە. ئەوەی تۆماری ئەمریكا لەم رووەوە پێمان دەڵێت، ئەوەیە كە ئەمریكا ئامادەیە لەگەڵ هەر لایەنێكدا كار بكات كە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی بكات. كەواتە ئایا كار لەگەل ئەو سوپایەدا دەكات كە سیسی پێشنیاری كردووە بۆ بەرەنگاربوونەوەی جیهادییەكان؟ من هۆكارێك نابینم بۆ ئەوەی ئەم كارە نەكات، بەڵام ئەوەی دووپاتی دەكەمەوە ئەوەیە كە من گومانم هەیە لەوەی ئەم هێزە عەرەبییە هاوبەشە پێشنیاركراوە بێتەدی. چونكە مێژوییەكی دوور و درێژ هەیە لە هێز و فەرماندەیی هاوبەشی عەرەبی كە پێشنیار كراوە، بەڵام هیچ شتێكی هاوشێوەی ناتۆی عەرەبی دروست نەبووە.
Top